په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\١٢\٢٠١٠

بەختەوەریی کامەیە!

نەهرۆ      

 

بەختەوەریی چەمکیکی ریژەیی یە لە مرۆڤیکەوە بۆ مرۆڤیکی دی دەگۆری ، لەوانەیە هەر کۆمەلگایەک تیروانینی خۆی هەبێ بۆ بەختەوەربوون . زەمەنی بەختەوەربوون ئەبەدی و رەها نیە لەبەرزبوونەوەونیشتنەوە دایە ، دەروونشناسانی ئەوروپا دەڵین ئەگەر بتەوێ بەختەوەر بژی دەبێ بیر لە رابوردوو ئایندە نەکەیتەوە ، زەمەنی ئیستا وهەنووکە بژی ، ئەمەش دیسان چەمکیکی زەمەنی یە لای سارتەر ، سارتەر بروای بە زەمەنی ئیستا هەیە . بەلام ئەگەرتۆزقاڵیک دوورکەوینەوە لەم تیئورانە ئەوە لە واقیع دا مرۆڤ ناتوانی خوی لەژیر رایەڵەکانی رابوردوو رەها بکا هەروا ناتوانی بیر لەئایندە نەکاتەوە . بەرای من تیئوری دەروونشناسانی ئەوروپی بۆ چەند ساتیکی حەوانەوە پەیرەو دەکری وەک کایەی هپنوتیزمی خود ئەگینا مرۆڤ لەرێرەوی ژیانی رۆژگاردا یادەوەری سەرزەنشتی دەکاو لە هەمان کاتیش دا نیگەرانی ئایندەیە.

 

نیتشە دەقیکی هەیە تیایدا دەلی ( ئاژەڵیکی بەختەوەر یان خوداوەندیکی ئازارچیشتوو!) ئەو پێ وایە هەندێ کەس هەن وەکو ئاژەڵ بەختەوەرن زۆر بیر ناکەنەوە خۆیان لەقەرەی کێشە چارەنووسسازەکان نادەن بەڵام هەندی مرۆڤیش هەیە چەشنی خوداوەند بەرپرسیاریەتی خوی دەردەبری بەرامبەر بەهە موو دیاردەیەک ، بێ گومان خوداوەند لای نیتشە بەمانا میتافیزیکیەکەی نایەت بەڵکو نیتشە مەرگی خوداوەندی راگەیاند و سۆپەرمانی لەباتی دانا سۆپەرمانیش دەستوریکی هەمیشەیی نیە ، دەکری مرۆڤ لە سۆپەرمانەوە وەرگۆردرێتە سەر ئاژەڵیکی بەختەوەر لەئاژەڵیکی بەختەوەرەوەش بگوازریتەوە بۆ سەر سۆپەرمان!

 

بریخت دەڵی ئەوەی راستی نەزانی گێلە ، ئەوەی دەیزانی و خۆی لی لائەدا تاوانبارە ! بەواتایەکی دی ئەگەر سۆپەرمان خۆی گێل کرد لەئاستی راستی یەکان ئەوە تاوانبارە ! ئەگەر نە دەبێ وەک خوداوەندیکی ئازارچیشتوو بژی. فەلسەفەی بەختەوەریی چەشنی زۆرە بۆ نموونە لای ئەبیقور تەنیا لەچێژوەرگرتن لە لەزەتەکانی ژیان خوی دەنوینی ئەمەش لەگەڵ چەمکەکانی فرید یەکدەگریتەوە ، فرویدیش بەختەوەریی لەوە دادەبینی کە منی خوارەوە(پائین) تیر بکەی لەگەل رەزامەندی منی باڵا ! ئەمەش دیسان تیروانینیکی ئاژەڵیانەیە لە هەندی رووەوە چونکە هەندی کەس هەیە (منی باڵا) کەی سەقەتە بەکەلتوور مۆراڵیکی پروپووچ پرکراوەتەوە . بەڵام لای شۆرشگێرەکان بەختەوەریی لە خۆفەناکردن دەدوزنەوە لەپیناو ئامانجیکی دیاریکراو وەک چین ، جەماوەر ، گەل ، نیشتمان ، خاک ، بۆ نموونە سەمەدی بەهرەنگی کە نووسەریکی مارکسیستی ئیرانی بوو پێ وابوو ژیان یان مردن ئەوەیە چ کاریگەرییەکی هەیە بەسەر ئەوانی دی دا .لای بەهرەنگی چارەنووس گرێ درابوو بە سەرنەوشتی مرۆڤەکانی دیکەوە،لیرەدا بەختەوەریی لە خۆ وونکردن بەرجەستە دەبێ لەنیو بۆدەقەی جەماعی دا ! کەچی لای ئەلبیر کامۆ بەختەوەریی لە نیو حالەتی وردو کات وساتی دیاریکراودا خوی دەبینیتەوە بۆ نموونە لەرومانی (الاعراس) دا قارەمانەکە لە نیو پاسیک دانیشتووە ئافرەتیکی پیر سەر دەکەوێ ئەو شوینەکەی خوی بۆ چۆڵ دەکا و ئیدی هەست بە بەختەوەریی دەکا ،بەلام لەهەمان کاتدا بەختەوەریی چەمکیکی بزری هەیە ،یەکی لە چیروکەکانی تولستوی باس لە پادشایەک دەکا کچەکەی نەخوشە ئیدی دەیبەنە لای حەکیم (دکتوری ئەو زەمانە) ئەویش پێ یان دەڵی برۆن کراسی کابرایەکی بەختەوەریی بۆ بینن ، ئەوانیش ماڵ بە ماڵ دەگەرێن شارو لادی بەسەر دەکەنەوە کەسیکی بەختەوەریی تیا نادۆزنەوە ، بەریکەوت بەلای کەپری کابرایەکی جووتیار تێپەردەبن ، گوێ یان لە دەنگی جووتیارەکەیە دەبێ کە دەڵێ خودایە ئەمرۆ چەند بەختەوەرم کە دەچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی داوای کراسەکەی لی بکەن دەبینن هیچی لە بەر دا نیە! ئەم چیرۆکە پیمان دەڵێ کە بەختەوەریی پەیوەست نیە بە ماڵ و موڵکەوە.

 

پانتایی بەختەوەریی لە میشک و یادەوەری ئیمانداران زۆرترو زیاترە لە ئاتەئیستەکان ، لەبەر ئەوەی مرۆڤی باوەردار بەختەوەریی خۆی لە نوێژ و عیبادەت وبوونی خوداوەند دا دەدۆزیتەوە ، بەڵام ئاتەئیستەکان نیگەرانی و دڵەراوکی یەخەیان بەر نادا زیاتر کیشە چارەنووسسازەکانیان بەلاوە مەبەستە وەک کیشەی چینایەتی و رزگاری نیشتمانی و ئازادی سیاسی و مافی مرۆڤ ورزگاربوونی ئافرەت لەژیر جەور و ستەمی سیستەمی باوکسالاری ، کەچی ئیمانداران لەم دونیاو لەو دونیا (کەنیە)دڵنەوایی کراون ودەکرێن . هەروا بەختەوەریی غافڵبوون هەیە بۆ نموونە ئەو کەسانەی کە هوشیار نین یاخود نەخویندەوارن، لیرەدا موتەنەبی دەڵی (العاقل یشقی بعقلە والجاهل فی الشقاء ینعم) ئەمەش جوریکە لە بەختەوەریی نەزانین ، تاوەکو مرۆڤ زیاتر ئاگادار بێ و بخوینیتەوە و هوشیاری بەدەست بهینی خەمەکانی زۆرتر دەبن، بەم شیوەیەش بەختەوەریی لەدەست ئەداو بۆی دەستەمۆ ناکری ، هوشیاری وادەکا مرۆڤ رەخنە لە دەسەلات بگری و چارەنووسی بکەویتە مەترسی یەوە و لە ئاکام دا ئاسایشی دەروونیی لێڵ بێ، ئەوەی دەستی بە کەڵاوەکەیەوە گرتووە با نەیبا تارادەیەک بەختەوەرە بەلام بەختەوەریکی گەمژەیە !

 

ئەگەر باس لە مرۆڤی دلسۆزی کورد بکەین ئایا بەختەوەرە یا نە؟ بەرای من مرۆڤی کورد لەبەرامبەر پەیژەیەک دایە خەون و ئاواتی ئەوەیە چۆن سەرکەوی بۆ سەر بنمیچی ئازادی و سەربەخۆیی و یەکسانی جاریکیان لە پەیمانی سیڤەر بەڵینیان پی دا کە سەریخەن بۆ سەر بنمیچەکە بەلام لە پەیمانی لۆزان پەشیمان بوونەوە ، ئیدی خەون و بەختەوەریی لەوە دایە چۆن ئەم پەیژانە ببری بۆیە دەبی هەمیشە لە کیشمەکیش و ململانی دا بێ لەگەڵ بەناو دۆستەکانی خۆماڵی و دوژمنانی دەرەکی !!
 

ماڵپەڕی نەهرۆ