په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٩\٢٠١٨

    بەرزاییەکانی فەرامۆشیی.

ئومێد قەره‌نی

لە بەرزاییەکانی فەرامۆشییەوە
با بەسەر وشەکانمەوە دەمرێت و
گوریسەکان گەمارۆی هەڵاتن دەدەن.

هێشتا دایکم لە چیاکانە،
دڵی لە شمشاڵێکی قامیشدا
هێدی هێدی لێدەدا
بە ناو کێڵگەی مینەکاندا
بە پێدزکێ دێ و دەچێ،
تەڵە بۆ خۆشبەختیی دەنێتەوە!

باهۆز هه‌ڵدەکا و
چیمەنەکان دەبن بە بەرد
زیخی جیایی باریونەتە چاوەکانی
وەک ئەسپێکی کێوی گلاو
:باوکم دەیویست بڕبڕەی پشتی
چارەنووس بکات بە کاڵانی شمشێرەکەی.

قەلە ڕەشێکی پایزی
لەسەر بانێژەکە نیشتووە
با بەسەر باڵەکانیەوە دەمرێ
لەبەرزاییەکانی نادیاریەوە.

با بەسەر نەستەوە دەمرێ
وەک مێوژی بەرهەتاو
وشک دەبنەوە، خەونەکان
لە بەرزاییەکانی فەرامۆشییەوە
تەنانەت وەک خەونیش نامێننەوە
خەونەکان.

 

ماڵپەڕی ئومێد قەرەنی

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک