په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١١

بە سفرکردنی هەژاریی لە کوردستان، نموونەی بەرازیل.


عەلی مەحمود محەمەد


سەرۆک لویس ئیناسیۆ لۆلا لە بەرازیل کاتێک گەیشت بە دەسەڵات ، هەنگاوی یەکەمی دەرکردنی هاووڵاتیان بوو لە هەژاریی ، لە 8 ساڵ دەسەڵاتداری ئەودا 30 ملیۆن بەرازیلی لە دەردی کوشندەی هەژاری رزگاریان بوو ، کاتێک کورسی دەسەڵاتی بە جێ هێشت 87% هاووڵاتیانی بەرازیلی پشتیوانیان لێ دەکرد کە بێ وێنە بوو لە مێژووی بەرازیل ، تەواو پێچەوانەی سەرۆک حوسنی موبارەک ، کاتێک دەرکرا کەسی بە دەورەوە نەما لە سایەی دەسەڵاتی ئەودا هەژاران هەژارتر و دەوڵەمەندان دەوڵەمەندتر بوون.


لێرەدا پرسیار ئەوەیە حکوومەتی کوردی لاسایی کام لەو دوو ئەزموونە دەکاتەوە ، نمونەی لۆلای بەرازیل یان موبارەکی میسر ؟.


لە مانشێتی رۆژنامەی هەولێری ژمارە 966ی بەرواری 9-2-2011 هاتووە لە کوردستان 120 هەزار خێزان رۆژانە هەزار دینار داهاتیانە .


ئەگەر هەر خێزانێک بە 4 کەس دیاریبکەین ئەوا نزیک نیو ملیۆن هاوڵاتی کوردستان داهاتی رۆژانەیان 250 فلسە ، لە وڵاتێک بە هۆی رێژەی بەرزی هەڵئاوسانەوە رۆژانە ئاستی ژیانیان زیاتر دێنێتە خوارەوە .


ئەگەر ئەم ئامارە دروست بێت و نیوەی ئەو ژمارەیە لە هاووڵاتیانی کوردستان هەبێت لەو دۆخەدا بژێن بەو دەوڵەمەندی و ژمارە زەبلاحەی خەرجی دەوڵەتەوە ئەوا کارەساتە .


بۆ چارەسەرکردنی هەژاری و باشتر کردنی باری ژیانی هەژارانی کوردستان باشتر وایە لەم 120 هەزارەوە دەست پێ بکرێت ، چارەسەریش ئەوەندە گران نییە ،نزیک 6%ی بودجەی هاتوو لە بەغدا دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات و ئەم نیو ملیۆن مرۆڤە لە لە هەژاری رزگار دەربکات .


هەرچەندە مەزەندە دەکرێت ئەو 120 هەزار خێزانە ئەگەر لێکۆلینەوەی وردی لەسەر بکرێت ژمارەکە زۆر کەمبێتەوە .


من پێشنیار دەکەم چارەسەرکردنی ئەم کێشە گەورەیە چەند رێگایەک بگرترێتە بەر:


1- لێکۆڵینەوەی ورد لە هەقیقەتی ئەو ئامارە مەترسیدارە بکرێت و ئەو خێزانانە پۆل بەندی بکرێن بە شێوەی شەفافانە و ناوەکانیان بڵاو بکرێتەوە بە پێی گەڕەکەکانیان ، بۆ ئەوەی خەڵکی چاو چنۆک دزە نەکاتە لیستەکەوە .
2- هەلی کارکردن بۆ ئەم خێزانانە لە دەزگاکانی دەوڵەت گرنگی پێ بدرێت ، بە تایبەت خێزانی وا هەیە هەموو ئەندامەکانی کارمەندی دەوڵەتن و هی دیکەش هیچ ئەم جیاکارییە کۆتایی پێ بهێنرێت ، هەلی کار بۆ ئەم هەژارانە پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی ژمارەیان بێتە خوارەوە .
3- کۆمەکی مانگانەی ئەو خێزانانە بکرێت کە هەلی کاریان بۆ دابین ناکرێت ، بە پێی ژمارەی ئەندامەکانی و بوونی (( قوتابی ، نەخۆش ، پیر و پەکەوتە )) لەو خێزانانە ،کە موچە خۆر یان کەسی کارکەریان لە ماڵەوە نییە ، بە تایبەت ئەوانەی کەسیان نییە لە رۆی جەستەییەوە توانای کاری هەبێت بە هۆی (( مردن ،پیری، نەخۆشی )) یەوە . هەر یەک لەو خێزانانەی هەموو خاڵەکانیان هەبیت هەر ئەندامێکی خێزانەکە بە بڕی 50 دۆلار مانگانە کۆمەکی بەردەوام بکرێن ،بنەماڵە هەژارەکانی دیکەش کە سەرۆک خێزان بێکارە و توانای کاری هەیە ،بە پێی بوونی ژمارەی (( قوتابی ، پیری ، نەخۆشی ،مناڵی ، بێوەژنی )) لەو بنەماڵەیە کۆمەک بکرێن بە هەمان بڕە پارە.


گریمان ئەگەر بودجەی کوردستان 10 ملیار دۆلار بێت لە ساڵێکدا بە لانی کەمەوەو ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی کوردستان کە بڕیارەکە بیان گرێتەوە نیو ملیۆن هاووڵاتی بن بە لایەنی زۆرەوە ، ئەوا جێ بەجێکردنی ئەم بڕیارە ساڵانە 600 ملیۆن دۆلاری دەوێت ،کە دەکاتە 6%ی بودجەی کوردستان بە لانی زۆرەوە ، ئەمەش بە پێی بودجەی هەرێم و ژمارەی هەژاران مایەی جێ بەجێ کردنە ، بە ئەوەلیەت دان بەم بنەماڵانە لە دابینکردنی هەلی کار لە دەزگا حکوومیەکان ئەوا ساڵ لە وای ساڵ رێژەکە کەمتر دەبێتەوە .


ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورد دەیانەوێت چاو لە سەرۆک لۆلای پێڵاو بۆیەکەر بکەن کەبە 87% جەماوەرەوە گەڕایەوە گەڕەکە هەژار نشینەکەی بەرازیلیا ، ئەوا با چاری ئەو دەردە کوشندەیە بکەن ، ئەگەریش دەیانەوێت چاو لە بن عەلی و موبارەک بکەن بە 0% جەماوەرەوە لە وڵات هەڵاتن ، با گوێ بە مەرگە ساتی ئەو هەژارانە نەدەن .
 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک