بەرزان هەستیار
نامەکان ئەگەڕێنەوە بۆ خاوەنەکانیان ،
سندووقی پۆستەکەم ژەنگ ئەیخوات ،
کەس وەڵامی " ئیمێل "ێکی لە منەوە پێ ناگات
لێرە نیم ،
نە ، ئاگام لە زەنگی تەلەفونە و
نە ، لێدانێکی دەرگا ڕام ئەچڵەکێنێ و
نە ، شۆڕە ژنێکیش ، لە گۆشەی شەقامی .....
کش و ماتی شیعرێکا....
بە حەسرەتەوە چاوەڕێم ئەکات ؛
من بە خواستی خۆم لام دایە....
ئەم باڵەخانە داڕووخاوەی " مردن " ،
پێم چاک نەبوو ئیزرائیل غافڵگیرم کات ؛...
ویستم بە خۆم هەواڵی ئەوێندەر بزانم و
پرسیارەکان لە "ئینکیر و مونکیر " بدزم
خۆشە ئینسان ، بۆ جارێکیش بێت....
سەروەریی بنێتە ژێر باڵی خۆی و
بە کەیفی خۆی ئەو مەرزانە ببەزێنێت
کە ئەوانی دی ناوێرن خۆیانی لە قەرە بدەن ؛
من بە سەفەر هاتوومەتە ئێرە ، یاران ،
بەڵام ، هەیهوو ، لەوکاتەوەی " دارا "م بینی ...
سەیری دوو داری دووری ئەکرد
لە پشت درەختەکانی ئەوەوە ....
هەمیشە ، پەنجەیەک ، بە هەڕەشەوە پێی ئەوتین
ئێمە هەموو ، سەفەرێکمان لە پێشە
ئەوەی خودا خۆشی بوێت .....
زووتر ئەسپێکی باڵداری بە زین کراویی بۆ ئەنێرێت ،
یاران ، من دڵنیا بووم بە تەمای خودا بم
وا زوو ، نەک ئەسپی سەفەر ،
گوێدرێژێکی شەلیشم بە نسیب نابێت
بۆیە خۆم تەیار کرد و
بە ڕێگا قاچاخە تەنگەبەرەکانا تێم تەقاند ؛.
" مردن " ، تۆش بە دەست و پێوەندەکانت بڵێ
بە حورمەتەوە مامەڵەم لەگەڵ بکەن
من هێشتا ئەو کۆیلەیە نیم....
لە مەزاتخانەی " ژیان "دا ،....
ئەوان ، پوولێکی قەڵبیان پێ دابم ؛
جارێ نەبوومەتە دیلی پێ لە کۆتی تۆ ، " مردن " ،
هاتووم شەوێک پێکەوە ، چەند پێکێک شەراب هەڵدەین و
من لە دڵڕەشیی تۆ و
تۆش لە کەللە ڕەقیی من پرسیار بکەیت ،
من گەمەکانی تۆ و
تۆش دۆڕانەکانی من بخوێنیتەوە ،
هاتووم ئەو بەڵێنەت لێ وەربگرم ،....
دوور لە چاوی کوڕەکەم
جەسارەتی خۆتم تیا تاقی کەیتەوە ،
هاتووم بزانم بازووەکانی تۆ بە هێزن
یان ئێمە تەڵە’ گیایەکی لارە مل !
ڕووبارێک لە شەونمی " دادپەروەریی " لە خوێنتا هاژەی دێت !؟
یان تاڵاویی " غەدر " ،.....
دەمارە چرچەکانی ڕەنگ کردوویت !
وەرە ئاوێنەکان بدەینە دەست یەکدی
تا چی تر بە ناسینەوەی خۆمانەوە ماندوو نەبین ،
تۆ هەر ئەو "تۆ "یەیت
لە ترس و تووڕەبونما .....
وێنەکەتم لەبەر دەمما فڕێ ئەدا و
بەهەر چی هێزێک کە خودا و شەیتانیش پێیان بەخشیبووم
چەقۆکەم لەسەر سنگت گیر ئەکرد و
تا ڕادەی شێتبوون ، شاگەشکە ئەبووم ؛
منیش هەر ئەو " من "ەم ،
وەک سەگی برسیی
هەمیشە شوێن هەناسەکانت هەڵئەگرتم ،
ئەوە ئێستا لێرەم
نەمهێشت ئەو گرەوە ببەیتەوە
کە لەسەر تەمەنی من کردت ،
" مردن " ، بۆ یەکجاریش بێت لە ژیانتا ....
کەمێک بەخشندەیی بنوێنە و
دەنکێک مروارییم لە گەنجینەی نهێنییەکانت بدەرێ
با ، دەست بەتاڵ نەڕۆمەوە ،
" مردن " کەمێک بەخشندەیی !!!!
میوانم لە لات ، " مردن " ، وەلێ میوانێکی دز
بۆم بلوێت ،
زەخیرەی هەموو تەمەنت فەرهود ئەکەم
بۆم هەڵکەوێت ،
سیحری هەیبەتت بەتاڵ ئەکەمەوە ؛
مردوویەکی چەندە جوانم
چەند ڕاستگۆترم لە زیندووەکان؛.
" مردن " ، کەمێک ئاسوودەیی ،
" مردن " ، تۆسقاڵێک بەخشندەیی ،
با ، ڕەنج خەسار نەڕۆمەوە !
ئۆکتۆبەر و نۆڤێمبەری 2007
کۆلن
bhastiar@yahoo.de
|