١٥\١\٢٠١٢
بەختەوەریی ھەرگیز نایەت تا ئێوە
گهندهڵ بن.

پێشڕەو حەمید
(ھەرچی دەرگای بەختەوەری ھەیە داخراوە تەنھا دەرگاکانی دۆزەخ نەبێت).
بەختەوەری ھەمو مرۆڤێک بەبێ جیاوازی نەتەوە و ڕەگەز و ڕەنگەوە یەکێکە
لەو ئومێدانەم کەھەمیشە لەگەڵیدا دەژیم و کاتێک بەختەوەریش دەبم
کەتەواوی ژیانی مرۆڤایەتی پڕبێت لەبەختەوەری ، بەڵام مرۆڤی کورد یان
مرۆڤەکانی ئەو پانتایە مەزنەی کەناوی ( کوردستان ) ە تاچەند بەختەوەرن
و ئەو دەرگایانەی بەناوی بەختەوەریەوە ھەوڵی کردنەوەی بۆئەدرێت ،
تاچەند مرۆڤی کوردی توانیوێتی لێیان نزیک ببێتەوە؟
لەوەتەی کورد ھەیە خیانەتی لێدەکرێت و خیانەت لەخۆی دەکات ، لەوەتەی
کورد ھەیە دەکوژرێت و ئاوارەدەکرێت و ھێندەی ئەوەش ھەرخۆیان ، یەکتریان
دەکوشت و یەکتریان ئاوارەدەکرد ، جارێ بەناوی پاککردنەوەی نیشتمان لە (
خائن ) و جارێکیش بەناوی ( پاراستنی ئازادی و دیموکراتی لە (ھێزی
تاریکی) جارێکیش ھەربۆخۆشی و بۆبەکات بەسەربردن و حەزکردن لە دەنگی
کوللە و مەست بون بە بۆنی خۆین ، ھەر شەڕبو لەدەرگای ماڵەکانی ئەدا و
حەزێکی شێتانە ھەبو ، بۆ خۆشەویستی کردن لەگەڵ تفەنگدا ، ھەمیشە وایان
پەروەردەدەکردین کە مردن و لەدایک بون تەنھا بەچەکەوە پیرۆزەو ھەرماڵێک
تفەنگێکی تێدا نەبێت ، ماڵ نیەو دەبێت بە نەفرەتبکرێت ، دوای ئەو ھەمو
ئەزمونە تاڵە لەتەنیشت ئەو خۆ کوشتنانەدا ، ھێشتا ئومێدێک لەدڵی
مرۆڤەکاندا بەسەوازی چاوەڕوانی گەیشتنی بەختەوەری بوون.
ئێستاش ھەرچی دەرگای بەختەوەریە داخراوە و کلیلەکانی لە گیرفانی (
حەزرەتی فــەساد ) دایە ؟! ھەمو کون و قوژبنەکانی ئەم مەملەکەتە ھەروەک
ئەندامەکانی لەشم شارەزام ، بەڵام ھێشتا نازانم بۆھەرچی خەونمان ھەیە
دەکرێتە کەلاوە؟
بۆچی سەرخوان ھەیە پڕە لەنان و پێکەنین ، سەرخوانیش ھەیە پڕە لەبرسێتی
؟ ئێرە مەملەکەتێکە پرە لەو کەسانەی ھێشتا نازانن کوڕی کامیانن ،
جەلــلاد یان قوربانی ، ئێرەمەملەکەتی (تەورە، تەور) تەورەکانیان
دەخەنە سەرملمان و پێمان دەڵێن: بەھەشتی ئێمە ھەڵدەبژێرن یان دۆزەخی
خۆتان ؟! ئەگەردۆزەخی خۆمان ھەڵببژێرین، تەور بە دەستەکان بەشێت بە
مناڵانی شار دەمان ناسێنن و لەبەردەم دەرگای مزگەوتەکان ، لە سەر بۆردی
فەرماگەکان ، لەسەر دیوارەکانی شار ، لەبەردەم ھۆڵەکاندا وێنەکەکانمان
بڵاو دەکەنەوە لەژێرەوە بەخەتێکی تۆخ دەنوسن (ھێشتا نازانن کێ
باوکییانە)؟!
لەسایەی ئەم ڕەوشەی ئێستای کوردستاندا ئەوە گەیشتنە بەدڵنیایی ، ئیدی
کەی ئەوە دەبەنگیی و کاڵ فامییە؟
شۆڕش لە دژی شۆڕش لە تەپۆڵکە وشکەکاندا تەڕ تەڕدەکرانەوە ، ئـــاخر
شۆڕش نابێت جەنگاوەری لێببڕێت ؟! ئەوە حیکمەتێکە تەنھا شۆِرشگیڕەکان
دەیزانن، ھەموو شۆڕشێک ھەروایە ، تەڕو وشک پێکەوە دەسوتێنێت، ئیدی
دیارە ئەوە حیکمەتی شۆڕشەو من نازانم بۆچی دەبێت وەھابێت.
بەڵام ئەوەی ھەرگیز لەیادم ناچێت ، جەنگاوەرەکان ، فریشتەکانی شۆڕش بون
کە کۆڵە پشتەکانیان پڕکردبو لە ڕق و مردن و بەرەو جەنگ ملیان دەنا ،
ئای چیی دیمەنێک بو ھەرچی کۆڵانەکانی شاربو جمەی دەھات لە کاسبکارو
قوتابیی و فەرمانبەرو مامۆستاو ھونەرمەند ، ھەر وەک سواڵکەر لە دەرگای
ماڵەکانیان ئەداو داوای نانیان دەکرد بۆ جەنگاوەرە برسیی و ماندوەکانی
شۆڕش ؟! تەنھا چەند ھەفتەیک بو دواشۆڕشی تەپۆڵکە وشکەکان دەستی پێکردبو
، ھەرچەند ھەفتەیک بوو (منداڵە بۆیاخچیەکانی شار) چونە بەردەم
بارەگای شۆڕشگێرەکان وبەدەم نزاو ھاوارکردنەوە دەیان وت " شەڕەکانتان ،
پێڵاوی لاستـیکـی کردە پێی ھەموومان ، ئیدی ئێمە چـی بۆیاخ بکەین " چی
وەزعێکە تائێستاش ، مردنی کەسێک ، ئیھانەکردن و سوککردنی کۆمەڵگایەک
شۆڕش گێرەکان ڕاناچەڵەکێنێت ، ئیدی چ بکەم لەچێژی ئەو ماڵەی پڕبێت
لەشەھوەت ؟ ئەوە بێ ویژدانیە وێنە کاڵەکانی ژیان بەڕەنگی ئەو (مۆم)
انە تۆخ بکرێنەوە کە بەگـڕی شەھوەت پێکرابن ، تەنھا ووشە شک ئەبەم ،
ئەگەر ئەوم نەبێت ، وەک ( ئێوە ) دەبمە چەرمێکی ئاوساو لەخەونی پیس.
ماڵپهڕی پێشڕهو حهمید
|