١٠\١١\٢٠١٠
بەسەر
نەرمەگیای عیشقا، رەوتێک.
بەرزان ھەستیار
درەنگە ؛
ئەبوایە پێشتر بەشەڕ بێین....
تا پرژەی ماچ ،
زووتر وشکەساڵیی خوێنمان تەڕکاتەوە
* * * * ** *
دوا بکەوە ، یان ھەر مەیە ،.....
گرنگ ئەوەیە، بە ڕوویەکی خۆشەوە.....
من ھەر لێرەم
* * * * ** *
ھەموو ئەو نەھاتنانەشت جوانن....
کە ئەمکەنە داھۆڵێک لە چاوەڕوانیی ؛...
کێڵگەیەکی ڕەنگ پەڕیو و
بێدەنگییەکی پڕ سەدا !
* * * * ** *
خۆت بشارەوە ؛
بۆ ئەوەی ھەمیشە دڵی پرسیارێک....
بەخوورپەوە لێ بدات ؛ ......
بۆ دیار نیت ؟
* * * * ** *
چ پێویستم بەوەیە گوێم لە دەنگت بێت ،!!
ڕەشەبای گومان ،
لە ئەزەلەوە کاسی کردووم ،
یەقینی عیشقت ، لەمڕۆوە...
کردوومی بە باخی ھەنگوین !
* * * * ** *
ژنێک بە مەستیی گۆرانیی بڵێت ،.....
مردن ، یەک سەدەی ڕەبەق خۆی دوا ئەخات
منێک بە مەستیی گۆرانیی بڵێم،.....
یەک سەدەی تەواو، ژیان فەرامۆش ئەکەم !
* * * * ** *
شاعیر،
کۆیلەیەکی چەند زەلیل و
چ عابیدێکی ملکەچی...
نێو پەرستگاکانی عیشقە !
* * * * ** *
ئەچمە مەملەکەتێ
ھەرزاڵێ بۆ خەونەکانی عیشق چێ ئەکەم....
ھەر خۆم و ئەو بین ،
ئیتر ڕەوە کوللەی غیرە،
نادات بەسەر دەغڵی دڵما !
* * * * ** *
لە فرمێسکی ژنە عاشقەکاندا
شتێک ئەدرەوشێتەوە...
لە یاقووت جوانتر ،
شتێکیش ونە ،
کەس نازانێت چییە ، کەس!!!
* * * * ** *
پیاوی عاشق ، تاکە پیاوە .....
کە ئەگری ، سەر ناکات بە ژێر لمی شەودا !!
* * * * ** *
لە کشانی ئەستێرەیەکا...
خوێنی ورشەیەک پەرش ئەبێت ،
لە گریانی ژنێکی دڵتەنگ و تەنیادا
ئاسمانێک بەر ئەبێتەوە
* * * * ** *
ھیچ شتێکیش نەمێنێت،....
ئەو ئاسمانە زەبەلاحە ڕاگرێت
عیشق پەنجەتووتەی خۆی ئەخاتە ژێر
* * * * ** *
بەربوونەوەی دڵێک لە نھۆمی یەکەمی عیشقەوە
پرژەی خوێنی،...
ئەیدات لە دوا نھۆمی داڕووخاوی تەمەن.
پاییزی ٢٠١٠
- ئەڵمانیا/کۆلن
ماڵپهڕی بهرزان ههستیار
|