کورتە چیرۆک:
بەخۆداچوونەوە.

نەوزاد بەندى
لەگەڵ ئەوەى هەموو ڕۆژێ لە هەمان دوکان لەفەى قاورمەى نۆکم ئەخوارد ،
ئەمەیش ئەوەندەى واقیعى تەندروستیم سەپاندبووى ، نیو ئەوەندە ئارەزووى
خۆم نەبوو .. لە هەمان کاتدا هەستێکم بەرامبەر ئەو دوکانە نەبوو ، واتە
نەمئەتوانى تەنانەت بە ووشەیەکیش پێناسەى بکەم ..ئیتر بەو جۆرە ،
دکتۆرە لوت فشەکە واى پێ ووتم ، کە نابێت بە هیچ جۆرێ نزیکى گۆشتى سوور
و سپى و ڕەنگەکانى تر بکەومەوە .. نابێ نزیکى هێلکە و قەیماغ و پەنیر و
جگەرە بکەومەوە .. ئەبێ ڕوو بکەمە سیر و پیاز و تور و تەڕەتیزە ..برادەرەکانم
پێیان ووتم ، کە ئەگەر بەو شێوەیە بژیم مردن باشترە ..پیاو شیشێ گۆشت و
چاییەکى خەست و جگەرەیەک وەکو جامانە و مشکى تیکەڵ نەکات ، بەکارى چى
دێ ؟
هەروەها دکتۆرە لوت فشەکە پێى ووتم کە نابێ چاى ڕەش و قاوە بخۆمەوە ،
بەڵکو ئەبێ چاى سەوز بخۆمەوە کە دایکم بە میزى کەر پێناسەى کردبوو ..هەروەها
نابێ خەم بخۆم و ئەبێ لە شەو و ڕۆژێکدا بەلایەنى کەمەوە هەشت سەعات
بنووم و ..نابێ بە هیچ جۆرێ تووڕە بم و .. ئیتر بەو شێوەیە..
برادەرەکانم پێیان ووتم ، کە پێویستە بە زووترین کات گۆڕیک هەڵکەنم و
خۆمى تێدا زیندە بەچاڵ بکەم .. بەڵاًم دایکم پێى ووتم : با هەر بۆ
خۆیان چەنە بدەن ، ئەوانە خوێڕین و قەدرى عافێت نازانن ، ئەبینیت
هەموویان جەڵتەى دڵ و مێشک تەپڵى تۆپانیان پێ دەکات ..
دایکم زۆر بە درێژى وەسفى هاوڕێکانمى کرد و لە کۆتاییدا ووتى :
شەمشەمەکوێرەیەک لەوانە باشترە ..
ئیتر من بەرنامەى ژیانم گۆڕى ، لە جیاتى ڕۆژانە لاى باییزى جگەر دوو
شیش گۆشت بخۆم ، ئەچومە لاى مارفى قاورمە و دوو قاورمەى نۆکم ئەخوارد..
ئەوە چەند مانگ و ساڵە ، نازانم .. بەڵام بەرە بەرە برادەرەکانم ون
دەکرد ، چونکە لەم وڵاتانەى ڕۆژهەڵاتدا جۆرى خواردن ، جۆرى برادەریشت
بۆ دیارى دەکات ..بە کورتى لەم وڵاتەى خۆماندا بە سایەى نەوتى ژێر
زەمینەکەمان ، تەنها خەریکى خواردن و قسە کردنین ..ئەگەر زۆر قسە بکەی
، ئەبیتە خاوەن کۆمپانیا و حیزب و شتى مەزن ..ئەگەر زۆریش بخۆیت ،
بێگومان کەم ئەژیت ..چونکە وەکو یاسایەکى فیزیایى یاخود دیاردەیەکى
ناوبازاڕ ، ئەو عەلاگانەى شتى زۆریان لێ بار دەکرێت ، زوو ئەڕزێن و
ئەفەوتێن .. گەدەى مرۆڤیش بە هەمان شێوەیە ..
بەڵام من مەبەستم لە شتێ بوو ، کە ڕەنگە بە لاى هەندێکتانەوە
دیاردەیەکى قێزەون بێ ، هەندێکى تریشتان پێتان وایە دیاردەیەکى شەرم
ئامێزە و ئەوەندە ناهێنێ پیاو باسى بکات ..لەگەڵ ئەوەیشدا من هەر باسى
ئەکەم ، چونکە ئەمەوێ لەو بارەیەوە کورتە چیرۆکێ بنووسم و بیسەلمێنم کە
لە نووسین نەچومەتەوە ،ئەوەیش بۆ خۆى مەسەلەیەکى ترە ..
ئەو ڕۆژە و لە کاتێکدا مارف لەفەى قاورمەى ئامادە دەکرد ، بۆم دەرکەوت
لووتى ئاو دەکات ، بە جۆرێک هەر لەفەیەک چەند دڵۆپێکى تێدەکەوێ ..ئاى
لەو کارەساتە !!..بیرم کردەوە بەڵکو ئەمە تەنها ئەمڕۆ توش بوبێ ، لێم
پرسى : مام مارف ، ئەوە ئەمڕۆ توشى ئەو پەسیوە بووى ؟
وتى : دەنگ مەکە ، بیست ساڵ زیاترە ئەو پەسیوەم لەگەڵدایە ، دکتۆرى
شەرق و غەربم کردووە ، چارى نیە ..
کەواتە چەندین ساڵە ڕۆژانە چڵمى مام مارف بە قاورمەوە ئەخۆم ..
حیسابم کرد ئەگەر هەر لەفەیک چوار دڵۆپەى تێکەوتبێ ، ئەوا لە مانگێکدا
پیاڵەیەک چڵمى دەرخوارد داوم ..
تازە کار لە کار ترازا بوو ، نە ڕشانەوە مەسەلەکەى چارەسەر دەکرد و نە
بۆ نمونە تێهەڵدانى مام مارف .. کە دڵنیام زۆر لە من ئازاترە ..بە
هەرحاڵ بە بیانوى ئەوەى کە ددانێکم کەوتۆتە ئێش ، لەفەى قاورمەم
فڕێدایە ناوە تەنەکەى خۆڵەکە ..یەکسەر لە ژێر لێوەوە چەند جنێوێکم
ئاڕاستەى دکتۆرە لوت فشەکە کرد یاخود ڕاستتر چەند جنێوێکى ئاڕاستە
ئەکەم یان ئاڕاستەم کردبێ ، بۆ ئەوەى وەک ڕەخنەگرەکانمان ئەڵێن ،
چیرۆکەکە لە گێڕانەوە و حەکایەت بپارێزم ،بەو پێیە من هێشتا جنێوەکانم
ئاڕاستە نەکردووە ، بەڵام درۆ باش نیە ، دڵۆپە چڵمەکان خوراون و
بڕاونەتەوە ..واتە دڵۆپە چڵمەکان وەکو حەکایەتى لێهاتووە ، تازە لە
فرمانى ڕابوردوو زیاتر هیچ فەرمانێک وەرناگرن ..هەر بۆیە سودم لە
کتێبێکى دیل کارنیگى وەرگرت بۆ تێپەڕاندنى ئەو بارگرانیە یان ئەو
نسکۆیە یان کورت و موختەسەر ئەو چڵم خواردنە ، یەکسەر چومە سەر
ئینتەرنێت و لە گوگڵدا بە دواى پێکهاتەکانى چڵمدا گەڕام ،توشى شۆک بووم
لە کاتێکدا هیچ شتێکى خراپم لەو پێکهاتەیەدا نەبینى ..نیعمەتێکە لەو
گۆڕەى ، شلەیەکە کە ناهێڵێ میکرۆب و تەپ و تۆز ئاودیو بن و ناهێلێ کونە
لووتەکان وشک ببنەوە و ..ئەو هەوایەى کە هەلى دەمژین ، هەم شێدارى
دەکات و هەم فێنکى دەکاتەوە ، باشە ئیتر بۆچى قێزمان لێى دێتەوە ؟؟باشە
جیاوازى نێوان چڵم و هەنگوین چیە ؟ هەنگوین شلەیەکە لە ناو سکى
مێروویەکدایە و لە دەمیەوە دێتە دەرەوە ، ئەگەر ئەو پڕۆسەیە بە فیلمێک
نیشان بدرێت ، ڕەنگە کەم کەس هەبن بە بینینى هەنگوین نەڕشێنەوە ،
کەواتە مەسەکە بینین و نەبینینە .. هەنگەکە بچوکە و لوتى مام مارف
گەورەیە ..هەنگوینەکە شیرینە و چڵمەکە ترش و سوێرە .. خۆ ئەگەر هەنگەکە
گەورە بکەین و لوتى مام مارف بچوک بکەینەوە .. لە بەرامبەریشدا خوێ
بکەینە هەنگوینەوە و شەکر بکەینە چڵمى مام مارفەوە ، ئەبینین لە
ماوەیەکى کورتدا بازاڕى هەنگوین دادەخرێت و بازاڕێکى نوێ دەکرێتەوە ،
کە وێنەیەکى گەورەى لوتى تێدایە لە ساتە وەختى فنگ کردنا ..
کەواتە مەسەکە گەورە و بچوکیە ، لەگەڵ خوێ و شەکردا ، کە مەسەلەیەکى
ئەوەندە گرنگ و چارەنووسساز نیە ، تەنانەت ئەتوانم بڵێم چڵمەکە
بەسوودترە ، چونکە ئەوانەى نەخۆشى شەکرەیان هەیە ناتوانن نزیکى هەنگوین
بکەونەوە ، بەڵام چڵمەکە زۆر بێ زیانە و هەمویشمان بە نهێنى و بە
ئاشکرا لە منداڵیدا ، لەو چڵمە سودمەند بوین ..بە تایبەتى لەو ساڵانەدا
دەستەسڕ دەستى هەموو منداڵێک نەدەکەوت ..وەکو نینۆککەر و شتەکانى تر ،
هەر بۆیە ئێستایش هەندێکمان هەر بە ددان ، نینۆک دەقرتێنین ..
هەناسەیەکى شادمانیم هەڵکێشا یاخود هەڵدەکێشم و ..بە نیازم بیرێک لە
سەرجەم داب و نەریتەکان بکەمەوە کە پێدەچێ زۆربەیان بە هەڵە
فڕێدرابێتنە مێشکمانەوە ، ئەوەیش باب و باپیرانمان دایانهێناوە ، کە
تێکڕا نەخوێنەوار بوون و هەر ئەوەندەیان لە دەست هاتووە ، بۆ نمونە کە
کچێک ماچ دەکەیت ، هەموو لیکى ناو دەمى هەڵدەمژیت ، کەچى هەر هەمان کچ
لە کاتى نانخواردندا ئەگەر بپژمێت بەسەر خواردنەکەدا ، یەکسەر دەست لە
خواردن هەڵدەگریت ، تەنانەت کچەکە خۆیشى ئامادە نیە لەو خواردنە بخوات
..بە مەرجێک لە کاتى ماچەکەدا بە لێشاو لیکەکە ى دەخۆیتەوە ، بەڵاًم لە
کاتى پژمیندا چەند دڵۆپەیەک دەپرژێت ..لەکاتى ماچەکەدا تەنها لیک
دەخۆیت ، بەڵام لە حاڵەتى دووەمدا لیک و برنج و شلە ..
نەخێر بۆم دەرکەوت یاخود بۆم دەردەکەوێت ( با ڕەخنەگرەکان چیرۆکەکەم
لێنەکەن بە حەکایەتى کوڕە کەچەڵ ) دەردەکەوێت ، کە پێویستە سەرجەم
دیاردەکان بگۆڕین ..ئەوەیش بەڕاى من پێویستى بە پەرلەمان و .. تەنانەت
سوپایشە ..هەروەها ئەبێت خەستەخانەکان لە حاڵەتى ئامادەباشیدا بن و ..پۆلیس
شارەکە پڕ بکەن لە بازگەى پشکنین ..خۆ ئەگەر هێزى فرە ڕەگەزیش
یارمەتیمان بدەن ، ئەوا باشتر و باشتر پڕۆسەکە بەڕێوە دەچێت ، بیهێنەرە
بەرچاوى خۆت لە دوکانى شەربەت فرۆشتندا ، یەکیک لە عەسارەکان پڕە لە
چڵم و نووسراوە : ( چڵمى ئەسڵمان لە لا دەست دەکەوێت )..یان لە سوپەر
مارکێتێکدا کۆمەلێک قوتوو دانراون لە سەریان نوسراو : ( چڵم بە تامى
مۆز ) ( چڵم بە تامى ئەناناس ).. لەوەیش زیاتر مریشکى ناو تەنور بە
چڵمەوە ..یان چەرەس بە چڵم .. یان کولێرە بە چڵم ..
ئەزانم ئێستا قێزتان دێتەوە و جنێوى جۆرا و جۆرم بۆ ڕیز دەکەن ، بەڵام
دڵنیام چەند دێڕێکى تر لەسەر جۆرەکانى خواردن بە چڵمتان بۆ باس بکەم ،
سەرسامیەکەتان ئەڕەوێتەوە و.. ئینجا بیر لەوە دەکەنەوە ئاخۆ چۆن و کەى
بەکارى بێنن ..
سبەینێ پێش ئەوەى لەفەکە بداتە دەستم ، وتم یاخود ئەڵێم یان بەردەوام
ئەموت :
(توخوا مام مارف با تۆزێ چڵمى زۆر بێ ).
nawzadbandy@yahoo.com
|