٢٧\٣\٢٠١١
بەختیار عهلی چی
دەڵێ؟
ئەنوەر فهتاح محهمهدئەمین
بەختیار علی لە رۆژنامەی ئاوینە، ژمارە 267، 24/3/2001، لە ووتاریکدا
بەناونیشانی "گەران بەدوای تایبەتمەندییەکانی ئەم ساتەدا" کە هەمان
بابەتی کۆرەکەی بوو کە چەندانجار لە (KNN) یش پەخشکرا، دەلیت: "حیزب
تاکە کەرەستەی پراکتیسی سیاسی و تاکە هەلگری شوناسی سیاسی لە تەواوی
سەد سالی رابووردوودا وینەیەکی بالا دەستە". وە هەروەها دەلیت
بەدریژایی سەد سالی رابووردوو، تاکە شتیک کە بزوینی شورشەکانی ئیمە
بووە، شەر بووە لەگەل داگیرکەراندا جەنگی مان و نەمان بووە لەگەل
هەرەشەی تواندنەوەو فەوتاندا - شۆرش شۆرشی بیرکردنەوە بووە لە
دەربازبوون لە داگیرکەرو رزگارکردنی نەتەوە لە مەترسی فەوتان .. تەنیا
نیازی پاراستنی نەتەوە بووەو هیچی تر.
بەختیار وەک ئەختەبووت پەلی هاویشتووەو هەولیداوە بزوتنەوەی کوردی وەک
شۆرش بناسینیت، لە کۆمۆنیزم بدات، حەزی ئەنارشیزمی دەربخات، بۆ چەپلە
کرینیش کەمیک ترش وخوێ دەکات بە فیکری ناسیۆنالیستیەوە. تەواوی
نووسینەکەیش زیاتر لە بزرکاندنی تایەکی بەهیز دەچیت، جارجار ووشەو
رستەی پر مانا، جارجاریش بزرکاندن.
نووسەر دەیەویت بلیت: شۆرش جەنگی مان و نەمان بووە.بەمانا ئەگەر ئەو
شۆرشانە نەبوایە کورد لەناودەچوو. ئەمە لەکاتیکا ئەو شۆرشەی نووسەر
باسی دەکات هیچ نەبووە بزووتنەوەی چەکداریی شیخ و مەلاو سەرەکخێڵ و
کۆمەلیک رۆشنبیری دەوری ئەوانە بووە کە شەری مانەوەی کوێخایەتیان
کردووە، ئەمەیش لە چوارچیوەی حیزب و ئایدیۆلۆژیادا بووەو بەشیکی گەورەی
خۆ پاراستنیشیان لە مفاوەزەکانیاندا بووە لەگەل دوژمنانی خەلک،
ئەمەشیان لەژیر چەتری نەتەوەپەرستی و سەرفرازیدا ئەنجامداوە. ئەمەیش
جگە لە دەستەواژەیەکی پر درۆو بێمانا، هیچی تری بە ژیانی خەلکی کلۆلی
کۆمەلگای کوردی نەبەخشیوە.
نووسەر خۆی دەلی: "ووشەی حیزب لە میژووی ئیمەدا بۆتە ووشەیەکی ناشیرین،
چونکە راستەوخۆ بەریکخستن ودسپلینی ئاسنینەوە گریدراوە .. ئەو دسپلینە
دکتاتۆری و ئاسنینەیە کە لە پەنجا سالی رابووردووی ئیمەدا کۆمەلگای
خنکاندووە تا ئیستا دەیخنکینی".
ئەم بۆچوونە زۆر راستە، زیاتر لەوەیش حیزب فەردی کوردیی تیکشاندووە
بەجۆریک ناتوانیت بەراستی بیر بکاتەوە. بەلام نووسەر لە هەمان ووتاردا
دەیەویت پیمان بلیت گوایە: شۆرش و حیزب هەولی رزگار کردنی نەتەوە بووە
لە فەوتان. ئەم ناکۆکیە لە فیکری نووسەردا چی دەردەخات؟
ئەگەر وەک بەختیار دەلی ئەمە شۆرشی پاراستن بووبیت ئەوا نەدەبووە مایەی
ئەم هەموو نەهامەتیە لە ژیانی نەتەوەیەکدا.
نووسەر لە شوینیکی تری ووتارەکەیدا دەلیت: واتە ناسیۆنالیزم لە جەوهەرە
کولتووریە ترادیسیۆنیستیەکەی دەردەهینیت و چارەنووسی بە پرۆژەی
مۆدیرنیزەکردنەوە گریدەدات .. کاریگەری جەوهەری و گەورەی لەسەر خەباتی
ناسیۆنالیستی ئیمەش لە تورکیاو ئیران و سوریا هەبیت.
با ئەم نووسەرە راچلەکینین و بپرسین: ئایا بیری ناسیۆنالیزم خەلکی
رزگار کردووە یان چەقبەستووی کردووە؟ سەیریش ئەوەیە ئەم نووسەرە لە
کاتیکا ئەمە دەلیت کە ناسیۆنالیزم لەسەرە مەرگی حەتمیدایە لەبەردەم
جیهانگیری پیشەسازی و بارزگانی و ئالوگۆری جیهانیدا. سەیر ئەوەیە
بەختیار خۆی لە وولاتی ئەلمانیا دەژی کە بەشیکە لە بازاری ئەوروپای
یەکگرتوو. بەلام لێی ناگیریت، ئەو مشەخۆریکە لە ئەلمانیاو لە
کوردستانیش لەسەر مووچەی دەزگای سەردەم دەژی، بۆیە زۆر زەحمەتە بە
ئاسانی لە حەقیقەتی میژوو تیبگات. ئەم نووسەرانە لە لایەک باس لە
ناسیۆنالیزم دەکەن وەک گیانیکی پیرۆزی نەمر، لەلایەکیش بە
پاچەکانیانەوە تەقلید دەرووخینن و داوای مۆدیرنیزە دەکەن.
پرسیاریک کە رووبەرووی نووسەر دەبیتەوە ئەوەیە کە ئەگەر حیزب ئەوەندە
ناشیرینە وەک ئەو باسی لیدەکات، ئیتر دەبیت بە چ جۆریک بەرگری لە
نەتەوەو رزگارکردنی کردبیت یان نەتەوەی لە مردن رزگار کردبیت؟ ئایا
حیزب هەر حیزب نیە لە هەر شیوەیەکدا بیت؟ ئایا ئەو حیزبانەی بە ووتەی
بەختیار نەتەوەیان لە فەتان رزگار کردووە هەر هەمان سولتان نین کە
ئەمرۆ ئازایەتی و ئەمەکداری بۆ حیزب بە دەفتەرە دۆلار دەخەملێنن؟ هەر
هەمان حیزب نین کە مافی خەلکیان دابەشکردووە بە مافی سەرکردەو ژیرکردە؟
بەختیار خۆی لە بابەتیکی تریش داوە، دەربارەی بزووتنەوەی سەرای ئازادی
دەیەویت بلیت: ئەم بزووتنەوەیە هی خەلکە نە بزووتنەوەیەکی چینایەتیە،
نەدینی، نە ناسیۆنالیستی. واتە بۆ یەکەمینجار بزووتنەوەیەکمان هەیە
ناچیتە ژیر چەتری دابوشبوونی تەقلیدیەوە.
لیرەدا دەپرسین: ئەبێ مەبەست لە بزوتنەوەی خەلک چی بیت؟
لە کۆتاییدا ئەو برا نووسەرە کلاوکلاوینە دەکات لەگەل خۆیشی و خەلکیش،
هەموو کلاوەکان هەلدەداتەوەو ناگاتە ئەوەی خۆی گەرەکیەتی. زۆریشی دەویت
تا خۆیشی بدۆزیتەوەو کەسیش فریاد رەسی ئەو نیە. لەمەیش زیاتر پیویست
ناکات وەخت بەفیرۆ بدەین بۆ مەتەل هەلهینان.
anwar.amin2011@hotmail.com
|