په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\١٢\٢٠١٣

بێ‌ ئومێدم لەوەی پێنووسی ئازاد بتوانێ لە دەڤەری ئەنفالدا پارێزگاریی ژیانی خۆی بکا؟!


شەماڵ عادل سەلیم  


به‌ پێی‌ راپۆرته‌ پزیشکیه‌کان لە ماوەی (١٥) رۆژی‌ دیکه‌ دادە (شیرین ئەمین)ی هاوسەری شەهیدی چاکسازیی (کاوە گەرمیانی) منداڵه‌که‌ی لەدایک ده‌بێت، ئەو مناڵەی بەر لەهاتنە دنیاوە باوکە قارەمانەکەی بەدەستی چەتەو مافیا چاوزەقەکانی کورد خەڵتانی خوێن کرا...، ئا ئەویش رێک وەک دایە و بابە شەهیدە سەربەرزەکەی بە هەتیووی لەژێر حوکمی دەسەڵاتێک گەورەدەبێت کە بەخوێنی شەهیدوئەنفالکراوەکان بنیاتنراوە، ئا... دەسەڵاتێک کە باسی دیموکراتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکات و خۆی بە واریسی شەرعیی و خاوەن خانەوادەی شەهیدو ئەنفالکراوە سەربەرزەکان دادەنێت ولەبۆنەکاندا فرمێسکی تیمساحیان بۆ هەڵدەرێژێت...!!


کاوە گەرمیانی بۆیە (سۆران) ئاسا تیرۆر کرا، چونکە ئەویش پێنووسەکەی بەئاڕاستەی تێک وپێک شکاندنی سیاسەتی تاک ڕەوی چەقبەستووی ناولەپی دووبنەماڵەی دەسەڵاتداری هەرێمی دووئیدارەیی لە مەیدان بوو، ئا ... کاوە بۆ گەڕاندنەوەی متمانە و شکۆمەندی میللەتەکەی دەستی دابووە پێنووس و لە گەرمیانی ئەنفالکراو وسوتێنراو بەدەستی بەعسی فاشی ودژی حکومەتی حیزبی لە مەملەکەتی (ئەل ئەنفال)دا شێر ئاسا دەجەنگا، کاوە بۆ چەسپاندنی دەستورێکی رۆشەن و ستراتیژیەکی نیشتمانی لە گەڵ دەسەڵاتی گەندەڵی حیزبی لەشەردابوو ، کاوە دژی حیزباندنی دەسەڵات بوو ، کاوە لە دژی گەورەدزەکان و گەندەڵ و گەندەڵکاران و بەهەدەربردنی سامانی هەرێمە بێنازەکەی دەنگی هەڵبڕیبوو و سپارتاکۆسانە چەکوشی ڕەخنە بنیاتنەرەکانی راست و چەپ دەوەشاند، کاوە بوێرانە هاتبووە مەیدان و قۆڵی لێ هەڵماڵیبوو بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی بەرهەمهێنی تەندروست کە زامنی ئەرک و مافەکانی تاکی کورد بکات لە چوارچێوەی یاسا و دادپەروەریدا، کاوە لە لەناو جەرگەی گەرمیانە سوتاوەکەی مانی دەگرت و لەگەڵ کەس وکاری سەربەرزی ئەنفالکراوەکاندا ژەهری چاوەڕوانی دەنۆشی، کاوە لە هەوڵی چەسپاندنی ئەوەبوو کە یاسا سەروەرو و رۆڵی خۆی ببینێ و دامەزراوە نیشتمانیەکانیش بە ئەرکی سەرەکی خۆیان هەڵبستن و نەک وەک دەورانی ئەمرۆ لە بازنەیەکی داخراوی حیزبی (بحیزبێندرێن)، کاوە بە پێنووس هەوڵی گۆڕینی ستراکتوری کۆمەڵگاو کەلتورە تەقلیدی و ئێکسپایەربووەکانی دەدا، کاوە بۆ چەسپاندنی کۆلەکەسەرەکیەکانی دیموکراسیەت و هێنانە دی کۆمەڵگایەکی ئارام و تەندروست و خۆشگوزەران و درێژخایان و هەمەلایەن بۆ هەموان خەباتی دەکرد ، کاوە لە کاوله‌ خانوێکی بێ نازای شارەکەی شۆرشی پێنووسی دژی مافیای حیزبی و حکومیەکەکان و فەرهوود کردنی سامانی نیشتمانی بەرپاکردبوو...


کاوەی مەرد بەپێچەوانەی پێنووسە (نەعامە) ئاساکان کەسەریان خستۆتە ناو لینگیان ،هاواری دەکرد و دەیگوت (چۆن کۆیلە دەبێتە رۆژنامەنووس...؟)، ئا بۆیە کاوەی جوامێر لەبەردەم ماڵەکەی خۆی و لە باوەشی دایکیدا ، دەسترێژی گوللـه‌ی لێکراو تیرۆر کر...


بەڵێ... کاوە گەرمیانی لەدوای خۆیدا پێگەیەکی گەورەی لە نێو دڵ و دەروونی هەژارانی کوردستان و خاوەن پێنووسە بوێرکان بە جێ هێشت ، ژیان و هەڵوێست و کردەوە بوێرەکانی کاوەی گەرمیانی بووە سیمبۆلێکی نیشتمانی بۆ ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکان و بۆ گشت ئازادیخوازان، کاوە ناوێکی درەوشاوەی بۆ هەرهەموومان جێ هێشت کە سەروەت وسامانی هەموو دونیا دەهێنێ...


زۆر باش دێتەوە یادم کاتی کاوەی جوانەمەرگ پێی گوتم : (من نوێنەری خەڵکم و لە گەڵ پێنووس دەستم تێکەڵ کردووە...!!، لە پێناو منداڵە ڕەش وڕووتەکانی کوردستان و زامن کردنی مافەکانیان هاتوومەتە مەیدان ، بۆ من وەک (کاوە گەرمیانی) زەردەخەنەێکی هەژارێک سەروەتی هەموو دونیا ئەهێنێ... چی لە ڤیلاو سەیارە و دەفتەرە دۆلار و بلۆک وپاسەوانی شەخسی ژنی دووەم و سێیە و چوارەم و وەزیفەیەکی بەرز و بە سەفەر چوwن بۆ (تورکیا و جۆرجیا و لوبنان و ئەوروپا) بکەم...، چی لە زەوی و خانو و پێشینەی خانو بکەم کە خەڵکی سادە وکەم دەرامەتەکان لە هەرێمەکەی من لە برسانا بمرێ، ئاخر من چی لە پارە ی دزراوبکەم...؟!).


بەڵێ... کاوە گەرمیانی جەنگاوەرێکی بوێری دژ بە ستەم و زۆرداری و نەهامەتی و گەورەدزەکانی هەرێمەکەی بوو، هەربۆیە بێدەنگی و بێدەنگ بوون لەئاست تاوانی شەهید کردنی ئەم قەلەمە بوێرو ئازاو تیژو زیرەکە نیشانەی ترسنۆکی و لاوازی و ڕازیبوون و کوێلەتی وسەرلەقاندنی تاکی کوردە بۆ قاچاخچیەکان و بزنسمانەکانی نەوت وگازو گەندەڵکارانی کۆمپانیا وەهمیەکان و چەتە سمێل بابڕەکانی دەسەڵاتی کوردی پێنووس کوژ....!!
 

ماڵپەڕی شەماڵ عادل سەلیم

 

________________________________________________

بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی) لێرە کرتە بکە:

http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک