په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٣\٢٠١٢

بێ ئومێدبوون لە سەرۆک.

شوان سدیق      


بەش بەحاڵی خۆم ئەوەی پەیوەندی بە بەدواداچوون ھەیە بۆ ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان ئەنجام دەدرێن، ھیچ ئومێدێکم بە حکومەت نەماوە، ھەروەھا بە سەرۆکایەتی ھەرێمیش. وەک چۆن روون و ئاشکرایە کە ئیسلامییەکان خاوەن پرۆژەیەکی مەدەنی نین، ئەگەر لە داھاتوودا ببنە خاوەن دەسەڵات رەچاوی فرە چەشنی و حوکمێکی مەدەنیانە پێشکەش بە خەڵک بکەن. وەھاش ئاشکرایە کە کابینەی دێی حکومەتی ھەرێم، کە ھێشتا ستافەکەی سوێندیان نەخواردووە، جیاوازییەکی ئەو تۆی لەگەڵ کابینەکانی تردا نابێت بۆ رۆژنامەنووسان!

ھەندێ جار مرۆڤ لە کارێک یان ھەر ھەوڵێکی دی سەرکەوتوو نابێت، کەچی بێ ھیوا دەبێت، بەبڕوای من ناکرێت بڵێت من بێ ھیوا نەبووم، بەڵام دەکرێت رێگایەکی تر وەک بەدیلێک بۆ ئەو سەرنەکەوتنەی خۆی بدۆزێتەوە و دان بە ھەقیقەتی بێ ھیوای خۆیشیدا بنێت.

دروست ئەم مەسەلەیە رۆژنامەنووسان دەگرێتەوە، ئەوان ھێندە پەنایان بۆ بەرپرسانی حزبی و حکومی بەتایبەتی سەرۆکی ھەرێم بردووە، ھەموو ھەوڵەکانیان شکستی خواردەووە، شکستی ئەوان لەوەشدایە کە رۆژ بە رۆژ رووداوەکان زیاتر لە جارێک دووبارە دەبنەوە.

کەچی رۆژێک لە رۆژان فەلاقەکەرێک یان ھەڵسوڕاوکێی حزبی کە ھەڵدەستێک بە تێھەڵدانی رۆژانامەنووسێک لێپێچینەوەی لەگەڵ نەکراوە، کەچی ئەو کەسانەی کە بەیانی تا رۆژ ئاوا دەبێ بەیاننامە بڵاو دەکەنەوە، زۆربەیان ھەق ناڕۆن و روونی ناکەنەوە، کە سەرکەوتوو نەبوون لە بە دواداچوونەکانیاندا. بۆ ئەوەش رێگایەکی تر ھەڵبژێرن.

چونکە ھەر کاتێک رۆژنامەنووسان روبەڕووی لێدان و سوکایەتی و فەلاقەکردن دەبنەوە، لە لایەن ھەندێک لە ھێزە چەکدارەکانی حزب و ھێزە ئەمنیەکانی ھەولێر و سلێمانی، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و بەتایبەت سەنتەرەکانی پەیوەندیدار بەکاری رۆژنامەنوووسی وەک ناڕەزاییەک لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە داوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی بە پەلە دەکەن.

بەڵام وەک ئەوەی بەرچاومان کەوتووە، لە زۆربەی بەیاننامەو ناڕەزاییەکانیشیاندا، ئەوان سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکی ھەرێم وەک پەناگەیەک حیساب کردووە و پەنای بۆ دەبەن. بۆ ئەوەی رێگا چارەیەکی گونجاو بۆ ئەو رەوشە بدۆزێتەوە. کەچی ئەوەی پەیوەندی بە سەرۆکایەتی ھەرێمەوە ھەیە بێ دوو دڵی و شاردنەوەی نھێنییەک ئەم دامەزراوەیە لەبەرامبەر پێشێلکارییەکاندا، نەک بە ئەرکی خۆی ھەڵنەسانەوە، بەڵکە زۆر زۆریش کەمتەرخەم بووە.

بە دەلیلی ئەوەی کە دەڵێم سەرۆکایەتی ھەرێم کەمتەرخەمبووە، لە ئاست رووداو و داواکاری رێکخراوەکان و چاودێرانی مێدیا چونکە ئەم دامەزراوەیە رۆژێک لە رۆژان لە بەرامبەر نووسینی ئەو ھەموو بەیاننامەیە وەڵامێکی پێویستی بە داخوازییەکانی رۆژنامەنووسان نەداوەتەوە.

ھەر بە سەرنجدان لە بڵاوکردنەوەی ھەموو ئەو بایاننامانەی کە بەڕوبەڕووی بەرپرسانی وڵات و سەرۆکایەتی ھەرێم دەکرێتەوە، ئەوانیش بەکردەوە، ھیچ وەڵامێکیان بەڕووی داخوازی و پێشنیازەکانی رۆژنامەواناندا نەداوەتەوە. دەبێ لەو سەنجدانەوە بۆ وەڵام نەدانەوەی رۆژنامەنووسان تێبگەین، کە دەسەڵاتدارانی کوردستان، ھیچ کات نەیانویستووە و ناشیانەوێت گوێ لە خەم و داواکارییەکانی رۆژنامەنووسان بگرن بەتایبەتی سەرۆکایەتی ھەرێم، ئەگەر نا وەڵامێکی رۆژنامەنووسانی دەدایەوە.

خۆ ئەگەر وەڵامی ئەوان ئەوەبێت کە ھیچ بەیانامەو ناڕەزاییەکیشیان پێ نەگیشتووە، دەتوانم ئاھەنگی ساڵ یادی شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران، بەنموونە بێنمەوە کە لە ماوەکانی رابردوودا ئەمساڵ لە ھۆڵی میدیای شاری ھەولێر ھێزە ئەمنیەکان چیان بە رۆژنامەنووسان کرد.

ئەو رۆژە رۆژنامەنووسان و نوێنەری دامودەزگاکانی راگەیاندن بە مەبەستی رووماڵکردنی ئاھەنگی ساڵڕۆژی "سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران" لەوێ بوون دوای چەند جار پشکنین و وەرگرتنی مۆبایل و کەرەستەکانی راگەیاندن، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکان، بەڵام ھەتا بەرپرسانی حزبی و حکومی سەرۆکی ھەرێمیش نەچوونە ناو ھۆڵەکەوە ھیچ یەکێک لەو رۆژنامەنووسانە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە کامێراو پێداویستییەکانیان پێ نەدرایەوە، ئەوەش بووە جێی ناڕەزایی رۆژنامەنووسان، ھەر ئەو کاتە لەگەڵ برادەرێکمدا وتمان باشترە بایکۆتی ئەم رێورەسمە بکەین، بەڵام جێگەی داخە زۆربەی رۆژنامەنووسەکان ھاو رانەبوون لەگەڵمان بەڵام ئێمە ھەر بایکۆتمان کرد!


ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک