١٠\٤\٢٠١١
بەشیر موشیر،
فەلسەفە و جەوامێرى،
وەلامێکى سەرپێیی بۆ پرسیارێکى گومڕا.

کامیل ژیر
ئیتر
وایە، هەندێ کەس گەمەکەى لێئەبێ بەڕاست و ئەکەوێتە مشتومڕ! هەیشە تا
ختووکەینەدەى پێناکەنێ! گەمەى فەلسەفە چەندین چەرخ مروڤایەتیی بەجۆرەها
مشتومرەوە خەریککرد کەئەگەر بە هەموویان
دەریایەکى لیپڕکەى، بەڕادەى ئەو موبایلەى ئەوەندەى چوار پەنجەیە راژەى
مروڤایەتییان نەکردوە. مەبەستم ئەوەیە ئەمڕۆ تەکنەلوجیا تەنگى بە
فەلسەفە هەلچنیوە.
ئنجا ئەگەر ماوەیەک بگەرێینە دواوە ئەبینین ئەو هەموو پایەبەرزو
خویندەوارو پروفیسورانەى ئەفلاتونئاسا خۆیانکردۆتە شاگردى بەشیر وەک
شاگردیەکەى ئەفلاتون بۆ سوکرات ، شەپولیکى وەهمیان بۆ بەشیر موشیر
دروستنەکردوە وەک بەریز سوارە نەجمەدین لە نووسینیکیدا وتوێتى! ئەوانە
کە وتویانە بەشیر موشیر فەیلەسووفبوە،
راستییان درکاندوە. بۆ فەلسەفەش بروانامەى بەرزو خویندەواریی زۆر مەرج
نیە. زوربەى پەندى پیشینانى میللەتان کە ئەچنە
خانەى فەلسەفەوە بیرۆکەى نەخویندەوارەکانیانە،
فەیلەسووفە ناودارەکانى جیهان وەک سوکرات، ئەفلاتون،
ئەرەستو، دیکارت،
هیگل، نیتشە،
شوبنهاوەر، فیورباخ،
سارتەر، فوکو،
پوپەر، مارکس،
راسل و هتد هەموویان خاوەن بڕوانامەى بەرز نەبوون. هەروەها
پەیامبەرەکانیش. ئیسلام بەوەوە شانازى ئەکات کە پەیامبەرەکەى
نەخویندەواربوە!
من نازانم کێ و چۆن سوکرات و بەشیرى بە یەک چواندوە. ئەشێ ئەوە
لەوەوەبێ کە بیروکەکانى هەردوکیان خەلکیتر نووسیویانەتەوە.
وەک ئەفلاتوون و زەینەفون بۆ سوکرات و نەبەزو ژیرو زوریتر بۆ
بەشیر. یا بەوەى هەردوکیان دژى چەواشەکاریبوون (سەفسەتە).یابەوەى
هەردوکیان دژى رژیمبوون . یابەوەى هەردوکیان رژیمى دیکتاتورى
لەناویبردن. جباوازی نیوانیشان ئەوەیە کە ئەفلاتونى زیرەکترین شاگردى
سوکرات بە خۆى و بە بۆماوەى وەستاکەشیەوە نەگەیشتە وەلامى ئەو پرسیارەى
دنیا چۆن دروستبوە؟؟ تەنیا ئەوەندەى وت :(خودا دنیاى دروستکردوەو دوایی
بیریچوتەوە !!) کە بەم وتەیە ریسەکەى خۆیانى کردوتەوە بە خوری ! بەلام
فەلسەفەکەى بەشیر کە دوایی دیمە سەرى ،ئامانجەکەى خۆى پێکاوە.
تا ئیستا فەلسەفە گەلێ بوارى گرتوتەخۆ، وەک فەلسەفەى:
(مادى، نامادى،
زانست، زانین،ئاین،
پەروەردە، دەرونى،
بیرکارى، شیکاری،
میژوو، یاسا،
زمان، سیاسەت،
فیزیک، فەلسەفەى فەلسەفە واتا دواى
فەلسەفەو هتد) راى فەیلەسوفەکانیش بەرامبەر ئەم بوارانە بەپێی سنوورى
جوگرافیان یا بەپێی دیدگایان ، جیاوازن لە یەکدى و کۆَکنین لەسەر یەک
را! وەک:
فەلسەفەو فەیلەسوفەکانى: (گریکى،
روژهەلاتى، چینى،
یابانى، هیندى،
ئنگلیزى، فەرەنسى،
ئەلمانى، روسى،
ئیسلامى، بوزى و
هتد).
بەلام گرنگی فەلسەفەکەى بەشیر لەچاو ئەوانیکەدا لەم دوو خالەدا
چڕئەبیتەوە:
1-لەهەموو ئەو فەلسەفانەیتر جیاوازە .
2-هەموانیش لەسەرى کۆکن .
ئیستا دێمه سەر گەوهەرى فەلسەفەکە،
یا لیکدانەوەى ئەو دوو خالە:
فەلسەفەى بەشیر فەلسە فەى پێکەنینە. بەلێ پیکەنین. پیکەنین لایەنیکى
گرنگە لە ژیانى مروڤدا. پیکەنین زەردەخەنە
ئەخاتە سەر لێوان، خۆشى ئەباتە ناو دڵان، رەوینەرى پەژارەیە، بۆ نەخۆشى
چارەیە... دوو خەسڵەتی کەسێتى کە لە بنچینەدا دژ بەیەکن (ساویلکەیەتى و
بلیمەتى) لە پێکهاتەى بەشیر موشیردا هاوتەریب و گونجاو بوون. بەشیر
لەبارى ئاساییدا کەسێکى سادەو ساویلکەبوو.
لەکاتى خەوو خەیالدا: فەیلەسوف، جەوامیر،
ئازا، سیاسەتکار هۆنیار،
سەرۆک بوو. ئەو خەو
و خەیالى لائەبوو بە راستى. گەلێجار
کەسایەتییە بلیمەتییەکەى کەلەکاتى خەوو خەیالدا ئەکەوتە کار، تا
چەند رۆژیک یا چەند مانگیک
بەرینەئەدا. ئەو کە ئەیوت لە تارانەوە بە پاپور چووم بۆ ئەنکەرە! خۆى
وایئەزانى ئەوە راستبوە . بەدرۆینەبوو . ئەشێ لە خەویا یا بە خەیال ئەو
گەشتەى کردبێ. جا ئەگەر کەسیکى نەشارەزا لە پێکهاتەى بەشیر بیوتایە
ئەمە راستنیە چونکە لەنیوان تاران و ئەنکەرەدا دەریا نیە ، ئەو ئەم
قسەیەى زور بەلاوە سەیربوو! ئەیوت تۆ
عەجیبیت َ من خۆم چووم! خۆ ئەگەر ئەو کەسە لەسەر رەخنەکەى خۆى
بەردەوامبوایە، بەشیر وەک کەسیکى بێئەقڵ سەیرى ئەکردو پێیئەوت تۆ
خەزنەى زانستنیت تۆ خەزنەى ئەوەیت! هەى
دیماغ: من باسى ئیستا ناکەم باسى سەفەربەر ئەکەم!
(ئالێرەدا کەسیتییە ساویلکەکەى سەرى هەلئەدا) و ئەیوت: بۆچى من
نازانم ئیستا ئەو دەریایە نیە!؟
من جاریک لە لەندەن چوومە موزەخانەیەک، لە گۆشەیەکدا وینەو هیلکارییەکى
بزواو هەبوو پیشانى ئەدا کە هەموو 25 هەزار سال جاریک، وشکانى زەوى،
هەمووى لەیەکئەداتەوە، واتا هەموو کیشوەرەکان یەکئەگرنەوە
و هەموو دەریاکانیش یەکئەگرنەوە، جاریکیکەش لەماوەى 25 هەزار
سالیکەدا لەیەکتر جیائەبنەوە و کیشوەرەکان و
دەریاکان دروستئەبنەوە! پێکەنین گرتمى و لەبەرخۆمەوە وتم کێئەلێ ئەمەش
وەک دەریا خەیالیەکەى بەشیر نیە کە ئیستا وشکیکردوە!!
بەشیر موشیر چەندین داستانى شەڕى جیهانى یەکەمى بۆئەگیراینەوە کە خۆى
تیایاندا زاپت قوماندانی
بووە وجەامێرى و ئازایەتى و بلیمەتى
و جەربەزەیەتى سەرسورهینەرى تیادا یوون،
ئیستا کە ئەوانەم بیرئەکەویتەوە دیسان پیکەنین ئەمگرێ و ئەلێم :
کێئەلێ ئەو پالەوانیتیانەى هەندێ لە سەرکردەکانى کورد لە چیاکاندا کە
ئیستا بومانئەکیرنەوە یا پیمانئەفروشنەوە، وەک خەونەکانى بەشیر نیە !؟
لەگەڵ ئەو جیاوازیەدا کە بەشیر وایئەزانى راستبوە و ئەمان چاک ئەزانن
هەمیشە لە هێڵەکانى دواوەبوون!
بەوجورە جیاوازیی فەلسەفەکەى بەشیر لەوەدایە کە هیچکام لە
فەیلەسوفەکانى جیهان لەدەرگاى فەلسەفەى پیکەنینیان نەداوە ،وەک
کاراکتەر یکى ئەو بوارەش، پێش دونکیشوت کەوتوە بە جیاوازی ئەوەى نەتەوە
زیندوەکەى ئەو دونکیشوتى کرد بە کەسیتییەکى جیهانى بەلام لەناو
کوردەکەى ئیمەدا هیشتا فەلسەفەى بەشیرى پرسیارە !! جیاوازییەکیکەى
فەلسەفەکەى بەشیر لەوەدایە کە ئەم بە خۆڕسکى دروستکەرى ماک و گەوهەرى
پیکەنینبوو نەک پیکەنینى دەسکرد ، واتا خۆى بۆپیکەنین ئەو شتانەى
نەئەوت ، بەلاى خویەوە راستبێژى(جد یات) بوون ، بەلام ئەبوون بە هۆکارى
پیکەنین !کەواتە فەیلەسوفیتیەکەى ئەو لە کەسیتیە بلیمەتیە خەیالیەکەیدا
بووه.
جیاوازیی سێهەمیش ئەوەیە (وەک لە خالی دوەمى سەرەوە وتمان ) هەموان
لەسەرى کۆکن بە هەموو بیروباوەرەکانى چەپ و راست و ناوچەکانى ئەمسەر تا
ئەوسەرى کوردستان و بگرە هەند ێک لە رۆشنبیرەکانى جیهانیش وەک: کارل
دانینگەر لەڤیەنا، خاتو هیلگاو خاتو ڤیلتراو خاتو هونەلورە لە بەرلین،
مادام برونزینۆ لە ژنێڤ،خاتو ئیرمگارد لە میونشن بۆنموونە . ئەوانە و
ئیمەش هەموو بلیمەتى و فەیلەسوفى و جەوامیرى و قیبلەى ئامال و
سەرکردەیەتیە خەیاڵیەکەى بەشیر موشیرمان قبوڵە هەرچەندە خۆى جارجار
ئەیوت هیشتا میللەتى کورد نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەى سەر کردەیەکى وەک منى
هەبێ! ئەوەبو نەبەز پێیوت : هیتلەریش وتوێتى گەلى ئەلمان هیشتا
نەگەیشتوتە ئەو ئاستەى سەرکردەیەکى وەک منى هەبێ . ئوستادیش سەرێکى
بوئەلەقێنێ و ئەلێ: ئەویش هەقیبو !!
کەواتە شاگردەکانى بەشیر جامی بەتالیان نەکردوە بە مەرکانەى پڕ وەک لە
پرسیارە گومڕاکەدا هاتوە. بەشیر موشیر هەر کەسایەتیە خەیالیەکەى خوى
دەریایەکى پڕى فەلسەفەى پیکەنینبوو.
دیاردەکەش دیاردەى گەورەکردنى نەخویندەوار نەبوە وەک ئەوەى ئیستا هەیەو
روشنبیرەکانى دەربار سڵاوات لەدیار نەخوێندەوار ئەدەن! جیاوازیی بەشیر
و سەرکردە نەخویندەوارەکانى ئەمڕۆ لەوەدایە : بەشیر بەخەیاتیەکەى
دەولەمەندبوو بەلام کە دوکانەکەى کردە یانەیەکى بچکولە بۆ کوردایەتى،
هەژارکەوت، بەلام ئەو سەرکردە نەخویندەوارانەى بە جووتێ سۆلەوە
خۆیانکوتایە ناو راپەرینى خەلک، بوونە دەولەمەندى رادەبەدەر! دوا
شانازییەکیش کە ئەبێ میژوو بۆ بەشیر موشیرى بنووسێ ئەوەیە ئەو مروڤە
ساویلکە نەخوێندەوارە کوردپەروەرە بۆ کورد ژیاو بۆ کورد مرد.
ماڵپهڕی کامیل ژیر
|