٢٨\١٢\٢٠١١
بێوڵات...

شوان عوسمان
لە وڵاتێک ئەژیم
ئەگەرچی وڵاتی من نیە ،
بەڵام کەس نالێت بڕۆ غەریب ئەوە وڵاتی تۆ نیە ..
من لە وڵاتی خۆم چەند مەغرورو چەند مەغدوورو
چەند غەریب بووم....
کابوسێک هەبوو بەردەوام ،
لە شەوی غەریبی من سەری دەرئەهێناو
چاوچاوێنەی لەگەل چاوم ئەکرد...
خەوی ئارامی لە چاوم تار ئەکرد...
ئەو شەوەی بە بارووت برۆی سەرچاوی شاری منیان ،
هەتک کرد ،
کۆڵان و گەڕەک لە بەرچاوم بە قۆنداخەتفەنگ ،
هەتک ئەکران ...
هەموومان بە بۆنی شەڕ هەتک کراین....
مێژوویان بە زەینی کۆر هەتک کرد ،
مانگیان لە چاوی ئاو لێل کردو
رەنگیان لە باڵی پەپوولە باڵ کردو
چاوی منیان هەلکۆڵی و
منیان لە مێژووشدا بە کۆرەیی دەرکرد...
ماچ وبزەو بۆنی رێحان وهەموو شتێکی جوانیان هەراج کرد...
لەبەرئەوەی من نە داهۆڵێک بووم ،
نە خزمی سەپانێک بووم ،
لە باخی مەرایی وبێ ریایی ئەوان...
نە لە خێلی سەرەک خێلێکدا،
ناسنامەی خوێنێکی لە ئاوی ئەوانم تێئەگەڕا ...
ئێرە وڵاتی ئەوەیە کە بە خەمی وڵات داخ کراوەو
وڵاتیش حاشا لە خەمەکانی ئەکات...
گەڕەک گەرای تروکانی لێ تێکداوەو
کۆڵان لە گەرووی خۆی دەریهێناوە...
لەبەر شەڕەپەڕۆی سەرگەرمێکی شەر ،
دەیەهاجار رەشبەڵەک تێکچووە...
لەو ئاهەنگەی گەلی من سەرچۆپی ئەکەوێتە دەست بێئینسافێک ،
کە نازانێت شایی بۆ بەرپێی کام پەیکەری سەرۆک ،
هەڵئەپێچێت...
گرنگ ئەوەیە بوکی کراس زەردو
زاوای چیت کەسک ئەوشەو نەگەنەیەک ....
کوڕەکانیش بە نەفرەتی رەش ،
شەڕی مێژووی یەک ئەکەن...
خۆیان بە ئاوی حەرامزادەیی ئەشۆنەوە ،
تا لەو ماڵە کەساسە غەریب بین...
ئاخر کەس نازانێت ئەوە ماڵی هەموومانە ،
هەموومان چەند غەدرمان لێکراوە ،
چەند غەدرمان کردووە لەو ماڵە ،
چەند غەدرمان لە ماڵی یەکتر کردووە....
لە غەریبیشدا هەموومان لە بن دەوارێکی شڕووڕدا ،
ئەبینەوە کرێچی لە ماڵێکی پەرپووتی خۆمان...
لەو دەڤەرە ساردو سڕە کە هەموو شتێک سڕەو
بۆنی ساردی لێ دێت....
هێشتا ئەو وڵاتە گەرمتر، گەرمم ئەکاتەوە ،
لە ئامێزی وڵاتە دڵساردەکەم...
لێرەدا ئاو لە سەفەری رووتیدا ،
ئاوێکی چەند رووتە...
بەڵام بە شەرمەوە لەرووتیمان ئەڕوانێت...
چەند گوناهە ئاوی وڵاتی من ،
تا گوڵاوێکمان ئەداتێ، بە گوناه تێروپڕ ئەمانشواتەوە...
چەند گوناهین ئێمە ،
بە بارانی گوناهی وڵاتێک تەڕین ،
وشک نابینەوە..
چەند گوناهە وڵاتی گوناهستانمان ،
چەند غەریبین لێرەدا ،
چەند غەریبین لەوێدا ،
چەند پڕین لە غەریبی....
لە وڵاتێک گیرمان خواردووە ، تا لێوان پڕین لە غوربەت و
تەنیایی...
لێرە خاک پاش بارانێکی ماندوو ،
بۆنی ئارەقەی خاکێکی ماندووی ئەوێی لێ نایەت...
چەند خۆشە بۆنی خاکی وڵات ،
کە فرمێسک لەگەل گریانی باران تێکەل ئەکات ،
ئەوسا تام لە بۆنی خاک و
گەرمی فرمێسک ئەکەی...
بۆنی ئارەقەی جۆگەلەیەکی نەزیف بە خوێنی خاکی ئەوێ ،
چەند موقەدەسە...
ئێستاش بە قودرەتی ئەو بۆنەدا ،
سەرم هەمیشە گێژە بۆ ماچێک ،
تا هەناسەی ئەو خاکەم تام بکەم....
لەو وڵاتەی پڕ غوربەتی ئێرەدا ،
گوڵ وباران بۆنێک بە لووتمانە ناپرژێنن ،
تا کەپوومان ئاشت بیتەوە بە بۆنی یەکتر..
چاوەڕێم رۆژێک وەکو مێوانێکی ناوەخت ،
بۆنێکی ئەوها بێت و
لە دەرگای غوربەتی من بدات...
لەوەتەی جانتای سەفەر هاوڕێمەو
لەگەل خوڕەی ئاویش هەمیشە شەڕمە ،
کامەمان زووتر مەنزلێک لە دوورەوڵاتی بۆ خۆی ئەهۆنێتەوە...
نیشتمان نەماوە بۆنی نەکەم ،
بەڵام بۆنی هیچ نیشتمانێک ،
لە بۆنی نیشتمانی غەدرلێکراوی من ناچێت...
بۆنی هیچ عەترێک لە بۆنی تەمۆخ و
پونگ وسپیندارو وریخ ورەشەسیانی بەردەرگای ماڵانی کۆڵانێکی من ،
بۆنخۆشتر دەرناچێت...
لێرە باران لە چاوی ئاسمانی منداڵێکی هەتیودا ،
نابێتە فرمێسکێکی تووڕە....
پەلەهەورەکان لە سەر سنگی بێوەژنێکی کراس وباخەڵ رەش ،
نانینشنەوە...
تا لە چەخماخەی خەمێکدا سنگکوتانێکی خۆیان ،
بشارنەوە...
کێ بۆنی کورو مێردەکانیان لۆ ئەگەڕێنێتەوە...
پارچەعاردێک یان مووچە....
لێرە باران ئەوەندەی لە گوناهەکانمان ئەڕوانێت ،
ئەوەندە بە گوناهمان نازانێت...
ئاخر بە گوناهبارمان ئەزانێت...
چیتر بەهەوری ئەو گوناهە تەڕمان مەکەوە...
بارانی ئەوێش وەکو خۆمان گوناهە ،
لە گوناهمان ئەگات و
لە گوناهمان خۆش ئەبێت و
گوناهیشمان ئەشواتەوە...
لێرە خاک رەنگی لە رەنگی بۆرەکچێکی تەڕوبڕ ئەچێت...
کە قژی لە زێرەو
هەمیشە بە پەلکی شەنگەبیەکی زیوین ،
پرچی دادێنێت..
کراسی لە تاڵە قژی بەهارێکی هەمیشە دڵتەڕەو
خۆیشی گەلێک دڵتەر..
لەوێ خاک رەنگی لە قەیرەژنێکی قژ قەتران ئەچێت ،
بە وەنەوزی خەزانی پەلکە زیزەکانی پاییزێک ،
پرچی دادێنێت و
کراسی لە خەمێکی خۆڵەمێشی بە خم ،
رەنگاورەنگ ئەکات..
لەوێ خاک چلکی کورتەک وشروالی شەهیدێکە ،
بۆنی خوێن وبارووتی ناو برینەکانی ئەوی لی دێت ،
تەمی دوکەڵێکی رەشی پاش شەڕەکانی ئەوێ ،
نایەوێ بڕەوێتەوەو هەمیشە بە ترسێک ،
هەرەشەبارانمان ئەکەن..
لێرە خاک ئەتەکێکی تەنکی سوورو
ستیانێکی پەمبەی باڵی پەپوولەییە ،
هەر رۆژە لە سەر دەستی یەکێک سەما ئەکات و
بۆنی پێوە ئەکات.....
لە بۆنی حەشیش وئارەقەی بن باڵ وکۆندۆم وئاوی پیاوی ،
کاڵ وتۆخ ورەش وسپی ،
هیچ بۆنێکی دیکەت بە لووتەوە ناچێت....
ئای بەو بۆنانە چەند گێژو وێژم...
خاک لێرەدا جامخانەیەکی عەرزی سمت وسنگی ژنە ،
هەوەسبازو دڵتەڕەکانە..
لەوێش خاک حوجرەیەکی بە قوڕ گیراوی عەرزی ،
ئیستعرازی عەزەلاتی شەڕوانەکانی ئەوس وخەزرەجە...
لە بەردەستی حەزرەتی مەڵایەک ،
تەکنەلۆژیاو عەقڵ وەکو تەماتە ئەترخێنەوەو
سوجدە لۆ خورافات ئەبەن...
نوێژێکی مردوو لە سەر رۆحی زیندووی مێژووم ئەکەن..
لەوێ قژ نەگبەتەو پرچ بە عەورەتە ،
رۆژێ هەزارجار لە سەر نامووس هەتک ئەکرێت...
ئاخر سەری بەستەزمان کەچەڵ بوایە باشتر نەبوو ،
نەک ئەوها بە دۆخین وبە دەرپێ ئابرووی هەتک بکرێت....
لەو وڵاتە غەریبە ناوگەڵ بە سەرەوە نوساوەو
سەریش نامووسە نابێت بە دەرەوە بێت..
لێرە خاک لە نێرگیلەی حەشیش خۆرێک ئەچێت...
ئەوەی دێت ودەمی پێوە ئەنێت و
ماچی لی ئەستێنێت و
لە دەمی یەکتریشدا ئەڕشێنەوە...
لەوێش خاک لە ئیزرائیلێکی جەللاد ئەچێت ،
بە ئاوی رٶحی ناسک و
لاسکە رێواسی کچە تەمەن وچاو مەستەکان ،
مەستەو قەت تێر بوون ناناسێت...
تا تامێک لە ئازادیمان پێ ئەبەخشێت ،
هەزارجار خوێنمان تام ئەکات...
لێرە خاک چەند خوێنی ساردە ،
لە رەنگی سەروسیمای خاڵخاڵی کچە هۆڵەندیەکی هیشکوبریشک ،
ئەچێت..
کتو مت ئەویش هەر لە حانەمەتۆکەکەی گەڕەکی دێرەی ،
لای خۆمان ئەچێت...
لەوێ خاک تێنی چەند گەرمەو
هەتاوی چەند خوێن گەرمە...
هەمیشە نیگای چاوی ،
لە چاوی پەریزادی کچی کافرۆش ئەچێت...
لەوێ لە بن ساباتی رۆحی وڵاتمدا ،
رۆح چەند قەدەرێکی گوناهە و
مەلێکی بێباڵ وماڵیی ناو زیندانێکی بێماڵە.....
ئەوەی ئازادی بکات باڵی خۆی لە دەست ئەدات و
بێ ئازادی ئەبێت.....
لە خەرەندی قەدەری کۆمەڵەکەمدا ،
جگە لە کوفرو تاوان وفێل ودرۆ ،
رۆح هەمیشە لە فەنابوونێکی نغرۆ بوون دایە...
لە بن کەپری وەعزو فتوای کەللەبەردێک ،
پیاوەتی وشەرەف وئینسانیەت ،
بە گوێرەی ریش دابەش ئەکرێت ،
نەک کردارو ئیش...
تا قیامەت مسۆگەر بێت ،
ئای لەو قیامەتە کە کەس نازانێت لەپێناو ژیان ئەژی یان مردن....
ئێرە وڵاتی بەتاڵ بوونەوەی رۆح و
جەستەیە..
لە ئاوی تۆو هەموو ئاوو هەواو بۆنێک ،
هەر لە قرپ وقڕقێنە تا تڕ...
هیچ شتێک عەیب نیە ،
عەیبە دیل بکرێت چونکە غەدری لێ ئەکرێت و
گوناهە ئەبێت ئازاد بێت...
ئەوێ وڵاتی بەتاڵ بوونەوەی ئاوی فرمێسک وئاوی دامێنە ،
بە خیانەت وبە دەست نەک بە ئیرادەو جەستە...
لەوێ وڵاتی عەیبەو پڕ بوونی جەستەیە ،
لە هەوای بۆگەن وئاوی بۆگەن ورقی بۆگەن وتۆڵەی بۆگەن...
هەموو شتێک عەیبەو عەیبەش حەرامە ،
لە بن عەبای عەیبەو حیجابی ئیختیفاش ،
هەموو شتێک بە دزیەو نەزەری عەیب نیە...
بە سڕی هەموو ئەسرارێک حەلال ورەوایە...
ئەوێ وڵاتێکە کەس لە پێستی خۆی دا نیە ،
گورگ ومەڕ لە ناعەدالەتی شین بەیەکەوە ئەکەن ،
نەک لە دادپەوەری...
ئێرە وڵاتم نیە ،
ئەوێ وڵاتم نیە..
نازانم قەدەری وڵاتی من بە چ قەدەرێک و
بە قەدەری چ سەفەرێکی دیکەمەوە نووساوە...
لەوێ چەند بە سەرابی نیشتمان تەفرەمان خواردوو و
لێرەش چەند بە سەرابی نیشتمان تەفرە ئەخۆین.....
لە ناو ئەو هەموو سەراب و
داخی ئەو تەفرانە هەر داخ نەکرێین....
ئاخر ناتوانم جارێک بیر لە نیشتمان نەکەمەوە....
ئەگەرچی نیشتمان هەمووجارێک ،
لە فەسلی بەهاری تام کردنی سێوەکانی بەهەشت ،
داخم ئەکات و
بیرم لێ ناکاتەوە.....
سێوێک کە بە ئاوی عومرم ئاومدا ،
بە کرمی پاییزێک کرمرێژ ئەکات ،
تا من دەمی لۆ نەبەم.....
٥\١٢\٢٠١١
- هۆلەندە
ماڵپهڕی
شوان عوسمان
|