٢٢\٨\٢٠٢١
بەرز و بەڕێز بێ
رۆژی دادپەروەریی لە کوردستان.
٢١ی ئابی ٢٠٠٦ بۆ پرسی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی تاوانەکانی جینۆسایدی
گەلی کورد و پرسی جینۆساید و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵکی کوردستان
رۆژێکی گرنگ بوو، بەو پێیەی رۆژی دەسپێکردنی دادگاییکردنی تاوانبارانی
تاوانی "ئەنفال" بوو لە عێراق، کە بۆ یەکەمجار بوو لە مێژووی گەلانی
کوردستان، کەسانێکی تاوانبار بە تاوانی گەورە "تاوانی جینۆساید، تاوانی
جەنگ، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"، لەلایەن دادگایەکی وڵاتی بکەری
تاوانەکەوە دادگایی بکرێن، لەو پایتەختەی بڕیاری تاوانی
کۆمەڵکوژییەکانی تێیدا دراوە.
رێککەوتی (٢١-٨-٢٠٠٦)، پرۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال
دەستی پێکرد، خواستی قوربانیانی جینۆساید و شارەزایان و چالاکوانانی
ئەو بوارە، بریتی بوو لە دادگایکردنی تاوانباران لە دادگایەکی
نێودەوڵەتی، تا پرۆسەی ناساندنی جێنۆساید گەلی کورد بە جیھانی بکرێت،
ھەرچەندە داواکە نەھاتە دی, وەلێ دادگاکە بڕیاری زۆر گرنگیدا، لەوانە
چوار کەیسی کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستانی بە جینۆساید ناساند، کە تەنھا لە
ماوەی ٩ ساڵدا لە بەرامبەر گەلی کورد ئەنجامدرابوون، کە ئەمەش لە
مێژووی نوێی مرۆڤایەتی بێوێنە بوو.
بەڵام مەخابن بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە
دادگاییکردنی تاوانباران بە گشتی و بە تایبەتی تاوانبارانی ئەنفال
جێبەجێ نەکرا و رێزی لێنەگیرا، کە گرنگترین بڕیارییان بریتی بوو لە
رزگار نەبوونی تاوانباران لە سزا، بەڵام پارتە سیاسییەکان بە تایبەتیش
دەسەڵاتداران بە شێوازی جۆراوجۆر، نەک تەنھا داڵدەی تاوانبارییاندا و
ژیانیان پاراست، بەڵکو فشاریان خستنە سەر دەزگا ھەمە جۆرەکانی دادوەری
و رێگرییان کرد لە بڕیاری دەستگیرکردن و دادگاییکردنی ٤٢٣ تۆمەتباری
ئەنفال، کە زیاتر لە (٦١%)ـیان کورد بوون وتا ھەنووکەش تاوانبارانی
داواکراو لەلایەن پارتەکانی دەسەڵاتدارەوە دەپارێزن و ھەندێکشیان پۆست
و پلەیان پێبەخشراوە... ھەندێکی دیکەشیان لەلایەن پارتەکانەوە لەسەر
پشکی گەلی کورد پۆستی سەربازییان لە بەغدا پێدراوە.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکەم رێگر بووە لە بەردەم جێبەجێکردنی
بڕیارەکانی دادگا، بەتایبەتیش سەرکردەکانی ھەردوو پارتی دەسەڵاتدار,
کەسوکاری قوربانیانیش نەک نەیانتوانیوە سزای ئەو پارت و لایەنانە بدەن
کە تاوانباران دەپارێزن، بگرە زۆرجاران لێرەو لەوێ دەبینین لەگەڵ
تۆمەتباران بەشێوەی ئاسایی لە مەراسیمەکان دەردەکەون و کۆنە بەعسیەکان
لە یادەکان لە ریزی پێشەوە دادەنیشنن.
ئێمە لە رۆژی دادپەروەری لە کوردستان (٢١-٨)، کە بە رۆژێکی گرنگ و
مێژوویی و پڕ بەھا بۆ خەڵکی کوردستان و دادپەروەری لە کوردستان
دەزانین... داواکارین:
یەکەم: تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال"٤٢٣
تۆمەتبار" و کەیسەکانی دیکەدا ھاتووە، بە زووترین کات دەستگیر بکرێن و
بدرێنە دادگای باڵای تاوانەکان بۆ دادگاییکردنیان و لە کوردستان وەک
تۆمەتباری ھەڵھاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت، نەک ھاوڵاتی بە
ئیمتیاز وەک ئێستا دەبینین.
دووەم: لیستی ناوەکانیان بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول، بۆ ئەوەی
ھەڵاتووەکانیان لە وڵاتانی دەرەوە دەستگیربکرێن و دادگایی بکرێن کە
تاکە رێگای بە جینۆساید ناسینی تاوانەکانە لە ئاستی جیھانی.
سێیەم: لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ڕۆژی ٢١ / ٨ بە فەرمی بە ڕۆژی
دادپەروەری بناسرێت و ئەو ڕۆژە بکرێت بە سیمبولی رزگار نەبوونی
تاوانباران لە سزا, بۆ بەرچاو روونی ھەموو لایەک, لە ساڵانی رابردوو,
بە پێشنیاری ئێمە و بە پشتیوانی وەزیری شەھیدان مامۆستا ئارام ئەم رۆژە
لە کابینەی حەوت فەرمیەتی پێ دراوە.
ھەر بۆ وەبیرھێنانەوەی ھەموو لایەک، ئێمە لە ساڵانی رابردوودا ھەنگاوی
کرداری و فشاری مەدەنیمان بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران گرتەبەر...
لەوانە:
١- (٣) جار بە نامەی فەرمی داوامان لە داواکاری گشتی کردووە ھەنگاو
بنێن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال و لە وەڵامدا رایانگەیاندووە؛
کە وەزارەتی ناوخۆیە بە ئەرکی خۆی ھەڵناسێت بۆ دەستگیرکردنیان...
ھاوکات جگە لە فەرمانگەی داواکاری گەرمیان و ھەڵەبجە ئەوانی دیکە
وەڵامیان ھەرنەداوەتەوە، لە کاتێکدا زۆرترین ژمارەی تۆمەتباران لە
سنورکانی ھەولێرو دھۆکن، ئەمەو دواتر بەبێی ھیچ ھۆکارێک ٣ تۆمەتباری
زیندانیکراوی گەرمیانیش پاش چەندین ساڵ لە مانەوەیان... ئازادکران، لە
کاتێکدا دەتوانرا بە ئاسانی ڕادەستی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق
بکرێن.
٢- ھاوکات دووجار داوامان لە داواکاری گشتی کردووە:
٣- ١- ناوی تۆمەتبارانی ئەنفال بدرێتە
پۆلیسی ئینتەرپول.
ب- پرسیار لە ئەنجومەنی دادوەری بکرێت، کە ئایا تۆمەتبارانی ئەنفال لای
ئەوان تۆمەتبارن دادەنرێن یاخود نا... بەڵام مخابن ئەنجومەنی دادوەری
کە بە تۆماری ڤیدیۆیی لامانە، بەڵێنیاندا کار بۆ دەستگیرکردنی ئەم
تۆمەتبارانە بکەن، کەچی بە بەڵگە لامانە، کە تۆمەتباران لای ئەوان بە
تۆمەتبار ئەژمار نەکراون و بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان ھیچ
ئەھمیەتێکی یاسایی نییە لایان.
ج- ئەنجومەنی دادووەری وەڵامی رێکخراوە بیانیەکان نادەنەوە کە کار بۆ
بەدادگاییکردنی تۆمەتبارانی ئەنفال دەکەن لە دەرەوەی وڵات، لەو نێوەشدا
گەورەترین ھەلیان لە دەستدا بۆ بەجینۆساید ناسینی تاوانی ئەنفال لە
ئاستی جیھانی، کە مێژوو لە داھاتوودا بەڵگەنامەکان ئاشکرا بکرێن
شەرمەزاریان دەکات
ح - دووجار داوامان لە داواکاری گشتی کردووە
کە فشار دروست بکەن بۆ ئەوەی لیستەکانی (شەھیدان، قوربانیانی جینۆساید
و چەکی کیمیاویی و بریندارانی چەکی کیمیاویی، زیندانیانی سیاسی و
پێشمەرگەی دێرین) بڵاو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی بۆ گەل شەفاف بێت و
پاکبکرێنەوە لە ناوی تۆمەتباران، ئەمەشیان بەکاری خۆیان نەزانی.
د- داوامان کرد موچەی شەھیدان و قوربانیان
بکرێتە ستانداردێک بۆ دادپەروەری لە موچە، ئەوان داکۆکیان کرد لەوەی
ئێستا ھەیە کرد، بەرەی نا دادپەروەریان ھەڵبژارد، گوایە یاساییە و بە
یاسا رێکخراوە.
جیا لەوانەش ئەم ساڵ چەندین تۆمەتباری ئەنفال مردن، دەسەڵاتداران
بەڕێزەوە بەشداری پرسەکانیانیان کرد و بە ستایشکردنیان رێزیان بۆ
قوربانیان و بڕیاری دادگا نەھێشتەوە، بەم ھەنگاوەش گەورەترین
سوکایەتیان بە دۆسیەکانی جینۆساید کرد.
مخابن سەرەڕای ھەموو ئەمانە، لە ٢١ی تەموزی ساڵی ٢٠١٩ نامەیەکی نا
فەرمیمان لەلایەن داواکاری گشتییەوە بە دەست گەیشت، بێ مۆر و تیایدا
دەڵێین"(ئاماژە بەو سکاڵایانەی ناردوتانە بۆ سەرۆکایەتیەکەمان...ئێمە
وەک داواکاری گشتی تەنیا کێشەکانی گشتی دەجوڵێنین، ئەویش لە رێگای
دەستەی مافی گشتییەوە کە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگا بێت.. بەڵام ناکرێت
کێشەی تایبەت بجوڵێنین... دەکرێت خاوەن کێشە سکاڵا بجوڵێنێت و ئێمەش بە
دوادا چونی بۆ بکەین لە دادگا تایبەتمەندەکان.... لە گەڵ رێزماندا).
بەم نامەیەش بزمارێکیان لە نەعشی دادپەروەریدا و ھەموو کێشەکانی نیو
ملیۆن قوربانی و دادپەروەریان بە کێشەی شەخسی لە قەڵەمدا و سەلماندیان
دەزگایەکی لەوە لاوازترن وەک پێشبینیمان دەکرد.
بۆیە بۆ ھەموو لایەکی ئاشکرا دەکەین، ئێمە نەک بۆ رزگارنەبوونی
تۆمەتباران لە سزاو گەڕاندنەوەی دادپەروەری سارد نابینەوە، بەڵکو لامان
روونە دوارۆژ ھەر بۆ ھەق و راستییە، بە مردوویش بێت تۆمەتباران لە سزا
رزگاریان نابێت و دەرکەوت دەزگا دادوەرییەکانی کوردستان زۆر لەوە
بێھێزترن بتوانن ئەم کەیسە دادپەروەریانە بجوڵێنن.
بەرزو بەرێز بێت روحی شەھیدان و قوربانیانی ئەنفال و ھەڵەبجە و بارزانی
و فەیلی و ئێزیدی و کریستان و کاکەیی و شەبەک لە رۆژی دادپەروەری لە
کوردستاندا، سەرکەوێت دادپەروەری لە پێناو بەرقەراربوونی حوکمی یاسا و
دادگایەی بەھێزی سازشنەکەر لە کوردستان.
رێکخراوی کوردستان بێ
جینۆساید
تۆڕی رێکخراوە کوردستانیەکان لە پێناو دادگای
تاوانی نێو دەوڵەتی
رێکخراوی گەشەپێدانی مافی مرۆڤ
رێکخراوی مانەوە بۆ پرسی شەھیدان و ئەنفالکراوان
رێکخراوی چاودێری کوردۆساید (چاک) کوردستان
رێکخراوی ناوەند داکۆکی پشدەر بۆقوربانیان
وجینۆسایدکراوان
گروپی کار بۆ ئەنفال
٢١\٨\٢٠٢١
|