٤\٩\٢٠٢٠
بەستەی مەرگ.

ستار ئهحمهد
ئەمڕۆ من شینێک
دەگێڕم
سیاچەمانەی نەدارە
کۆچی ناوادەی کەسێکە
لەگۆڕستانا رێبوارە
بەجێی ھێشتین بەناکامی
ساتێک شادی نەدی لەژین
ھەمیشە لەبەر زریانا
ئامادەبوو بۆ ھەڵوەرین
بای خەزان ھات لەناکاوا
لەڕەگەوە ھەڵی کێشا
رزگاری بوو لەو رۆژانەی
بەسەری برد لەنێو ئێشا
ئەمەیە تەمەنی مرۆڤ
بەرووتی دێ و ھەروا دەڕوات
دەستی خاڵی و گیرفان بەتاڵ
مشتێک خۆڵ لەگەڵ خۆی نابات
ئەی سەروەری ئەرزو ئاسمان
بەزەییەک لەم گەرداوە
گریانی من " بەستەی مەرگە
دەمێکە بۆ خۆم دامناوە
چاک دەزانم ھەر وەکوو ئەو
تابووتەکەم بەبێ نازی
دوور لەکەس و دڵسۆزانم
کەسێک نایەت بۆ پێشوازی
مەرگی ھەژار کش و ماتە
ھاوسێ و خزمی پێی نازانێ
تخوا ئەگەر ئەمشەو مردم
مەمبەنە ھیچ گۆڕستانێ
کەمن زیندووی بەش خوراو بم
کەس نەبێت رێزم لێ بنێ
بەمردوویش پێویست ناکات
نەیار گۆڕم بۆ ھەڵکەنێ.
نەخشەی ئەوین.
تارمایی چڵێک وەک زوڵفی تارت
روومەتم دەکا بەنەخشەی ئەوین
پرشنگی نیگات دەدرەوشێتەوە
دەبێتە سەدای بزەو پێکەنین
پرچی رەشمارت ھەورێک سیایە
ئاسمانی دڵم دادەگرێت بەقین
تووڕەیی ناخت لەگوڵ دادەبڕێ
لەبیرت دەچێت بۆ یەکتر دەژین
لەرەی مەمکانت چوون گوڵی بەھار
بەدەم شەماڵی تاسەوە دەگرین
ھەناوت جۆشی بەکوڵ ھەڵدەستێ
حەزت وەھایە بۆ یەکتر بمرین
دەڵێی زریانی ناوەختی شەوی
ھەڵدەکەی بەسەر برینی جەرگما
عەشقت ھێلانەی مەلێک تەریوە
گڕ دەگرێت لەنێو پەرستگای سەرما
چەندە بەنازی و ئاوازی تاسەت
خۆزگەی ژیانمان دەگوێزێتەوە
دوێنێ لەخۆڕا پشتت تێکردم
ئەمڕۆش خەریکە سوێم بۆت بێتەوە
چییە گۆڕانی حەزو ئارەزووت
لەھەست و دید ت سەرم سوڕماوە
ساتێک بارانی وەرزێکی ئاڵی
دەمێک وەک گڕکان گڕت ھەڵساوە.
ماڵپەڕی
ستار ئەحمەد
|