په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\١\٢٠٢٦

بەختی ڕەش یا کۆمەڵی چەوت.*

- چەند وێستگەیەکی کورت لە ڕۆژگارەکانی دوای کۆربوونەوەی (ئاگردان)ێکی دی. -

نەژاد عەزیز سورمێ   

- بەشی یەکەم -

ڕوونکردنەوە.
ویستم خوێنەر لەوە باخەبەر بکەم کە ئەم نووسینە نە بیرەوەریە و نە یادداشتنامە، بەو مانایەی دەخوازێ لەم دوو ژانرەدا هەبن.. تەنیا نووسینێکە بە داوا و جەختی چەند جارەی هەر دوو دۆستم (نیعمەت عەبدوڵا و تاریق جامباز)وە ‌ بۆ پرۆژەیەک نووسراوە تایبەت بە تۆمارکردن و دیکۆمێنتکردنی نەفیکراوانی کوردستان دوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ کە لە دووتوێی کتێبێکدا بەم دواییە بەشی یەکەمییان لێ بڵاو کردەوە. هیوادارم لەم قاوخەدا بخوێنرێتەوە.
لە بارەی تایتڵی سەرەکی نووسینەکەیشەوە (بەختی ڕەش یا کۆمەڵی چەوت) وەک لە پەراوێزیشدا ئاماژەی پێدراوە، ئەوە ناوونیشانی یادداشتنامەی باوکم بوو کە نزیکەی ٩٠٠ و قسوور لاپەڕەی فۆڵسکابی دەستنووس دەبوو, بە داخەوە بە هۆی بۆمبابارانی خانوو و ماڵمان (ناوەڕاستی ساڵی ١٩٧٤) بە فڕۆکەکانی سوپای عیراق لە گەڵاڵە تیاچوو.


ناوچەی باڵەکایەتی ‌کە سەرکردایەتی (شۆڕش)ی لێ بوو کە زێدی خۆشمە لە چاو دەشتی هەولێرێ بەهاری درەنگ دەگاتێ.


ئەو دەمەی لە نەزانی و بەدبەختی خۆمان بێ یا گەلەکۆمەکی بەرژەوەندیخوازانی هێزە ئێقلیمی و جیهانگیرەکانەوە، ڕێککەوتنی (جەزاییر) ی لێ کەوتەوە کە بە ڕێککەوتنی دوو نەیاری مێژوویی و دوو دۆستی مێژوویی دژ بە کورد (عێراق – ئێران) ی لە ٦ ی ئاداری جەزاییری ١٩٧٥ ناسراوە.


ئەو ڕێککەوتنە لە پاشاندا مەینەتی و ماڵوێرانی و خانەگەردانییەکی وای بە دوای خۆیدا هێنا بە کتێبان بگێڕدرێتەوە کە چ کارەسات و کوێرەوەری و ماڵ و گوند و شاروێرانی بەدوادا هات ئێستایش شوێنەواری ڕەش نەبووەتەوە و باوەڕیش ناکەم بەو ساڵ و زەمانانە ڕەش ببنەوە.


ئەوسا من لە (ئیستگەی دەنگی کوردستان) کارم دەکرد، یەکەمین پەیامنێری جەنگ بووم سەردانی بەرەی هێزەکانم لە زۆربەی سەنگەرەکانی پێشەوەدا لە چیاکانی کۆڕەک و هەندرێن و زۆزک و سەرتیز و ڕواندز و گەلی مێگر و گەلی شێخ سەید و کەپکی ئارمووشین و (چنێراوە) لە بناری چیای هەندرێن کە بارەگای سەرەکی هێزی لێ بوو هەمیشە ڕۆژانە بە ژمارەیەک ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسی تۆمارکراوەوە دەگەڕامەوە..


ئەوان ڕۆژان ئێمەمانان بە هێزی هیوا و خەونی ئومێدێکی زۆر لە ئاسۆی بیناییمان فراوانتر،‌ لێبڕاوانە کارمان دەکرد، بە دڵێکی ساف و سەرگەرمییەک قابیل بە تەمەنمان، تەمەنی دەسپێکی گەنجایەتی و سەرەتای هەڕەتی بەجێهێشتنی قۆناخی هەرزەیی کە لە دوایدا ڕۆژگاری نەفرەتی وێنەی ئۆقیانووسێکی بێ بن لێی هەڵلووشین، نەیهێشت وەک ئادەمزاد بیبینین و بە کامی دڵ هەستی پێ بکەین، ئێستاش وەختێ لە هەڵسووکەوتێکی نامۆی لە چەشنێک هەڵدەنگوین بە جۆرێکی دی لێکدەدرێتەوە و مۆری دواکەوتوویی و نەدیدکەیمان پێوە دەنرێ.


با سەرتان نەیەشێنم.. کە ئەو کارەساتە ڕوویدا من تەنیا بووم، ماڵەوەمان لە دیوی ئێرانێ لە ئوردووگای پەنابەران بوون، ماڵ و خانوومان زووتر بە بۆردوومانی فڕۆکەکانی عیراق وێران ببوو و هیچمان نەمابوو، (لە هەمووی سەیرتر بۆیان گێڕامەوە کە پاش بۆردوومان ئەوەی مابوو لە پاشماوەی شڕ و شیتاڵی ماڵێمان کەس بە کەس ڕانەدەگەیشت لە بە تاڵان بردنی!!).


من بە خۆم کە لە بەرەکانی شەر دەگەڕامەوە، بارەگایەکمان لە دەوروبەری دەربەندی ڕایەتێ (کانیی گۆرینان) لە دۆڵێکدا هەبوو، من و حەمەڕەشید هەرەس و مەهدی ئومێد و ڕەوانشاد ڕەحمان فەرهاد کە بێژەری بەشی ئینگلیزی ئیستگە بوو لە خیوەتێکدا بووین، برادەرانی تریش بەو لا و بەم لا، سەر و خواری ئێمە لە خیوەتی دیکە، لەوانە ڕەوانشاد بارزانی مەلا خالید بێژەری سەرەکی هەواڵ، هەروەها حافز ئەنوەر مایی و ڕەوانشاد دەنسا هەریری بێژەری بەشی سریانی و خەڵەف زێباری و زۆربەی بێژەر و هەندێ لە نووسەرانی بەشی عەرەبی و تورکمانی و ئینگلیزی لەوانە دارا سەدیق نۆرجان بێژەری بەتوانای عەرەبی گەلێکی دی کە بە داخەوە هەموو ناوەکانم لەبیر نەماون، جاروباریش لە بنکەی ئیستگە لە مەمیخەلان کە بەڕێوەبەرانی تەکنیکی و ئەندازیارەکانی لێ بوون لەپێش هەمووانەوە شەهید عبدولخالق مەعرووف، هەروەها لە ئەمیندارییەتی گشتیی ڕاگەیاندن کە لە گردمەیدان (ئازادی) ی بەرامبەر گوندی زینوێی شێخی لای لەتیف هەڵمەت و ڕەوانشاد جەلالی میرزا کەریم و فەرهاد (ئەنوەر) شاکەلی و سەلاح شوان و ئەنوەر قادر محەمەد و ڕەوانشاد عومەر عەلی ئەمین و خاتوو گەزیزەی کچی کە بەرنامەی لە ئیستگە هەبوو ڕێکدەکەوت دەمامەوە..


دوای ڕێککەوتنی ٦ ی ئادار لە جەزاییر ڕاستەوخۆ دەمانبینی، بەبەر چاوی ئێمەوە چی چەکی قورسی وەک تۆپ و دژە فڕۆکە بەرەو ئێران دەکشانەوە.


سەرەتا هەوڵێک بەو ڕووکارە هەبوو لە شێوەی سەرپشککردن بۆ بەردەوامی دان بە شۆڕش، پاشان دەرکەوت پیلانەکە لەوە زۆر گەورەترە بیرمان لێ دەکردەوە..


‌ئەوە بوو هەر لە دوادواکانی ناوەڕاستی مانگی ئادار وردە وردە لە پێشدا خەڵکی مەدەنی پاشان پێشمەرگە ڕوویان لە سنوور کرد، هەر چەندە لە هەندێ بەرە شەڕێکی مەردانە کرا و عیراق ئەوسا بە بۆمبای فسفۆر لێی دابوون تا بە پێشمەرگە ڕادەگا زۆر لە خەڵکی مەدەنیشی شەهید و بریندار کردبوو، کە هەندێ لە بریندارەکان هێنرابوونە نەخۆشخانەی خانێ، من دوایی کە پەڕیمەوە ئەو دیو لە سۆراخی برادەرێکمدا چوومە نەخۆشخانە هەندێ لەو بریندارانەم بینی زۆربەیان بە فسفۆر سووتابوون، بەداخەوە ئەو برادەرەی من (م. سەردار) کە پێشتر وتیان بریندارە لە نەخۆشخانە شەهید ببوو.


بەینی ١٨-٢٠ مانگ بوو، بەخۆ و خەمی هەموو دونیا (ئاوەهام خۆ دەهاتە بەرچاو) وەکو ئەو خەڵکە بەپیادە ڕێم گرتەبەر بەرەو سنووری ئێران.


ڕێگەی هاملتۆن جادەیەکی بەرین و ڕاستان نەبوو ئەوسا (ئێستاش شێوەی جارانی ون نەکردووە) ئەو هەرای ڕاکە ڕاکە و دۆخی بێئومێدبوونەش تەواوی خەلکی لەلایەک سەرسڕما و لەلایەکی دی سەرلێشواو کردبوو.. نەیاندەزانی چی بکەن و بەری خۆیان لەکوێ بکەن..


پرسیار دەهاتە بەرابەر پرسیار، وەڵامیش هەر پرسیار بوو... (بۆ؟).


زۆر لەوانەی چەکیان پێ بوو هەڵیان دەدایە ڕووباری شێخی (ئێمە بەو ڕووبارەی هاوتەریبی ڕێی هاملتۆن دەڵێین – ڕووباری شێخی-)، هەرچەندە گیرفانپووڵییەکی وام پێ نەبوو بەشی حەفتەیەکم بکا، بەڵام چونکە تەنیا بووم لەزۆربەی ئەو خەڵکە باشتر بووم، کە ماڵ و منداڵی وردیان پێ بوو... وەک عادەتیش لەچاوترووکانێکدا ئازووقە نەما، هەر ماڵێک بوو چەردەیەکی گل دەدایەوە..


بڕۆ... بڕۆ نەژاد، بەهارە بەوەخت، ڕاستە، بەڵام هێشتا سووی ساردی هەر هەستی پێ دەکرێ و تا بەرەو ژووریش دەبووینەوە ساردتر دەبوو، من کۆڵەپێشتێکم لەشێوەی جانتایێکدا پێ بوو، کە هەندێک بجگوڕ و چەند کتێبێک و وەردەواڵەی وەک تاخمی ڕیش تاشینی تێدا بوو...


بڕۆ.. بڕۆ نەژاد! بەڵام بۆ کوێ؟ بۆ چارەنووسێکی نادیار، کە بەڕاستیش نەمادەزانی چی دەگوزەرێ و بۆچی، هەواڵی ناخۆشیش وەک ئاگری ناو پووش وابوو تێکەڵی سترێسی دەروونمان دەبوو، هەندێ جار بۆ هەندێک گەیشتبووە ڕادەی کۆتایی بەژیان هێنان نەک تەسلیم بوون بەقەدەرێکی نادیار...


لەڕێگەدا زۆر لەبرادەر و ناسیاو و خزمم دیتن، بێ ئەوەی ورتەیەکمان لێوە بێ، تەنیا سەیرێکی یەکمان دەکرد و حەپەساو لێک تێدەپەڕین.. هەر لەڕێگادا، لەهەندێ شوێن خەڵکانێکم دەبینی، لەپەنا بەردێک، لەجادە لایان داوە ئاگریان کردووەتەوە تا گەیشتمە سنوور، لەچوار پێنج جێی ئاوا لام دا بەبۆنەی دەست و قاچ گەرم کردنەوە، هەرواش بوو بەڕاستی دەست و قاچم سڕ ببوون، بەڵام من ئەوسا تازە تەمەنی هەرزەیم بەتەواوی تێنەپەڕاندبوو، زیاتر بەرگەی سەرمام دەگرت و بەپێ ڕۆیشتنی ئەو هەموو ڕێگایەش، ئەگەر ماندووشی کردبم. گوڕی بەر قاچ و دەستم دابوو..


سەیر لەوەدابوو، ئەو خەڵک و خوایەش، هەندێکیان بەماڵ و خێزان بوون، کە دەچوومە لایان، قسەیەکی ئەوتۆیان نەدەکرد، لەوەی بەدەر هەندێکیان، هەموویان نا، چایەکیان لەقۆغەیەکی فافۆن یان پەرداخێک بێدەنگ لەپێش دادەنام. بێ ئەوەی قسەیەک بکەن، بەڵام هەزاران پرسیارم لەچاویاندا دەخوێندەوە ‌، بۆ وای لێهات ئەوە چ قەدەرێکی شووم بوو، بۆچی کەس تەنیا ورتەیەکیشی لەسەر ئێمە لێوە نایێ، کورد بۆچی بە درێژایی مێژوو ئەوندە مەزڵووم و خۆشباوەڕ و ساویلکەیە و چ نەزانە باوەڕ بە دژمنانی دەکا و... تاد..؟


سەرتان نەیەشێنم هەرچی چۆنێکە پێش خۆر ئاوابوون گەیشتمە حاجی ئۆمەران.


‌ ئەو دەمەی باسی دەکەم حاجی ئۆمەران جمەی دەهات لەخەڵک و پێشمەرگە ‌، کە زۆریان چەکداریش بوون.


لاونیو پرسیارم دەکرد، چی بکەین؟ هەمدیس وەڵامم بەپرسیاری تر وەردەگرتەوە.. جێگا و شوێنێکی دیاریکراو نەبوو شەوی تێدا بەڕێ بکەین، هەرچەندە من وەک خۆم زۆر دۆست و ناسیاوی نزیکیشم لە خەڵکی ‌حاجی ئۆمەران هەبوو، بەڵام دۆخەکە بەجۆرێک شێواو بوو لەئاپۆڕە و قەرەباڵغی و کەس بەکەس نەبووی ئەو ساتە حاجی ئۆمەرانم لێ ببووە بەغدا کەسم نەدۆزیەوە ناچار هەر وا لەپەنا و پەسیوان، هەبوو لەبن سواندەی ماڵان، لەسەر بانان، کە زۆر ساردیش بوو و حەوانەوەی تێدا ئەستەم بوو، شەومان بەکوتکەخەو یان بەبێداری یا بەدواداچوونی هەواڵان بەڕێ کرد.


لەگەڵ کازیوە و وردە وردە لێچوونەوەی ڕەشایی شەو خەڵک تێکڕا خۆیان تەیارکردبوو بەرەو گوندی (شیوەڕەش) دوا گوندی سنووری عێراق و پاشان سنوور بە ئیستڵاحی ئێرانیان مەرزی ئێرانێ.


لەو لاشەوە هەواڵەکان و پێوەنانی هەندێکیش وەک عادەتی هەردەمی کۆمەڵگەی دواکەوتوو ‌ لەبارەی پێشڕەوی هێزەکانی سوپا و فڕۆکە جەنگییەکانی عیڕاق دونیای لێ کردبووینە چەرمی کێژوولە (چۆلەکە).


ڕێچکە بەستنی ئەو حەشاماتە ‌ لەگەڵ بەیانی دا تا دەهات زیاتر دەبوو... لەناو ئاپۆڕای ئەو هەموو خەڵکە و فشاری بەرپرسانی سنووری ئێران لەپاڵنان و پشکنین و چەککردنی ئەوانەی چەکیان پێ بوو (من بە خۆم تفەنگەکەم لەگەڵاڵە بەتەمای خزمێک بەجێهێشت، دەمانچەیەکم هەبوو پێشتر باوکم بەدیاری بۆی هاتبوو دابووی بەمن، دڵم نەدەهات بیدەم بەکەس بەئاگاداری باپیرم لە لەدەوروبەری زەوییەک ئێمە پێمان دەگوت زەوی (دۆڵاوە گەرمێ) لەبن پاردەیەک شاردەوە بەهیوای ئەوەی وەختێک دێ دەریدەهێنمەوە ‌، دیارە ئەو وەختە ئێستاش نەهات.. واتە من لەکۆڵە پشتێکی سووک زیاترم پێ نەبوو، کە سێ چوار کتێب و هەندێ گەلوپەلی پێویستی ڕۆژانە و چەردەیەکی کەم لەنان و خواردنی قووتووکراو، کە هەمیشە پێم دەبوو بەتایبەتی، کە بۆ ڕووماڵی هەواڵ و ڕاپۆرت بۆ ئیستگەی دەنگی کوردستان سەردانی بەرەکانی شەڕم دەکرد، بەڵام کێشە لەوەدابوو لەناو ئەو ئاپۆڕایە و ئەو پاڵەپەستۆیە ئاسان نەبوو بگەیتە لای کابرای مەرز، بەهەر حاڵ من لەگەڵ کازیوەدا وەڕێ کەوتبووم، ئینجا بەهەزار حاڵ پێش داخستنی مەرز، کە لەگەڵ بوولێڵدا دادەخرا پەڕێمەوە ئەو دیو.. لەوبەر بەدەیان ئۆتۆمبێل و پاس وەستابوون نەفەریان دەبردنە خانێ (پیرانشەهر)، جێی خۆم لەپاسێکدا کردەوە ‌، هەرزانتر بوو، ڕاستی من پارەیەکی لەو ڕەنگەم پێ نەبوو، پێشمەرگە ئەوسا مووچە، وەک مووچەی نەبوو، ناوە ناوە گیرفانپووڵییەکیان بەناوی (یارمەتی) دەداینێ، من مانگانە چوار دینارم وەردەگرت، بەحیساب پەیامنێری جەنگ بووم و هاتووچووم زۆر بوو، جاروبار ڕەگەڵ ڕۆژنامەنووسی بیانیش دەکەوتم، ئەگەر تاک و تەرا هاتبان و بیانویستبایە بچنە بەرەکانی شەڕ، ناڵێم چوار دینار کەم بوو، بەڵام بۆ گەنجێکی تازە وێڕاگەیشتووی وەک من بەحاڵ دەیگەیاندمەوە یارمەتییەکی دی، بەتایبەتی زۆربەی جاران نان و خواردنم یا لەبارەگاکانی پێشمەرگە دەبوو، یان لەبارەگای ئیستگە بەتایبەتیش لەبارەگای هەمیشەیی خۆمان، تیمی کارمەندانی ئیستگە لە (کانی گۆڕینان) نزیک دەربەندی ڕایاتێ کە لەپێشدا باسم کرد...


بەینی سنووری ئێراق-ئێران دانراوە (کە لەڕاستیدا نە عێراقە و نە ئێران).


تا خانێ کە ئەوسا ئەگەر لەبیرم نەچووبێ (ناحییە) بوو، نەدەگەیشتە سەعاتێک، بەڵام بەهۆی ئاپۆڕای پەنابەران کە هەموو بەپێ ڕێیان گرتبوو و ئەو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل و پاسان، دەتگوت لەسەر هێلکان دەڕۆین بە نزیکەی ‌چوار سەعات زیاتریش گەیشتینە شاری خانێ، خەڵکی خانێ دەتگوت خۆڵ و دۆیان بەسەردا کراوە، ماتەمینیێکی ڕانەگەینراو لەچاوی کوردی ڕۆژهەڵاتێشدا دەخوێندرایەوە.


ماڵی ئێمە لە ئۆردوگای ئاواران لەشنۆیێ (نەلێوان) ێ بوو، شەویش بوو بەو حاڵ و وەزعە و دڵشکان و نیگەرانی و خەم و بێهیوایی و چارەنووسی نادیار وەکو ماری ئەفسانان لەزۆربەی هەرە زۆرمان ئاڵا بوو نە پێوەی دەداین نە بەریشی دەداین، کە ڕەنگە ئەگەر پێوەی بدابوواین زۆرمانی ئاسوودە دەکرد.


ماڵی خاڵێکم لەخانێ بوو، ئەو شەوەم لەوێ بەڕێکرد، بەڵام چ بەڕێکردنێک، بەچەندان کابووسی تۆقێنەر.


خانێ بەئاپۆڕای پەنابەرانی کوردی گەرمێنێ (کوردی باشوور) چواربەرابەری خۆی خەڵکی تێ ڕژابوو و بەردەوامیش بوو.. لەگەڵ ئەوەی خەڵکی ئەوێ میواندۆست و میهرەبان بوون یارمەتیان دەداین، ئێ دیسان هەندێ لەئاوارەکان بەتایبەتی ئەوانەی ماڵ و حاڵیان نەبوو یان ئەگەر هەیشیان بووبێ لەئۆردووگا دوورە دەستەکان بوون کارێکی ئاسان نەبوو لەو کاتەدا جێیان دەسکەوێ..


بۆ ڕۆژی دوایی هەرچی چۆنێک بوو خۆم گەیاندە ئۆردووگای نەلیوان لەشنۆیێ، بەڵام گوتیان گواستراونەتەوە ئۆردووگای (ڕەبەت) نزیک شاری سەردەشتێ، گەیشتمە ئەوێ، ئۆردووگایش لەخانێ پشێوتر و قەرەباڵغتر بوو، بەحاڵ ماڵی خۆمانم دۆزیەوە ‌، دایکم کە منی بینی یەکسەر دایە پڕمەی گریان، ئیدی نازانم لەخۆشی ئەوە بوو جارێکی دی منی بینیوەتەوە ‌، کە ئەوسا پاگەندە و دەمگۆی هەمەجۆر کرابوو، لەبۆردوومانی باڵەفڕەکانی حکوومەتی بەغدا کوژران و بریندار بوونی خەڵکێکی زۆر بەتایبەتی لەئیستگەی دەنگی کوردستان، یاخود بۆ حاڵی خۆمان بوو، کە ماڵ و خانوومان لەگەلاڵە بەبۆردوومانی فڕۆکە تەخت بوو بوو...(دایکم تا وەفاتی کرد چەندین جار ماڵی وێران بووە دواجاری لەشەڕی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووی برایان بوو).


لەو ئان و ساتەدا حکوومەتی بەغدا عەفووی دا لەپاڵیشیدا چەندان وەفدی حکوومەت سەردانی ئۆردووگای پەنابەرانیان دەکرد و هانیان دەداین بۆ گەڕانەوە ‌، ئیتر بەکورتی چەند ڕۆژێکی نەبرد چ بەهۆی فشاری بەردوامی ئێران بێ یاخود نیازی گەڕانەوەی خەڵک ئۆردووگاکان بەرەبەرە چۆل دەبوون، کۆچی پێچەوانە و گەڕانەوە بۆ دیوی عێراقێ دەستی پێکرد..


ڕاستی من بڕیاری خۆمم دابوو، ‌ نەگەڕێمەوە ‌، بەو جۆرە ئەوان بەرەو گەڵاڵە، منیش دوای ئەوەی هەندێ لەبرادەرانی هاوپۆلم دۆزینەوە پاش مانەوەی ماوەیەک لە شنۆ و نەغەدە و خانێ و مهاباد، چوومە ئۆردووگای (زێوێ) لەدەڤەری مەرگەوەڕ، لەوێ بەحیساب بەپێی پرۆگرامی پەروەردەیی عێراق دەخوێندرا قوتابخانەمان بۆ کرایەوە، (دواناوەندی زمناکۆ) من ئەوسا لەپۆلی پێنجی ئامادەیی دەستم بەخوێندن کردەوە، ژمارەیەک لەهاوپۆلانی دواناوەندی گەڵاڵەیشم لەوێدا بینینەوە ‌، بەڵام داخەکەم ئێران ئەو قوتابخانەشی پاش چەند مانگێک داخست، قبووڵی نەبوو بەپرۆگرام و بەرنامەی پەروەردەیی لە ‌عێراق پەیڕەو دەکرا بەردەوام بێ.


(لە لایەکی دی هەر لەو کاودانەدا کە نەماندەزانی چارەنووسمان بە چی دەگا، بێدەستی خۆم بەداوی خۆشەویستییەکەوە بووم، یەکەمین خۆشەویستی.. کاژێک لە کاژە بەژن بڵندەکانی ڕۆژهەڵات..


بە داخەوە دوای گواستنەوەمان بە زۆری بۆ شارێکی دوورەدەستی باکووری ئێران لێی دابڕام، هەر ئەو دابڕانە بوو تا ئەمڕۆ، بەم جۆرە ئەو زامەیش هاتە پاڵ زامەکانی دی ئەوسا و ئێستا.. ڕاستیی ئەو داوە لە خۆیدا چیرۆکێکە کە پێم وا نییە ئێرە جێی گێڕانەوەی بێ..).


پاشان من گەڕامەوە شاری مهاباد لەوێ هەندێ لەبرادەر و ناسیاوەکانی نووسەر و ڕۆژنامەنووسم بینینەوە، لەوانە ڕەوانشاد جەلالی میرزا کەریم، سەڵاح شوان، هەروەها مامۆستا ئەحمەد هەردی و ژمارەیەکی دی...


کەس لەکەسی نەدەپرسیەوە ڕۆژگارێک بوو وەک چوو نەیەتەوە، هەرچەندە بەداخەوە بەشێوەیەکی دی هاتەوە ‌، وەک بڵێی ئەمە قەدەری کورد بێ، بەدبەختی بیداتە دەست بەدبەختیەوە... ئەمەشم بەو بۆنەیەوەیە دەگێڕمەوە ئێمە ناوە ناوە سەردانی نەغەدەمان دەکرد کە لەو کاتیدا تاڕادەیەک هەموو سەرکردایەتی شۆڕشی لێ گیرسابوونەوە.


لەیەکێک لەو سەفەرانە ‌، لەگەڕانەوەم بۆ مهاباد بە پاسێکی ١٨نەفەری لەڕێگادا وەرگەڕا، هەندێ سەرنشینی تێدا بریندار بوون، یەکێکیان من بووم کە پیلم شکا، پاش ئەوەی لەهۆشی خۆم چوو بووم کە بەخەبەرهاتم وا دیار بوو نەشتەرگەریان بۆ کردبووم، خۆم بینی بەتەنیا لەسووچێک لەسەر قەلەوێرەیەکی سەفەری لەنەخۆشخانەی مهابادێ فڕێ دراوم، هەرچی چۆنێک بوو ئێستاش بیرم نەماوە چۆن کاک جەلالی میرزا کەریم زانیبووی لەنەخۆشخانە هاتە لام، من ئەوسا بەقەرزی کەی خوا دەروویەکی کردەوە لە ئوتێلی (پارس) دەنووستم، هەر بەو شێوەیەش نانم لە چێشتخانەی (پارس) کە بەتەک ئۆتێلکەوە بوو دەخوارد...


(هەرگیز لەبیرم ناچێ بە هۆی ئەوەی قەرزێکی زۆرم لەسەر کەڵەکە ببوو، کابرای شاگردی چێشتخانە لە ئوتێل، کە بە پاڵ چێشتخانەوە بوو هاتە لام و وتی: ئاغا خوایشت دەکەم بەڵام ئاغام دەڵێ ناتوانین چیدی بە قەرز بدەین، منیش هەر ئەوەندەم پێ گوترا بەو مانایە پێم وت با ئاغات خاترجەم بێ پارەکەی ناخورێ و بە دڵنیاییەوە بەم زووانە بەخۆم بۆی دێنم).


ئەو شان شکانەی من لێم بوو بەبەڵایەکی گەورە هەموو ئاماژە پزیشکییەکان وایان دەردەخست سەقەت دەبم، وا دیار بوو نەشتەرگەرییەکەیان هەروایی بۆ کردبووم، بە قەرز بێ یا بە یارمەتی هەندێ لە خزم و دۆستان زۆر دکتۆرم لەنەغەدە و مهاباد و ورمێ و تەورێزێ کرد بێ سوود بوو، تا ئەو ڕۆژەی لەگەڵ مامۆستا ئەحمەد هەردی و کاک جەلالی میزرا کەریم لەچێشتخانەی پارس لە مهاباد دانیشتبووین پیاوێک هاتە لامان، کە پێیان ناساندم دەرچوو مامۆستا نەجمەدینی ئەنیسی بوو بەڕێوەبەری ئیستگەی ڕادیۆی مهاباد، کە سەربردەی پیل شکاندنەکەی من هاتەوە گۆڕێ وتی ئەگەر فڵان (واتە من) ڕازی بێ چاکی دەکەمەوە ‌، بەهەر حاڵ منی بردە گوندێکی نزیک مهاباد (شۆڕاوا) بۆ ماڵی بەیتارێکی میللی بەناوی (عەلی شۆڕاوایی)، ئەو پیاوە زۆری ئەزیەت دام تا ڕادەیی لەهۆش چوون، بەڵام چاکی کردمەوە...


دوای ماوەیەک خولێکی تایبەتی بۆ قوتابییە ئاوارەکان بۆ فێربوونی زمانی فارسی کرایەوە، بەو هیوایەی ساڵی دادێ لەقوتابخانەکانی ئێران درێژە بەخوێندن بدەن.، (کە خۆشم یەکێک بووم لەو قوتابیانە).


تازە دەورەکەمان تەواو کردبوو ژمارەیەک ناو بەهۆی دیواری مزگەوت و سینەما و شوێنە گشتییەکان ڕاگەیێنرا، ئەگەر ئەو ناوانە لەماوەی ٤٨ سەعات خۆیان بە پۆلیس و کەلانتەری بەقەولی ئەوان مەعرەفی نەکەن تەسلیمی عێراقێ دەکرێنەوە، ناوی من یەکێک بوو لەو ناوانە ‌، بەکورتی دوای ئەوەی خۆمان ناساند لەترسی ئەوەی ڕادەستی عێراقمان نەکەنەوە ‌، ئێمە کۆمەڵێک بووین چووین خۆمان ناساند و کاتێکی دیاریکراویان بۆ داناین کە نەدەگەیشتە هەفتەیەک، ئێمەیان لەگەراجێکی شاری نەغەدە کۆکردەوە و سواری پاسیان کردین (پاسی هەژدە نەفەری) هەر پاسە و بە ئاراستەیەک و کەسیش نەیدەزانی بۆ کوێمان دەبەن و چیمان لێ دەکەن، هەر لەگەراج هەر یەکەو هەزار تمەنیان پێ داین، کە ئەوسا دەیکردە پەنجا دیناری عێراقی.


پاسەکەی ئێمە ڕێگەی ورمێی گرتەبەر، ئەوسا بە (ورمێ) یان دەگوت (ڕەزاییە)، ئێمە دەوری سەعات ١٠ی بەیانی بەڕێ کەوتین، هەر لەڕێگا شەومان بەسەرداهات، بە ‌تەورێز و ئەردەبیل و چەندان شار و شارۆچکەدا تێپەڕێن تا درەنگانی شەو گەیشتینە شاری (ڕەشت) ،‌ دوایی زانیمان لەشاری (ڕەشت) ین، ئێمەیان لەنزیک کارگەیەک دانا لەشوێنێک نزیکی ڕەشت ناوی (سوومعە سەرا) بوو.


لەوێدا هەر دوو سێ ڕۆژ ماینەوە و پێیان وتین دەتوانن بچنە شار و لەوێ لە ئوتێل بن، ئێمە چوار پێنج کەس بووین، ئەوەی بەبیرم مابێ خۆم و ملازم شوان، کە دوایی بەملازم شوانی پاسۆک ناسرا، هەروەها خوالێخۆشبووان د. سەعەدی غەریب، ‌ ڕاگری کۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی و مارف ژاژڵەیی چووینە ئوتێلێک ناوی (بین المللی) بوو (ئوتێلێکی بێ پلە و پایە بوو ناوەکەی لێ خەسار بوو) ، دیارە کە خەرجی ئوتێل و خواردن لەسەر حسابی خۆمان بوو، ئێمەش ئەوانەی کە ناومان هێنان پێکەوە بووین، بەتایبەتی من پارەیەکی ئەوتۆم نەبوو، زۆر جار برادەران هەقی خواردنێکی هاکەزاییان بۆ دەدام.


شاری (ڕەشت) شارێکی جوان و خۆش و شارستانی بوو و لەبەندەری پەهلەوی ئەوسا (ئەنزەلی ئێستا) نزیک بوو، کە بەتایبەتی کەشتی سۆڤیەتی ئەوسا لەنگەریان لێ دەگرت.


برنجێکی دەرجە یەکیان لەتەواوی ئێرانێدا هەبوو، دەڤەرێک بوو بەبرنج بەناوبانگ بوو، هەمیشە بارانێکی نەرمی هەبوو، بەڵام بە ئێمە چی کە شەشدەرمان لێ گیرا بوو و نە خەرجیمان هەبوو نە کەس خۆی لێ دەکردین بە ساحێب و لای لێ دەکردینەوە...


دەزگایەک سەروکاری پەنابەرانی لەدەستدا بوو، هەر ڕۆژەی بەبیانوویەک خۆیان لێ دەدزینەوە و هیچیان بۆ نەدەکردین تەنیا قەولیان پێ دەداین و بەقسان ڕایانگرتبووین و کەسیش کارێکی پێ نەدەداین، ڕێککەوتنی جەزاییر لەگەرمیدا بوو، ئێران نەیدەویست عێراق وا تێ بگا هانی پەنابەران دەدا نەچنەوە ‌، ئەوە مایەوە تا وای لێهات زۆری نەما بوو بگەینە قۆناخی سواڵی سەرجادە ‌، لەهەمووشی وێرانتر پارەی ئوتێلمان زۆر هاتبووە سەر... بەو جۆرە ئێمە ‌، من و ملازم شوان و خوالێخۆشبووان د. سەعدی غەریب و مارف ژاژڵەیی بەناچاری بڕیاری هاتنەوەمان دا تەنانەت من کە پارەی ئوتێلم نەبوو، جانتاکەم بەپشتێنێ لەباڵەکۆنەکەوە شۆڕ کردەوە خوارێ دەنا کابرای خاوەنی ئوتێل ڕەنگ بوو بەگرتنی بدا بووام..


بەهەر حاڵ پێش ئەوەی بێینەوە دەرگا نەما لێی نەدەین، من کە هیچ وەرقەیەکم نەبوو دوو جار بەدزی چوومە تارانێ، سەفارەت نەما ئەوەی دەستم پێ ڕاگەیشتبێ نەچم بێ سوود بوو، کەس پارەی بەقەرزیش پێ نەدەداین، دەنا هەر لەهەمان ئوتێل خەڵک و خوایەکی لێ بوو هەبوون بوون، وەکو ئێمەش ئاوارە بوون، (مەبەستم لەگەڵ ئێمەدا هاتبوون)... ئینجا بەمن چی؟


ئیمە هەر چوارمان چووینە شوێنی مەبەست، کە وا بزانم ئەگەر لەبیرم بێ بارەگای (شیر و خورشید) بوو، کە هەر ئەوانیش قەولی زۆریان پێ دابووین و هیچیان جێبەجێ نەکرد بوو، وا دیار بوو خەڵکی دیشی لێ بوو، ناویان نووسین، دوای چەند سەعاتێک چاوەروانی ئێمە کۆمەڵێک سواری پاسێکی (هەژدە نەفەریان) کردین بەرەو سنوور، لە ڕێگای -کرماشان قەسری شیرین-خوسرەوی خانەقییەوە.


پاس کەوتە ڕێ، ئاخر بەینی ڕەشت و سنووری عێراق بەو ڕێیەدا ماوەیەکە ‌، لەڕێگادا شەومان بەسەردا هات، وەک ئێستام لەبیرە کە گەیشتینە تاق بۆستان د. سەعدی ڕەحمەتی کە نەختیکی لەڕێگادا خواردبووەوە دەستی کرد بەگریان بەدەم ئاهەوە بە دەنگێکی بەرزیش هاواری دەکرد ئەوە تاق بوستانە، ئەوە کوردستانە ‌، ناوی کوردستانی زۆر دووبارە دەکردەوە و دەگریا، گەیشتە ئەوەی زۆر لە سەرنشینانی هەژدەنەفەرییەکەیشی هێنایە گریان...


سەعات دوازدە و قسوری شەو بوو گەیشتینە سنوور لەدیوی ئێرانێ، خاو و خێزانێکی زۆری لێ بوو ئەودیویش دیار بوو، ژمارەیەکی زۆری لە بارهەڵگرە درێژەکان (ترێلە) وەستا بوون، ئێمە ئەو شەوە کە ناوەڕاستی پاییز بوو لەو بیابانە ماینەوە، تەنانەت من چەند کتێبێکم لەجانتاکەمدا بوو، کە هەر ئەو جانتایەشم پێ بوو لەسەرمان سووتاندمان، بەیانی لەگەڵ ڕۆژهەڵات سنوور کرایەوە، ڕاستی زۆربەمان پەشیمان بووینەوە هەرچەندە لەناچاریش بووبێ، بەڵام کە بینیمان بەچ ئیهانە و لێخوڕینی ئاژەڵئاسا لەو دیوو دەمان بەن بۆ دیوی عێراقێ، سەربازەکان ئەو خەڵکەیان سواری ترێلە دەکرد، وایکرد بە تەواوی پەشیمان ببینەوە، هەر چەندە لە دیوی ئێرانێش بەوپەڕی ناچاری بڕیاری هاتنەوەمان دابوو بەڵام تازە چارێکی دیمان لەبەر دەم نەمابوو و وەک دەڵێن تازە تیر لەکەوانێ دەرچوو بوو.. تازە ڕوویشتبوو بەهیچ شێوەیەک ڕێگەی گەرانەوەمان لەپێشدا نەمابوو.


تا پەڕینەوە دیوی ئەو سنوورەی کردوویانە بەسنووری عێراق بەهۆی قەرەباڵغی چەند سەعاتێکی دیکەی پێ چوو، هەر لەگەڵ پەڕینەوەمان سەربازێکی زۆری لێ بوو، یەکسەر سەری ترێڵەکانیان ئاواڵاکرد وەک ئاژەڵ سواریان کردین، بەپەستان لەدواوەی ترێڵەکانیان دەپەستاین، ژن و منداڵی ساوا و پیر و گەنج، کە بەزەحمەت جێی دانیشتمان دەبووەوە ‌، نزیکەی سەعات و نیوێک ئاوا ماینەوە تا زۆربەی ترێلەکان پڕ کران، ئینجا وردە وردە وەجوولە کەوتن، یەکەم شار پێیدا ڕۆیشتین خانەقی بوو، خەڵکێکی زۆر لەو بەر و ئەو بەری جادە بوون، وا دیار بوو حکوومەت هێنابوونی، هەندێکیش ڕەنگە بەعسی بووبن، پەلکە شووتیان تێدەگرتین، ئێستاش لەگوێمدا دەزرنگێتەوە ‌، کە بەدەنگی بەرز لەگەڵ هاوێشتنی توێکڵە شووتی دەیانگوت (حوکمە زاتییەکە هاوردتان)، وا دیار بوو دەزگا حزبی و ئەمنییەکانی حزبی بەعس ئامادەکاریان بۆ ئەوە کردبوو، دەنا ئێمە دوور و نزیک خەڵکمان دەدی دەم و چاویان وێک هاتبووەوە و بە خەمبارییەوە وەستابوون ‌، وا دیار ‌بوو زۆربەیان بەزۆر هێنرابوون.


ترێلەکان خۆشبەز نەبوون لەسەرخۆ دەڕۆیشتن، کە نەمان دەزانی بۆ کوێمان دەبەن، هەرچەندە ئێمە بەحیسابی (عەفووی عام) گەڕابووینەوە و قەولی ئەوەیان پێدابووین هەر کەس دەچێتەوە شار و شوێنی خۆی، ‌ پاشان وا دەرنەچوو....


ئێستا ترێلەکان بەخێراییەکی مامناوەندی دەڕێیێدان، ئێمەش جگە لەتۆز و غوباری ڕێ، نە تیکە نانێک نە قومە ئاوێکیان پێداین.


ترێلەکان بەرێوەن.. خانەقییمان بەجێ هێشت تا گەیشتینە بەغدا بەژمارەیەک شار و شارۆچکەدا تێپەڕین، کە گەیشتینە بەغدا، دەمێک بوو شەومان بەسەردا هاتبوو، دیارە بەغدا وەک شارێکی دیار و هەڵکەوتوو سەردەمگەلێکی بەخۆیەوە بینووە تا گەیشتووەتە ئەمڕۆ ‌، نەتەوە و ڕەگەزی جیاجیا بە درێژایی مێژووی حوکمیان تێدا کردووە، زۆر جاریش کەوتووەتە بەر شاڵاوی شەڕ و داگیرکاریی و وێران بوون، ئەوەتا ئێستاش بەو ڕەنگەیە کە عەرەب بە پایەتەختی بەنازی خۆیانی دەزانن..‌


ئێمە لەپشتی ترێلەکان ئاخنرابووین، چەندان سەعات بوو بێ نان و ئاو، بەرمان بەجوانی و ڕووناکی شەقامەکانی بەغداوە نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەونەقی ساختمان و شەقامەکان، سەرەڕایی برسیەتی و تینوویەتی و ژاوەژاوی قەرەباڵغی، زۆربەمان لەپشتی ترێلەوە جار بەجار بۆ تەماشا سەرمان هەڵدەبڕی، سەیری جادە و بەری ڕووناک و درەوشاوەی بەغدا و گڵۆپە درەوشاوەکانمان دەکرد.


لێ خوا شاهیدە گڵۆپەکانی بەغدا لە برینە هەمیشە خوێن لەبەر ڕۆییەکانی ئێمە گەشتر نەبوون، بەڵام برینەکانی ئێمە کە دەیان ساڵە هەر چەند ساڵ جارێک دەکولێندرێنەوە. ئەوەتا ئێستاش بەخۆ و بەبرینە گەشە کوولێنراوەکانمان لە ترێلان ئاخنراوین، کە تا ئەم ساتەش بەبەغدا تێدەپەڕین نازانین بۆ کوێمان دەبەن و بەتەمان چیمان لێ بکەن.


نازانین لەکوێدا وەک کۆمەڵە بوونەوەری تێکەڵە لەکوێدا هەڵماندەڕێژن چۆن لەسنووردا تێیان هاوێشتین وەک ئەوەی ئاژەڵگەلێک لەپشتەوەی تڕێلەکان بارکەن وابوو..


ماوەیەک تاڕادەیەک زۆری پێ چوو ‌ هێشتا بەغدامان بەجێ نەهێشتبوو، دیارە من وەک خۆم کەم تا کورتێک شارەزای بەغدا بووم، بەڵام بەغدا شارێکی گەورەیە و بە ڕووباری دیجلەوە بووە بەدوو بەر، بەری ڕەسافە و بەری کەرخ، من هەر ئەوەم لەبیرە ئێمە لەگەڕەکی (الشعب) ەوە لە بەری ڕەسافە هاتینە ناو بەغدا ئەوەی دی بەهۆی شلۆغی و قەرەباڵغی شەقامەکان، ماوەیەکی زۆرمان پێ چوو تا بازگەی بەری باشووری بەغدامان بڕی و لەشاری دەرچووین و هاتینەوە سەر ڕاستە ڕێی شەقامی دەرەوەی بەغدا بەرەو باشوور...


ترێلەکان بەخێراییەکی مامناوەندی دەڕۆیشتن بەمەزەندە نزیکەی سەعاتێک و هەندێکی پێچوو ڕووناکایی شارۆچەکەیەکمان لێ دەرکەوت، هەر لەدوورڕاش هەندێکمان لەپشتی ترێلەکەماندا لەگەڵدا بوو هێشتا نەگەیشتبووینە بازگەی شارەکە وتیان ئێرە (مەحموودیە) یە...


چەندی لەمەحموودییە نزیک دەبووینەوە ترێلەکان خێراییان کەمتر دەبووەوە تا ئەوەی هەر دوای دەربازبوونمان لەبازگەی پێشەوەی شارەکە بەماوەیەکی کورت ترێلەکان وەک ئەوەی هەر ترێلەیەک فارغۆنی شەمەندەفەرێک بێ یەک بەدوای یەک لەجادەیان لادا و وەستان، لەو دەمەدا ئێمە بیرمان بۆ ئەوە چوو دەبێ بەتەمای چی بن... هەندێکمان بیری بۆ شتی خراپ چوو تا ڕادەی کوشتن... زۆرینەش منیش هەر لەگەڵ زۆرینەدا بووم، وتم ڕەنگە نان و ئاوێکمان بدەنێ، کە نزیکەی شانزدە سەعات بوو بەڕێوە بووین هیچیان پێ نەدابووین، منداڵان لەپشتی ترێلە بەخۆیاندا کردبوو، ئەوە جگە لەسەرما و تۆزی ڕێگا لەپشتی ترێلەی سەرکراوەدا هەراسانی کردبووین، کەچی دەرچوو بۆ پاسەوان و شوفێری ترێلەکانە ‌ پشوویەک بدەن و نان و چا لەو چەند چێشتخانەیە بخۆن، کەوا پێ دەچوو پێشەکی بۆیان ئامادەکرابێ، بەوەی ترێلە بەترێلە هاتن ئاگاداریان کردینەوە کەس دانەبەزێ و لەجێی خۆی نەجوولێتەوە، هەرچەندە هەندێ لەو بەساڵاچووانەی ناو ترێلەکان ئاوا شەفاعەتێکیان بۆ ژن و منداڵەکان کرد کە برسیانە و تێنوویانە و هەیە پێویستی بەسەر ئاوە... دادی نەدا.


سەعات و نیوێکی زیاتری پێ چوو تا شوفێر و پاسەوانەکانی لەگەڵیان بوون، هەر ترێلەیەک دوو پاسەوانی چەکداری لەگەڵدا بوو، کە لەپێشەوەی ترێلە سوار بوو بوون نان و چایان خوارد ئێمەش لەناو ترێلەدا ئەژنۆمان لەباوەش گرتووە ‌، ئەوەی دەبۆرژێ، ئەوەی بیر لەچارەنووسی نادیاری خۆی دەکاتەوە، تێشمان دابوو لەماوەی وەستانی ترێلەکان بەهەر جۆرێک بووە پەنایەکی دروست دەکرد میزێک لەناو بۆدی ترێلەدا بەناو درزی بۆدی بەسەر تایەکاندا شۆڕ دەکردەوە کە هەندێکیان نیوەی هەڵدەبەزییەوە و بەخۆی دەکەوتەوە، ‌ یەکیان من بووم لەگۆشەیەکی ترێلەدا ئەو قارەمانیەتیەم نواند و ‌ زۆربەیشی هەلبەزییەوە و بەخۆم ‌کەوتەوە، کار لەوە ترازا بوو چیتر خۆمان ڕابگرین، ئەوەی باش بوو من دوو سێ پاکەتی جگەرەم پێ بوو، کە هەندێ جار جگەرە ‌جگەرە وێریشم دەکرد بۆ جگەرەکێشانی ناو ترێلە ‌، هەندێکی پێ چوو غەڵبە غەڵبی دەنگی شوفێر و پاسەوانەکان پەیدا بووەوە کە تێریەتی و ئینتەللایی ئەوان لەبەرامبەر برسیەتی و تینوویەتی ئێمە هاوکێشەیەکی لاسەنگی پێکهێنابوو، ‌ هەندێ جاریش لەگەڵ جوولەی ترێلەکان جۆرێک لەکۆمیدیایەکی مرۆییانەی بەرپا دەکرد، هەندێ دانیشتووانی پشتی ترێلەی دەخستە پێکەنین.


بۆ یەکەم جار بوو لەو ڕێیە دوور و درێژە پێبکەنین، بەهەندێ لەنووکتەی ماوە بەسەرچوو کە زۆر جار لەساتەوەختی دەست لەخۆ شۆردندا دەگێڕدرێنەوە...


ترێلەکان کەوتنەوە ڕێ، کات لەنێوەی شەو نزیک دەبووەوە ماوەیەکی زۆری نەبرد ژمارەیەکیان بەرەو ڕێیەکی دی لەزنجیرەی ترێلان جیا بوونەوە، ئێمە بەلایتەکانیانەوە زانیمان لایاندا، ئەوانی دی بەترێلەی ئێمەوە بەردەوام بوون لە ڕۆیشتن..


کات بۆ دووی شەو دەچوو، ڕێگا تا ڕادەیەک چۆل بوو، ئەو ترێلانەی بەر ڕێڕەوی ئێمە کەوتن، پاش ئەوەی هەندێکیان لەگەڵ دەرچوونمان لەقەزای مەحموودییە بەمەزندە نەدەگەیشتنە دە ترێلە ‌، کەمتر بوون، نزیکەی سەعات و چارەگێک بڵێ سەعاتێک و نیو دەڕیێدا بووین، تا گەیشتینە شوێنێک نەمان دەزانی کوێیە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوامان لێ تێک چوو بوو، بەو شەوە شوێنێک بوو لەدێیەک دەچوو، دیار بوو زۆربەی خانووەکانی قوڕ بوون، ترێلەکان لەچۆلەوانییەکدا وەستان، پاسەوانەکان هاتن و ئێمەیان هێنا خوارەوە و بەسەر ئەو خانووە قوڕانەیان دابەش کردین، ئێمە هەر چوارمان کە سەڵت بووین و پێکەوەش لەشاری (ڕەشت) ی ئێرانەوە گەڕابووینەوە، پاش بگرە و بەردە و حەفت و هەشتێکی زۆر تا سەلماندمان ئێمە پێکەوەین و خانوویەک لەو خانووە قوڕانەیان داینێ، من و ملازم شوان و هەردوو ڕەوانشاد د. سەعدی غەریب کە ڕاگری کۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی بوو. هەروەها مارف ژاژڵەیی کە لەڕاستیدا من لە (ڕەشت) ەوە ناسیبووم، ئەوەی دەیڵێم و تا وەرگرتنی خانووەکە سەعات خۆی لەچواری بەرەبەیان دەدا، ئێمە تا ئەو ساتە ئەوەی پەیوەندی بەژیانی بایۆلۆژیمانەوە هەبێ نەمان کردبوو لە نان و ئاو و... تاد. نان و ئاو دابەشکردن تا بەر ئێمە کەوت کازیوەی دا و سپیایی بەرەبەیان لەدەرکەوتندا بوو، هەر یەکەو دەبەیەکی ئەوەی جاران نەفتیان تێ دەکرد ئاو و (چونکە ئەو شوێنەی لێیان دانا بووین ئاوی لێ نەبوو) سێ تا چوار ئەستوورک و هەندێ ماست و یەک دوو هێلکە و یەک دوو سەرکە پیازیان پێداین.


وەک شێت و هار (لەپرۆسەیەکی کەس نەدیدەدا) هەموویمانم تەخت کرد، شتێکی چەند خۆش بوو هەست بەتێر بوون، خۆڕایی نییە پێشینان وتوویانە (برسیەتی ڕەگێکی هاری تێدایە)، ئا لەبیرم چوو یەکەو دوو بەتانی عەسکەریشیان پێداین، هەندێکمان دوای خواردن بەتانییەکەمان ڕاخست و پاڵمان بەدیواری ژوورەکە دا، من دوو جگەرەشم کرد بەسەرا، خەوەکوتکە دەیبردینەوە، بەڵام خەوی ناچاری بوو وەک دەڵێی (خەو سوڵتانە) دەنا هێشتا تا ئەو کاتیش لەخۆمان دڵنیا نەبووین چیمان لێ دەکەن تا ئەوەی وردە وردە ترێلەکان ‌سوڕانەوە و خۆیان ئامادە دەکرد و ڕێیان گرتە بەر و گەڕانەوە ‌، بۆ کوێ چوون، ئێستاشی لەگەڵدا بێ نازانم..


بەیانیدا، خۆرهەڵات، لەو ناوە تاک تاک خەڵکی گوندمان، کە دوایی دەرچوو (ناحییەیە) و گوند نییە بینی زۆربەیان دەستووری عارەبیان لەبەر بوو لەعەگال و چەفیە و دیشداشە و نەعلی پێ... بەڵام خوا هەڵناگرێ بەڕێز بوون لەگەڵمان تەنانەت هەندێکیان پێیان دەوتین (تحاتجون شی) هیچتان پێویست نییە ‌، لێمان پرسین ئێرە کوێیە، وتیان ئێرە (عتێیشی) یە ‌، بەڵام ناوی ڕەسمی (ناحیة الحسینیة) یە، وتیان سەر بەکەربەلایە ‌، کەربەلا لێرە نزیکە، کە دوای دەرچوو ناونانی (عتێشی) کە ‌ لە عەتشانی عەرەبییەوە هاتووە، گوایە لەم جێیەدا ئێمامی حسێن و ئێمام عەباسی برای و هاوەڵانی سەریان بڕاوە.


نێوان ئەوێ و کەربەلا، هەر بەقەد نێوانی هەولێر و عەنکاوە نەختێک زیاتر دەبوو، لەو بەینەدا پاسی (تێمس) ی بچووک کاریان دەکرد و نەفەریان دەهێنا و دەبردن.


عتێشی وەکو ناحییە بوو بەڵام خەڵکێکی هەژاری لێ دەژیا و زۆربەیان وا پێ دەچوو بەکشتوکێڵ و ماڵات بەخێوکردنەوە خەریک بوون، باغ و بێستان و دار و درەختێکی لەخۆ زیاتری لێ بوو، زۆربەی ژنان لەچکدار و عەباپۆش بوون، سوێندی کەم تا کورتێک ناخۆم کە پێ دەچوو خوێندکاری قوتابخانە بن لەناحییەکەوە هەندێکیان هاتوچووی کەربەلایان دەکرد، تەنیا لەچکدار بوون، بەڵام عەبایان نەدەپۆشی... حەفتەیەکی برد بەو حاڵە ماینەوە، لەو ماوەیەدا هەندێک قاپ و قازان و شتومەکی پێویستی خواردن و تەباخێکی بچووکمان (چوولە) لەحسابی خۆمان بەکۆمەکی هەموومان پەیدا کرد ئەویش بەهەزار حاڵ، چونکە زۆربەمان نەمان دەزانی چارەنووسمان چی دەبێ، تا ئەوەی ڕۆژێ دوای دە ڕۆژ لەهاتنمان پێیان وتین دەتوانن بچنە شار (واتە کەربەلا) ئێمە وەک ئەوەی پێیان وتبین هەر کەس بچێتەوە شار و ماڵی خۆی ئاوامان لێ خۆش هات و چووین، ئەو ناحییەیە تەنیا یەک چایخانە و کەبابخانەیەکی بچووک زیاتری لێ نەبوو، وەڕس بوو بووین لەچایخانە و ئەو چوار دیوارە قوڕەی تێیدا بووین... بنیادەم سەیرە بەرگەی چەندین سەختیی دەگرێ کەچی چاوی بەهیچیش لێ هەڵنایێ، بەهەر حاڵ ئێمە هەر چوارمان بڕیارماندا بچینە کەربەلا.


بۆ چوون بۆ کەربەلا، گەراجێک هەبوو پێیان دەوت گەراجی کەربەلا، ژمارەیەک (تێمیس) پاسە هەرە بچووکەکانی لێ دەوەستان کە دەوری دوازدە کەسی هەڵدەگرت، بەنرخێکی ڕەمزی لەبەینی کەربەلا و عتێشی نەفەری دەگواستەوە، ئەو ڕۆژە کەیفمان زۆر ساز بوو بەتایبەتی کە پێیان وتبووین چەند ڕۆژێکی تر داتاندەمەزرێنین.


هەر چوارمان سواری تێمس بووین بەرەو کەربەلا، زۆری پێنەچوو ئاوا چارەگێک یان زیاتر یا کەمتر گەیشتینە شوێنی وەستانی تێمسەکان لەگەراجی کەربەلا کە لەناوەڕاستی شار بوو...


کەربەلا دیارە شارێکی پیرۆزە لای شیعەکان بەوەی مەرقەدی ئیمامی حسێن و ئیمام عەباسی برای لێیە و هەمیشە زیارەتکاری بۆ دێن بێجگە لەعاشوورا کە سێ هێندەی شارەکە خۆی زیارەتکاری تێ دەڕژێن زۆرجار لەعاشوورایێ ئەوەندە قەرەباڵغ دەبوو دەرزیت هاوێشتبا نەدەکەوتە ئەرزی، جگە لەوەش کەربەلا لەچاو خۆی و هەندێ شاری تری باشوور شارێکی خاوێن بوو، تەناتەت زۆر لەنەجەف خاوێنتر بوو کە مەرقەدی ئیمامی عەلی لێیە. جگە لەوەش کەربەلا بە باغ و بێستانەکانی دەوروبەری بەناوبانگ بوو... زۆربەی خەڵکی بەتایبەتی دوکاندارەکان کە سەروکارمان لەگەڵ دەبوون، زمانی فارسیان دەزانی، لەجوانی و سەرنجڕاکێشی کچ و ژنانیشیان هەر گەڕێ کە ئایەتێک بوون لەجوانی جیاواز مەسەلا ئەسمەری چاو کاڵ. یان سپی چاو ڕەش و سەوز، یاخود غەمزەداری شیرین.. هەموو ئەوەی ئێستا کچ و ژنان بەجوانکاریش نایگەنێ، لەکەربەلا بەسرووشتی خۆیان هەبوون، هەندێ وایان لێکدەدایەوە ئەوە بەکاریگەری تێکەڵاوی ڕەگەزی فارس و عەرەبە، من بەخۆم ئەوەندەی دیومە لەجوانانی کەربەلام جوانتر نەدیوون.


لەلایەکی دی کەربەلا وەک شارێکی پیرۆز باڕ و مەلها و جێی لەشفرۆشی و قومارخانەی بەڕەسمی تێدا نەبوو و هەر بەدوایی قەدەغە بوون، ئەوەی ویستبای بخواتەوە دەبووایە بچێتە ناحییەی (توێریج) کە نیو سەعاتێک لەکەربەلا دوور بوو، ڕەنگە ئێستا قەزا بێ.


هەردوو مەرقەدی ئیمامی حسێن و ئیمام عەباسی برای هەر یەکێکیان لەشەقامێکی سەربەخۆ بوون....


ئێمە هەر دابەزین، بەپیاسە بەناو شاردا سووڕاینەوە، ئەو شەقام بۆ ئەو.. باڵەخانەشمان زۆر دیتن، کە زۆربەیان یان ئوتێل بوون یان شووقەی ئامادەکراو بۆ زیارەتکاران.... جگە لەوەش زۆر چایخانەشمان لەڕێڕەوی پیاسەماندا بینی... تا ئەوەی لەچایخانەیەکی ئاوا نەختێک گەورەتر لەوانی دی لەدەوروبەری مەرقەدی ئیمام عەباس دی و بڕیارماندا پشوویەک بدەین و هەر دانیشتین و دانەنیشتین من لەدوورڕا نیعمەت عەبدوڵڵام بینی لەگەڵ سێ چوار کەس لەسەر قەنەفەیەکی داری کۆن، لە وێنەی قەنەفەی چایخانەکانی هەولێر بە نموونە چایخانەی مەچکۆ دانیشتبوو.


وتم براینە ئەوانەی ئەوسەر هەموو کوردن، من یەکێکیان بەناسین دەناسم ئەوانی دیشم دیووە، بەڵام نایان ناسم دەچمە لایان، ئەوان دانیشتن من بەرەو ڕووی نیعمەت چووم، ئەویش کە لێی نزیک بوومەوە منی ناسییەوە، ئاخر ئێمە لە ناوەڕاستی حەفتاکانەوە یەکترمان دەناسی، جگە لەوەی ساڵی ١٩٧٤یش زۆر جار تەسادوفم دەکرد... ئەو لەمن، من لە ‌ئەو نزیک بووینەوە باوەشمان بەیەکدا کرد، کە حاڵەتێکی ئینسانییە دوو غەریب لەشوێنێکی وا یەکتر ببیننەوە (وکل غریب للغریب نسیب) ‌، وتی وەرە ئەوە برادەرانن، کە چووم حاکم تۆفیق کە وەختی خۆی مدیر ناحیەی گەڵاڵە بوو ناسیمەوە ‌، هەروا برادەرێکی تر صادق کە لە هەولێر لە چاپخانەدا کاری دەکرد، خوای لێی خۆش بێ کۆچی دوایی کرد، ئەویشم ناسیەوە ‌، یەکێکی دیکە کە ناوی شێرزاد جبرائیل ئەوم نەدەناسی، هەروەها برادەرێکی تر، بەهەر حاڵ منیش ئەوانم بردە لای برادەرانی تر کە پێکەوە بووین، ئیتر بازنەکە فراوانتر بوو و دەردە دڵ زۆرتر تا درەنگانی عەسر، دوای ئەوەی هەر لەتەک ئەو چایخانەیە چێشتخانەیەک هەبوو نانی نیوەڕۆمان لێ خوارد. پاشان نیعمەت و ئەوان وا دیار بوو لەشووقەیەک دەژیان، ئێمە درەنگمان بەسەردا هاتبوو چوینەوە گەراج و گەڕاینەوە جێی خۆمان لە خانووە قوڕەکانی (عتێیشی).


هەفتەیەکی نەبرد پارێزگاری کەربەلا (محمد حسین حسن الشامی) کە پاش چەندین ساڵ زانیمان لەسەر ئەوەی چوو بووە پرسەی سەرکردەیەکی خزمی کە سەدام حسێن ئیعدامی کردبوو، ٦ ساڵیان حوکم دابوو و لەزیندان بووە، بەهەر حاڵ پارێزگار وەک چۆن چووە لای نەفیکراوەکانی تر هاتە لای ئێمەش.


لەگەڵ نزیکبوونەوەی لەو حەسارەی ژوورەکەی ئێمەی لێ بوو، دەم و دەست ڕاوانشاد د، سەعدی غەریبی ناسیەوە کەوا دیارە لەقۆناغی زانکۆدا دەرسی پێ وتووە، ئیتر لەگەڵ بینینی د. سەعدی ئوستاز وە ئوستازی دەکەوتەوە ‌، وا باوە مامۆستا قوتابی خۆی ناناسێتەوە بەپێچیەوانەوە قوتابی مامۆستای دەناسێتەوە ‌، ناسینەوەی د. سەعدی غەریب لەلایەن پارێزگارەوە خێری بۆ ئێمەش پێوە بوو، یەکسەر بۆ بەیانی بە ئەمری پارێزگار ئێمەیان لەبینایەکی حکوومی کە بیرم نەماوە قوتابخانە بوو یاخود بۆ فەرمانگەیەک دروستکرا بوو گواستەوە، ئیتر لەکۆڵ مێش و کێچ و پێشکە بووینەوە، بیناکە بۆ ئێمە لەکۆشکی پاشایان خۆشتر بوو، بەتایبەتی کە شەش یان هەشت حەمام و ئاودەستی تێدا بوو، حەوشەیەکی گەورە.. هەر لەوکاتەشەوە پارێزگار هەرێی ئەوەی پێداین وا بکەن پەلە بکرێت لەدامەزراندمان لەناو شار وەک د. سەعدی داوای لێ کرد.
____________________________________________________
* (بەختی ڕەش یا کۆمەڵی چەوت) لە ئەسڵدا ئەمە ناوونیشانی یادداشتەکانی باوکم بوو کە نزیکەی نۆ سەت و قسوور لاپەڕەی فۆڵسکاب (A4)ی دەستخەت بوو، بێجگە لە چەندان وێنە و دیکۆمێنتی گرینگ کە بە داخێکی زۆرەوە بە بۆردمانی فڕۆکە لەگەڵ خانوو و ماڵێمان ساڵی ١٩٧٤ لە گەڵاڵە تیاچوو.
 

ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک