٢۴\٥\٢٠١٠
بەستن و نەبەستنی
کۆنگرە لە وادەی خۆی، لە ژێر پرسیار دایە.

مەهدی کاوانی
پێم وایە مامەلەکانی یەکیەتی لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ، شێوازی تر
بەخۆوە دەگرێ . من ناڵێم بەستن و نەبەستنی کۆنگرەیان لە وادەی خۆی ،
هەندێ سەرەداوی بۆ لای بزوتنەوەی گۆڕان ناڕوات . ئەوەتەی من ئەو پارتە
یان ڕێکخراوە واتە یەکیەتی نیشتمانی کوردستانم ناسیبێ سەردەمی دیوەکەی
کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانیش و کۆنفراسەکانی سەردەمی شاخ و هینەکانی
شۆڕشگێڕان و خەت ومەتەکانیشی بدەیتە پاڵ ، ئەو پارتە نەیتوانیوە خۆی لە
تەوافقی سیاسی و هەر سەردەمەو بە قەوارەیەکی دیاری کراوی خۆی ،
کارەکانی ئەنجام نەدات . ئەو پارتەش و زیاتر لە ڕێگەی بەڕێز مام جەلال
، هەرکاتێ ویستبێتیان ، تەیارێک لە ناو یەکیەتی ، وەلاوە نێن یان
بچووکی کەنەوە ، پەنایان بردۆتە بەر تەوافقی سیاسی تەیارەکانی تر و تا
لە ڕێگایەوە کارەکانیان بۆ مەیسەر ببێت . سەردەمی چیا خەتی مام جەلال و
کاک نەوشێروان و باڵی سجن یەکیان گرت و ئاڵای شۆڕشیان پاڵ دا . لە دوای
ڕاپەڕین خەتی مام جەلال و کۆسرەت یەکیان گرت و ئاڵای شۆڕشیشیان
هێنایەوە ناو یەکیەتی و ئەو جارە کاک نەوشێروانیان پاڵ دا . لە
حکومەتەکەی سلێمانی و پێش هاتنی ئەمەریکیەکان کۆسرەت پاڵ دراو
بەرهەمیان لە شوێن کردە سەرۆکی حکومەتی سولێمانی . لەو کاتیەوە و
تاوەکو ئێستا ، ماوەی چەند جارێک دەبێت کۆسرەت وا کەوتۆتەوە یان
کەوتووەتە ناو نێوەندێکەوە نە بە تەواوەتی و لە ڕێگای کۆمەڵە هۆکارێک
پاڵ دەدری وە نە متمانەی تەواویشی پی دەکرێ و لە ناو بەڕێوە چوونی
ئەجندای تەوافقی سیاسیش لە گەڵی و چەند جارێکیشە بە کۆمەڵە دەسکەوتێک
وکۆمەڵە پۆستێکی حیزبی و حکومی ڕازی دەکرێ .
کۆسرەت ڕەسول عەلی تا ئەو کاتەی دەمە تەقێ ڕاگەیاندنەکەی لە گەڵ کاک
نەوشێروان دروست نەبوو بوو ، لە بارێکی موریح دابوو ، جەماوەری گۆڕان
بە تایبەتی لە هەولێر
ڕقیان لێ نەدەبۆوە . مام جەلالیش لە ترسی ئەوەی ببیتە گۆڕان ، زۆر شتی
لێ قبول دەکرد ، لە هەلبژاردنی ٢٥/٧ بەوە تاوانبار دەکرا کە بەشی زۆری
لایەنگرانی ، دەنگیان بە گۆڕان دابێ و هی هەلبژاردنی عیڕاقیش
هۆکارەکانی کورسی نەهینانەکانی یەکیەتی لە هەولێر خرایە ئەستۆی .
دەنگوباسەکانی کۆنگرەی داهاتووی یەکیەتیش کە ئەگەر دوا نەخرێ ، بڕیار
وایە لە مانگی شەشی ئەو ساڵ بکرێ ، وا ڕادەگەیەنرێ کە نیاز وایە کۆسرەت
بچووک بکرێتەوەو ئەویش لە دژی ئەو بچوک کردنەوەی هەلوێستی دژانە
وەرگرێت .
ئەگەر کۆسرەت بچوک بکرێتەوە یان پاڵ بدرێ ، یەکیەتی نیشتمانی کوردستان
بە دوایەوە کەرتبونیکی ترو بچووک بوونەوەیەکی تریش ڕووبەڕووی دەبێتەوە
. نابێ ئەوەش لە بیر خۆمان بەرینەوە مام جەلال هەرگیزاو هەرگیز
لایەنێکی سیاسی لە ناو پارتەکەی پاڵ نەداوە ئەگەر لە نەیارێکی تری
یەکیەتی نزیک یان یەکی نەگرتبێتەوەو دەشبێت باری لە گەل پارتی موریح
بێت ئینجا هەستاوە ئەو کارەی کردووە . هەندێ دەنگ و باس خۆیان
گەیاندۆتە ڕاگەیاندن بەوەی ئەگەر مام جەلال دووبارە بۆ سەرکۆمار
هەلبژێردرێتەوە ، ئەوە بە دوایەوە سەرۆکایەتی یەکیەتی بۆ هێرۆ خانی
خانمە ژنی دەگوازێتەوەو بە کاری وەهاش کۆسرەت و دکتۆر بەرهەم قبوڵیان
نیە یان ئەگەر هەر نەبێ دکتۆر بەرهەم بە نابەدڵی قبوڵ بکا . ڕەنگە لە
حالەتی وادا مام جەلال مادامەکینی پۆستی بوونە سەرکۆماری دووبارە بۆ
خۆی مسۆگەر بکاو بڵی من بە باش چومەتە ناو مێژوو و تەمەنەکەشم هەر بەشی
ئەوەندە دەکات و چیم داوە لە بچوک بوونەوەو نەبوونەوەی یەکیەتی . ئەو
کاتی لەوانەیە کۆسرەت و ئەم و ئەوی تریش لە کۆڵ خۆی کاتەوەو یەکیەتیش
وەک پارتی ئاسا بە تەواوەتی بکاتە پارتی بنەماڵە . پارتی دیمەکراتی
کوردستان بۆ لەمەودوا وا بە ترسەوە ناڕواننە یەکیەتی کە ببیتە مەترسی
دار تەنیا لە یەک دوو حالەت نەبێت وەک ئەوەی لە گەڵ گۆڕان یان تەواوی
ئۆپۆزسیۆن ، کاری یەکانگیری دروست بکەن . خۆ ئەگەر مام جەلال ببیتەوە
سەرکۆمار ئەو یەکانگیریەش دروست نابێت . بەڵام مەسەلەکە بە دیوی تر خۆی
دەبینیتەوە ئەگەر مام جەلال نەبیتەوە سەرکۆمار.
ئەو کاتی گۆڕەپانی سیاسی شتی تری لێ دەکەوێتەوە . واتە بچووک بوونەوەی
یەکیەتی یانی بچووک بوونەوەی مام جەلال و ئەویش ئەمە تا پێی بکرێ قبوڵ
ناکا . بە کورتیەکەی مام جەلالی سەرکۆمار یەکسانە بەوەی کە بە ئەجندای
پارتی خۆی ڕێک دەخاتەوە ، یەکیەتی بچووک دەبێتەوە نابێتەوە مەسەلەیەک
نیە . ئەو کاتی با بە قەوارەیەکی بچووکتریش بێت ، وەک پارتێکی خاوەن
مێژووبە قەوارەی بچووک ترو دۆستی پارتی کارەکانی ئەنجام دەداو خۆشی لەو
کەسە قیادیانە لە ناو پارتەکەی بە دوور دەگری کە گیروگرفت بۆی بدۆزنەوە
، پارەشیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانن کار ئاسانی زۆر بکەن . واتە تا زۆر
ڕادە بە مۆدیلی ئێستای حیزبی شوعی و بە ڕەنگی خۆیەوە مامەلە لە سیاسەت
دەکەن و پارتیش بۆ مەسەلەی وەها پێشوازیان لێ دەکات . ئەو کاتی
ڕووبەڕووبوونەوە سیاسیەکان لە گەڵ پارتی دەکەوێتە ئەستۆی بزوتنەوەی
گۆڕان و ئەم و ئەوی تری کە لە ناو یەکیەتی بەهەر هۆکارێکەوە دێنە دەری
لە گەڵ جەماوەرە میژوویەکەی یەکیەتی بە تایبەتی ئەوانەی قینی میژووییان
هەیە ، دیارە شان بەشانی ئەوانە هەموویان تەیاری دینیش وەک هێزی چوارەم
دەکەوێتە ناو ئەو ئەجندایەی کە بە پێکەوەیی یان هەر جۆرێکی تر دەبنە
دیوێکی دیاری کراو لە ناو گۆڕەپانی سیاسی کورد .
بە گوێرەی ئەو لێدوانە ئەمەریکی و ئیدی و ئیدی کە خۆیان گەیاندۆتە
ڕاگەیاندن ، دوا ئایندەی تەشکیلی حکومەتی عیراقی لەو شوێنە خۆی
دەمەینێتەوە کە عەلاوی و مالیکی یەکێکیان ببن بە سەر کۆمار ئەوی
تریشیان سەرۆک وەزیران . لەو کاتە سەرکۆمار بۆ کورد بای . خۆ ئەگەر ئەو
دووکەسە پۆستی سەرۆک وەزیران لە نێو خۆیان بکەن بە دوو ساڵ بە دووساڵ
ئەو کاتیش چەنسی کورد بۆ ئەو پۆستە زۆر کەمدەبێتەوە واتە کەسایەتیەکی
سوننە بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکرێ . بە هەر حال با قسەکانمان بۆ ئەو
شوێنە کورت کەینەوە کە سەرکۆمار بەر کورد ناکەوێ . ئەو کاتی مام جەلال
ئەگەر بیەوێ بچووکتر نەبێتەوە ، دەبێ سولح و مولحەکی لە گەڵ بزوتنەوەی
گۆڕان بکات . زیاد لەوەش دەبێ ئەجندای خۆی لە گەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆن و
تەیاری دینیش ڕێک خات تا هەموویان پێکەوە ناوەندێکی مەعقول لە ناو
خۆیان پێک بهێنن نەوەکا پارتی هەمووان قوت دا . بە کورتیەکەی ئەو کاتی
ئەگەر یەکیەتی ئەوها بکات ، کۆسرەت و ئیدی و ئیدی کێنە . کۆنگرەش
دەبەسترێ و کاری باشیشی بۆ دەکرێ و لەوانەیە هەندێ نوی خوازیشی بە
ئاڕاستەی هێنانە پێشەوەی جیلی نوێ ، دەناویا بکرێ و خەلکیکی زۆری
یەکیەتیش بە قیادەو جەماوەرو بنکەی کادیرانیان پیشوازی لە کاردانەوەی
وەها بکەن . ئەگەر پرسیار گەڵی وەهاش بیتە گۆڕێ وەک بگوترێ هەلوێستی
گۆڕان لە مەڕ ئەو پێشڤەچوونانە چۆنچۆنی دەبێت. بزوتنەوەی گۆڕان وەک ئەو
بەرنامەی ئێستا هەیەتی یان ئەو کاردانەوانە لە ناو هەیکەلی سیاسی خۆی و
پەڕلەمان بەڕێوە دەبات ، چاک کردنی ئەدای حکومەت و چالاک بوونیەتی ، بە
کورتیەکەی بەو وەزعەی ئێستای خوا خوای ئەوەیەتی کە گۆڕەپانی ئۆپۆزسیۆن
فراوان بێت . لەو نێوەندەدا مادامەکینێ پێشوازی لە تەیاری دینی بکات بۆ
فراوان کردنی ئەو گۆڕەپانە ئەی بۆ لە گەڵ یەکیەتی و ئەم و ئەوی تر
نەکات وەک دەڵێن هێز لە یەکیەتی ویەکبووندایە . تازە گۆڕان لەوە چووە
دەرێ خۆی بخاتە ناو ئەو قاولغانە بە ئەجندای یەکێ لەو دوو پارتە کارو
کاردانەوە بکات . دەبی ئەجندای خۆی و بەرنامەی خۆی بباتە پێشەوە .
ئەگەر وا نەکا بچووک دەبێتەوە .
بە بۆچونی خۆم ئەگەر مام جەلال نەبیتەوە سەرکۆمار یەکیەتی وەک عسی علی
ماسلف تەتبیع دەکات . تەتبیع لە گەڵ گۆران دەکات تەتبیع لە گەڵ هەموان
دەکات . تەتبیع لە گەڵ تەیاری دینی دەکات . تەتبیع لە گەڵ پارتە
کوردیەکانی پارچەکانی تر دەکات خۆی دەکاتە ئەو تەیرە مەعقولە کە لە گەڵ
هەمووان بخورێت . هەولی ئەوە دەداتەوە ئەوەی ماوەتەوە بە باشتر ڕێکی
خاتەوە . ئەگەر سەرکۆمارە حەیاتەکەش مسۆگەر بوو ، پارتی و بەس و چی
دەبێ با ببێ ئاگرە سوورە لە خۆم بە دوورە .
٢٥\٠٤\٢٠١٠
ماڵپهڕی مههدی كاوانی
|