په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٠\٢٠١٤

بەسەریەکتردا فرۆشتنی سیاسیی؟


ستار محەمەد قادر   

 

لە راستییدا ئەگەر رێککەوتنی ستراتیژیی نێوان پارتی و یەکێتی دیوێکی ئەرێنیی هەبووبێت، بێ گومان دیوە نەرێنییەکەی لەوەدا بەرجەستەیە کە هێزی ئەو رێککەوتنە لە توانایدا نەبووە دوو بەڕێوەبەریی یەک بخا و کۆتایی بە دەڤەری سەوزو زەرد بهێنێ!

ئەمە شیکردنەوەیەکی رواڵەتی ئەو رێککەوتنەیە، ئەم دو پارتە لە دەرەنجامی نەبوونی چارەسەرێکی باوەڕپێکراوەوە پەنایان بۆ ئەو رێککەوتنە بردوە، چونکە لە سەروەختی شەڕی براکوژیی و خۆکوژییدا، هاوکێشەکانی هاوسەنگکردنی هێز، بوو بە هۆکاری ئەوەی وڵاتە هەرێمییەکان لە کرۆکی بڕیارەکاندا ببن بە جەمسەر و رۆڵیان هەبێت لە دەستنیشانکردنی فۆرمی رێککەوتن و میکانیزمی خودی رێککەوتنەکە!

لێرەدا پێم باشە ئەو پرسیارە بورژێنم: رێککەوتن لەسەر چی و بۆ چی؟ لە کاتێکدا دوو پارتی کوردی کە یەکێکیان سۆشیال دیمۆکراتە و ئەویتریان هەڵگری پاشناوی دیمۆکراتیە، ئەگەر دیمۆکراتییان پێ هەرس بکرابایە و باوەڕی تەواویان بە پڕنسیپی سندوقی هەڵبژاردن هەبووایە؟ چ پێویستی بە رێککەوتنێکی ستراتیژیی دەکرد؟ لە کاتێکدا ئێمە نە دوو وڵاتی جیاوازین و نە دوو هێزی دیاری سەر گۆڕەپانی هاوکێشە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانین؟

رێککەوتنی ستراتیژیی ئەگەر حوکمی ئەوەی نەبووبێ و بە واقیعییش نەیبووە، بۆ ئەوەی خودی ئەو رێککەوتنەیش نەکەوێتە دڵڕاگتنی یەکتر، ئەگەر رێککەوتنێکی ستراتیژیی لەسەر بنەمایەکی لێکگەیشتنی بڕوا پێکراو بە هەموو باوەڕێکەوە ئەنجام نەدرابێت؟ بۆ دەبێت کاتێکی دیارکراو نەبێت؟ ئەی چۆن دەکرێت ئەم رێککەوتنە لەگەڵ پێودانگی دیمۆکراتیدا هاوتەریب نەبێتەوە؟

ئەگەر بمانەوێت لە چەمکی ریککەوتن بکۆڵینەوەو پێناسەی بکەین، رێککەوتن بنەمای تایبەت لە خۆی دەگرێت و لەسەر چەند پڕنسیپێک ئەنجام دەدرێت، لێ بۆ دوو پارتی کوردستانی کە هەر یەکەیان بە شێوازی خۆی بانگەشەی کوردستانیبوون و دیمۆکراتی بوونی خۆی دەکات، ئەم رێککەوتنە دەخرێتە چ چوارچێوەیەکەوە و چۆن راڤە و خوێندنەوەی بۆ دەکرێت؟

ئەنگیزەی ئەم نووسینەی من، لەو دڵڕاگرتنەی یەکتر سەرچاوە دەگرێت، کە بە چەمکی رێککەوتن دەکرێت، ئەگەر پارتی و یەکێی ئەو هەستە نیشتیمانیی و نەتەوەییەیان نەبێت کە لەکاتی جەنگدا دەبێت هیچ بەسەر یەکدا نەفرۆشین و وەکو هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەنگەرێکدا ببن؟

ئەگەر ئێمە لەسەر ئەوە رێک نەبین کە جەنگ یان شەڕ سنووری نییە و لاوازکردنی هەر پارتێکی کوردی بە واتای لاوازکردنی کۆی پارتە کوردییەکان دێت، لەوەیش روونتر پێویست بە هیچ قسەیەک ناکات!

شەڕی داعش بۆ کورد، هەموو شتێکی ئێمەی کوردی خستە ژێر پرسیارەوە، لە هەمووی ناخۆشتر، ئەو بەسەر یەکدا فرۆشتنە سیاسییە بوو کە لە نێوان ئەو دوو هێزەدا روویدا کە هەمیشە بە شان و باڵی رێککەوتنی ستراتیژییدا هەڵیان دەدا و بە خەڵکی بەشمەینەتی کوردستانیان دەفرۆشتەوە، کەچی بە پێچەوانەی هەموو پڕنسیپەکانی رێککەوتن، ئەو دوو پارتە کوردیە تووشی بەریەککەوتن بوون، نەک هاوچارەنووسیی و لەبەرچاوگرتنی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە و پێویستبوونی ئەو رێککەوتنە؟

رێککەوتن بەردی بناغەی بەرژوەندییەکی هاوبەشە، رێککەوتن باوەڕە، رێچکەیە، نەک گوڕاح و گەمەکردن بە وشە و چەواشەکاریی، ئەو رێککەوتنەی کە یەکێتی و پارتی ئەگەر بنەمایەکی دروستی هەبووایە؟ بە هیچ شێوەیەک پێویستی بە تازەکردنەوە نەدەکرد؟

چونکە هەموو شتێکی ئەم میللەتە بەسەر یەکتردا فرۆشرایەوە لە پێناو سەرخستنی ئایدۆلۆژیای هێزێک، ئەمە هەرچەندە واقیعە، لێ واقیعێکی تاڵە، بەڵام خوازیارم ئێمەی کورد لە پێناو سەرخستنی دۆزەکەمان چیتر هیچ شتێک بەسەر یەکتردا نەفرۆشینەوە، بۆ ئەوەی نەکەوینە دڵڕاگرتنی یەکتریشەوە؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک