٢٨\٧\٢٠١٤
بەغداد پۆستمان پێ
دەدا، لێ مافمان لێ زەوت دەکا؟!

ستار محەمەد قادر
رۆیشتنی ئەم جارەی کورد بۆ ناوەند بە مەرج
بێت یان بێ مەرج، ئەو پۆستانە وەردەگرێت وا لەسەر بنەمای تەوافوق بۆ
کورد دیاریکراون، برایانی شیعە باش لەوە گەیشتوون، بەشداریکردنی کورد
لە حکومەتی عێراقدا، لەڕووی رواڵەتیەوە چ رووتووشێکی ئەو عێراقە دەکات
کە سیخناخە لە قەیران، ئەوەش باش دەزانن بەشداریکردنی کاراکتەرە
کوردەکان، کاریگەریەکی ئەوتۆیان نابێت لەسەر بڕیارە سیاسیەکان، هەر
وەکو لەچەند ساڵی رابردوودا بینیمان لەهەردوو حکومەتی جافەری و
مالیکیدا حزوری کورد تخووبی تەشریفاتی تێنەپەڕاندووەو کاراکتەرە
کوردەکان دوور بوونە لە ناوەندی بڕیارو لە تواناشیاندا نەبووە
رووبەڕووی بڕیارە سیاسیەکانی ئەنتی کوردی مالیکی و تاقمەکەی ببنەوەو
هەڵوێست وەربگرن!
ئەمڕۆ کورد بۆ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرتەوە، پۆستێک بۆ
مانەوەی کورد لەچوار چێوەی عێراقدا، رایەڵێکە هەموو کاتێک دەبێت
شوکرانەی خوای پەروەردگار بکات، ئەها سەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ
کوردەو کوردێک لەمەو دوا بەشدار دەبێت لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عارەبی
و دەبێت هەموو هەوڵەکانی وەکو عارەبێکی سووننەو شیعە بۆ ئەوە چڕ
بکاتەوە تا پارێزگاری لە یەک پارچەیی خاکی عێراق بکات!
وەرگرتنی پۆست نابێت ببێت بە ئەڵتەرناتیڤی مافەکانی کورد، شیعە
بەوشێوەیە وێنای کورد دەکات، مادام پۆستی پێ دەدرێت، ئیتر نابێت پەل
لەوە زیاتر بهاوێت، ئەمە دەبێت گفتوگۆی لەبارەوە بکرێ و رێگە نەدرێت
وەرگرتنی پۆستەکان بکرێن بەهۆکاری ئەوەی مافە نەتەوەیاتیەکانی کورد
دیزە بەدەرخۆنە بکرێن!
چونکە ئەو پۆستانە جگە لەبەشداریکردنێکی رەمزی، جگە لەدەسکەوتی ماددی و
مەعنەوی بۆ کاراکتەرەکان، بۆ کورد وەکو نەتەوە هیچ سوودێکی نەبووەو
ناشیبێت، کەواتە لێرەوە دەبێت قسە لەسەر ئەو مەرجانە بکەین کە کورد
دەبێت لە بەرانبەر بەشداریکردنی دانووستانی لەسەر بکات، نەک بێینەوە
ئەو قسەیە بجاوینەوە کە ئەو پۆستە مافی کوردەو شیعەکانیش تەنها بەخۆ
پاڵاوتنێکی رواڵەتیانەوە بیانەوێت کارتی خۆیانمان پێشان بدەن و
بەشێوەیەکی نا راستەو خۆ ئەوەمان پێ بڵێن: ئەگەر شوکری خوا ناکەن و
سووپاس گووزاری سینە فراوانی ئێمە نابن؟ ئەوا ئێمەیش ئێوە لەنێو
هاوکێشەکە دەهێنینە دەرەوەو ئیتر دەس بە گەمەیەکی تر دەکەین!
بەداخێکی زۆرەوە تا ئێستا سیاسیەکانی کورد بەشێوەیەک قسە لەسەر
وەرگرتنی پۆستەکان دەکەن، وەکو ئەوەی شێوەو فۆرمی بەشداریکردنی کورد لە
چوار چێوەی عێراقدا، بەو پۆستانەوە بەسترابێتەوە، نەک مافە نەتەوایەتی
و نیشتیمانییەکان، ئەوانیش لەئێستادا وەکو گەمەکەرێکی باش دەیانەوێت
ئەو پۆستانە بکەن بە فاکتەرێک بۆ ئەوەی بە جیهانی دەرەوە بڵێن: مافی
کورد لەمە زیاتر دەبێت چی بێت؟
لە کاتێدا نە باوەڕیان بە دەستوور هەیەو نەش دەیانەوێت بە بڕگەو
ماددەکانیەوە پا بەند ببن، ئەوەتا دەبینین چۆن دژایەتی ماددەی 140
دەکەن و تا ئەوان لەسەر کورسی حوکم و ناوەندی بڕیار ببن، کورد دەبێت
وەکو چیرۆکی گوێی ئاگردان بۆ خۆی بیگێڕێتەوە، کەواتە دەسکەوتەکانی کورد
لە بونیاتانەوەی عێراقی نوێدا، لەدیدگای ئەوانەوە لەم قۆناغەدا، تەنها
لە وەرگرتنی پۆست و ئیمتیاز کورت کراوەتەوە، ئەگەر ئەم مەسەلەیە درێژە
بکێشێت و کەمێک رەوشیان ئارام ببێتەوە، رەنگە ئەو مافانەش بۆ کورد
بەرەوا نەبینن، بۆیە دەبێت هەمووان دان بەو راستیەدا بنێین، ئەو چەند
ساڵەی کە رابوورد، مامەڵەی ناوند لەگەڵ کورددا، مامەڵەیەک بووە نەک
لەسەر بنەمای شەراکەتی راستەقینە، بەڵکو مامەڵەیەک لە قۆناغێکی
دیاریکراوداو بۆ مەبەستێکی دیاریکراو، پۆستیان بە کورد داوە، بەڵام
لەسەر هەمان ریتمی بەعسیەکان، دژایەتی مافەکانی کوردیان کردووە؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|