په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٨\٢٠٢٢

    بێ خۆم من نیم.

فه‌رهاد مازێ

خۆت خۆشبوێ لە کۆتایی تەنیا خۆتی لە ژیان دادەبەزی
جوانە تا دوا هەناسە خۆت بگەینی بە خۆت بڵێی جوانی و ژیانیت
هەلمگرتی بە میهرەوە هەلتگرتم جوانە لەگەڵ خۆت پاک بیت، بەخشندە بووی
نەگەیشتمە ئەو جوانییەی جوانتر لە خۆم، خۆشتبوێ تا پەرستن خۆت
لە تاریکیی چرا بووی لە ناو سەرم بە چاویلکەی تاریکییەوە پێچانەوەی ژیان
لەوە زیاتر برینەکان نەگەنە قووڵایی ژان
دوور لە گۆتەی شەو شاد لە ئاوەدانیی سەر ناشتن
رۆژانی تاریک گریان، شەوانی رووناکیش دەتگوت دەگەین
بەڵێ بە کۆڵی ژیانەوە مردن بە کۆڵمانەوەیە
وەک من بە کۆڵی خۆمەوە و خۆم بە کۆڵەوەیە
ماندوو بووین با مردن تۆزێ ژیان هەڵگرێ
ژیان پێویستی بە پشووە لەوەتەی هەی مردن بە کۆڵتەوەیە
پێشوازیی لە مردن و ژیان دەنێژین بە ژیان دەڵێین کەمێ ئارام
مردن پەلەمانە دوامەکەوە، دوادەکەوین
هەمیشە لەگەڵ برینەکان ئارام بەو هەموو ژانەی رژانە ژیان
ئیرەییم بە مردن بردوە بە هانای خۆمەوە هاتووم، هاتومەتەوە ناو ژیان
لە نێوان مانەوە و رۆیشتن غەریبیی خۆم دەکەم
منی رژاو خۆمم بۆ کۆناکرێتەوە بە مردن دەڵێم ئاگای لێم بێ
گەر خۆمم بۆ نەدۆزرێتەوە بە ژیان بڵێ شیرتێن بێ
بە جامێ ئاوی سارد درێژ دەبم، بە دەفرێ ئاوی گەرم کورت
لەو ئاوەدانییە چۆڵە خۆم نابینم
ئاوی سارد و گەرم منی شیرتێنیان بۆ نادۆزرێتەوە بە باڵایی دەمرم و بە کورتیی دەژیم
خۆم لای ژیان جێدێڵم بە مردن بڵێ درەنگ کەوتی کات نەماوە بۆ مردن
مردن مەتۆرێنە نەبادا بەرگە نەگرێ لە ناو شیرتێنی مندا لێیکەوێت
ژیان ناسکە بە کۆڵی مردنەوەیە، مردن قورسە بە کۆڵی ژیانەوەیە
وەک من بە کۆڵی خۆمەوە، خۆم بە کۆڵەوەیە
ژیان مەڕەنجێنە نەبادا بە کۆڵی مردنەوە جێمانبێڵێ و نەیبینمەوە
ژیان ون بێ لەگەڵ مردن هەڵناکەم
ئۆقرە ناگرم دوور لە باوەشی خۆم، ئاڵوودەم بە خۆم
بێ خۆم من نیم لە ناو ئاوی شیرتێن بە ئاوی سارد و گەرم کورت و درێژ، درێژ و کورت دەبم
مردن ترسناکە و بێتامە، خۆمم هەیە و دەزانم ژیان چێژێکی تایبەتە
ژیانم هەیە بەراورد بە مرۆڤ
ئاو ناتۆرێنم لەگەڵ مردن هەڵناکەم بە مردن بڵێ درەنگ کەوتی کات نەماوە بۆ مردن
مردن جێدێڵم بۆ تۆ مرۆڤ
ژیان ئاودەدەم لە دەرەوەی مردن لە دووریت مرۆڤ
لە دەرەوەی مرۆڤ لە دوورییت مردن ژیان ئاو دەدەم
من خۆمم هەیە بێ خۆم نیم لەگەڵ مردن هەڵناکەم
ژیان لە مردن وەرناگرم ئاو ناتۆرێنم هەرگیز
مردن تاریکە و بێ چرا (خاڵی)یە لە ژیان رێیەکە بێ گەڕانەوە
زمانی گەڕانەوە نازانێ، ژیان مێوانی نییە
مردن لای مرۆڤ جێبێڵە و ژیان ئاودە،
ژیان ئاودان چێژێکی تایبەتە
دەرگا لە سەر مردن داخە، ئاڵوودەی ژیان بە وەک من
ژیان ئاودەدەم، تۆش ژیان ئاودە
سەیری ئەو رووبارەکە ژیانی پێدادەڕوا
گورگ و مەڕ پێکەوە نۆش دەکەن ئاو، ئاو ژیانە، ژیان ئاودە.

 

ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد مازێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک