بە غەزرین بەر بە
شەڕ ناگیرێت...!
(سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا و
هەڵوێستەکانی بارزانی).

موزەفەر عهبدوڵا
بە دوای چەند هەفتە لە هەڕەشەو لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر کوردستان، بە
بەهانەی لێدانی پەکەکەوە ،ئەوە چەند ڕۆژە ئەم هەڕەشانە چۆتە کایەی
هێرشی سەربازی یەوە. وێرای بۆردومان بە فرکەی جەنگی و تۆبباران کردنی
چەندین ناوچەی سەر سنورو کوشتن و بریندار بون و ئاواریی هەزاران کەس لە
هەمان کاتدا هەنگاو بە هەنگاو هێزی سەربازی بە تۆپ و تانکەوە هاتونەتە
ناو خاکی کوردستانەوە.
لە بەرانبەر ئەم هەڕەشەو هێرشانەی تورکیا خەڵکی کوردستانو ڕای
ئازادیخوازی جهان سەرەرای مەحکوم کردن ،دەستبەجی داوای وەستانیان کرد.
بەڵام ئەوەی جێگای زیاتر سەرنجی گاڵتە ئامیزانەیە، ڕاگەیاندو
هەڵویستگیری یەکانی مەسعود بارزانی یە کە لە دامودەزگای راگەیاندنەکانی
پارتی یەوە بە شانازی یەوە باسی دەکەن.
بێ گومان مەسعود بارزانی لە سەرەتای ئەم هەڕەشانەوە کە لە کاتی
هەڵبژاردنەکانی تورکیا جاریکی تر دەستیان پی کردەوە، پێی وابوو کە ئەم
هەڕەشانەی حکومەتی تورکیا تەنها پڕوپاگەندەی هەڵبژرادنن و بە کۆتایی
هاتنی هەڵبژاردن هەڕەشەکانیش کۆتاییان دێت.بەڵام دوای جێَگێر بوونی
حکومەتی ئۆردوغانی ناسیونال ئیسلام فاشی و بە سەرۆک کۆمار بوونی گۆڵ
ئیستا بە کردەوە هەرەشەکانیان دەرهێنا ،وە ئیستا مەسعود بارزانی بۆی
دەرکەوت کە ئەم هەرەشانە واقیعین بۆیە ناچار بوو بگەویتە جۆرێک لە خۆ
گیڤ کردنەوە .
بارزانی و بەرپرسانی تری دەسەڵاتداری گەندەڵ و سەرو خەڵکی کوردستان
هاوکات عەرزی عەزەڵاتیان دەکردو هێزی پێشمەرگەو بە ناو سوپای پارێزگاری
کوردستانیان لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانیانەوە نومایش دەکرد و وایان نیشان
دەدا کە ئەمانیش لە حاڵاتی هێرشی تورکیا ئامادەی بەرگرین لە سەروەری
خاک و ئاسایشی نەتەوەییان.
ئیستا دوای ئەو هەموو بۆمباران کردن و لەشکرکیشی یەو کوژران و بریندار
بون و ئاوارەیی یەی خەڵکی یە بارزانی تەنها ئەوەندەی لە دەست هاتووە کە
داوا لە پارێزگاری سلێمانی و هەولێر و خەڵکی کوردستان بکات کە فریای
ئەو خەڵکە ئاوارەی یە بکەن و کۆمەکیان پێ بکەن.
بەڵام خاڵی هەرە بەرچاو و سەرنج ڕاکیش و گاڵتە ئامێزانە تر لە قسەو
هەڵویستەکانی بارزانی، کە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی پارتی زۆر بە شان و
باڵی ی دا هەڵدەدەن، رەت کردنەوەی بارزانی بوو لە دیداری لەگەڵ رایسی
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک نیشان دانی ناڕەزایەتی لەبەرانبەر بێ دەنگی
ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانەی تورکیا.
بەڵام بۆ هەر کەسیک کە ناوەرۆکی دەسەڵاتی ئەمانە بناسێ و کەمترین
لێکدانەوەی سیاسی واقعی و جدی هەبێت ئەمە نەک هەر بە هەڵوێستگیری جدی
وەرناگرێت بەڵکو زیاتر بە غەزرینی مناڵێکی دەزانی کە داوا لە باوکی
بکات شکولاتەی بۆ بکرێت و باوکیشی بۆی نەکرێت ، مناڵەکەش ناچارە
بغەزریت و پێی بە زەوی یدا بخشێنێت و تەپ و تۆزیک بکات تا لە داخا خۆی
لە چاوی باوکی ونکات.
بە ڕاستی ناکرێت ڕەت کردنەوەی دیدارێکی لەو جۆرە لە مێژوودا بە شانازی
بۆ بارزانی بە وێنەی سەرکردەی حزبێک و سەرۆکی هەرێمێک تۆمار بکرێت لە
کاتێکدا ئەم سەرکردەو سەرۆکە هەمو مێژووی سیاسی حزب و جوڵانەوەکەی
پاشکۆیەتی و مل کەچ بوون بووە بۆ هێزێکی وەک ئەمریکا کە سەرتاپای
مێژویی ئەم سیستەمە سیاسی یە ، بە تایبەتی دەستەی فەرمانرەوای ئەم دوو
دەیەی ئەمریکا، شەڕو داگیرکاری و کوشت و کوشتار تیرۆرو تۆقاندنی بووە
لە هەموو جهاندا .
ڕای ئازادیخوازی کوردستان و عێراق و جهان ئەو ڕاگەیاندن و هەڵویستگیری
و نارەزایەتیانە بە جدی وەردەگرێت و بە شانازییەوە لە مێژوودا تۆمار
دەکات کە رێک پێچەوانەو دژی ڕەوتی سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە ڕوانگەیەکی
ڕادیکالانەو مرۆڤدۆستانە، تەنانەت ئەگەر بەو هەڵویست و نارەزایەتیانە
نەکریت بەر بەو شەرەو نەهامەتی یەکانی خەڵک بگرێت،وە هەر ئەمانە دەبێت
بە خاڵی درەوشاوە لە مێژووی راستەقینەی مرۆڤایەتی دا.
مەسعود بارزانی و هاو ڕێبازە سیاسی یەکانی، کە خەڵکی ستەمدیدەی
کوردستان تەفرە دەدەن بە سیاسەتەکانی ئەمریکا و بە فریاد ڕەسی خەڵکی
دەزانن ، لە ئایندەی نە زۆر دوردا لە چوار چێوەی ئاڵوگۆڕە نوێ یەکان و
هێز هاوسەنگی یە نوی یەکاندا هەمان زللەی مزری ئەمریکا دەبینن کە ساڵی
1975 دای لە بناگۆی مستەفا بارزانی و ئاشبە تاڵی پێ کردن لە پاداشتیشی
دا باوکی مەسعود سوپاسگوزاری شای ئیران و ئەمریکا بوو.
ئەمرۆ ئەم شەرو هێرشانەی ڕژێمی فاشی تورکیا بۆ کوردستان بە بەهانەی
بوونی پەکەکەوە ئەبعادەکەی زۆر فراوانترە لەوەی بارزانی تەوەقعی دەکات
بۆیە بەم غەزرینە ناتوانێ بەر بەم شەڕو هێرشانە بگرێت.
دیسمبەری
2007
|