په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٩\٢٠١٥

    بەس پێم مەڵێ.

ئاکۆ محەمەد سابیر

ئەی پەرچەم رەش
مەمڕەنجێنە
سنگم شەقکە
بە دەستت دڵم دەربێنە
بۆ خۆت بیکە بە ئاوێنە
قژتی لەبەر دامەهێنە
تاڵ بە تاڵی بهۆننەوە و بیکە بە پرچ
وەکو رەشمار
لە گەردنمی بئاڵێنە
بێ باکانە بمخنکێنە
سەرم بکە بە ئینجانە و بۆ خۆت
گوڵی تیا بڕوێنە
بەس پێم مەڵێ ئیتر بەسە وازبهێنە
بە شەو بمکە بە پاسەوان
بە رۆژ بمکە بە باخەوان
چۆن پێت باشە؟
گۆچانێکم بەرەدەست و
بمکە بە شوان
بەس پێم مەڵێ وەرزی سەوزی
عیشقی ئێمە بوو بە خەزان
شازادەی بێ شـمشێر و تاج
بە بێ دادگا بە بێ دادوەر
یاسا دەرکە و بمدە لە خاچ
بەس پێم مەڵی
کۆتایی هات
ورەزی هەرمێ و
پڕتەقاڵ و
بەرسیلەی ماچ.

 

سوێد
ماڵپه‌ڕی ئاکۆ محه‌مه‌د سابیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک