٢٦\٤\٢٠٢١
بە تاوان
پێشاندانی سەما و بەڕامیارییکردنی!

دارا خونچە
وەک ئەوەی کەسە پێشڤەڕۆیەکانی کوردستان تووشی داوی خۆیان بوونە بە
دەستی پارتی و لایەن و کەسایەتییە چەپڕەوەکان بە ناوی (شیوعی و
کۆمۆنیست و سۆسیالیست و چەپی نەتەوەیی و چەپی میانڕەو و سێکۆلاریزم و
بێ خودا و بێ دینان) کەسە پاشدامایەکانیش بە هەمان شێوە تووشی داوی
خۆیان بوونە بە دەستی پارتی و لایەن و کەسایەتییە ئیسلامییەکان بە ناوی
(ئیخوانیی و ئیسلامیی توندڕەو و داعش و سەلەفیی و مەزهەبگەریی و سۆفیزم
و تەریقەت و ئیسلامیی نەریتیی).

ئەو دوو لایەنە دژ بە یەکە نە دوو بەرەن نە دوو بزووتنەوەی هەماهەنگن
لە نێو خۆیان بەڵکە دوو مرۆگەلی پەرتەوازەن و لە ئەنجامی خراپ
وەکاربردنی ئایدیۆلۆژیا تووشی بەستەڵەکی هزریی و رامیاریی بوونە و هەر
لایەکیان لە نێوخۆیاندا یەکدی ناخووننەوە و دوژمنداریی یەک دەکەن، لە
چەپەکان واتە لە مرۆگەلی یەکەم شیوعیەکان و کۆمۆنیستەکان وەک نموونە تا
رادەی ملشکاندن لە بەرانبەر یەک لە سەنگەردان، لە ئیسلامییەکانیش واتە
لە مرۆگەلی دووەم ئیخوانیی و ئیسلامییە توندڕەوەکان وەک نموونە رێک بە
هەمان شێوە بەرخورد دەکەن و لەبەرئەوەی زۆر کۆلەوار و دژەمرۆییشن
دەرفەتیان هەبی بە جەستەش یەکدی پاکتاو دەکەن!
هاوکاتی ئەوەش ئەو دوو مرۆگەلە (چەپەکان و ئیسلامییەکان) ئەو
کەسانەشیان تووشی دەردەسەرییەکی زۆر گەورە کردیە کە نیوە پێشڤەڕۆ و
نیوە پاشدامان، وەک نموونە؛ کەسانەک هەن دەستبەرداری دین و کۆنەپەرستیی
بوونە و لەگەڵ ئازادییەکانیش دان.. لێ لە رێی دەنگدان و دیموکراسیەتە
پەڕپووتەکە و شارستانیەت و مافی مرۆڤی سەرمایەداریی لەخشتە دەبردرێن..
یان کەسانەک هەن سرووت و ئەرکە دینییەکان تەنێ لە ماڵی خۆیان جێبەجێ
دەکەن و نەک هەر دین وەسەر کۆمەڵ داناسەپێنن تەنانەت منداڵەکانی خۆشیان
ناچار ناکەن دینداریی بکەن و تا رادەکی چاکیش ئازادییخوازن.. لێ هەر بە
هەمان شێوەی ئەوانی دیکە لەخشتە دەبردرێن، ئیدی ئەو کەسە دوولایەنانە
بێ ئەوەی پێی بزانن لە لایەن ئەو دوو مرۆگەلەوە دەکرێنە پێخۆری بەرنامە
رامیارییەکانیان!
بە تاوان پێشاندانی سەما و بەڕامیارییکردنی تەنێ لە دین و
ئایدیۆلۆژیایە پووچەکان دەوەشێتەوە! ئەو دوو کەسەی لەو رۆژانە لە
شەقامی سەهۆڵەکەی سلێمانی سەمایانکرد لەو کەسە دوولایەنانە بوون و لە
لایەن مرۆگەلی دووەم (ئیسلامییەکان) تۆپتۆپانێیان پێکرا، هەر ناوەناوەش
ئەو کەسە دوولایەنانە و ئەوانەی لەسەر پێشڤەڕۆیی یان پاشدامایی
ساغبووینەوە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە لایەن (ئیسلامییەکان یان
چەپەکان) دەکرێنە ئامانجی کار و رامیارییە چەقبەستییەکانیان! ئەوانەش
سەرەنجام بە پیلان یان بێ پیلان لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتە پەرپووتەکەی
کوردستان روودەدەن کە (داگیرکەران و دەسەڵاتدارانی ناوچەکە و سیستەمی
جیهانیی سەرمایەداریی واتە 'کۆمپانیایەکان و دەزگە سیخوڕییەکان و
ئەکادیمیا') پاڵپشتییان دەکەن.. بەوەش هەم پێشڤەڕۆیان و پاشدامایان بە
کەسە دوولایەنەکانیشەوە هەم لایەنە چەپەکان و ئیسلامییەکان دەکەنە
قەشمەرجاڕی خەڵک!
بەڵام ئەو بەدبینییە هەموو بارودۆخەکە نییە.. بەڵکە هەر لە نێو ئەو
کەتوارە رامیارییە نەرێنییەدا ئازادییخوازان و یەکسانییخوازانێکی
سەربەخۆش هەن چ وەک تاک چ وەک رێکخراو ('ناوەندی کاری ئازادیی دەربڕین'
وەک نموونە) کە سەرجەمی دەسەڵاتداران و ئیسلامییەکان بە هەموو
شێوەکانیانەوە رەتدەکەنەوە و بە هیچ جۆر و شێوەکیش سەر بەو چەپانە نین
کە ئاماژەمان پێیاندا، واتە دەکرێ ئەو بارە نەخوازراوانە کە رۆژانە
تێیاندا گاڵتە بە شکۆمەندیی مرۆڤەکان دەکرێ و بەو رووداوانە سەرقاڵ
دەکرێن و کاتیان بەفیڕۆدەدرێ لە رێی تێکۆشانی ئەو ئازادییخواز و
یەکسانییخوازە سەربەخۆیانە چارەسەر بکرێن کە بە پێی پێداویستییەکانی
سەردەمەکە لە هەردوو رووی هزریی و کردەییەوە جوایەزن لەوانەی پێشان و
زۆر راشکاوانە بڕوایان بە سەرجەم ئازادییەکانی دەربڕین و خۆدەربڕینی
مرۆڤەکان هەیە، هەڵبەتە کە گومانی تێدا نییە ئەو رەوتە نوێیە بەڕێوەیە
چونکێ مرۆڤایەتی بە بێ گۆڕانکاریی و وەرگۆڕان و پێشکەتن بوونی نییە..
واتە ژیان درەختەکی هەمیشە گەشە و بێ دەرکردنی لقوپۆپ و چرۆی تازە لە
جێی خۆی هیشک دەکا.
٢٥\٤\٢٠٢١
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|