په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٣\٢٠١٥

بەتین قوبادی خەڵاتی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵی بەدەستھێنا.

 

مەنسوور جیهانی


سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" بە فیلمی سینەمایی "مەردان" خەڵاتی ١٤مین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵی لە تورکیا بەدەستھێنا و ئەم خەڵاتە گرینگەی پێشکەش بە کچانی شنگاڵ و کۆبانێ کرد.


فیلمی سینەمایی "مەردان" نوێترین بەرھەمی سینەماکاری کورد "بەتین قوبادی" و فیلمی ھەڵبژاردەی عێڕاق بە ھەشتاو حەوتەمین خولی ڕێوڕەسمی خەڵاتە سینەماییەکانی ئاکادیمیای ئۆسکار لە ساڵی ٢٠١٥، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا بە ئامادەبوونی ئەم فیلمسازە کوردە و بە نوێنەرایەتیی لە ھەرێمی کوردستان لە دوو سانسی جیاوازدا لە ڕۆژانی ١٣ و ١٩ شوباتی ٢٠١٥ لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" لە میانەی چاردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵ لە وڵاتی تورکیا نمایشکرا و لە لایەن ڕەخنەگرانی سینەمای تورکیاوە خەڵاتی باشترین فیلم و لە ڕاستیدا دووەمین خەڵاتی گرینگی ئەم فیستیڤاڵە بە "بەتین قوبادی" دەرھێنەری ئەم فیلمە کوردییە بەخشرا.


لە ڕێوڕەسمی کۆتایی ئەم فیستیڤاڵەدا، "بەتین قوبادی" دوای وەرگرتنی خەڵاتی ڕەخنەگرانی تورک، ئەم خەڵاتەی پێشکەش بە کچانی خەباتکاری کورد لە شنگاڵ و کۆبانێ کرد.
"مەردان" بۆ بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە گرینگە لەگەڵ ٨ فیلم لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان کە ھەڵگریی خەڵاتی گرینگیی نێودەوڵەتین لە ڕکابەریدا بوو، لەوانە: فیلمی سینەمایی "سێشەمەی ٥٢" ٥٢ لە دەرھێنانی "سووفیا ھیدێ" لە ئوستوڕاڵیا ـ براوەی خەڵاتی ورچی کریستاڵی فیستیڤاڵی فیلمی بەڕڵین لە ساڵی ٢٠١٤ و خەڵاتی باشترین دەرھێنان لە فیستیڤاڵی فیلمی ساندەنس لە ئەمەریکا، فیلمی سینەمایی "ڕۆحی تەپووتۆزاوی" لە دەرھێنانی "نەسیمی ئێتیک" لە تورکیا ـ براوەی خەڵاتی قەیسی زێڕینی باشترین فیلم، باشترین ئەکتەر و ھەروەھا باشترین دەرھێنان لە فیستیڤاڵی فیلمی ماڵاتیای تورکیا، فیلمی سینەمایی "بایەکانی ئۆگۆست" لە دەرھێنانی "گابرییەل ناوا" لە بڕازیل ـ بەشداری لە فیستیڤاڵەکانی فیلمی لۆکاڕنۆ، شیکاگۆ، لەندەن، سەن سباستییەن و ڤەنکۆوێر، فیلمی سینەمایی "دیسانەوە کریسمەس" لە دەرھێنانی "چارلس پۆکێل" لە ئەمەریکا ـ بەشداری لە فیستیڤاڵەکانی فیلمی لۆکاڕنۆ و ساندەنس، فیلمی سینەمایی "مامۆستای باغچەی ساوایان" لە دەرھێنانی "نداو لیپید" لە فەڕەنسا ـ بەشداری لە فیستیڤاڵەکانی فیلمی کان و ڤەنکۆوێر، فیلمی سینەمایی "نۆڕوێژ" لە دەرھێنانی "ئێنیس ویسلمیس" لە یۆنان ـ بەشداری لە فیستیڤاڵی فیلمی کاڕڵۆڤی ڤاری لە چیک، فیلمی سینەمایی "عەشیرە" لە دەرھێنانی "میرۆسلاو ئێسلابوشپوتسکی" لە ئۆکڕاین ـ بەشداری لە فیستیڤاڵەکانی فیلمی کان، تۆڕێنتۆ و ساندەنس و ھەروەھا فیلمی سینەمایی "دژە با" لە دەرھێنانی "ماڕتی ھیلد" لە وڵاتی ئەستۆنی ـ بەشداری لە فیستیڤاڵی فیلمی تۆڕێنتۆ لە کەنەدا.


ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن"ی فیستیڤاڵی فیلمی ئەستەنبووڵ بریتی بوون لە: "مھمەت کورتولووش" ـ ئەکتەری چەندین فیلمی سینەماکاری ناوداری تورک "فاتیح ئاکین" و بەرھەمھێنەر لە وڵاتی تورکیا، "ماتیاس پینیریۆ" ـ دەرھێنەر لە ئەڕژەنیتین، خاتوو "لەیلا یەعقووب" ـ بەرپرسی ھونەری لە بەریتانیا، خاتوو "سینگنە بیرگ سۆرنس" ـ ڕەخنە و دیکۆمێنتساز لە ھێندستان و "گرانت جی" ـ دەرھێنەر لە بەریتانیا.


ئەم فیستیڤاڵە ساڵی ٢٠٠١ بە مەبەستی نمایشی باشترین بەرھەمی سینەماکارانی ھاوچەرخی جیھان دامەزراوە و ساڵی ٢٠٠٨ بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن" بەم فیستیڤاڵە زیادکرا کە تیایدا فیلمی فیلمسازانی تازە پێگەیشتووی سینەما نمایش دەکرێن کە خەریکن ڕێگایەکی نوێی لەم ھونەرەدا دەپێون.


چاردەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەستەنبووڵ بە نمایشی بەرھەمی سینەماکارانی وڵاتانی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین بەشی جۆراوجۆری پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی، لەوانە: ٨ فیلم لە بەشی پێشبڕکێی "ئەڤین و گۆڕان"، ٩ فیلم لە بەشی پێشبڕکێی "بیرۆکە وەرگرتن"، ١٩ فیلم لە بەشی "گالای تورکیا"، ٦ فیلم لە بەشی "میوزیک"، ١١ فیلم لە بەشی "یاری"، ٧ فیلم لە بەشی "ھونەر و ژیان"، ٥ فیلم لە بەشی "کۆلکە زێڕێنە"، ٩ فیلم لە بەشی "ماڵێ"، ٥ فیلم لە بەشی "ڕەش و ئاڵۆز"، ١ فیلم لە بەشی "ڕەگەز"، ٢ فیلم لە بەشی "نمایشی تایبەت"، ٥ فیلم لە بەشی "پەرەستار و شاعیران" و ھەروەھا ٣ فیلم لە بەشی "کورتە فیلم" لە ڕۆژانی ١٢ تا ٢٢ی شوباتی ٢٠١٥ لە شاری ئەستونبووڵ لە وڵاتی تورکیا بەڕێوەچوو.
 

کورتەیەکی فیلمی سینەمایی "مەردان" لە دەرھێنانی بەتین قوبادی:

 

بۆ زانیاریی پتر:
/www.ifistanbul.com/en/films/mardan 


ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک