١٦\٤\٢٠١١
به سیاسی‌کردنی
کێشه کۆمەڵایەتییەکان سه‌رچاوه‌ی تێشکانمانه.
زاهیر باهیر
- بەشی یەکەم -
کێشه کۆمەڵایەتییەکان به‌هەمووو چه‌شنه‌کانییه‌وه
جگه له کێشه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌گه‌ڕینه‌وه بۆ سه‌ره‌تای دروستبوونی ده‌سه‌ڵاتی
کوردی (میری هه‌رێم) به نه‌بوونی نان و ئاو و مووچه و کاره‌با و نه‌وت
و گاز و به‌نزین و سه‌رجه‌می پێداویستییه سه‌ره‌تاییه‌کانی تری ژیان
له پاڵ دروستکردنی شه‌ڕی ناوخۆ و به‌کوشتدانی گه‌نجان و لاوانی
کوردستان له کێشمەکێشی نێوانی دوو هێزه سه‌ره‌کییه‌که‌ی کوردستاندا
له‌سه‌ر مۆنۆپۆڵکردنی ده‌سه‌ڵات و داهاتی کوردستان.
ئه‌مه بناخەیه‌کی بۆ دروستبوونی گه‌نده‌ڵی دانا و دواتریش دوای ڕوخانی
سه‌دام حوسه‌ین له ساڵی 2003دا، هاتنی ئه‌مریکییه‌کان، که بوا‌رێکی له‌باری
بۆ هاتنی پاره‌یه‌کی مشه‌وماڵ و موڵکیه‌تییەکی به‌لاشی بێ‌سنوور و به‌خشینه‌وه‌ی
ئه‌و پاره‌یه و تاڵانی کردنی ئه‌و ماڵاته، گه‌نده‌ڵی کێشه
کۆمەڵایەتییەکانی تری به‌جێهێشت و خۆی خسته سه‌ری سه‌ره‌ه‌وه‌ی لیستی
داخوازییه‌کان.
هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کرد، که بوا‌رێکی له‌بار دروست بکات بۆ دروستبوونی
گروپ و ڕێکخراو و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و قۆستنه‌وه و ئیحتیواکردنی ناڕه‌زایی
مه‌وجودی خه‌ڵک، هه‌روه‌ها گه‌وره‌بوونی قه‌باره‌ی پارته‌کانی تری وەکو
ئیسلامی و کۆمونیست و چه‌پ و سوشیالیست و کارکردن له‌سه‌ر ئه‌م کێشه‌یه.
ئیدی کێشه‌ی گه‌نده‌ڵی سه‌ری کێشه‌کانی تری خوارد و ئه‌م بوو به کێشه‌ی
سه‌ره‌کی و هەمووو ئه‌وانی تر بوون به کێشه‌ی ناسه‌ره‌کی و پاشکۆی ئه‌م،
له هه‌مان کاتیش‌دا به‌رگی کێشه‌ی سیاسی کرا به به‌ردا و له پاشکۆی
کێشه‌ی گه‌نده‌لییه‌وه ناوی له لیسته‌که‌دا دانرا.
کێشه‌ی گه‌نده‌ڵی، سیاسی تازه و کۆنه-سیاسییه‌کان و ڕۆشنبیره
لیبراڵه‌کان و چه‌پ و کۆمونیسته‌کان و ئیسلامییه‌کان و زۆری تریشی خسته
به‌ره‌یه‌کی یه‌ک لایه‌نی شوبهه ڕێکخراوه‌یه‌ک له دژی به‌ره‌ی ده‌سه‌ڵات
و سه‌رئه‌نجامیش به‌رنامه سیاسییه‌کان ورده ورده گۆڕان و سنووری ته‌سکی
به ته‌نها به‌شداریکردنی په‌ڕله‌مانتاریانه و سووکه برابه‌شییه‌که‌ی
له سه‌ره‌وه‌ت و سامانی یه‌کێتی، که داخوازی ئه‌م به‌ره تێکه‌ڵه‌یه
بوو، فراوانتر کرد و ڕیکخراوتر کرد، دروشم و داخوازی ده‌ستکێشانه‌وه و
وازهێنانی سه‌رۆکی هه‌رێم و سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان و سه‌رۆکی شالیاران و
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مانی، گرته ئه‌ستۆ.
جیاوازیی نێوان ئه‌م دوو کێشه‌یه و هه‌ڵه‌ی تێکه‌ڵکردنیان.
کێشه‌ی سیاسی و سیاسی‌بوون و سییاسه‌تکردن یانی هه‌یمه‌نەکردن و خستنه
ژێر ڕکێف و پاشکۆکردنی هه‌رچه‌ندێک بتوانیت له خه‌ڵک بۆ ئەو مه‌به‌سته،
هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش پێویستی به تاکتیکی جیا جیا و حیله‌زانین و
فێڵکردن و پاشقولدان و درۆوده‌له‌سه‌کردن و بۆیاخکردنی ڕووی ڕه‌شی خۆت
و خۆپیشاندانی خۆت وه‌ک ئه‌کته‌رێک ، ته‌مسیلکردن، باسکردن له دروشمی
زل و بریقه دار، داخوازی و داواکاری گه‌وره گه‌لێک گه‌وره، واته کورد
وته‌نی نه‌وین له به‌ردی گه‌وره، لا‌ی ئه‌مان ئیدی گرنگ نییه
بتوانیت بیهاوێژیت یا نه، گرنگ ئه‌وه‌یه جه‌ماوه‌رێکی زۆر له خۆت
گرد بکه‌یته‌وه و گوێگری باشت هه‌بێت، که چاوه‌ڕوانی ده‌م و وته‌ی تۆ
بکه‌ن. بۆ ئه‌مه‌ش پێویستت به گرتنەده‌ستی ده‌سه‌ڵاته، ده‌سه‌ڵات
گرتنەده‌ستیش به گرتنەبه‌ری ڕێگا کۆنه‌کانی وه‌کو له‌شکرکێشی و شه‌ڕی
شاخ و پێشمه‌رگانه، کوشتنی ئه‌م و ئه‌و نا، به‌ڵکو به ڕیگا و ئوسوڵی
مه‌ده‌نیانه‌ی که‌مپه‌ینکردن بۆ هه‌ڵبژاردن، بۆ به‌شداریکردن له په‌ڕله‌مانی
ئاینده‌دا. ئه‌م ڕێگایه‌ش کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی سه‌رده‌م قەبوڵیەتی و
ناڕه‌زاییه‌کانیش هه‌رچی بن و له هه‌ر بوارێک‌دا بن، سه‌رئه‌نجامیان
لابه‌لاکردنه‌وه‌که‌یان لا‌ی ئه‌مان به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌ڕله‌مانی
وه‌ختی دێت و جێگرتنه‌وه‌ی به‌که‌سانی تر و ده‌م و چاوانی تر، که ده‌بنه
کۆمه‌ڵێک یا توێژاڵێکی جیا له کۆمه‌ڵگا و هەمووو ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که
به‌خه‌ڵکیان داون، له‌بیریان ده‌که‌ن و ده‌که‌ونه هه‌وای خۆیانه‌وه‌وه
و که‌سی دیکه ناناسن، هه‌وڵی سه‌ره‌کییان ده‌ستگرتنه به پایه و پله
و پاره و موڵکانێک، که له‌سه‌ر حسابی ئێمه په‌یدایان کردوه، زۆربه‌شیان
وه‌کو ئینگلیز ده‌ڵێت ده‌بنه یه‌سمان (به‌ڵێکه‌ران).
جاروباریش نوکه‌یه‌ک ده‌که‌ن، تاکو واژه‌ی هه‌بوون و زیندوویی خۆیان
دووپات بکه‌نه‌وه بۆ به‌بیرهێنانه‌وه‌مان له سوڕی داهاتووی په‌ڕله‌مان.
جگه له‌مانه‌ش سیاسییه‌کان له‌سه‌ر بناخەی بیروباوه‌ڕ یه‌کده‌گرن و هه‌ڵوێستی
سییاسیانه‌یان هه‌یه له که‌سانی خۆیان و ده‌وروبه‌ریان و خه‌ڵکانی ده‌ره‌وه‌ی
خۆشیان. ئه‌م بوونی هه‌ڵوێستی سیاسییه له‌لای ئه‌مان زۆر گرنگه، وه‌فا
و قیه‌م و ڕه‌وشت و ئیعتیبارات و دووری و نزیکی لا‌ی ئه‌مان به ئه‌نده‌ک
وه‌رناگیرێت، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ دوژمنی خوێنی خۆیانه، به‌یانی ده‌شێت
بێته دۆستی گیانی به گیانیان، ئه‌وانه‌شی له ڕیز و سه‌نگه‌ری پێشی
پێشه‌وه بوون، ده‌شێت به‌یانی ببنه پیاوخراپ و خیانه‌تکار، هه‌ر له‌به‌ر
ئه‌وه‌یه، گه‌ر به زمانی ئه‌وان قسه نه‌که‌یت و به مۆسیقای ئه‌وان
هه‌ڵنه‌په‌ڕیت، ئیدی په‌راوێز خراویت و فه‌رامۆش کراویت. ئه‌وان خۆیان
به گه‌وره و زانا و کارامه و حه‌لکه‌ری هەمووو گیروگرفته‌کان، وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی
هەمووو پرسیاره‌کان، ده‌زانن.
هه‌رچی کێشه کۆمه‌ڵایه‌یه‌کانیشه، کێشه‌ی خه‌ڵکی ئاسایی ناو کۆمه‌ڵگان،
که پێداویستییه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی ژیانیانن، که ڕۆژانه له‌تەکیاندا
ده‌ژین و پێوه‌یانەوە ده‌ناڵێنن، ده‌زانن به گۆڕینی په‌ڕله‌مانته‌ره‌کان
و دوموچاوه‌کان، گه‌ر گۆڕانکاریه‌کیش بکرێت، گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی نابێت
له ژیانی ئه‌واندا، ئه‌وان ده‌زانن کێشه‌کانیان به هه‌ڵبژاردنی په‌ڕله‌مانتار
و سه‌رۆکی شالیاران و سه‌رۆکی ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان لابه‌لایی
نابنه‌وه.
کێشه‌کانی ئه‌مان زیاتر کێشه‌ی ڕۆژانه‌ن له گه‌ڕه‌که‌کان، هی
گونده‌کان، شارۆچکه و، شاره‌کانن. کێشه‌کان زیاتر مەحه‌لین وه‌ک له‌وه‌ی
مه‌رکه‌زی بن، چونکه کێشه‌کانیان بریتین لە کەموکوڕی قوتابخانه، خه‌سته‌خانه،
زانکۆ، ئاو و کاره‌با، به‌نزین و نه‌وت و گاز و ، گرانی زه‌وی و زار و
سه‌رجه‌می پێداویستییه‌کانی ژیان و ، به‌رزی کرێی خانوو، که‌می مووچه
و کرێی کار و زێراب و ئاوی پاک، نه‌بوونی پارک و شوێنی یاری بۆ
منداڵان، فه‌رامۆشکردنی ڕێگاوبان و گوند و شوێن و گه‌ڕه‌ک و کاره‌سات و
ڕوداوی سه‌یاره و ئامرازەکانی گوستنه‌وه و کێشه‌ی ئاو و زه‌ویو زار
له لادێکاندا و باشکردن و چاککردنی سه‌رجه‌می خزمه‌تگوزارییه‌کان، له
سستی بەڕێوەچوونی کار و هه‌بوونی خه‌ڵکانی ناشایسته و ناکارامه له
ده‌وائیره‌کانی ده‌وڵه‌تدا و هێنانی خواردن و خواردنه‌وه له ده‌ره‌وه‌ی
وڵات له‌سه‌ر حسابی فه‌لاحه‌ت و زه‌راعه‌تی ناوخۆ، قوتکردنه‌وه‌ی سوپه‌رمارکێتی
گه‌وره که سوود و قازانجێکی خه‌یاڵی ده‌گه‌یه‌نێته چه‌ند که‌سێکی ده‌وڵه‌مه‌ند
و کۆمپانیاکانیان به هێنانی خواردنی به‌ستوو و به‌سته‌ڵه‌کی و بریقه‌دا‌ر
به مه‌وادی کیمیاوی ، که قیمه‌ی غیزائی تێێدا نییه و هەمووو ئه‌مانه
کارایی خراپ له‌سه‌ر ته‌ندروستی خه‌ڵکی داده نێن و له‌سه‌ر حسابی
کشتوکاڵی خۆماڵی ده‌بن، یا ئوتێلی به‌رز به‌رز که له قودره‌تی خه‌ڵکه
ئاساییه‌کادا نییه نه‌ک هه‌ر تێیدا بحه‌وێته‌وه به‌ڵکو ناشتوانێت
ناوه‌وه‌شی ببینێت، که قه‌ره‌باڵغی و زه‌وزا و نائارامی و کێشه و
ڕوداوی سه‌یاره دروستده‌کات. تا ده‌گاته کێشه‌ی ژینگه. ئه‌مانه
بڕێکی که‌من له کێشه‌کانی خه‌ڵکی ناو هەمووو کۆمه‌ڵگایه‌ک به کۆمه‌ڵگای
کوردستانیشه‌وه، که ئه‌م لیسته ده‌توانرێت درێژ بکرێته‌وه بۆ سه‌ده‌های
تر. چونکه کێشه کۆمه‌ڵایەتییه‌کان ته‌واوبونیان نابێت و نییه تاکو
بڕیاره‌کان و ده‌سه‌ڵات له خودی که‌مایتییه‌کی ده‌سته‌بژێره‌وه نه‌که‌ونه
ده‌ستی هەموو خه‌ڵکه و بتوانن به هه‌ره‌وه‌زی ده‌نگیان له‌سه‌ر بده‌ن
و کاریان بۆ بکه‌ن و کاریان پێ بکه‌ن.
پاوه‌ر و هێزی خه‌ڵکی له گه‌ڕه‌کێکدا له گوندێکدا که گیروگرفتی
قوتابخانه‌یان له هه‌ر باره‌یه‌که‌وه هه‌بێت یا خه‌سته‌خانه‌یه‌کی
بچووک له وێدا، به گۆڕینی به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌که یا کار گێڕان
و فه‌رمانبه‌رانی خه‌سته‌خانه‌که،- گه‌ر گیروگرفته‌که ئه‌وه بێت-
زۆر کاریگه‌رتره له ده‌نگدان بۆ ئه‌ندامێکی په‌ڕله‌مان. یا نه‌ڕۆیشتنی
کاروباری ناوچه‌که به هه‌بوونی مودیرناحیه‌یەک یا به‌ڕێوه‌به‌رێکی
خراپی پۆلس ، گۆڕینی ئه‌وانه و خستنه ژێر چاودێری که‌سه تازه‌کانه‌وه،
گیروگرفته‌کان حه‌ل ده‌بن و بەبێ ئه‌وه‌ی باس له ده‌سه‌ڵاتی سیاسی بکه‌یت
و یابته‌وێت خه‌ته‌ر له سه‌ر ئه‌وان دروست بکه‌یت، بکه‌ویته
کێشمانکێشی سیاسی له‌گه‌ڵیاندا. یا گه‌ر کێشه‌ی شاره‌که له‌گه‌ڵ یه‌کێک
له به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌شێک له به‌شه‌کانی خزمه‌تگوزاریدا بێت، یا له‌گه‌ڵ
چه‌ند که‌سێکیاندا، ده‌توانین به گۆڕینیان کێشه‌کانمان حه‌ل بکه‌ین،
که ده‌یانخه‌ینه ژێر فشاره‌وه. دیسانه‌وه لێره‌شدا ده‌توانم به
ده‌یه‌ها نمونه‌ی تر بێنمه‌وه له‌م کێشانه که ده‌توانین حه‌لیان بکه‌ین،
بێئه‌وه‌ی بگه‌ینه لا‌ی ئه‌ندامی په‌رله‌مان یا داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی
په‌ڕله‌مان و ده‌ستکێشانه‌وه‌ی ئه‌م و ئه‌و بکه‌ین.
به‌ڵام کاتێک که کێشه کۆمەڵایەتییەکان به‌کێشه سیاسییه‌کانه‌وه په‌یوه‌ست
کران، کاتێک که بانگهێشه‌ی خه‌ڵکی کرا به‌وه‌ی گوایه کێشه‌کانیان به‌ستراون
به په‌ڕله‌مانه‌وه، ده‌بێت من و عه‌مرو زه‌ید هه‌ڵبژێرن، تاکو چاک
بکرێت، ئه‌وه کرۆکی کێشه کۆمەڵایەتییەکان ونده‌بێت سه‌ریش له خه‌ڵکی
تێکده‌درێت، کاتێکیش که کێشه کۆمەڵایەتییەکان به کێشه‌ی گه‌نده‌ڵیه‌وه
په‌یوه‌ه‌ست کران و چاره‌سه‌ره‌که‌شی به‌ده‌سه‌ڵات گرتنەده‌ست درایه
قه‌ڵه‌م، یا گۆڕینی ده‌موچاوه‌کان بێت له ده‌سه‌ڵاتدا، ئه‌وه یا نه‌زانی
و نائه‌زموونی خه‌ڵکییه یا هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و خۆڵکردنه چاوی خه‌ڵکه،
چونکه هیچ ده‌سه‌ڵاتیک له دنیادا ناتوانێت و نه‌یتوانیوه که کێشه
بنه‌ڕه‌تییه کۆمەڵایەتییەکانی خه‌ڵکی لابه‌لا بکاته‌وه. خودی گه‌نده‌ڵی
کێشه‌یه‌ک نییه که ڕوتی بکه‌یته‌وه له ده‌سه‌ڵات ، تۆ ناکرێت له‌لایه‌که‌وه
بته‌وێت گه‌نده‌ڵی بنه‌بڕ بکه‌یت و له‌لایه‌کی تره‌وه بته‌وێت ده‌سه‌ڵات
دروست بکه‌یت یا بگریته ده‌ست. گه‌نده‌ڵی خه‌سڵه‌ت و کرۆکی ده‌سه‌ڵاته،
ئیدی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رد بێت یا خێڵ یا ده‌وڵه‌ت، تا ئه‌و چه‌شنه
ده‌سه‌ڵاتانه‌ش بمێنن و به‌رده‌وام بن، گه‌نده‌ڵی ده‌مێنێت و باڵاده‌ست
ده‌بێت. به‌ڵام یاسایی ده‌کرێت، وه‌کو له‌م وڵاتە ئەوروپیانه‌دا کراوه
و ده‌کرێت، تاکو هه‌ر به‌و یاسایه ده‌مکوتمان بکه‌ن و شه‌رعیه‌تی گه‌نده‌ڵیه‌که‌یانمان
پێبدرێت. ئاینده‌ی کۆمه‌ڵگای کوردستانیش به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوات گه‌ر
چی ڕه‌نگه گه‌نده‌ڵییه‌که که‌متر ببێته‌وه به‌ڵام به‌یاسایی
ده‌کرێت.
10\4\2011 - له‌نده‌ن
ماڵپه‌ڕی
زاهیر باهیر
|