٣٠\٤\٢٠١٦
بەشداریی
''١٥٧A''
و ''زمناکۆ'' لە "فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر.
مەنسوور جیهانی
•
"١٥٧A"
سەبارەت بە کۆبانێ و شنگال لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر نمایشکرا.
فیلمی
دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بێھرووز نوورانی
پوور" سەبارەت بە کۆبانێ و شنگال لە فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە
تاران نمایشکرا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد "بێھرووز
نوورانی پوور" سەبارەت بە ڕووداوەکانی کۆبانێ و شنگال و بە ئامادەبوونی
ئەم فیلمسازە سنەییە، سینەماکاری کرماشانی "کامڕان جاھیدی" مۆنتێری
فیلمەکە و ھەروەھا ھەندێک لە ستافی فیلمەکە لە نوێترین بەشداریی
نێودەوڵەتی خۆیدا لە سێ سانسی جیاوازدا، لە بەشی پێشبڕکێی "جیلوەگاە
شەرق" واتە سینەمای ئاسیا و وڵاتانی ئیسلامی لە سی و چوارەمین خولی
فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری
تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان.
فیلمی "١٥٧A" لە یەکەمین سانسدا سەرەتا لە کاتژمێر ٧ی ئێوارێی ڕۆژی ٢١ی
نیسان لە ھۆڵی ژمارە ١ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو و لە دووەمین
سانسدا لە کاتژمێر ١ی نیوەڕۆی ڕۆژی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٦ لە ھۆڵی ژمارە ٥ و
پاشان لە سێیەمین سانسدا کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی ڕۆژیی ٢٥ی ئەپرێلی ٢٠١٦
لە ھۆڵی ژمارە ٤ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە
وڵاتی ئێران نمایشکرا و لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەما، ڕۆژنامەنووسان،
پەیامنێرانی سینەما و ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە پێشوازیی لێکرا.
فیلمی کوردیی "١٥٧A" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ لەگەڵ
١٥ فیلمی چیرۆکی لە وڵاتانی جۆراجۆری جیھان، لە ڕکابەریدا دەبێت،
لەوانە: فیلمی دیکۆمێنتاریی "وەرزێران" لە دەرھێنانی "زۆراب کاترادزە"
لە وڵاتی جۆرجیا، فیلمی سینەمایی "ھاری" لە دەرھێنانی "ئەمیر ئەحمەد
ئەنساری" لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی "سێ ھەزار شەو" لە دەرھێنانی
"میا ماسری" لە وڵاتانی فەلەستین، فەڕەنسا، ئۆردۆن، لوبنان، قەتەر و
ئیماڕات، فیلمی سینەمایی "گوڵی زینا" لە دەرھێنانی "تام شۆ یۆ لین" لە
وڵاتی تایوان، فیلمی سینەمایی "براکەم خوسەرو" لە دەرھێنانی "ئێحسان
بیگلەری" لە وڵاتی ئێران، فیلمی سینەمایی "چ بنەماڵەیەکی بێوێنە!" لە
دەرھێنانی "یوجی یامادا" لە وڵاتی ژاپۆن، فیلمی سینەمایی "داری گوێو"
لە دەرھێنانی "یەرڵان نوورمۆخامبتۆف" لە وڵاتی قەزاقستان، فیلمی
سینەمایی "ھاوپۆلی نوێی" لە دەرھێنانی "ئاشواینی ئایۆر تیواری" لە
وڵاتی ھیندستان، فیلمی سینەمایی "شەھید"لە دەرھێنانی عەبدولعەلیم تاھێر
لە وڵاتی عێراق، فیلمی سینەمایی "سولەیمان" لە دەرھێنانی "زازا خلووشی"
لە وڵاتی جۆرجیا، فیلمی سینەمایی "خوشکی خانمی بەراز" لە دەرھێنانی
"جۆنگ مون ـ ئیل" لە وڵاتی کۆریای باشوور، فیلمی سینەمایی "خۆشەویستی
زەوی" لە دەرھێنانی "ڕەمەزان خوسرەو" لە وڵاتی کوەیت، فیلمی سینەمایی
"ژانوییەی خوێناویی" لە دەرھێنانی "وەحید فوئاد مستەفا یۆ" لە وڵاتی
ئازەربایجان و ھەروەھا فیلمی سینەمایی "مادام کۆراج" لە دەرھێنانی
"مرزاق عەلواش" لە وڵاتانی ئەلجەزائیر و فەڕەنسا.
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە کە تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی ناوخۆی
وڵاتی ئێرانی بەدەستھێناوە، چیرۆکی ڕووخانی ئەخلاقە لە ساڵی ٢٠١٥ بە
بۆنەی جەنگەوە، ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە ژیانی سێ کچی شاری کۆبانێ بۆ
بینەر دەگێڕێتەوە کە باوکیان ٢٠ ڕۆژ پێش ئەوەی کە گرووپی تیرۆریستی
داعش ھێرش بکاتە سەر کۆبانێ کۆچی دوایی دەکات و لە ئێستاشدا ھیچ
زانیارییەکیان لە دایکیان نییە و لە یەکێک لە کەمپەکانی ھەرێمی
کوردستان لە شاری زاخۆ ژیان بەسەر دەبەن.
ھەندێک لە ستافی ئامادەکردنی فیلمی دیکۆمێنتاریی "١٥٧A" بریتین لە:
دەرھێنەر: بێھرووز نوورانی پوور، بەڕێوەبەریی وێنەگرتن: مێھدی ئازادی،
مونتاژ: کامڕان جاھیدی، دەنگھەڵگر: بێھنام شێخ ئەحمەدی و والا میرانی،
ئاوازدانەر: حەسەن ناھید و بەرھەمھێنەر: بێھرووز نوورانی پوور.
•
"زمناکۆ"
سەبارەت بە ھەڵەبجە بینەرانی فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجری خستە
گریان.
فیلمی
"زمناکۆ" لە دەرھێنانی "مێھدی قوربانپوور" سەبارەت بە کارەساتی
دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی لە فیستیڤاڵی جیھانیی فیلمی فەجر لە
شاری تاران نمایشکرا.
فیلمی دیکۆمێنتاریی "زمناکۆ" لە دەرھێنانی سینەماکاری ئێرانی "مێھدی
قوربانپوور" و لە بەرھەمھێنانی "محەمەد شەکیبانیا" سەبارەت بە کارەساتی
دەڵتەزێنی بۆردوومانی کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە دەستی ڕژێمی سەدام،
بە ئامادەبوونی "نازم عومەر دەباغ" نوێنەریی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان
لە شاری تاران، دەرھێنەر و ھەروەھا ھەندێک لە ستافی فیلمەکە لە نوێترین
بەشداریی نێودەوڵەتی خۆیدا لە چەندین سانسی جیاوازدا، لە بەشی "نمایشی
تایبەت" واتە چاوخشاندنێک بە فیلمە دیکۆمێنتارییەکانی جیھان لە سی و
چوارەمین خولی فیستیڤاڵی جیھانی فیلمی فەجر لە کۆمەڵەی سینەمایی
پەردیسی چارسووی شاری تاران چووە سەر پەردەی سینەماکان و بینەرانی ئەم
فیلمە کوردییەی خستە گریان.
فیلمی "زمناکۆ" لە یەکەمین سانسدا سەرەتا لە کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی
ڕۆژی ٢١ی نیسان لە ھۆڵی ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسوو و
پاشان لە دووەمین سانسدا لە کاتژمێر ٩ی شەوی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٦ لە ھۆڵی
ژمارە ٥ی کۆمەڵەی سینەمایی پەردیسی چارسووی شاری تاران لە وڵاتی ئێران
نمایشکرا و لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەما، ڕۆژنامەنووسان، پەیامنێرانی
سینەما و ھۆگرانی ھونەریی سینەماوە پێشوازیی لێکرا.
فیلمی کوردیی "زمناکۆ" بۆ بەدەستھێنانی خەڵاتی ئەم بەشەی فیستیڤاڵ
لەگەڵ کۆمەڵێک فیلم لە وڵاتانی جۆراجۆر، لەوانە: فەڕەنسا، چین،
ئەرمەنیستان، ئێران، بڕازیل، ئیماڕات، فەلەستین، قەتەر، لوبنان،
سووریا، ھۆڵەندا، ئەڵمانیا، کۆماری چێک، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمەریکا و
پاڕاگۆئە لە ڕکابەریدا دەبێت.
ئەم فیلمە دیکۆمێنتارییە کە تا ئێستا چەندین خەڵاتی گرینگی
بەدەستھێناوە، چیرۆکی گەڕانەوەی کوڕە کوردیی ھەڵەبجەیی بە ناویی زمناکۆ
پاش ٢٢ ساڵ لە شاری مەشھەد لە وڵاتی ئێران بۆ زێدیی باب و باپیرانی لە
شاری ھەڵەبجە لە ھەرێمی کوردستان بۆ بینەر دەگێڕێتەوە.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|