٧\١٢\٢٠٢٠
بەرزەکی
بانان.

ئەرسەلان مەحمود
خراپی دۆخی هەرێم و گوزەرانی خەڵكەكەی، زادەی خراپی
کار و بەڕێوەبردن و لەجێیدا سیاسەتی هەڵەی بارهێنان و
بەرهەمهێنان و هەژموونپێکردنی حیزبۆكراتیەتە
لە بەرگ و فۆڕمی حكومڕانێتیكردندا، نەك وەك
ئەوەی دەگوترێ لێكەوتەو تێكەوتە ناوچەیی و جیهانییە سەراپاگیرەكە.
ئەوەی تادێ كێشە و ئاریشە
و تەنگژەكانیش قاڵ و قوڵتر دەكاتەوە، ئەوا ھەر كەللە ڕەقیی
و تێنەگەیشتن و داننەنانی هەڕەمی ئەم
دەسەڵاتە زاڵە باڵایەیە بەوەها راستییەک،
نەک سەتەمگەری جیهان
و سەتمکێشی کورد، هەتا ئەم عەقڵیەتەش
باڵادەست و دەسەڵاتدار بێ،
لە توانادا نییە و نابێ
گفتوگۆی راشکاوانە و نیشتمانی
لەخۆداو بەدەرەوەی خۆدا بێتە ئاراوە، یانی شتێك بەناوی چارەسەر
و تێپەڕاندنی دۆخەكە بەرەو باشترو ژیانێكی شایستەتر بەخەڵك
نایەتە دی.
ئەمە بەشینەوەی دڕدۆنگی یا نائومێدی نییە، عەقڵیەتە حكومڕانەكە تار
و هەناسەتەنگ و
لاپەڕکەوتە، سەرنج بدەن بە
درێژایی ئەم دەیان ساڵەی ڕابردو، ئەم
عەقڵیەتە زاڵە دەسەڵاتدارە، مەگەر خودی خۆی و بەرژەوەندییەكانی خودی
خۆی كەوتبێتنە ژێر پرسیارو هەڕەشەو مەترسییەوە، ئەگەرنا هەرگیز
ڕوینەداوەو ڕونادات خۆی ڕاستەوخۆ چووبێ و بچێتە دیالۆگەكانەوە،
لەجێیدا هەردەم یاری بەكێشەو چارەكانەوە كردوەو دەكات، چونكە هەر
بە راشکاویی نان و مانەوەو هەژموونی خۆی
لەپەیڕەو كردنی سیاسەتی پەرتەكە و زاڵبە
و تەنگژەكاندا بینیوەتەوەو دەبینێتەوە.
كێشەی هەرە گەورە تری ئەم عەقڵیەتە پارێزگارییە
حكومڕانە ئەوەیە: هەردەم لە بیانووێك زیاتری
هەیەو هەمیشە بەلەپاساوێك زیاتر دەكەوێتەوە پینەو پەڕۆكاری دەرگیرییە
جڤاكی و جڤاتی و ئابوری و سیاسیەكان. بەنمونە: دوێنێ سەرخان و ژێرخانی
وڵاتەكەی بەناوی ئابوری سەربەخۆوە هەرزانفرۆش و بەتوركانخواردو كرد،
كەچی ئەمڕۆ لۆمەی ناجۆری داهاتە ناوخۆییەكان دەكات، لەكاتێكدا وەك ڕۆژی
ڕوناك دیارە كێشەی هەرێم لەخراپی و ناجۆری داهاتەكاندا نییە، جۆری دزو
دزییە ناوخۆییەكان زۆرن، ئەوەی ئەم کات و
زەمینەیەشی ئافەریدە کردوە و سەرسەختانەش
بەرگری لێدەكات، راستەوخۆو ناڕاستەوخۆ خودی ئەم عەقڵیەت و زیهنیەتەیە
لەفەرمانڕەوایەتی كردندا.
كارو كاریگەری و لێكەوتەكانی ئەم عەقڵیەتە حكومڕانە، لە
كار و كاریگەری ئەرێنی ترازاوەو
ئێستا لەتێكەوتەدایە، جا لەتێكەوتەی هزری و دەرون حزبییەوە لەخۆیدا
بگرە، تا تێكەوتەی دەرون كۆمەڵاتی لەخۆیدا، لەتێكەوتەی عیراقی و
هەرێمایەتییەوە بگرە تا تێكەوتە دەولییەكان، لەدەستێك دەگەڕێ بیڕوخێنێ
و بیڕمێنێ تا بەهۆیەوە ئۆباڵە مێژووییەكە لەخۆی دابماڵێ و وەك پیشەی
هەمیشەیی بەملی ئەو یا ئەوانی تریدا بداو خۆیشی ببێتەوە بەرزەکی بانان.
ئەمە چجۆرە عەقڵیەتێكە، نەك دەست قاچی ناوەتە بینەقاقای خەڵك، كەچی
دەڵی مافی خۆتە هاوار بكەیت بەڵام بەیاسا نەبێ واتا ئەگەر ڕێگەت
پێنەدەم نابێ هەستیتەوە سەرپێیەكانت و لەتاو گیانت دەست بووەشێنیت،
لەكاتێكدا خۆی لەهەر كەس باشتر دەزانێت نە ئەم دەسەڵات و حكومەتە هی
هەمووان و نیشتمانی ماوە، نە هەمووانیش لە
قەیراندان، دەسەڵات دەسەڵاتی ئەم عەقڵییەتەو ئەوەی كەوتووەتە قەیرانی
ژینگەو ژیان و مانیشەوە خەڵكە.
٧\١٢\٢٠٢٠
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|