په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٠\٨\٢٠١٥

بەریەککەوتنی مرۆڤ و تەکنەلۆژیا لە شیعری ''ھاوینی ٢٠٥٧''ی ''گۆران رەسول''دا.


سەدیق سەعید     

 

یەکێک لەو سیما ھونەریانەی دەقی شیعری ئەو نەوەیەی پێدەناسرێتەوە، کە مەبەست نەوەی دەیەی دوو ھەزارەکانە،ئەو دنیابینیە ڕەشبینی و نا ئومێدیەیە، کەوەک گوتارێک لە ناوەڕۆکی شیعرەکاندا، ڕەنگیداوەتەوە.تێڕوانینێک کە دەرەنجامی بەریەککەوتنی مرۆڤەکانە لە گەڵ ژیانی ئێستای بە ھەموو ڕەھەندە شارستانی مۆدێرنی و تەکنەلۆژیەکانەوە. بەریەککەوتنێک، کە زۆر جار تاکو سنوورەکانی نھلیستیەت و ڕەتکردنەوەی کۆی ژیان، وەک بوونێکی لاھوتی و ئایینی و مرۆیی دەڕوات. واتە ئەو ڕەشبینیە، تەنھا پەیوەست نییە، بە چرکە ساتێکی ژیانی مرۆڤ و دوای ئەوە، ئەو نامۆیی و نائومێدییە جێبێڵێت.بەڵکو دۆخێکە، ھەمیشە مرۆڤ واھەست دەکات لە گەڵی دەژیت. بۆیە کۆی ژیان بە وشێوەیە دەبینێت. دیارە ئەو واقیعە کۆمەڵایەتیەی ژیانی ئێستای مرۆڤەکان، ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیەیە، کە مرۆڤ تیایدا دەژیت. نەوەیەک ھەست بە ڕەشبینی و نا ئومێدی ناکات، ئەگەر خودی ژیان ھەڵگری ئەو دیاردانە نەبن. ئەو گۆڕانکاریە تەکنەلۆژیەی بە خێرایی کۆمەلگەی کوردی گرتۆتەوە، بە ڕادەیەک کە مانایەکی بۆ پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان و ڕەھەندی ڕوحی نێوان کە سەکان نەھێشتۆتەوە، دۆخێکی کۆمەڵایەتی سەختی لە ژیانی کۆمەلگەی ئێمە دروستکرد، کە پێشتر پێیەوە نامۆبوو. کاتێ کۆمەلگایەکیش لە پڕ بەر دیاردەیەکی ژیاری و زانستی و مۆدێرن دەکەوێت، کە ھیچ ئەزموونێکی لە بارەوە نییە، بێگومان جۆرێک لە بەریەککەوتن و نامۆیی دروست دەبێت. وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین، کە بە شێکی زۆری داھێنانە زانستییەکان، لە بڕی ئەوەی لە خزمەت خۆشگوزەرانی وئاسوودەیی مرۆڤەکان دابن،بوونەتە سەرچاوەی نەھامەتی و لێکترازانی کۆمەڵایەتی. کەواتە دەکرێ بڵێین، بە شێکی ئەو جیھانبینیە ڕەشبینیەی نەوەی ئێستا بە تایبەتی، دەرەنجامی ئەو گۆڕانکاریە کۆمەڵایەتیەیە، کە بەسەر ژیانی ئێمە داھاتووە. گۆڕانکاریەک، کە ھەموو ئەو سیما کۆمەڵایەتی و پەیوەندییە دەروونی و ڕوحیانە تێکدەشکێنێت و دەسڕێتەوە، کە پێشتر لە ژیاندا، بوونیان ھەبوو. ئەمەش جۆرێک لە نامۆیی و لێکترازانی دەروونی و ڕوحی لێکەوتۆتەوە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، بە ھۆی بار ودۆخی سیاسی و مێژژووی شەڕو کوشتار، ھەمیشە، ئێمە وەک نەتەوەیەک لە بار ودۆخی شەڕ و کوشتن دابووینە. بۆیە مەرگ و مردن، نزیکترین ئەو ڕووداوەن، کە بەردەوام لە ژیاندا ھەستی پێدە کەین و دەیبینین. زاڵبوونی فەزای مەرگ و مردن بە سەر ژیاندا، تێڕوانینێکی ڕەشبینیانەو مەرگدۆستانەی لای مرۆڤەکان دروستکردوە، کە سەرەنجام لە دەقی ئەدەبیدا بە تایبەتیش شیعر، ڕەنگیداوەتەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین ڕەتکردنەوەی ژیان و نائومێدی بە شێکە لەو گوتارە شیعریەی، نەوەی ئێستای پێدە ناسرێتەوە. نائومێدییەک کە دەرەنجامی ڕەشبینی و نھلستیەتی ژیانە، بەرمەبنای ھەموو ئەو دیاردەو ڕووداوە تراژیدیانەی، لە ژیاندا دەبینرێن. بۆیە ڕەنگدانەوەی ڕەشبینی و نائومێدی لە شیعری ئەو نەوەیەدا، ئەوەندەی واقیعێکە کە بوونی ھەیە، ئەوەندە پەخشکردنی گوتارێکی نائومێدانە نییە لای شاعیرە کانمان. ئەوان واقیعێک باس دەکەن کە بوونی ھەیە، نەک واقیعێک کە دروست بکرێت. شیعری(ھاوینی ٢٠٥٧)ی(گۆران رەسول)* ھەڵگری ئەو گوتارەیە کە باسمان کرد. ناوەڕٍۆکی ئەو شیعرە، دەلالەت لە بەریەککەوتنی مرۆڤی ئێستا دەکات، لە گەڵ ژیان و بووندا. مرۆڤێک کە خەریکە تەکنەلۆژیاوژ یانی بە ناو مۆدێرن، لە بوونەوەرێکی خاوەن ھەست و سۆزو میھرەبانەوە، دەیکەنە ڕۆبۆتێک. بەریەککەوتنە لە گەڵ ژیانێک، کە تەژی بوە لە گۆڕستان و مەرگی مرۆڤەکان وەک ئەوەی شاعیر ئاماژەی پێکردوە. لەناوەڕۆکی ئەو دەقەدا، دەکرێ بڵێین سێ زەمەنی جیاواز دەبینین. زەمەنێکیان پەیوەستە بە چیرۆکی دروستبوونی مرۆڤ و دروستکردنی ئادەم، وەک یەکەم مرۆڤ لە گەردووندا. زەمەنێکیان واقیعی ئێستایە، بە ھەموو شەڕ و کوشتار و خوێن و کارەساتەکانەوە. زەمەنێکیشیان ھاوینی ساڵی دووھەزار و پەنجاو ھەفتە، کە ڕێک دەکاتە چل ودوو ساڵ دوای ئێستا. بۆیە دەکرێ بڵێین ئەو دەقە پانۆڕامایەکی خێرای وێنا کردنی ژیانی مرۆڤە، لەو سێ زەمەن جیاوازەدا. شاعیربە خەیاڵی شیعریانەی خۆی، باسی ساڵی دوو ھەزار و پەنجاو ھەفت دەکات، کە مرۆڤ ئەوەندە بێ بەھا دەبێت، تەنانەت کەس کاتی بۆ مردنیش نامێنێ.لە کاتێکدا مرۆڤ کە مرد، بە پێی ھەموو نەریتێکی ئایینی و مرۆیی،دەبێ دەستبەجێ ژێر خاک بنرێت. بەڵام لەو زەمەنەی شاعیر باسی دەکات، ئیدی کەس کاتی نامێنێ بۆ مردوو ناشتن. شاعیر لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکاریە خێراکانی ئێستا لە ڕووی تەکنەلۆژییەوە، پێشبینی ژیانی ئەوکات بە بیری خۆی دەکات. بۆیە لە ڕوانگەی شاعیر، ئەو ڕەشبینی و نائومێدییە، دوای چل و دوو ساڵی تر، دەگاتە ڕادەیەک کە کەس باکی بەکەس نییە، لەو ژیانەدا چی دە گوزەرێ. شاعیر سەرەتای شیعرەکەی بە سکاڵایەک، لە بوون و ژیان دەست پێدەکات و ڕەخنەی ئادەم وەک یەکەم سەرچاوەی ھاتنەدی مرۆڤەکان دەکات. شاعیر پێی وایە، ھەموو نەھامەتی و کارەساتەکانی ئێستا و ژیانی داھاتووش ئادەم لێی بەرپرسە. بۆیە لەوێنەیەکی شیعری جوان و سەرنجرڕاکێشدا، دەڵێ:


ئادەم چ ئاژەوەیەکی بۆ ئێمە ناوەتەوە..


بێگومان، یەکەم مرۆڤ کە پەروەردیگار دروستی کرد، پەیامبەر ئادەم بوو. کاتێکیش بۆ دڵنەوایی و ئارامی دەروونی ئەو، حەواشی ھێنا دونیا، ھێشتاژیانی سەر زەمین و مرۆڤ دەستی پێنە کردبوو. بۆیە پەروەردیگار ڕێنوێنی ھەردوو کیانی کرد، کە ھەڵەنەکەن و نزیکی ئەو دارە نەبنەوەتاکو لە بە ھەشت دەر نەکرێن. بەڵام دواتر، ھەردوو کیان کەوتنە خواردنی بەری دارەکەو بەمەش فڕێدرانە سەر زەوی ودواجاریش ژیانی مرۆڤایەتی دەستی پێکرد. بۆیە لەو سەرەتایەوە، مرۆڤەکان ژیانێکی دیکەیان بۆ دروست بوو کە ژیانی دەرەوەی بە ھەشت و سەر زەمینە. لەو ساتەوە کە یەکەم دڵۆپە خوێن بە دەستی براکان ڕژا، ئیدی بە شێک لە مێژووی ژیانی مرۆڤ، بوە بە شەڕ و خوێن ڕشتن. بۆیە شاعیر مێژووی ئەو کارەساتانەی ئێستاو تەنانەت، دواتریش دەبەستێتەوە بە ھەڵە کەی ئادەمەوە.چونکە لە ڕوانگەی شاعیر، ئەگەر ئادەم بەری دارەکەی نەخواردبا، ئێمەش دروست نەدەبووین. چونکە ئەو کات ژیانی سەر زەمین نەدەبوو. بۆیە شاعیر ژیانی خۆی و ھەموو مرۆڤەکانیش، بە دەرەنجامی ئەو کارەی ئادەم دەزانێت. بەڵام ئەو کارەی ئادەم ھەر تەنھا کارێکی ئاسایی نییە، بە ڵکو ئاژاوەیەکە لە ڕوانگەی شاعیر. چونکە دوای دەرکردنی ئەو لە بە ھەشت،ئیدی مێژووی ژیانی مرۆڤەکان دەست پێدەکات. کە بە شێکی گەورەی ئەو مێژووە، کوشتن و خوێنە لە بڕی ئاسوودەیی و بە ختەوەری.بۆیە تا مرۆڤایەتیش ماوە، ئەو مێژووە ھەر دەمێنێ.کاتێ بە تێڕوانینی شاعیریش، ئادەم ئاژاوەیەکی بۆ ھەموومان نایەوە، ئەمجارەیان دیاردەی دیکە لە ژیان دەردەکەون، کە مردن وکوشتنی مرۆڤەکان، یە کێکە لەو دیاردانە.بۆیە شاعیر دەڵێت:


لەبەر گۆڕستان شوێنمان بۆ پیاسە نەماوە..
ھاکا بینیت سەری باڵەخانەو حەوشەی ماڵەکان بوون بە گۆڕستان..


