٢٧\١\٢٠١٦
بەشداریی "ژیان لەسەر سنوور"ی منداڵانی
کۆبانێ و شنگال لە فیستیڤاڵی فیلمی "بەرلین".
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە دەرھێنانی ھەشت منداڵی
کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی "بەھمەن قوبادی" بەشداریی لە شەست و
شەشەمین فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە ئەڵمانیا دەکات.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "ژیان لەسەر سنوور" لە
دەرھێنانی ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و لە بەرھەمھێنانی
سینەماکاری ناوداری کورد "بەھمەن قوبادی" کە لە لایەن "ئانجێلینا
جوولی" ئەستێرەی بەناوبانگی سینەمای ھۆلیوود و باڵیۆزی
نیازپاکیی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان
لە فیستیڤاڵە جۆراوجۆرە نێودەوڵەتییەکانی فیلم، ناوەندە ھونەرییەکان و
ھەروەھا کۆڕ و کۆبوونەوە دیپڵۆماسییەکانی جیھان پشتیوانی لێدەکرێت، لە
نوێترین بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا ڕۆژی ١٨ی فێبرییەی ٢٠١٦ لە بەشی
"نمایشی تایبەتی مافووری سوور" لە میانەی شەست و شەشەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەڕڵین" لە شاری بەڕلین لە وڵاتی ئەڵمانیا
دەچێتە سەر پەردەی سینەماکان.
ئەم خولەی فیستیڤاڵی گرینگی فیلمی "بەڕڵیناڵە" بە
ئامادەبوونی "مریل ئیستریپ" ھەڵگریی سێ خەڵاتی ئۆسکار وەکوو سەرۆکی
لێژنەی دادوەران و بە نمایشی بەرھەمی فیلمسازانی ناوداری سینەمای جیھان
لە چەندین بەشی پێشبڕکێی، لەوانە: بەشی پێشبڕکێی "سەرەکی بەڕڵیناڵە"،
بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم" و چەندین بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە:
"پانۆڕاما"، "نمایشی تایبەت"، "نمایشی سینەمای کلاسیک" و چەندین بەشی
دیکە ڕۆژی ١١ی فێبرییەی ٢٠١٦ بە نمایشی فیلمی سینەمایی "سڵاو لە سێزار"
لە دەرھێنانی "برایانی کۆئێن" دەستپێدەکات و تاکوو ڕۆژی ٢١ی فێبرییەی
٢٠١٦ بە نمایشی کۆمەڵێک فیلم لە سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان
لە وڵاتی ئەڵمانیا درێژەی دەبێت.
"ژیان لەسەر سنوور" ٨ ئێپیزۆدە و بە گشتیی فیلمێکی دیکۆمێنتاریی ٧٣
خولەکییە کە بە ڕێنوێنی و ڕاوێژیی چەندین سینەماکاری کورد، لەوانە:
"ئومید ڕاستبین"، "حەمید قەوامی"، "بیژەن زەمانپیرا"، "شاھۆ نێعمەتی" و
"محەمەد تۆریوەریان" لە لایەن ھەشت منداڵی شارەکانی کۆبانێ و شنگال و
لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە ھەرێمی کوردستان و ھەروەھا دوای ڕزگارکردنی
شاری کۆبانێ لە دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش لە لایەن ئەم منداڵە
کوردانەوە سازکراوە.
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە لە یەکەمین نمایشی جیھانی خۆیدا لە دوو سانسی
جیاوازدا لە بەشی "نمایشی کورتە فیلمەکان" لە میانەی بیستەمین خولی
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "پووسان" لە وڵاتی کۆریای باشوور
نمایشکرا و تەواوی کورسییەکانی ناو ھۆڵەکانی نمایشی ئەم فیلمە پڕ بوو
لە بینەر و تەواوی بینەرانیش بە چاوێکی پڕ لە گریانەوە ئەم فیلمە
کوردییەیان بینی و کاریگەریی زۆریی لەسەریاندا.
ئەم فیستیڤاڵە بە نمایشی ٣٠٤ فیلم لە فیلمسازانی ٧٥ وڵاتی جیھان لە
چەندین بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لە ڕۆژانی ١ تا ١٠ی ئۆکتۆبەری
٢٠١٥ لە شاری پووسان لە وڵاتی کۆریای باشوور بەڕێوەچوو.
تریلێری فیلمی دیکۆمێنتاریی
''ژیان لەسەر سنوور'':
بۆ زانیاریی
پتر:
www.berlinale.de/en/HomePage.html
Facebook.com/ bahman.ghobadi
Twitter.com/bahman_ghobadi
Instagram/bahman_ghobadi
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|