په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١٠

بە تەنها، هەڵبژاردن؟!


ستار محەمەد قادر


پرۆسەی هەڵبژاردن لە چوار چێوەی سیستمێکی دیمۆکراتدا یەکێکە لەو ئامرازانەی کە لە رێیەوە بە بێ هیچ جۆرە تەشەنوجێک شەرعییەتی دەسەڵاتدارێتی یان حوکمڕانی لە حزبێک دەسەنێتەوەو دەیدات بە لایەنێکی دیکە!


هەڵبژاردن تاکە ئامرازە کە لە رێیەوە حزبەکان دەتوانن بگەن بە ئامانجی خۆیان. هەڵبژاردنیش وەکو هەر شتێکی دیکە جۆری زۆرە،؛ هەڵبژاردن هەیە لە توانایدا نییە بچووکترین گۆڕانکاری ئەنجام بدات، هیی واش هەیە تەنها کاری رووتووش کردنی دەم و چاوەکانە، هەڵبژاردن هەیە لە شێوەی پرسیارێکی داخراودایە، تەنها دوو ئەگەر دەخاتە بەردەم تاکی دەنگدەر، ئەویش "بەڵێ" یە یان "نا" یەکی بێ ئیرادەیە، هیی واش هەیە لە شێوەی پرسیارێکی کراوەدایە، کە تاک سەر پشک دەکات بە ئارەزووی خۆی پۆلێنی شتەکان بکاو یەکێکیان هەڵبژێرێت!


لە سەردەمی رژێمی بەعسدا، هەڵبژاردن بریتی بوو لە هەڵنەبژاردن، چونکە پرۆسەی هەڵبژاردن بریتی بوو لە پرۆسەی مانەوەی شتەکان وەکو ئەوەی کە هەبوون، بە واتایەکی دیکە هەر وەکو خۆیان، ئەم مۆدە هەڵبژاردنە دوو ئەگەری دەخستە بەردەم تاکی دەنگدەر، کە هەر دووکیان لە ناوەڕۆکدا گوزارشتیان لە یەک شت دەکرد، ئەویش دەتوانین بە مەهزەلەی هەڵبژاردن ناو زەدی بکەین!


شتێکی ئاشکرایە هەڵبژاردنی تەندرووست لەو شوێنانەدا بەر جەستەیە کە دەسەڵاتداران بڕوای تەواویان بە دیمۆکراسییەت هەیەو دوژمنی سەر سەختی توندو تیژیی و کۆدەتا و هاوڵاتییان بە شێوەیەک رادەهێنن کە بەرژەوەندیی گشتیی رەچاو بکەن نەک حزبیی، چونکە ئەگەر لە هەر شوێنێکدا ئەرزش بۆ هەڵبژاردن و ئەو دەنگانە دانەنرێت، ئەوە رێز بۆ جەماوەر دانەنراوە، هەر کاتێکیش ئەوان پەراوێز بخرێن، ئەوە دەرگا لە سەر ئەگەری تر دەخرێتە سەر پشت، بێ گومان ئەو ئەگەرانەش بە هەموو پێوەرەکان، بۆ هەموو لایەک ئەگەری زۆر سەلبین!


وەکو ئاشکرایە لە هیچ سیستمێکی دیمۆکراتدا نییە کە دەسەڵات تەنها بە دەستی حزبێکەوە بێت، دەتوانین لە حاڵەتی وەهادا بە یەقینەوە ئەوە بڵێین کە دیمۆکراسییەت لە بنەڕتەوە بوونی نییە، بۆیە پێویست بەوەش ناکات کە ئیدیعای دیمۆکراسییەت لەو شوێنانەدا بکرێت، چونکە دیمۆکراسییەت لە فەزایەکدا ناتوانێت گەشە بکات کە لە توانایدا نەبێت بە شێوەیەکی ئاشتییانەو رۆحی وەرزشییانە دەستاو دەست بە دەسەڵات بکات؟!


جۆرێکی دیکە لە دیمۆکراسییەتمان هەیە کە دەتوانین بەدیمۆکراسییەتێک ئاماژەی پێ بکەین، کە نەخۆشی دەروونی هەیە، ئەم جۆرە دیمۆکراسییەتە لە مناڵدانی دەسەڵاتێکەوە چاو هەڵدێنێت، کە بە بەردەوامی ئیدیعای دیمۆکراسییەت دەکات، بەڵام نایەوێت بە هیچ شێوەیەک دیمۆکرات بێت، بۆیە هەمیشە داوا لە بەرانبەرەکانی دەکات دیمۆکرات بن لە گەڵیدا، لێ بۆ خۆی بەوە رازییە لە رێی دیمۆکراتییەتێکی چەواشەوە خۆڵ بکاتە چاوی هەمووان و بەرەو دیکتاتۆریەت هەڵکشێت!


ئەم جۆرە لە دەسەڵات هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە خۆی وەکو قوربانی و ئەوانەی دەرەوەی خۆی بە جەللاد، خۆی بە راست و بەرامبەر یان رکا بەرەکانی بە چەوت، ئەوان رەش و خۆی لە پۆشاکێکی سپیدا، ئەوان ئەهریمەن و خۆی فریشتە پێشان بدات، ئەم تەرزە بیرکردنەوەیە ئامادەیە لە یەک کاتدا حەڵاڵ بە حەرام بکاو، حەرامیش بە حەڵاڵ، لە هەر کوێدا بەرژەوەندییەکانی ببینێت خۆی لە وێدا دەبینێت، بەبێ گوێدانە هیچ یاساو رێسایەک!


هەڵبژاردن کاتێک دەتوانێت خزمەت بە گەل و نیشتیمان بکات، کە تایبەتمەندییەکانی پارێزراوبێت، کاتێکیش ئەو پرۆسەیە لە خزمەت دەکەوێت، کە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە ئاراستە کراو بێت؟! لە حاڵەتی یەکەمدا، هەڵبژاردن لە توانایدایە بەرگری لە خۆی و دیمۆکراسیەت بکات و چییەتیی بپارێزێت، لێ لە حاڵەتی دووەمدا، لە وێنەیەکی شکاو، پرۆسەیەکی رامکراو، زیاتر ناتوانێت هبچ شتێکی دیکە ببێت! حاڵەتی یەکەم هەمیشە وێنەیەکی زۆر جوان پێشان بە دەرەروەی خۆی دەدات، بەڵام ئەوەی دووەم، هەمیشە خەڵک دەخاتە گومانەوە، هێندێک بە چاوی ئومێد لێی دەنواڕن و هێندێکی دیکەش بە دیدێکی رەش بینییەوە! حاڵەتی یەکەم گومان دەڕەوێنێتەوە، ترس دەخاتە دەرەوەی کەوانەی هەڵبژاردن، لێ حاڵەتی دووەم بچووکترین گۆڕانکاریی بارگاوی دەکات بە کۆمەڵێک ترس و ترسی وەهمی! بۆ ئەوەی بۆمان روون ببێتەوە کە بۆچی لە سەروەختی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ئێمە تووشی کۆمەڵێک بێ ئومێدی دەبین، بۆ لە پێناو ئەوەی خەڵک بنێرین بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان، پەنا وەبەر درووستکردنی کۆمەڵێک ترس و پرس دەبەین، بۆ لە دووای راپەڕینەوە لە ژێر دەستی دەسەڵاتێکی خۆجێیی هەڵبژاردن نەبووە یان نەکرا بە نۆرم و مۆددەیەک کە ئەو خەڵکە بە ئەرکی سەر شانی خۆیانی بزانن و پێویستیان بەوە نەبێت کەس ئاراستەیان بکات؟ ئەمانە کۆمەڵێک پرسن کە لێرەدا هەوڵ دەدەم هۆکارەکانی پشت ئەو پەراوێز خستنەی خەڵک لە مافەکانی خۆیان روون بکەمەوە.


بە داخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ هێندەی ئیش لە سەر ناشیرینکرددنی وێنەی هەڵبژاردن دەکرێت، ئیش لە سەر جوانکردنی ناکرێت. تۆمەت درووستکردن و سڕینەوەی بەرانبەر بە شێوەیەکی نا راستەو خۆ، یەکێکە لەو هۆکارانەی کە رێگرە لە بەردەم درووستکردنی وێنەیەکی جوانی هەڵبژاردن لە زیهنی کۆمەڵانی خەڵکدا، هەر وەکو زۆرێک بە شێوەیەک ئەو پرۆسەیە وێنا دەکەن کە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئەزموونی کوردستان، هێندێکیش ئەو وێنەیە بە شێوەیەک لە زیهنیاندا درووست بووە کە بوونی لیستی جیاواز رەنگبێت دەستی دەرەکی لە پشتەوە بێت! هەموو ئەم ئەگەرانە سەرەتای کردنەوەی کەناڵێکە کە ئیش بۆ شێواندنی چییەتی خودی هەڵبژاردن دەکاو لە بەرنامەیدایە دیمۆکراسییەت لە فۆرمێکدا لە نێو هاوڵاتییاندا تەوزیف بکات کە خودی خۆی داهێنەرێتی و لە هەوڵی ئەوەدایە تەنها روویەکی هەڵبژاردن پێشان بدات، رووە جوانەکانی بشارێتەوە؟!


لە کاتێکدا بوونی لیستی جیاوازو کێبەرکێ بۆ چۆنێتی خزمەتکردنی نیشتیمان و هاوڵاتییان و ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنێکی بێ غەل و غەش نەک دەبێت بە مایەی هەڕەشە بۆ سەر هەرێم و ئەزموونەکەی، بەڵکو هەم ئەزموونەکە دەوڵەمەند دەکاو هەمیش هەڕەشەکان و مەترسییەکان دەڕەوێنێتەوە. لێرەدا بە پێویستی دەزانم ئەوە وەبیری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستاندا بهێنمەوە: ئایا مەبەستییان چییە لە بەشداریکردنییان لە پرۆسەی هەڵبژاردن؟ ئایا خۆیان خاوەنی ئیرادەی هەڵبژاردنن، یان دەبێت ئاراستە بکرێن؟ پێیان باشە لە دەروازەی دەنگەکانیانەوە گۆڕان لە کوردستاندا ئەنجام بدرێت یان ئەم دۆخە هەروەکو خۆی بمێنێتەوە؟! ئەمانە کۆمەڵێک پرسیارن کە بەڕای من تا ئێستا بێ وەڵامن! چونکە تا ئێستا ئەو خەڵکە بە شێوەیەکی تەندرووست لە ماهییەتی هەڵبژاردن نەگەیشتوون و بە شێوەیەک لەو پرۆسەیە دەڕوانن کە هێندەی عاتیفە کاریگەری هەیە بە سەریانەوە و ئیشی پێدەکەن، ئەقڵیان فەرامۆشکردووە. هێندەی بە چاوی گوومانەوە لە هەڵبژاردن دەڕوانن، باوەڕیان بە دەرەنجامەکانی نییە! ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو تێڕوانینە سەقەتە لە دەرەنجامی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەزموونی هەڵبژاردنی ساڵی 1992 و ئەو وێنە شکاوەی ئەم پرۆسەیەی لە لایان درووست کردووەو بووە بە هۆکاری ئەوەی ئەوان وا خۆیان ببینن کە ناتوانن ببن بە فاکتەری گۆڕان و لە واقیعدا بەرجەستەی بکەن! بۆیە گرنگە لەم ساتە وەختەدا خەڵکانی رۆشنبیر هەڵبستن بە بەستنی کۆڕو کۆبوونەوەو سیمینارو ئەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵکی روون بکەنەوە کە ئەوان لە نێو ئەم پرۆسەیەدا خاوەنی بڕیارن و دەتوانن سندووقەکانی دەنگدان بکەن بە سەنگی مەحەکی داخوازییەکانییان، چونکە ئەگەر ئەوان بە باشی لە چییەتی ئەم پرۆسەیە بگەن، کە بریتییە لە پرۆسەیەک کە ئەرزش بۆ ئەوان دەگەڕێنێتەوە و هەڵگری پەیامێکە بۆ دەسەڵات کە راستەوخۆ بە بێ دڵە راوکێ ئەوە دەدات بە روویدا ئەگەر هەر دەسەڵاتێک دادپەروەرو یاسا پەروەرو شەفاف نەبێت، ئەوە ئێمەین لە تواناماندایە کورسێکان لە ژێرتان رابکێشین و لایەنێکی دیکە بهێنین لە شوێنەکەی دایبنێین! ئەم پەیامە بۆ ئەو دەسەڵاتەشە کە دێتە سەر حوکم بەوەوە وا بەستەی دەکات کە بیر لەوە نەکاتەوە میللەت بە خزمەتکاری خۆی بزانێت، بەڵکو دەبێت ئەوان لە خزمەتی ئەواندا ببن! جگە لەمانەش ئەم پرۆسەیە ئەو لێکدانەوەیە رەتدەکاتەوە کە دەسەڵات لە نێو بۆتەی خێزانێک قەتیس بکاو تا دونیا دونیا بێت خەڵکی بە چاوی موقەدەسەوە لێیان بڕوانن، لە راستیدا دەبێت ئەوە بۆ کۆمەڵانی خەڵک روون بکەینەوە، کە هەڵبژاردن لە حەقیقەتدا بریتییە لە واژوو کردنی کۆنتراکتیک لە نێوان هاوڵاتییان و لایەنێک، قەوارەیەک، حزبێک،کەسایەتییەکی سەر بەخۆدا، ئەم کۆنتراکتە بارگاوییە بە کۆمەڵێک فلتەر کە ئەگەر بە شێوەیەکی ئەقڵانیی لێی ورد ببینەوە دەبێت بە هۆکاری ئەوەی ئەو دەسەڵاتە مل کەچ بکات لە بەردەم ویست و ئیرادەی هاوڵاتییاندا، نەک لە گەڵ تەواو بوونی پرۆسەکەدا ئیتر تا هەڵبژاردنێکی دیکە ئەوەی ناوی بەڵێن، پەیمان بێت ئاوڕی لێ نەدەنەوە؟!


گرنگە لێرەدا ئەوەیان بۆ روون بکەینەوە : ئایا کاتێک کە بۆشی کوڕ لە سەر کورسی حوکم لاچوو ئەمریکا وێران بوو؟! یان لاچوونی ئەو حزبە لە سەر کورسی حوکم داخوازیی میللەتی ئەمریکا بوو؟! ئایا سیمبۆل بوونی بۆش بە دابەزینی لە سەر کورسی حوکم کۆتایی پێدێت، یان ئەو تووانی بە شێوەیەکی تەندرووست خۆی بخزێنێتە نێو لاپەڕەکانی مێژووی وڵاتەکەیەوە؟ ئایا ئەگەر بە چاوی سۆزدارییەوە لە کۆمارییەکانیان بڕوانیایە، دەیانتوانی دەنگ بە دیمۆکراتەکان بدەن؟! ئایا ئەمریکا بە باڵا دەست بوونییەوە جوانە، یان ئەوە ئەو دیمۆکراسیەتەیە کە ئەمریکای گەیاندە ئەم دۆخەی ئێستاو لە پێش چاوی جیهان جوانتری کردووە؟! خۆ هەر بە بڕیاری کۆمارییەکان دوو وڵاتی وەکو ئێراق و ئەفغانستان لە ژێر چنگی دوو رژێمی ستەمکارو دیکتاتۆر رزگار کران و گەورەترین سەروەریان بۆ وڵاتەکەیان تۆمار کرد، کەواتە لە زیهنیی میللەتی ئەمریکادا شەڕ و داگیرکردنی وڵاتان و رزگارکردنی گەلان و فەرامۆشکردنی خۆیان کاریگەری ئەوە ناکاتە سەر هەڵبژاردنەکان، بەڵکو تاکە فاکتەر کە لە هەڵبژاردنەکاندا ئەوان ئیشی لە سەر دەکەن، بەرنامەی کاری ئەو حزبە و ئاستی تێگەیشتنی پاڵێوراوەکەو ئەو زوبانەی کە پێی دەدوێ و تێزی کارنامەکەیەتی، نەک هێندێک شتی سەر پێی و گەڕاندنەوە بۆ مێژووی درووستبوونی ئەو حزبەو سەروەرییەکانی، بەڵکو ئەوان داواکارییان لەو لایەنەی کە دەنگی پێدەدەن ئەوەیە کە چۆن و بە چ شێوەیەک خزمەتی خۆیان و وڵاتەکەیان دەکات؟!


بۆیە بە پێویستی دەزانم کە هەوڵبدرێت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەم پرۆسەیە ئاشنا بکرێن، تا هەوڵ بدەن لە رێی هەڵبژاردنەوە قسەکان و گلەییەکانیان بۆ بواری پراکتیکی تەرجەمە بکەن، چونکە ئەگەر بە بێ بوونی ئیرادە بەشداریی لەم پرۆسەیە بکەن، ئەوا ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە جارێ ئێمە لە چییەتی هەڵبژاردن نەگەیشتووینەو ئەوە ئێمەین ناتوانین ئەزموون لە گەلانی خاوەن ئەزموونی راستەقینەوە وەربگرین!
 

 

star_qadr@yahoo.com