وەک ھێمایەک بۆ زۆربوونی مەرگی مرۆڤەکان، شاعیر پێشبینی ئەوە دەکات، کە مەرگی مرۆڤەکان ئەوەندە زۆر دەبێت، تەنانەت لە گۆڕستانیش شوێن نامێنێ بیاننێژین. بۆیە دەبێ سەر باڵەخانەو حەوشەی ماڵەکانیش، بکەینە گۆڕستان. واتە ئەوەندە بە زوویی مردن تەشەنە دەکات. کە بێگومان نابێ ئەوەمان بیر بچێ کە شەڕوخوێنڕشتنەکان، ھۆکارێکی گەورەبوون و زۆربوونی گۆڕستانەکانە. دروست وەک ئەوەی ئێستا بوونی ھەیە. کاتێ ھەموو شوێنێکیش بوو بە گۆڕستان، ئیدی مانای وایە مەرگدۆستییەت زاڵ دەبێ بە سەر ژیاندۆستی. چونکە کە ھەموو شوێنەکان بوون بە گۆڕستان،ئیدی ژیان بچووکتر دەبێتەوە. کاتێ ژیانیش بەو شێوەیەی لێھات، ئایا ئەوە خۆی لە خۆیدا، ئاژاوەکەی ئادەم نەبوو؟ چونکە ئەگەر ئەو لە بەھەشت فڕێنەدرابا، نەژیانی سەر زەمین بوونی دەبوو، نە ھەموو شوێنێکیش دەبوونە گۆڕستان.بەڵام نابێ ئەوەمان بیر بچێت، ئەوە مرۆڤەکانن بە دەستی خۆیان ژیان وێران دەکەن. ئەوە مرۆڤەکانن سەرچاوەی ئەو ھەموو ناشرینی و خوێن و کوشتارەی سەر زەوی.ئەوە مرۆڤەکانن ناتوانن بسازێن و دەستیان دەچێتە خوێنی نزیکترین کەسی خۆیان. ئەوە ئێمەینە ئەو ئاژاوەیەمان ناوەتەوەو درێژەی پێدەدەین و درێژەشی دەبێت، تاکویەک مرۆڤ لە سەر ئەم زەمینە ماوە. چونکە پەروەردیگار ھەموو رێنوێنی و ڕێگاکانی پیشانی ئێمە داوە.شاعیر پێی وایە، تەنانەت ئەو مرۆڤانەشی کە ئێستا زیندوون و لە ژیاندا ماون، لە بنەڕەتدا مردوون. مردنی ئەوان مردنێکی جەستەیی و فیزیکی نییە، بە ڵکو مردنێکی ڕوحی و دەروونییە. چونکە کە مرۆڤ داماڵدرا لە ھەموو ئەو خاسیەتانەی بوونی مرۆڤانەی ئەوی پێدەناسرێتەوە، کە مرۆڤ ھیچ ھەست و سۆزو خۆشەویستی و میھرەبانییەکی نەما، مانای وانییە کە ئەویش مردووە. لە ڕوانگەی شاعیر ئەو جۆرە مرۆڤانەش ھەر مردوون. بۆیە دەڵێت:


سواری شەمەندەفەرێک دەبم..
پڕاو پڕ لە مردوو
لە تەنیشت زیندووێک نا مردوویەک دادەنیشم.
لاپتۆپێک لە سەر ڕانەکانییەتی.


شاعیر، ژیانی مرۆڤەکان بە شەمەندە فەرێک دەبینێت کە دێت و دەڕواو، ھەریەکەیان لە وێستگەیەک دادەبەزێت و سەردەکەوێت. ئەگەر ژیان ئەو شەمەندە فەرە بێت، ئەوا سەرنشینەکانی ناوی ھەموویان مردوون. بەڵام ئەو سەر نشینانە لە بنەڕەتدا زیندوون. وەلێ تەکنەلۆژیا،ژیانی ھاڕیون و ھەموو یان بونەتە کۆیلەی پێشکەوتنە زانستییەکان. مرۆڤی ئەو سەردەمە، ژیانی یەک پارچە بووە بە لاپتۆپ و فیسبووک. بۆیە لە ڕوانگەی شاعیر، ئەوانەشی کە بە ناو زیندوون ، ھەرمردوون. ئەگەر مرۆڤ دابڕا لەو ژینگەوسروشت و بوونەوەرانەی ژیانی خۆی، ئایا ئەویش ھەر مردوو نییە؟ ئێستا بە ڕادەیەک مرۆڤی ئێمە پەیوەست بووە، بەوداھێنانە زانستییانە، خەریکە ھەمووشتێکی بیر دەچێتەوەو ژیان و بوون تەنھا لە پەیجی فیسبووکەکەی دەبینێت. بە ھۆی ئەو دۆخەوە، مڕۆڤ دابڕاوە لە واقیع. دابڕان بەو مانایە نا، ئاگای لە دنیا نەمێنێ. دابڕان بە مانای پچڕانی ھەموو ئەو ڕایە ڵە ڕوحیانەی مرۆڤەکان بە یەکتری دەبەستێتەوە. دابڕان بە مانای دۆگمابوونی ھەست و سۆزو نەمانی خۆشەویستی و بێ بە ھا کردنی بەھا مرۆیی و کۆمەڵایە تییەکان. شاعیر لە پەراوێزی دیتنی دنیا لەو واقیعەوە،ئومێدێکی نامێنێ. بۆیە، دەگاتە ئەو بڕوایەی کە دوای ئەوەی چوار دەوری دەبێتە تەکنە لۆژیا، ئەویش بمرێ. ئەمەش گەڕانەوەیە، بۆ ئەو واقیعەی کە تەکنەلۆژیا، بە تایبەتیش لە ئێستاماندا، ھۆکارێکی دابڕان و مردنی مرۆڤەکانە، لە ئاستی ڕوحی و دەروونی.چونکە ئەگەر مردن یە کێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەوە بێت، کە مرۆڤ لە ھەموو جۆرە جوڵانەوەو پەیوەندییەک دادەبڕێت وچی تر ناتوانێ لە پەیوەندی دابێت لە گەڵ ژیان و دەوروبەر، ئەوا تەکنەلۆژیاش مرۆڤ دەکاتە، ئەو بوونەوەرە دابڕاوەو شوناسێکی تایبەتی و تاکایەتی پێدە بە خشێت.بۆیە شاعیر پێی وایە ئەویش ھاوشێوەی ھەموو مرۆڤەکانی تر، لە سەردەمی تەکنەلۆژیا دەمرێت و، بۆ ڕاگەیاندنی مردنەکەشی، کەس ئەرک ناکێشێ. بەڵکو بە ئیمێلێک ھەواڵی مردنەکەی بڵاو دەبێتەوە. ھەروەک شاعیر دەڵێ:


کە چوار دەورم بووە بە تەکنەلۆژیا بمرم..
بە ئیمیلێک ھەواڵی مردنەکەم بڵاو دەبێتەوە...
دۆستانم..خزمانم..
بە چەند وشەیەکی ئەلیکترۆنی وەرس..
دڵنەوایی نەوەکانم دەدەنەوە...


بەریەککەوتنی شاعیر وەک مرۆڤێک، لە گەڵ ژیانی ئێستاو بە تایبەتیش تەکنەلۆژیا وەک دەرکەوتەیەکی ھاوچەرخی ژیانی ئێستا، بەردەوام دەبێت. بۆیە ئەمجارەیان شاعیر، بە پێشبینی وێنای ژیان دوای چل و دووساڵی تر لە ڕوانگەی خۆی دەکات. ئەمەش بە جێھێشتنی ئەو زەمەنەیەو چوونە نێو زەمەنێکی ترە بە خەیاڵ، کە ئەویش ھاوینی ساڵی ٢٠٥٧کە ناونیشانی شیعرەکەش، ھەر بەو ناوەیە. لە ڕوانگەی شاعیر ئەو شێوە ژیانە، بەردەوام دەبێت بەڵام جەنجاڵتر و ئاڵۆزتر و بێ بە ھاتر دەبێت.بەڕادەیەک کە مرۆڤەکان ئەوەندە تەنھاو دابڕاو دەبن، بە ئەندازەیەک کە تەکنەلۆژیا ھێندە سەرقاڵیان دەکات و دەیانکاتە کۆیلە، کە کەس کاتی بۆ مردوو نامێنێ.واتە دوای ئەوەندە ساڵە نەک ھەر سەر باڵەخانەو حەوشەی ماڵەکان پڕ دەبن لە گۆڕستان، بەڵکو کەسمان کاتمان بۆ ناشتنی مردووش نامێنێ. تەنانەت ئەومردووە ئەگەر کەسە نزیکەکانی خۆشمان بێت. بۆیە بە ناچاری دەبێ پەیوەندی بە شارە وانییەوە بکەین،تاکو ئەدرەسی مردووەکەمانی پێبڵێین و ئەوانیش بینێژن.دیارە چەندژیان پێشبکەوێت، ئەوەندەش ئاڵۆزو جەنجاڵ دەبێت. چەند تەکنەلۆیا بڵاوبێتەوە، ئەوەندەش مرۆڤ تەنھا دەبێت. بۆیە لەو زەمەنی ئێستا، ئەگەر بواری ئەوەمان ھەبێت کە مێک بۆ مردووەکانمان دڵگران بین و بیاننێژین، ئەوا بە تێڕوانینی شاعیر لە ھاوینی ساڵی ٢٠٥٧، ئەوەش نامێنێت. بەڵکو ژیان بە جۆرێک دەشێوێت،کە شوێنەکانیش لە بڕی ناوی ڕاستە قینەی خۆیان،شوناسی ئامێر وتەکنەلۆژیا وەردەگرن. لێرەوەش شاعیر لە پەراوێزی پێشکەوتنەکانی زەمەنی ئێستا، زەمەنی ئەو کات دەبینێت.ئەو زەمەنەی کەس کاتی نامێنێ بۆ مردوو ناشتن. ھەروەک شاعیر دەڵێت:


کەس کاتی بۆ مردوو نامێنێ.
ئەلوو سەنتەری ناشتنی مردووە؟
مردووییەکمان ھەیە بەم ئەدرەسە.
گەڕەکی ڕۆبۆتەکان..
شەقامی ئایدز..
نھۆمی ١٤٧..
باڵەخانەی ماکدۆناڵز..


ئەدرەسەکانی ژیانی مرۆڤ کە لەو کۆپڵە شیعریەدا، شاعیر ئاماژەی پێکردوون، ھەموو یان ئەدرەسی تەکنەلۆژین، لە بڕی ئەدرەسی ڕاستە قینەی خۆیان. گەڕەکەکان لە بڕی مرۆڤ، دەبنە گەڕەکی ڕۆبۆتەکان، بێگومان ڕۆبۆتیش،مانای نەبوونی ھیچ جۆرە ھەست و سۆزو پەیوەندییەک.شەقامەکانیش لە جیاتی ئەوەی ھەڵگری ناوێکی جوان بن، دەبنە ناونیشان بۆ یەکێ لە کوشندەترین و پڕ مەترسیترین پەتا، کە ئەگەری ئەوەی ھەیە لە ماوەیەکی کەمدا ھەموو مرۆڤایەتی لە ناو بەرێت، کە ئەویش نەخۆشی ئایدزە. باڵاخانەکانیش دەبنە ماکدۆناڵدز. ئەمە وێرای ئەوەی کەکەس کاتی بۆ مردوو ناشتنیش نامێنێ. ھەموو ئەو دیاردانەی شاعیر لەو کۆپڵە شیعریەیدا ئاماژەی پێکردوون، دەرکەوتەی تەکنەلۆژیاو ژیانی مۆدێرنن.ئەو داھێنانانەی ئەگەرچی بۆ مرۆڤ و لە خزمەت ژیانی ئەویشدا پەیدابوون، بەڵام پشێویەکی گەورەی دەروونی و ڕوحی، لای مرۆڤەکان ھێناوەتە ئاراوە. بە تایبەتیش لە کۆمەلگای کوردیدا.ئێستا مرۆڤ بە جۆرێک ئاڵودە بووە، بۆ نموونە بە فیسبووک، کە بوارێکی نەماوە بۆ ئەوەی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ڕوحی دابێت لە گەڵ ئەوانی تر. لە کاتێکدا، مرۆڤ بە گشتی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتی تێکەڵاوەو کەمتر بە ژیانی تەنھایی ڕادێت. ئەو پەرتبوونە کۆمەڵایەتی و ڕوحیەی ئەمڕۆ لە نێوان تاکەکانی کۆمەلگەی کوردی ھاتۆتە ئاراوە، شەکەتیەکی گەورەی دەروونی لێکەوتۆتەوە. بۆیە ئەم لێکەوتانە، وەک گوتارێک لە دەقی شیعریش ڕەنگیداوەتەوە. بۆیە بەردەوام لە زۆربەی شیعرەکاندا، بەریەککەوتنی مرۆڤ لە گەڵ ژیانی نوێ و تەکنەلۆژیای سەردەم دەبینین. دەقی شیعری ھاوینی ٢٠٥٧یش، ھەڵگری ھەمان ئەو دەلالەتانەیە. ئەویش وێنای زەمەنێکمان بۆ دەکات، کە تەکنەلۆژیا تەنگی بە ھەموو شتێک ھەڵچنیوەو مرۆڤەکان لە رۆِبۆتێک بەو لاوە لە ئێستادا ھیچی تر نین. دوای ساڵانێکی دیکەش، لەوە خراپتر دەبێت. ئەمەش ئەوەندەی تر، مرۆڤەکان تووشی داروخان و نائومێدی دەکات....
____________________________
تێبینیی: ھاوینی ٢٠٥٧ شیعرێکی شاعیری گەنج (گۆران رەسول)ە و لە ھەفتەنامەی (نسێی) ئەدەبی ژمارە(١٣٥)ڕۆژی ٨/٦/٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە.
 

 

sadiqrwandze@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک