٢\٥\٢٠١٥
بەشێک لە مێژووی
ڕۆژی ١ی ئایار.
و:
ھەژێن
بەڕێزە گیانبازیتان
چیرۆکی ڕووداوەکەی ھایمارکت (Haymarket).
مشتومڕی
نێو بزووتنەوەی کرێکاری سەدەی ١٩ لە چەند پرسێکدا چەقی بەستبوو، لەوانە
دەستلەکارکێشانەوەی ھەرەوەزییانە، کە مانگرتنی گشتی کۆمەڵایەتی بوو بۆ
بەدەستھێنانی داخوازییەکان. یەکێتییەکانی ئینگلتەرە لە ١ی ئایاری ١٨٣٣دا
٨ کاتژێر ڕۆژانەکاریان کردە ئامانجیان و بڕیاری مانگرتنی سەرتاسەرییان
دا، کە تیایدا شتێکی ئاوا نەتوانرا بەتەواوی بھێنرێت دی. سەرمایەداری
پیشەسازیی بۆ بزووتنەوەی تازە پێگرتووی کرێکاریی دژێکی بەھێز بوو،
لەلایەکی دیکەوە ناسیونالیزم بەزۆری بەری بە ھاوپشتییە سنووربەزێنەکان
دەگرت.
پاش ئەوەی کە شۆرشی ١٨٤٨/١٨٤٩ بە سەرکوتنی بۆرجوازی نەتەوەیی کۆتایی
ھات،زۆرێک لە کرێکارانی سۆشیالیست بەرەو ئەمەریکا ڕەویان دەکرد.
زۆرێکیان ھزر و بیرۆکە ئەنارکیستییەکانیان لەتەک خۆیان بردە ئەمەریکا،
لەوێ کە ژیان و ھەلومەرجی کارکردن زۆر خراپتر بوو لە ولاتانێک کە لێوەی
ھاتبوون. بەتایبەت لە یەکەمین قەیرانی ئابووریی لە ساڵی ١٨٥٧وە تا
گەرمەی قەیرانەکە “داتەپینە گەورەکە”، لە ساڵی ١٨٨٣وە کرێکاران بەدەست
بێکاری و بێسەرپەناییەوە گیرۆدە بوون.
لەبەرامبەر بزووتنەوەی کرێکاریی ئەو کاتدا، لە ئیمپراتۆریی تازە
پێکھێنراوی ئاڵماندا ساڵی ١٨٧٨ یاسا کۆمەڵایەتییەکان ”لەدژی جالاکییە
مەترسیدارەکانی سۆشیال دیمۆکراسی” پەسەند کران. لە پێکھێنانی کۆمەڵەی
نێونەتەوەیی کرێکاران (IAA) لەساڵی ١٨٧٢دا، سۆشیالدێمۆکرات و کرێکارانی
ئاڵمان گەورەتری ھێز بوون. بەم جۆرە جێی سەرسووڕمان نییە، کە زۆرێک لەو
سەدان ھەزار کرێکارە ئاڵمانەش لە ئەمەریکا خۆیان لە یەکتییەکاندا
ڕێکبخەن. “پاڵەوانانی کار” (Knights of Labor) کە ساڵی ١٨٦٩ لە
فیلادیلفیا پێکھێنران، بوونە پێشینەی “یەکێتییە کرێکارییەکان“ی دواتر.
پرسی توندوتیژی.
لە سەردەمی مانگرتنی گشتی ھێڵی شەمەندەفەری١٨٧٧وە، یەکێتییەکان
جەماوەرێکی زۆریان لی کۆبووبووەوە، بەڵام لەلایەن بەکڕیگیراوان و
مانشکێنانی چەکداری نووسینگەی (Pinkerton Agency) وەک پێسپڕدراوی
سەرمایەدارەکان، دژایەتی دەکران. پۆلیس و میدیاکانیش لەم ڕووەوە ڕۆڵی
خۆیان دەگێڕا، بۆ نموونە ”New York Tribune” ئاوا داوای دەکرد، کە
پێویستە خۆپیشاندانی کرێکارانی مانگرتوو بە نارنجۆک تێکبشکێندرێن. لە
بەرامبەردا وەک ڕێکخراوی چەکداری خۆپاراستن، لە ھەندێک لە شارەکانی
ئەمەریکادا یەکێتیی “فێرکاریی و ئەنجومەنی خۆپارێزی” پێکھێنران.
ھەڵدەستان بە ڕاھێنانی تەقەکردن و ڕێپێوانی ساڵیادی کۆمونەی پاریس.
ساڵی ١٨٨٠ “پارتی سۆشیالیستی کرێکاران” لەسەر پرسی چەکداربوون بوو بە
دوو باڵەوە، باڵی ڕاستی پارلەمانی و باڵی چەپی شۆڕشگێڕ.
ھاوکات لە نیویۆرک ئەنارکیست و نوێنەری پارلەمانی جارانی
سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمان یوھان مۆست Johann Most نووسەری “زانستی جەنگی
شۆڕشگێڕانە” وەک “پرۆپاگەندەی چالاکی”، لە شیکاگۆ ئەلبێرت پێرسن Albert
Parsons و ئاوگوست شپیس August Spies ی ئاڵمانی ناسراوترین قسەکەری
بزووتنەوەی کرێکاریی توندوتیژ بوون. شپیس لە “ڕۆژنامەی کرێکاری
شیکاگۆ“ی ئاڵمانی زماندا کاری دەکرد و پێرسنس ڕۆژنامەی “ئاگاداری”
Alarmی ئینگلیزی زمانی دەردەکرد. ساڵی ١٨٨٣ ھەدووکیان لە شاری
Pittsburgh پێکەوە لەتەک سۆشیالیستە شۆڕشگێڕەکان و ئەنارکیستەکانی
دیکەدا لەسەر شێوازی میخائیل باکونین لە نێونەتەوەیی یەکەم، کۆمەڵەی
نێونەتەوەیی خەڵکی زەحمەتکێش (کەسانی کرێکار) „International Working
People’s Association (IWPA)“یان پێکھێنا.
تێکەڵەی ئەنارکیزم و سەندیکالیزم ئەوسا وەک “بیرۆکەی شیکاگۆ – Chicago
Idea ” دەخرایە ڕوو. لە ھەژمارێکی زۆر ڕۆژنامەدا “نێونەتەوەیی ڕەش”
پاگەندەی بۆ پلانە شۆڕشگێڕییەکانی خۆی بە زمانی ئاڵمانی، ئینگلیزی و
چێچی دەرکرد. بەتەنیا لە شیگاکۆ پێنج ڕۆژنامەی دەردەکرد، لەوانە
“ڕۆژنامەی کرێکاران – Arbeiter-Zeitung” کە لەلایەن ئاوگوست شپیس،
ئادۆڵف فیشەر Adolph Fischer و میشایل شڤاب Michael Schwab ەوە، ڕۆژانە
بە تیراژی ٦.٠٠٠ دانە دەردەکرا.
خەبات لە پێناو ٨ کاتژێر ڕۆژانەکاردا.
ساڵی ١٨٨٤ “کۆنگرەی یەکێتییە فیدراڵییەکان و کۆمەڵە کرێکارییەکان”
دواتر ناسراو بە “فیدراسیۆنی کرێکارانی ئەمەریکا“ی ئەمەریکای باکووری
بڕیاری دا داواکاری ٨ کاژێر ڕۆژانەکار وەک سەرخەتی ناوەندیی خەباتی
داھاتوو بێت.
سەرەکیترین داواکاری کرێکاران کەمکردنەوەی ماوە (کاتژێر)ی کار بوو. ھەر
لەسەر ئەمە بوو کە کرێکاران لە یەکی ئایاری ١٨٨٦دا خەباتی خۆیان لەسەر
کەمکردنەوەی ماوەی کار، توندتر کردەوە.
لە یەکی ئایاری ١٨٨٦دا، زیاتر لە ٣٤٠.٠٠٠ کرێکار لە ئەمریکا دەستیان
لەکار کێشایەوە، تەنیا لە شیکاگۆدا ھەژماری کرێکارانی مانگرتوو ٤٠.٠٠٠
کەس بوو. چەند ڕۆژ دواتر پۆلیس لە مەیدانی ھایمارکت Haymarket دەستیان
بە ڕەشەکوژی کرد. سەرەنجام لەو پێکدادانەدا زیاتر لە ٧ کەس کوژران،
لەلایەکی دیکەوە لە راگەیاندنەکانی دەوڵەتدا ڕاگەیێنرا، کە ئەفسەرێکی
پۆلیس بەھۆی بۆمبی دەستی ئەنارکیستێکەوە کوژراوە و ھەروەھا ٦ پۆلیسی
دیکە لە پێکدادانەکاندا کوژران. ھەژماری برینداران لە ھەردوولا لەنێوان
٣٠ تا ٤٠ کەس ڕاگەیێندرا. کەمکردنەوەی دوو کاتژێر لە ( ١٠ کاژێر زیاتری)
ڕۆژانەکار، بۆ سەندیکالیستە ئەنارکیستەکان، ڕیفۆرمیستی دەھاتە بەرچاو،
بەڵام سەرەرای ئەوەش پشتیوانیان لە کەمپەینەکە دەکرد. داواکارییەک کە
لە ساڵی ١٩٦٠ەوە لەجێی خۆی مابووەوە، دەبوو لە یەکی ئایاری ١٨٨٦دا بە
مانگرتنی سەرتاسەری بسەپێنرێت. لە شیکاگۆ “یەکێتی ناوەندیی کرێکاران –
Central Labor Union” شەممەی پێش ١ی ئایار خۆپیشاندانێکی گەورەی بە
بەشداری نزیکەی ٢٥.٠٠٠ کەس بەرپاکرد. لە خودی یەکی ئایاردا مانگرتن لە
ناوەندە پیشەسازییەکانی ئەمەریکادا زیاتر لە ٣٠٠.٠٠٠ کرێکار، بەتەنیا
لە شیگاکۆ ٤٠.٠٠٠ کرێکار دەستیان لە کار کێشایەوە و لەسەر شەقامەکان
٨٠.٠٠٠ خۆپیشاندەر یەکیان گرتبوو.
پێشتر لە ئەپڕیڵی ١٨٨٦دا لە شیکاگۆ لە کارخانەی میککارمیک McCormick،
کە درەوکەر (ماشێنی درەوکردن / دەراسە) ئامادە دەکرا، زۆربەی
کرێکارەکان لەبەرامبەر ڕەفتاری نامرۆڤانەی شوێنی کار، بڕیاری مانگرتن
دەدەن. ئەو کات لەبەرامبەر ١٢ کاتژێر ڕۆژانەکار بەگشتی ٣ دۆلاری
ئەمەریکی دەدرا، کە مرۆڤ دەیتوانی لە چێشتخانەیەکدا تەنیا ئێوارە
ئێوارەخوادنێکی ھەژارانەی پێ بکڕێت. خاوەنکار ڕێگری لە چوونەسەرکاری
تێکرا کرێکارەکان دەکات، تاوەکو نزیکەی ١٠٠٠ شوێنکاری خاڵی، بە
کۆچەرانی تازە پڕ بکاتەوە، کە لە ئاوا بارێکدا لەبەر دەرگەی
کارخانەکاندا بۆ پەیداکردنی کار دەوەستان. وێڕای بانگەوازی “ڕۆژنامەی
کرێکار“، بۆ ئەوەی مانشکێنی نەکرێت، ھێشتا ٣٠٠ کەس بۆ داخوازی کار
خۆیان ناونووس کرد. ئێوارەی ١ی ئایاری ١٨٨٦ لە مەیدانی ھایمارکت لە
شەقامی ڕاندۆڵفRandolph Streetی شیکاگۆ کۆبوونەەیەکی کرێکاری کرا و
ئەوەبوو کە مانگرتنی چەند ڕۆژەی کارخانەی میککارمیک McCormick ی
بەدوادا ھات.
شیکاگۆ ١٨٨٦.
لە ٣ی ئایاردا پۆلیس ڕژایە ئەو ناوە، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەی مانگرتنی
٦.٠٠٠ خۆپیشاندەر لە نزیکی کارخانەی مێککارمیک بڵاوە پێبکات. لە
پێکدادانەکانی دواتردا ٦ کرێکار کوژران و زۆرێک بریندار بوون. لە شەوی
پێش ٤ی ئایاردا ھەزاران خۆپیشاندەر بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر
توندوتیژی پۆلیس کۆبوونەوە و بەرەو مەیدانی ھایمارکت بەرێکەوتن.
سەرلەنوێ پۆلیس ھەوڵی دا وەک ئەوەی ڕۆژی پێشوو، بە توندوتیژی بڵاوەی پێ
بکات. سەرەرای ئەوەش کاروانی ناڕەزایەتی کرێکاران توانی بەرەویێش بڕوات
و ئاشتییانە تێپەڕی. پارێزگاری شار ھێرسن Harrison، کە بەخۆی لەوێندەرێ
چاودێریی ئاساییشی شارەکەی دەکرد، زوو بەرەو ماڵ چووەوە.
نزیکەی ١٠٠٠ خۆپیشاندەر، کە زۆربەیان کرێکاری ئاڵمانی بوون، گوێیان لە
وتاردانەکان ڕاگرتبوو. دەمەو ئێوارە پاش ئەوەی ئەنارکیستانی ناسراو
ئەلبێرت پێرسنس، ئاوگوست شپیس و ساموێل فیڵدن وتارەکانیان دا،
بارودۆخەکە دژوارتر بوو. ھێزی پۆلیس لە کۆڵانەکانی دەوروبەرەوە بە
چەکەوە ئامادەباش وەستابوو. ھەرکە ھەوری باراناوی ئاسمانی تەنییەوە،
زۆرێک لە خۆپیشاندەران شوێنی ناڕەزایەتییەکەیان جێھێشت، تەنیا نزیکەی
٣٠٠ کەس لە وێندەرێ مانەوە.
کەمێک پێش کۆتاییھاتنی قسەکانی ئاوگوست شپیس، پشکێنەری پۆلیس بۆنفیڵد
Bonfield فەرمانی ھێرشبردن دەدات. ٢٠٠ پۆلیس بەرەو ئۆتۆمەبێلی سەکۆی
قسەکردنەکە کەوتنەڕێ و چوارلایان گرت، کاتێک کە بۆمبەکە ھەڵدایە
نێوەندی خەڵکەکە. دەستبەجێ پاش تەقینەوەکە، پۆلیس دەستی بە تەقەکردن لە
کرێکارەکان کرد. لە شوێنی ڕووداوەکەدا پۆلیسێک کوژرا و شەش کرێکار
دواتر بەھۆی برینداربوونیانەوە مردن. ئەوەی کە وتاردەرەکان وەک
ئەنارکیست ناسراوبوون، پۆلیس و راگەیاندن ئاوایان لێکدایەوە، کە
ڕووداوەکە ھێرشێکی ئەنارکیستییە بۆ سەر پۆلیس. ھەرچەند لەلایەن دادگەوە
ھیچ بەڵگەیەک بۆ وەھا پەیوەندییەک نەتوانرا بخرێنە ڕوو.
سەرەرای ئەوەی کە لەو ساوە تا ھەنووکەش ھیچ کەس وەک ھەڵدەری بۆمبەکە
نەناسراوە، کەچی ٨ کەس ، کەسانێک کە بەشداری ڕێکخستنی مانگرتنەکە بوون،
سکاڵایان لەسەر تۆمار کرا و لە ئۆگوستی ١٨٨٦دا تاوانبار کران. ھەرچەندە
تەنانەت بەڵگەی بەشدارنەبوون و تاوانبارنەبوونیان ھەبوو، دادوەر جۆزیف
گاری Joseph Gary بە تاوانباری ناساندن، گوایە بۆمبھەڵدەرەکە لەسەر
بنەمای بۆچوونی ئەنارکیستانەی ئەم کەسانە بەکارەکە ھەستاوە. لەسەر ئەو
بنەمایە ئەوان تاوانبارن، ھەروەک ئەوەی کە بەخۆیان بە ھێرشەکە ھەستابن.
شایانی باسە خەرجی پارێزەری تاوانبارکراوان، نزیکەی ٥٠.٠٠٠٠ دۆلار بوو،
کە لە پارەی کۆمەکی ھاوپشتی لە ھەموو لایەکی جیھانەوە دابین کرا.
سزادراوان گیۆرگ ئێنگل Georg Engel (نیگارکیش خەڵکی کاسڵ– ئاڵمان) ،
ساموێل فیڵدن Samuel Fielden (کرێکاری بارکردن خەڵکی لەنکشەیر –
ئینگلاند) ، ئادۆڵف فیشەر Adolph Fischer (جاپگەر خەڵکی برێمن – ئالمان)
، لویس لینگ Louis Lingg (دارتاش خەڵکی مانھایم–ئاڵمان) ، ئۆسکار نێبە
Oscar Neebe (لولەکیش خەڵکی نیویۆرک، تا سەردەمی لاوی لە کاسڵ ژیاوە) ،
ئەلبێرت پێرسنس Albert Parsons (جاپگەر خەڵکی ئالاباما) ، میشایل شڤاب
Michael Schwab (پەرتووکچن خەڵکی ئونتەرفرانکین– ئاڵمان) ، ئاوگوست
شپیسAugust Spies (مۆبیلدانەر خەڵکی ھێسن– ئالمان). پاش دادگەییکردنێکی
ڕواڵەتییانە (شانۆگەرییانە) بە بەڵگەی دۆرینەوە، لەلایەن لێژنەیەکی
سوێندخۆری ساختەوە بە لەسێدارەدان سزا دران. ھەروەھا ئۆسکار نێبە بە ١٥
ساڵ زیندانی سزا درا. لویس لینگ لە ژووری زینداندا بەھۆی دەمانجەیەکی
بەقاجاخ بەدەستھێنراو خۆکوژی کرد و لایەکی سەری ھەڵتەقاند. دادگە و
دەسەلاتداران بەزۆر ئەو بڕئارەیان سەپاند و داوای پێداچوونەوەی
بڕیارەکە لە سەرەتای نۆڤەمبەری ١٨٨٧دا لەلایەن دادگەی بالاوە
ڕەتکرایەوە.
سزای لەسێدارەدانی ساموێل فیڵدن و میشایل شڤاب لەلایەن
فەرماندارOgelsby ەوە گۆڕدرا بە سزای زیندانی ھەمیشەیی. ئێنگل، فیشەر،
پێرسنس و سشپیس لە ڕێکەوتی ١١ی نۆڤەمبەری ١٨٨٧ لە زیندانی Cook County
لەسێدارە دران. سەدان ھەزار کەس لە ڕێپێوانی ناڕەزایەتی و بەگۆڕسپاردنی
لەسێدارەدراواندا لە گۆڕستانی ڤاڵدھایم Waldheim لە ( Forest Park
Illinois) بەشدارییان کرد. ڕۆبێرت ڕایتسیڵ Robert Reitzel ی ئەنارکیست
خەڵکی بادن Baden، بەو بۆنەوە وتارێکی خوێندەوە. لە ساڵی ١٨٩٣وە لەم
گۆڕستانە، پەیکەرێکی یاداوەی بۆ قوربانیانی ڕووداوەکەی ھایمارکت
دانراوە.
ھەروەھا لە ساڵی ١٨٩٣دا ھەر سێ زیندانی، فیڵدن ، نێبە و شڤاب لەلایەن
فەرماندار (پارێزگار) جۆن ئاڵتگێڵد John Altgeld وە بە بێتاوان و
قوربانی دادگە ناسران و لێبوردیان بۆ دەرچوو. ( ساڵی ١٩٣٦ دەستەیەکی
لێکۆڵینەوە بەو سەرەنجامە گەیشت، کە ھەموو ٨ سزادراوەکە بێتاوان بوون).
ئۆسکار نێبە پاش ئازادکردنی وەک پێشتر لە بزاڤی کرێکاریدا چالاک مایەوە.
دواتر بووە ئەندامی کرێکارانی پیشەسازیی جیھان ( IWW – Industrial
Workers of the World ) و لە میتینگی ١ی ئایاری ١٩٠٦ی شیکاگۆدا قسەکەری
یەکەم بوو. نێبە ساڵی ١٩١٦ مرد و لە گۆڕستانی ڤاڵدھایم لەتەنیشت
پەیکەری یاداوەری “گیانبەختکراوانی ھایمارکت“دا بەخاک سپێردرا.
پاشان، سەرەڕای ئەوەش، سزاکە و جێبەجێکردنەکەی بوونە ھاندەری
ناڕەزایەتی بەردەوامی بزووتنەوەی کرێکاری لە سەرتاسەری جیھاندا. ١٨٨٨
فێدراسییۆنی کرێکارانی ئەمەریکا ( American Federation of Labor – AFL)
بڕیاری دا ١ی ئایاری ١٨٩٠ بکرێتە ڕۆژی خەبات بۆ سەپاندنی ٨ کاتژێر
ڕۆژانەکار. ھەرچەندە کە لە ئاڵمان پارتی سۆشیالدێمۆکرات دژی بانگەوازی
مانگرتنی گشتی بوو، لە ھەموو شارەکان مانگرتن و کۆبوونەوەی جەماوەری
بەرپاکران. زیاتر لە ١٠٠.٠٠٠ کرێکار بەشدارییان تێددا کرد، بەتایبەت
شاری ھامبورگ Hamburg.
دواجار کۆنگرەی دامەزراندنی “ڕۆژنامەی نێونەتەوەیی“ سۆشیالدێمۆکرات لە
ساڵی ١٨٨٩دا بڕیاری دا ١ی ئایاری بکرێتە “ڕۆژی خەباتی” سالانەی
بزووتنەوەی کرێکاری و لەو کاتەوە ئەم ڕۆژە بە کۆبوونەوەی جەماوەری و
مانگرتن دەستی پێکردووە. بەڵام ھەروەھا ھەر لە دەستپێکەوە لەناو
بزووتنەوەکەدا ڕەخنەش لە١ی ئایار ھەبوو: لە فەرەنسە لە ساڵی ١٨٩٢دا
ھەژمارێکی زۆر لە ئەنارکیستەکان ڕەخنەیان لەو کەمپەینە گرت، لەوانە
سیباستیان فۆرێ Sebastien Faure، وتی “چیتر ئەمە ڕۆژێکی شۆڕشگێڕانە
نییە، بەڵکو سەکۆیەکی دەستەمۆکراوە بۆ ھەڵبژاردنی دەسەلاتخوازان، تا
لەڕێگەی دەنگی کرێکارانەوە بۆ پارلەمان ھەڵببژێردرێن”. ساڵی ١٨٩٣ لە
کۆنگرەی یەکێتییە کرێکارییەکاندا لە مارسێل Marseille جارێکی دیکە
ئاراستەی خەباتکارانی ١ی ئایار وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی پێداگری لەسەر
کرایەوە، شتێک کە زیاتر دابڕانی لە پارتی سۆشیا دێمۆکرات واوەتر
بەرەوپیش برد. دواتر ساڵی ١٨٩٦ کاتێک کە ئەندامانی ئەنارکیست لە
نێونەتەوەیی دووەمدا لە لەندەن لەبەر ڕەتکردنەوەی پارلەمانتاریزم
دەرکران، ئەو لێکدابرانە فراوانتر بوو.
ھاوپشتی نێونەتەوەیی لەبری ناسیونالیزمی خۆجێی.
ئەوڕۆکە بۆ زۆرینەی زۆری کرێکارانی کرێکرتە (پابەند بە مووچە)، ١ی
ئایار واتایەکی زۆر نابەخشێت. زۆر دەمێکە چیتر “ڕۆژی خەباتی چینایەتی”
نییە. لەبری ئەوە ١ی ئایار بۆ زۆرێک ھەلێکی گونجاوە بۆ گەشتێکی خێزانی
بۆ ناو سەوزایی (پارک و باخی کەنار شار)، یا لەوانەیە بۆ ڤورست [قیمەیەکی
خۆشەکراوە بۆ برژاندن] خواردن لە جەژنی سەرشەقامی کۆنفیدراسیۆنی
یەکێتییەکانی ئاڵمان (DGB). لەوێندەرێ وتاری فریودەرانەی سەرانی
یەکێتییەکان، ئەوانەی کە لەبارەی “ھاوپەیمانی لەپێناو کار ” لەتەک
خاوەنکاران وەک پێداویستی و ھەنگاونان بۆ پێشەوە، قسە دەکەن، پەخش
دەکرێت.
بۆ ئەو مەبەستە سەرانی یەکێتییەکانی (DGB) پارێزگاری لە “ئاڵمانیا” بە
ھەموو ھێزە ناسیونالیستەکانییەوە لەبەرامبەر کێبرکێی وڵاتانی کرێ کەم (کار
ھەرزان)ی ئۆروپای خۆرھەلاتی و ئاسیا، دەکەن. تەنانەت ئەمە واوەتر
دەڕوات، کە (IG BAU ) پێکەوە لەتەک کاربەدستانی گومرگ دەچنە شوێنەکانی
کارکردن (خانوو و تەلارکردنەوە)، تاوەکو کاری تۆمارنەکراو (ڕەش) و
شێوەکانی دیکەی کارکردنی نایاسایی لەناوبەرن. کۆنفیدراسیۆنی
یەکێتییەکانی ئاڵمان لەپێناو دابینکردنی بەرژەوەندی ئەندامانی،
بەشێوەیەکی سەرەکی کرێکارانی شارەزا، بە پاراستنی پلەی مووچە و مافی
خانەنشینی، نوێنەرایەتی دەکات. بۆ بەشێکی ڕوو لە زیادی خەڵک، ئەوانەی
کە لە دەرەوەی پلەی مووچە ( ناجێگیر/ نایاسایی)ن، ١ی ئایار بەھیچ
شێوەیەک ڕۆژی پشوو نییە و پاداشتی پشوویان بەرناکەوێت.
شەقام خاوێنگەران، قاپشۆران و سەرپەشتیگەرانی مناڵان و پیران، چایچی و
قاوەچییان، کرێکارانی فەرمانگەکان– بەردەوام زۆتر کارە پێویستەکانی
کۆمەڵگە بەھۆی کرێکاری قەرزکراوەوە (کرێکاری کاتیی وەرگیراو لە
نووسینەگانی کار)، نیوەکاران یا یەک یۆرۆ کارەوە پڕ دەکرێنەوە. کاری
زۆرەملێیانەی دەوڵەتی لەلایەن ARGE (گروپی کار) و فشاری کرێی کەمی
بازارەوە لەشکری “کارکەرانی ھەژار” لە ئاڵمانیا دەسەبەر دەکەن. بۆ
یەکەمین جار پاش دووەمین جەنگی جیھانی دووەمەوە، بەشێکی دانیشتوان
ناچار کراون و خراونەتە ژێر ھێڵی ھەژاری، لەو شوێنانەی کە دەمێکە
“پڕۆلیتاریای بیانی“ی (بە دەربڕینی “یەکێتی پۆلیس“) لێیە. بۆ ئەوەی
خەبات دژی وەھا بارێک ڕۆژانە بەڕێبخرێت، ئەرکی یەکێتییەکانە. دەی ئەگەر
DGB نەیکات، ئەوا ئێمە بەخۆمان دەیکەین!
چیرۆکی (بەشداریی کۆمەڵایەتی).
ھاوپەیمانی چینایەتی کۆنفیدراسیۆنی یەکێتییەکانی ئاڵمان ڕیسا [سوننەتی]
خۆی ھەیە : ساڵی ١٩٢٠ لە کۆماری ڤایمارەرWeimarer دا یاسای شوراکانی
کارخانەی ئیمپراتۆری ئاڵمان پەسەند کرا. پاش جەنگی دۆراوی یەکەمی
جیھانی (١٩١٤-١٩١٨) و شۆڕشی نۆڤەمبەری کرێکاران – و شوراکانی سەربازان
(١٩١٨/١٩) سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانی وەک دەستەبژێری سەروەر خۆیان
سەپاند. ھەر ئەو سۆشیالدێمۆکراتە، ساڵی ١٩١٤ دەنگی بە جەنگی
ئیمپراتۆریی دا، تاوەکو دیسانەوە لەلایەن ھێزە کۆنەپەرستەکانەوە وەک
“نانیشتمانی” سووکایەتییان پێنەکرێت.
ڕابەڕانی پارتی سۆشیالدێمۆکرات ئالمان ئیبێرت Ebert و نۆسکە Noske
دەیانەویست بەشی خۆیان لە ولاتانی داگیرکراو “شوێنێک لەبەر خۆرەتاو”
بپچڕن، لەو ڕووەوە یەکێتییە سۆشیالدێمۆکراتەکانیش لەوپێناوەدا
ئامادەبوون، لە کاتی جەنگی ئیمپریالیستانەدا دەم و دەست و پێ بەستراو
بن. ئەم گونجانە چینایەتییە وەک “ھودنە” بووەتە سیمبوڵی میانجیکاریی و
ھاریکاریی (corporatism) یەکێتییەکان. ئیمپراتۆر (قەیسەری پروس) بە
بەفەرمیناسین لە “یاسای کۆمەکیی خزمەتگوزارییە نیشتمانییەکان“ی ١٩١٦دا
سوپاسگوزاری کردن. لە ڕێکەوتننامەی ستینیس لێگیین Stinnes-Legien نێوان
ئەنجومەنی ناوەندیی کار (ZAG) لەتەک پیشەسازیدا سەرلەنوێ لە سالانی
١٩١٨ تا ١٩٢٤ گیانی سازشکارانی تەبایی چینایەتی یەکێتییەکان خۆی
دەردەخاتەوە.
١٩١٩ : ڕۆژی پشوو و ڕەشەکوژی.
لەتەک سەرکەوتنی سۆشیالدێمۆکراتی لە کۆماری ڤایمەر Weimarer دا، ساڵی
١٩١٩ ئیتر ڕۆژی ١ی ئایار کرا بە پشوو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی“. بۆ ئەوەی
چیتر یاداوەری کوشتاری مانگرتنە جەماوەرییەکەی ١٨٨٦ لەپێناو ٨ کاتژێر
ڕۆژانەکاردا، نەبێت. سۆشیالدێمۆکراتەکان دەیانویست پشوویەکی یاساییانەی
دەوڵەتیی، وەک “باڵاترین ئامانج پاراستنی کرێکاران و ئاشتی جیھانیی
ھەمیشە دابینکراو” نیشان بدەن. دەبوو ئەمە ببێتە “ئامرازێک بۆ یەکگرتن
و تەبایی تەواوی گەل“.
لە یەکەمین ١ی ئایاری بە پشووکراوی ساڵی ١٩١٩دا کۆماری شۆڕشگێڕی میونیخ
(Münch) لەلایەن سوپا و فاشیستەکانەوە سەرکوتکرا، سەدان کرێکار کوژران.
ھەزاران زیندانی کران و بە کوشتن یا زیندانی ھەمیشەیی سزا دران.
سۆشیالدێمۆکراتی ترسی ئەوەی ھەبوو، کە لە ساڵانی داھاتووشدا ئەم ڕۆژە
دووبارە ببێتە ڕۆژێکی خوێناوی پێکدادان لەتەک کرێکاراندا. ھەر
لەبەرئەوە ئەو “ڕۆژی جەژنی نیشتمانی“یە دەستبەجێ ھەڵوەشێنرایەوە، بەڵام
سەرەرای ئەوەش لە زۆر بەشی (کۆماری ڤایمەر)دا ڕۆژی ١ی ئایار بە ڕۆژی
پشوو مایەوە.
لە ئەپڕیڵی ١٩٢٠دا میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات ڕێگەی دا بە کۆمەکی ھێزی
پارێزگاریی نیشتمانی (Reichswehr) و سوپای فاشیستی، ڕاپەڕینی کرێکارانی
ناوچەی (Ruhrgebiet) کوشتوبڕ بکرێت و پشتیوانی لە بکوژان کرد. ئەو
ھێزە سەربازییانەی، کە “لەپێناو قەیسەر و نیشتمان” شۆڕشی نۆڤەمبەری
١٩١٨یان سەرکوتکرد، سەرلەنوێ بە چاوپۆشی میرایەتی سۆشیالدێمۆکرات،
بزووتنەوەی دژە فاشیستانەی کرێکارانیان خەڵتانی خوێن کرد. بەڵام
سۆشیالدێمۆکراتی و یەکێتییەکانیان لەو ئاستەدا نەبوون ئەزموون وەبگرن و
بەر بە ھەڵکشانی سۆشیالیزمی نەتەوەیی بگرن.
لە ساڵی ١٩٢٤ەوە خۆپیشاندانەکانی ١ی ئایار لەسەر شەقامەکان (لە دەرەوە)
قەدەخە بوون، لەبەرئەوە لەو سالانەدا ھیچ شتێکی ئاوا نەھاتووەتە ڕوودان.
ساڵی ١٩٢٩ لە وەھا بارێکدا سەرۆکی پۆلیسی بێرلین Zörgiebel خۆپیشاندانی
١ی ئایاری سەرکوت کرد، بۆ ئەوەی بەر بە مانگرتنی ڕۆژی ٢ی ئایار، کە
پارتی کۆمونیستی ئاڵمانیان (KPD) رایگەیاندبوو، بگرێت. لە (بەرلین)
پایتەختی پروس، لەوێ کە ١ی ئایار (بەپێچەوانەی بەشەکانی دیکەی دەوڵەتی
نیشتمانی ئاڵمان)ەوە ئەم ڕۆژە پشوو نەبوو، نزیکەی ٨ ھەزار کرێکار لە
گەڕەکەکانی ڤێدینگ و نۆیکلین Wedding ، Neukölln خۆپیشاندانی ١ی
ئایاریان بەرپاکرد. ھەرچەندە کە پارتی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمان تەنیا
خوازیاری بەرپاکردنی کۆبوونەوەی ناو ھۆڵەکان بوو، سۆشیالدێمۆکراتیک
کوژرا، لەسەر ئەوەی کە نەیویستووە دەستبەجێ پەنجەرەکەی دابخات. سەرۆکی
پۆلیس Zörgiebel ی سۆشیالدێمۆکرات باری نائاسایی ڕاگەیاند و لە دوو
ڕۆژی دواتردا ھەموو خۆپیشاندان و کۆبوونەوەکانی مانگرتنی بە چەکی قورسی
وەک دۆشکە سەرکوت کرد. ٣٠ کەس لە نزیکەی ٢٥ ھەزاری خۆپیشاندەری بێچەک
کوژران و سەدان کەسیش بریندار کران.
سۆشیالدێمۆکراتی و کۆنفیدراڵی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB).
شالیاری کاری ئەوسای ولات تیۆدۆر لایپارت Theodor Leipart (دامەزرێنەری
“دێمۆکراتی ئابووری“ی بۆرجوازی) لە ساڵی ١٩٢١ەوە سەرۆکی کۆنفیدراڵی
گشتیی یەکێتییەکانی ئاڵمان (ADGB) بوو. بە دروشمەکەی “ڕێکخراو،
خۆپیشاندان نییە!” لایپارت ھەڵوێستی خۆپاریزانەی ناتوندوتیژی بەرامبەر
نازییەکان نیشاندا و زۆریش تێکۆشا، تاوەکو بەرھەڵستی دژە فاشیستانەی
کرێکاران سەرکەوتوو نەبێت.
پاش دەسەڵاتسپاردن بە سەرۆکشالیارانی دەوڵەتی نیشتمانی ئاڵمان ئادۆلف
ھیتلەر Adolf Hitler لە ١٩٣٣دا، لایپارت ھەوڵێکی ناکامی دا
یەکێتییەکانی ئاڵمان بداتە پاڵ میرایەتی یاسایی نازی. لە ترسی
لەنابردنی یەکێتییەکان، ئەو لە دژی ڕامیاریی مانگرتنی جەماوەری لە
قسەکردن بەردەوان بوو و بە دەربڕینی ناڕەزایەتی زارەکی و بێلایەنیی
ڕامیاریانەی پارتیی، پشتی تێکرد.
دیکتاتۆری نازیی و کولتوری کار (کارپەرەستی).
لە ١٩. ئەپڕیڵی ١٩٣٣دا کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی ئاڵمان ADGB
ڕایانگەیاند، ئەرکی سەر شانی ئەندامانی یەکێتییەکانە، کە لە جەژنیی
دەوڵەتیی ئایاردا بەشداری بکەن. کۆنفیدراسیۆنی گشتی یەکێتییەکانی
ئاڵمان داوای لە دەوڵەت کرد، کە “ھێزی کار بەتەواوەتی ببێتە بەشێک لە
دەوڵەت”ی پارتی دیکتاتۆری ناسیونال سۆشیالیست (سۆشیال نەتەوەیی). لە ١ی
ئایاری ١٩٣٣دا بەشێکی ئەندامانی یەکێتییەکان لەتەک نازییەکان بەکردەوە
ڕێپێوانیان کرد. لە بێرلین لەبەردەم یەک ملیۆن ئاڵمانیدا ھیتلەر
ڕایگەیاند “سیمبولی خەباتی چینایەتی و ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی
بەردەوام، دیسانەوە دەبێتەوە بە سیمبوڵی یەکێتی باڵا و سەرنجڕاکێشی
نەتەوە”. ئیتر دژە جولەکەبوون و دژە کۆمونیستبوون کرانە ئایینامەی
دەوڵەت.
لە ڕۆژی دووەمدا (٠٢.٠٥.١٩٣٣) نازییەکان بەھۆی “کۆمیتەکانی چالاکی بۆ
پاراستی ھێزی کاری ئاڵمانی– Aktionskomitee zum Schutze der deutschen
Arbeit”ەوە کۆمەڵە کرێکارییەکان، بنکە و پارەی یەکێتییەکان دەستیان
بەسەردا گیرا و سەرانی یەکێتییەکان (وەک تیئۆدۆر لایپارت) لە “زیندانی
چاودێریی” ئاخێنران و ئەشکەنجە دران و ھەندێکیان کوژران.
ناسیونال سۆشیالیستەکان (نازییەکان) لەڕێی زۆرەوە خەباتی چینایەتییان
لەنێوبرد و بە “تێکۆشانی نەژادی“ی جێگەیان گرتەوە. لەجێی بەشداریی و
دەنگداریی کرێکاران لە کارخانەدا، “رابەری کارخانە” و “بەرەی کاری
ئاڵمان(DAF) “یان دانا. ھەموو کرێکاران وەک “وەفاداری” کرانە ئەندامی
زۆرەملێیانەی بەرەی کاری ئاڵمانی (DAF) و ئەنجومەنە سەرتاسەرییەکانی
کرێکاران و کارمەندان کرانە یەکێتی یەکەیی [تاک یەکێتی – single
union].
مافی مانگرتن ھەڵوەشینرایەوە و دەبوو “بڕواپێکراوانی کار– Trustees of
the work” وەک میانجیکار لە مشتومڕەکاندا ئاشتی کۆمەڵایەتی لەنێوان
خاوەنکار و ھێزی کرێکاراندا لە شوێنەکانی کاردا دابین بکەن. دەبوو
ھەموو ساڵێک بۆ ١٢ مانگ ١ی ئایار ناو بنێن و ڕاستەوخۆ لەژێر فەامانی
شالیاریی کاری دەوڵەتی ئاڵماندا بوون. “ڕۆژی خەباتی چینی کرێکار” ی
جاران کرابووە سیمبوڵی “کاری داھێنەرانە” وەک “نیشانەی ھاوپشتی
نەتەوەیی” لە “شۆشیالیزمی نەتەوەیی“دا.
لە ساڵی ١٩٣٤ەوە ١ی ئایار چیتر ھیچ پەیوەندییەکی بە چینی کرێکارەوە
نەمابوو و ناوی نرا بوو “ڕۆژی پشووی نیشتمانی نەتەوەی ئاڵمان”. دەبوو
بە ڕازاندنەوەی درەختی ئایاری maypoles ، گۆرانیبێژیی، کاروانی ترومبێل
و ڕپێوانی سەربازیی،١ی ئایار وەک جەژنی نەتەوەیی بێتە بەشی سەرەکی لە
ئایدیۆلۆجی شۆشیالیزمی نەتەوەیی (NS). لە زۆر شوێندا وەک
لاساییکردنەوەی پێشەنگیی بێرلین لە ١ی ئایاری ١٩٣٣دا، تەنانەت درەختیان
دەچاند، ئەوەی کە پێیان دەوت “داربەڕووی ھیتلەر”. ھاوکات نازییەکان بە
تیرۆر و ڕاونان پاشماوەی بزووتنەوەی کڕیکاریی (ئاڵمانیا و نەمسا)یان
سەرکوتکرد. زۆرێک لە ئوردووگەکانی قەڵاچۆکردندا لەتەک جوولەکەکان و
“ناکۆمەڵایەتییەکان – Asozialen (لە ڕوانگەی نازییەکانەوە)” بەھۆی کاری
زۆرەملێوە لەناو بران. بەڕێکەوت نەبوو، کە لەسەر دەرگەی ئوردووگەی
قەڵاچۆکردنی داخاو Dachau ، دروشمی : “کار مرۆڤ ئازاد دەکات – !Arbeit
macht frei” نووسرابوو. ئەم بارە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کە
ھێزەکانی بەرەی دژ لەپێس ھەموویانەوە یەکێتی سۆڤیەت و دەوڵەتە
یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ٨ی مای ١٩٤٥دا کۆتایی بە دیکتاتۆریی
سۆشیالیزمی نەتەوەیی دەھێنن.
یەکی ئایار پاش ١٩٤٥
لە ساڵی ١٩٤٦دا ١ی ئایار وەک ڕۆژی پشوو لەلایەن ھێزەکانی
ھاوپەیمانانەوە بە فەرمی ناسرا. بەڵام ھێشتاکە دەتوانرا بانگەواز و
کۆبوونەوە ئایارییەکان بەرتەسک بکرێن. ئەمڕۆکە لە ئاڵمانیا یەکی ئایار
ڕۆژی پشووی یاسایی و پاڕێزراوە. لە ڕووی یاساییەوە پرسێکی ھەرێمییە، بۆ
نموونە لە ھەرێمی نۆرد ڕاین ڤێستفالن NRW ئەم ڕۆژە ناوی ” ڕۆژی
پابەندبوونە بە ئازادی و ئاشتی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، تەبایی
نێونەتەوەیی و ڕێزی مرۆڤایەتی“.
لە دەوڵەتەکانی سەرمایەداری دەوڵەتی بلۆکی خۆرھەڵاتیدا، ڕۆژی یەکی
ئایار وەک “خەباتی نێونەتەوەیی و ڕۆژی پشووی خەڵکی کرێکار بۆ ئاشتی و
سۆشیالیزم” لەلایەن فەرمانڕەوایە مارکسیست–لێنینیستەکانەوە دیاری
کرابوو. بەشداریکردن لە ڕێپێوانە سەربازییەکاندا بە بەردەم ڕیزی
ئەندامانی پارت و میوانەکانیاندا، ئەرکی بێچەندوچوونی کرێکاران و
خوێندکاران بوو. وەک سیمبولی ١ی ئایار گوڵەمێخەکێکی سوور پێشکەش دەکرا
یا وەک یاداوەریی سەرکوتکرانی بزووتنەوە کرێکارییەکان دادەنرا.
یەکی ئایار وەک نیشانەی دژەکۆمونیستانەی خۆرائاوا.
پاپ پیوسی دوازدەھەم Pius XII کە لەسەردەمی کارگێڕییەکەیدا لە ساڵی
١٩٣٩وە بەبێ ڕەخنە چاوپۆشی لە فاشیزم کردبوو، لە ساڵی١٩٥٥دا ١ی ئایاری
وەک یاداوەری یوسفی پیرۆز (باوکی عیسی) ڕاگەیاند، کە گوایە دارتاش
بووە.
لە سەرەتای ھەشتاکانی سەدەی ڕابوردوو [سەدەی بیست]ەوە لە بێرلین–ی
خۆراوایی (BRD) یەکی ئایار بووەتە سیمبولی جەنگی میلیشیایی
سەرشەقامەکان لەنێوان ئۆتۆنۆمەکان [خودموختارەکان] و پۆلیس. کە تێیدا
سەنگەربەندی جەنگ و زیانگەیاندن، بەشێوەیەکی سەرەکی لە گەڕەکی
کرۆیتسبێرگ Kreuzberg ڕوودەدەن، ھەروا بەرادەیەک دانیشتوانی ئەو گەڕەکە
و کەسانی دیکەی کە لە شوێنەکانی دیکەوە ھاتوون، چالاکانە بەشداری تێدا
دەکەن. بەزۆری ئێوارە خۆپیشاندانی چەپە رادیکاڵەکان، ھەل بۆ توندوتیژی
پۆلیس و پێکدادانەکانی دواتر دەڕەخسێنن.
لە ساڵی ١٩١١ەوە لە ھەندێک شاری ئۆروپیدا ڕێپیوانی “ڕۆژی ئایاری
ئۆروپا– EuroMayday ” وەک ئەڵتەرناتیڤی ڕامیاریی بۆ جەژنە شەقامییەکانی
کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمانDGB بەرپا دەرکرێن. چالاکان دەیانەوێت
لە وێنای ڕیزبەندی ڕەش و ئاھەنگگێران بە پاپموزیک و پۆشاکی ڕەنگاوڕەنگی
بەرھەڵستکاری کرێکارانی ناڕێکخراو و ناجێگیر، دووری بگرن.
ئەورۆکە لە ئاڵمانیا، نەمسا و بەشێکی سویسرا ١ی ئایار ڕۆژی پشووی
فەرمییە، ھەروەھا لە وڵاتانی وەک برازیل، چاینا، فینلەند، فەرەنسە،
یۆنان، ئیتالیا، مەکسیکۆ، کۆریای باکووریی، پۆتوگال، ڕوسیا، سوید،
تایلاند، تورکیە، عیراق و ھەدێک وڵاتی دیکە پشووی فەرمییە. سەرەرای
ئەوەش ھێشتاکە لە ھەندیک وڵاتدا خۆپیشاندانە ئایارییەکان قەدەخە دەکرێن
و بۆ سەرکەوتیان ڕێگە بە توندوتیژی پۆلیس و گرتن دەدرێت. بەڵام زۆربەی
خۆپیشاندانە ئایارییەکان لەژێر کارایی بزووتنەوەی سوونەتیی کرێکاران و
کۆمونیستەکان و بەرادەیەک پارتە سۆشیالدێمۆکراتەکاندا، لەناو ڕامیاریی
نوێنەرایەتی و پارەلەماندا خۆیان گونجاندووە.
ئەوڕۆکە چیتر “بازرگانەکان و پێشڕەوانی بازار”، بۆ ئەوەی کرێکاران
ئارام و خاو بکەنەوە، پێویستیان بە ١ی ئایار نییە. ئەو کارە یەکە
یەکێتییەکان [یەکێتییە پیشەییەکان]ی کۆنفیدراڵیی یەکێتییەکانی ئاڵمان
DGB خۆبەخۆیی ئەنجامیان داوە. ھەردەم بەردەام ھەوڵ دراوە، ١ی ئایار وەک
پشووی فەڕمیی ھەڵوەشێنرێتەوە، بۆ ئەوەی لەم ڕۆژەشدا وەک ئاسایی و بەبێ
پاداشتی زیادەی کار، کار بکرێت.
بەڵام چ پشوو بێت یان نا: ئەوە تەنیا مانگرتنی ھاوپشتی، بایکۆت و
خەباتی ڕاستەوخۆن، کە ھەموو ڕۆژیک دەکەنە ١ی ئایار!
____________________________
سەرچاوەکان:
- ھافبرۆد، مایکڵ : “مانگرتنی گشتی، ٨ کاتژێر ڕۆژانەکار و یەکی ئایار.
گەنجینەی بزووتنەوەی ڕادیکاڵی کرێکاری“، ئامادەکردنی بلاکبۆکس ،
بیلیفیلد ١٩٩٧.
Halfbrodt, Michael: „Generalstreik, Achtstundentag
und Erster Mai. Ein Kapitel aus der radikalen Arbeiterbewegung“,
Edition Blackbox, Bielefeld ١٩٩٧.
- کاراسێک، ھۆرست: “ھایمارکت، ئەنارکیستە ئاڵمانەکانی شیکاگۆ. وتە و
ژیاننامە.” جاپکراوی کلاوس ڤاگنباخ، بێرلین ١٩٧٣.
Karasek, Horst (Hg.): “Haymarket. Die deutschen
Anarchisten von Chicago. Reden und Lebensläufe.” Verlag Klaus
Wagenbach, Berlin ١٩٧٣.
سەندیکای ئەنارکیستی کۆڵن /
بۆن
www.anarchosyndikalismus.org
ماڵپهڕی ههژێن
|