بێوەژنان لە
جیهاندا گرفتاری بەدرەفتارین.
ئا: کەژاڵ عەلا
ملوێنەها ژن لەزۆربەى وڵاتانى جیهاندا ڕووبەڕووى
مەترسى جوداکارى و بەدڕەفتارى بوونەتەوە تەنها لەبەر ئەوەى بێوەژنن جا
بەهەر هۆکارێک بووبێت.
ئاستێۆن کاڵ بەڕێوەبەرى ڕای گشتى جیهانى لەکاتى بڵاوکردنەوەى ئەم
ڕاپۆرتەدا وتى : بەدڕەفتارى لەگەڵ بێوەژنەکاندا، تەنها لەوڵاتە
دواکەوتووەکان و کۆمەڵگا سونەتیەکاندا ئەنجام نادرێت، بەڵکو ئەم
دیاردەیە لەهەندێک وڵاتە پێشکەوتوەکانیشدا باوە! ئەم رێکخراوە لە
لێکۆڵینەوەیەکى راى گشتیدا کە لە 17 وڵاتدا ئەنجامیان دابوو کە لە 60%
دانیشتوانى جیهان پێکدێنن، زۆرینەى خەڵک لەوبڕوایەدان جوداکارى
حەقیقەتێکى تاڵە لەسەر ژیانى بێوەژن و تەڵاقدراوەکان. لەنێوان 12
وڵاتدا تەنها 28% ى خەڵک ڕایان وابوو جوداکارى لەگەڵ بێوەژنەکاندا
وجوودى نیە.
بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاى پى ئێس، لێکۆڵەرەوەکانى ئەم ڕاپێوانە لەنێوان
زیاتر لە 17 هەزار نەفەر لە وڵاتەکانى وەک: چین، هند،
وڵاتەیەکگرتووەکانى ئەمەریکا، ئەندەنوسیا، ڕوسیا، مەکسیک، نێجیریا،
ئینگلتەرە، فەرەنسا، ئازەربایجان، ئۆکرانیا، میسر، ئێران، تورکیە،
فەلەستین، تایلەند و کوریاى خواروو ڕِاوێژیان کرد و لەم گفتوگۆیانەدا
بۆیان دەرکەوت بێوەژنەکان بە جۆرەها شێوە ڕووبەڕووى جوداکارى بوونەتەوە،
بۆنموونە : لەو وڵاتە دواکەوتووەکاندا زۆربەى ژنان بەسەختى ئەتوانن
لەپاش مەرگى هاوسەرەکانیان ببنە خاوەنى سەروەتەکانیان.
هەروەها ڕێکخراوێکى خێرخوازى لە لەندەن ڕایگەیاند کە ڕۆژانە زیاتر لە
100 میلیۆن بێوەژن و منداڵەکانیان ڕووبەڕووى مەترسى و ئازار و
ئەشکەنجە ئەبنەوە. چێڕى بلێرى هاوسەرى تۆنى بلێر کە سەرۆکى ئەم
ڕیکخراوەیەیە وتى: بوون بە بێوەژن لەم وڵاتانەدا بۆ ژنان ماناى
بێبەشبوونە لەمافە سەرەتاییەکانى مرۆڤ. لێکۆڵەرەوەکان ئەڵێن لەهەندێگ
لەکۆمەڵگاکاندا بێوەژنەکان هەمیشە ئازار ئەچێژن و ئەوان نەک تەنها
بەدەست کێشە کۆمەڵایەتیەکانەوە دەناڵێن، بەڵکو مافى میراتگیریشیان
لێزەوت دەکرێت و تەنانەت ناتوانن منداڵەکانیشیان بنێرنە بەر خوێندن.
ئەم مەسەلەیەش ئەبێتە هۆى ئەوەى کە بێوەژنەکان و منداڵەکانیان
هەژارترین و زەرەرومەندترین گروپى هەژارەکان پێکبهێنن لەجیهاندا.
لەزۆر وڵاتدا بیوەژنان ناچار دەکرێن شوو بکەنەوە بە برای مێردەکانیان و
دوووچاری بەکاربردنی سیکسی دەبن. هەروەها لەهەندی وڵاتی هەژاردا
بێوەژنان لەلایەن خێزانەکانیانەوە ناچار دەکرێن رووبکەنە ئیشی وەک سواڵ
و لەشفرۆشی کاری سەختی تری رۆژانە. بە پێی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان
قاچاخچییەکانی مرۆڤ بێوەژنە گەنجەکانی وڵاتانی وەک روسیا و چیک و
لیتوانیا و هەنگاریا بە پەیمانی کاردۆزینەوە دەخەڵەتێنن و دەیان بەن بۆ
وڵاتانی دەوڵەمەند و لەوێ ناچاریان دەکەن لەشفرۆشی بکەن.
لە عێراقیشدا، لە ئەنجامى جەنگ و داگیرکردنى زۆربەی زۆری دانیشتوانى
ئەم وڵاتە بەشێوەیەک زیانیان لێکەوتووە، بەڵام هیچ کەسێک ئەوەنەی ژنان
زیانمەند نەبوون، لەبەر چاوترینى ئەم زیانانەش زۆر بوونى لەڕادەبەدەرى
ژمارەى بێوەژنەکانە. بەپێى ڕاپۆرتێکى ئاى پی ئێس، کەناڵى خێرخوازى (شرق
الاوسگ) لەکۆتایى ساڵى 2007دا ڕایگەیاند نزیکەی حەوتسەد هەزار بێوەژن
لە عێراقدا ئەژین. ئەم ژمارە زۆرەش بە هۆى قەیرانى جەنگى نێوان ئێران
و عێراق و داگیرکردنى عێراقەوە هاتۆتە کایەوە. دوو ڕێکخراوى سەربەخۆ
لە ئەمەریکا و ئینگلتەرە وتیان: بەهۆى
داگیرکردنى عێراقەوە بەلایەنى کەمەوە نیو میلێۆن نەفەر گیانیان لەدەست
داوە. سەرئەنجامى ئەمەش بەهۆى ئەوەى پیاوان بژێوى ژیانى خێزان دەستەبەر
دەکەن، بۆیە لەپاش مەرگى ئەواندا ژنەکانیان ناچاردەبن بۆ بژێوى خۆیان
و منداڵەکانیان سەرەڕاى وکاروبارى ناوماڵ بەسەختى ئیش بکەن.
لەبەر ئەوەى ئەم ژنانە زۆربەیان گوندنشینن و نەخۆێندەوارن، بەسەختى
ڕووبەڕووى ژیانێکى پڕ لەمەترسى و داب ونەریتە کۆمەڵایەتیەکان دەبنەوە.
پسپۆڕان لەم بارەیەوە ئەوەشیان ڕاگەیاند: لە عێراقدا ئەگەر پیاوێک
لەڕووداوێکدا بکوژرێت، ئەوا تەنها دوو هەزار دۆلار دەدرێت بە
خێزانەکانیان و ئەم مەبلەغەش هیچ کێشەیەک بۆ ئەو خێزانانە
چارەسەر ناکات، لەبەر ئەوە پێویستە حکومەت گرنگى زیاتر بدات بەم
مەسەلەیە و ئەم کێشەیە چارەسەر بکات بەدابین کردنى موچەیەکی گونجاو
و لەبار بۆیان.
سەرچاوە: هەمشەهری
ئۆنلاین
http://www.hamshahrionline.ir/News/?id=59642
|