په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بەختیار عەلی: رۆشنبیرانی کورد لەدەرەوەی سیاسەت راوەستن.

سەلام عەبدوڵا


ژمارەی ئەوانەی وەک رۆشنبیرو سیاسەتمەدار ناویان دەهێنرێت، لە ژمارەی پۆلیس و ئاسایش زۆر زۆرترن، بەڵام کاتێ یەکێک وتارێک یان گفتوگۆیەکیان دەخوێنێت، جادووکەیان ئاشکرا دەبێت! لە 12/4/2009، رۆژنامەی هاوڵاتی گفتوگۆیەکی لەگەل بەختیار عەلی لە لاپەڕە5، بڵاوکردەوە. پاش تەرخانکردنی کات بۆ خوێندنی، خەتادەکەم ئەگەر تێبینی و رەخنەکانم نەخەمەڕوو. (دیموکراسی راستەقینە هەیە؟ رۆشنبیری ناسیاسی مانای چییە؟ ئەی هەڵبژاردنی پاک؟ هەڵبژاردن بە حیکمەتی سیاسی دەبرێتەوە چی دەگەیەنێت؟...هتد)


بەختیار دەڵێ: (شتێکی نوێ نییە ئەگەر بڵێم مێژووی سیاسی ئێمە لە شەڕ جیانابێتەوە، مێژووی لەیەکدانە، مێژووی لەیەکتر تێنەگەیشتنە، مێژووی یەکتر قبووڵنەکردنە).


لێرەدا بەکارهێنانی وشەی(ئێمە)، لەرادەبەدەر بێمانایەو ئەو وەهمە لەلای خەڵک درووست دەکات، وەک بڵێ مێژووی سیاسی وەڵات و گەلانیتر تر بە ماچوموچ و هەڵپەڕکێ وچاوبازی تۆمارکراوە. مێژووی سیاسی بە گشتی، واتە مێژووی شەڕی جۆراوجۆری داگیرکردنی وەڵات، چین و توێژەکانە. ئەوە وەهمە ئەگەر یەکێک پێیوابێت مێژووی ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵگەکان"مێژووی تێنەگەیشتنە"، چونکە هێزە جۆراوجۆەرکان بەباشی و بە هوشیاری بەرگری لە بیروبۆچوون و بەرژەوەندی خۆیان دەکەن.


بەکارهێنانی(ئێمە)دووبارە بە شێوەیەکی نەشیاو و بێمانا بەکاردەهێنێت بۆ بۆچوونێکی ترو دەڵێ(هێزە سیاسییەکانی ئێمە خەونێکی ترسناکی دەسەڵاتی هەتاهەتایی و ئەبەدی دەیانجوڵێنێت...).


مانای هەتاهەتایی و ئەبەدی، هەر یەک مانایان هەیەو پێویست ناکات لەتەنیشت یەکەوە ریز بکرێن و بەریزکردنیان زمانە ئەدەبییەکەی سووکدەکات و دوایی ئەو رستەیەش"چپسێکی ئیکسپایەرە"، چونکە هیچ هێزو حکومەتێک لەواقیعی مێژووی مرۆڤایەتی نەناسراوە ئەو ئارەزوو و نیازەی نەبێت بۆ هەتا هەتایە دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت.


یەکێک لە نموونەکانی رسوایی بریتییە لەوەی بەناوی رۆشنبیرییەوە نەزانی و وەهم بڵاوبکرێتەوەو ئەمەش نموونەیەکی ترە: (ئەو نوخبە سیاسییەی ئەمڕۆ لە وەڵاتی ئێمەدا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، هەمان ئەو نوخبەیەی پێشووەو خاوەنی هەمان کولتووری جەنگە)


کلتووری جەنگ؟ بیر لە ژمارەی ئەو جەنگانە بکەنەوە کە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو لەلایەن وەڵاتە"پێشکەوتووەکان"و"دواکەوتووەکان"ەوە بەرپابووە، بەلام لێرەش دەبێ بزانین ئەوانە چ جۆرە جەنگێکن؟ جەنگی رەوا یان ناڕەونا؟. بەختیار بەداخەوە بە نەزانی وشەی جەنگ وەک وشەی تیرۆر بەکاردەهێنێت: ئاخر تیرۆریش وشەیەکی یەک رەهەندو مانا نییە! ئەو نوخبە سیاسییە کە ئێستا لە ئەمریکا حوکمڕانی دەکات هەمان ئەو نوخبە سیاسیەی جاران نییەو بۆ نموونە ئۆباما داوای داماڵینی چەکی ئەتۆمیش دەکات کە دەیان ساڵ هێزە شیوعی و ئاشتیخوازەکان خەباتی بۆ دەکەن، بەڵام دەبێ ئەوەشمان لەبەرچاو بێت کە ئەم نوخبەیەش پەڕە بە جەنگ دژ بە کوردستانیانی باکوورو ئەفغانستان دەداو لەکاتێکدا رێژەی بێکاری و لانەوازی لە وەڵاتەکەیان لە هەڵکشانە، داوای زیادکردنی خەرج دەکات بۆ وەزارەتی جەنگ(خۆیان پێدەڵێن وەزارەتی بەرگری)!


کاک بەختیار وەک"رۆشنبیرێک"سەرسامی خۆی بۆ ئەزموونی هەڵبژاردنەکەی تورکیا و ئێراق دەردەبڕێ و بەڵایەوە گرنگ نییە لەو هەڵبژاردنانە بە سەدان کەس بریندارو زیندانی کران و هەزاران ساختەکاری ئەنجامدراو چەندین حزب لەبازاڕەکان، دەنگی خەڵکیان بە پارەو کەلوپەل دابەشکردن دەکڕی و لە هەندێ شاریش نرخی دەنگێک گەیشتە 100دۆلار! ئەمە نموونەکەی بەختیارە کە بە سیاسەتمەدارە کوردەکان پێشکەش دەکات تا شەرم لەلای(سیاسییەکانی ئێمەش)درووست بکات!


کاک بەختیار دەبێ (گەمەی دیموکراتی پاک و بێدەستکاری)مان بۆ روون بکاتەوە. ئەمە زۆر گرنگە، ئایا خەرجکردنی سەدان ملیون دۆلار لەلایەن وۆڵ ستریتەوە بۆ هەڵبژاردنی ئۆباما، گەمەیەکی دیموکراتی پاکە؟ کاکە گەمەکە پێش دەستپێکردنی گڵاو، بۆگەن و قیزەوەنە، چونکە سیستێمەکە هەر وەک خۆی دەمینێتەوەو ئەقڵ و هیواو ئیدیالی دەسەڵاتەکەیان تەنها لە قازانجی سەرمایە دەبینێتەوەو: گۆڕان نابێ!


چەند پێکەنیناویە یەکێک بنووسێتت(هەڵبژاردن دەبێت بە حیکمەتی سیاسی ببرێتەوە)! من پرسیاری ئەدرەسی ماڵی ئەو(حیکمەتە سیاسییە دەکەم)، بەڵام لەراستیدا دەبوو بینووسیبا: هەڵبژاردن بە خەرجکردنی حیکمەتی ملیونان دۆلارو لێهاتوویی فێڵکردن و جەواشەکاری راگەیاندنەکان دەبرێتەوەو لێرەشدا گەڕان بەدوا بۆچوونەکانی نەعوم چۆمسکی لەبارەی رۆڵی راگەیاندنەکان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا سوودبەخشە!


بەختیار عەلی لە ئەڵمانیاوە پێمان دەڵێ: (بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی دیموکراسی هەبێت، دەبێت کۆمەڵگایەک هەبێت لە هەموو ئاستێک و هەموو جومگەیەک و هەموو ساتێکدا دیموکرات بێت)


یە چەیگە-ئەمە چییە-؟ بەڕێز بەختیار دەتوانێ ژمارەی حزب و گروپ و لایەن و رۆشنبیرو کەسایەتییە فاشیست و راستڕەوەز رەگەزپەرەستەکان لە ئەڵمانیا یان نەمساو فەرەنسامان بۆ بژمێرێ؟ هیوادارم پێشمان بڵێ ئەو هێزانە لە هەموو ئاست و جومگ و ساتێکدا دیموکراتن؟! بەڕێز بەختیار دەتوانێ پێمان بڵێ تەخشان پەخشانکردنی پارەی باجەران بە بانقە دۆڕاوەکانی لە بازاڕی"دیموکراسی"دراو، چەندە پەیوەندی بە دیموکراسییەوە هەیە؟


هەر کەسێک قسەی زۆر بکات تووشی هەڵەی بێمانا دەبێت و ناکرێ هەر جارێک زۆری وت، لێی خۆش ببین. بەختیار وەک"رۆشنبیرێکی بەناوبانگی کورد" بەم شێوەیەی خوارەوە بەرچاومان رۆشن دەکات: (بۆ ئەوەی هەڵبژاردن دیموکراسیانە بێت، دەبێت کۆمەڵگا ساڵ دوازدەی مانگ دیموکرات بێت، دەبێت کۆمەڵگا بەسیستێمی مۆنۆپۆڵی ئابووری و قۆرخکردنی دەزگا گەورەکانی میدیا و کۆنتڕۆڵکردنی فەزای گشتی و ئیفلیجکردنی کۆمەڵگای مەدەنیدا نەڕۆیشتبێت)


کاک بەختیار نەختێ خاتری جەماعەت بگرن، ئاخر کۆمەڵگایەک ساڵ دوازدەی مانگ بەبێ پشوودان دیموکرات بێت، ماندوو دەبێ و خەوی لێدەکەوێت، بەڵام من زۆر حەزدەکەم پاش20ساڵ لە ژیانی ئەڵمانیم بۆ ئەدرەسی ئەو کۆمەڵگایە بگەڕێم کە ساڵ دوازەدە مانگ دیموکراسییە! پاشان بەبرای خۆم بڵێم لە وەڵاتە"دیموکراتەکان" کۆمەڵگاکەیان نەک هەر لە قۆناغی مۆنۆپۆڵی ئابووری و قۆرغکردنی دەزگا گەورەکانی میدیا لە وڵاتەکانیان دەڕۆن، بەڵکو ئێستا"وەک دەڵێن" سەردەمی جیهانگیرییە و دەسەڵاتدارە"دیموکراتەکان"بەوەش تێرناخۆن و خەریکی دامەزراندنی دیکتاتۆرییەتێکی بێوێنەن لە جیهان.


ئایا ئەوە کۆمەڵگایەکی دیموکراتە، بە هەزاران پەنابەر، بە پەنابەری کوردیشەوە بە زۆرەملی لە وەڵاتەکەیان دەربکەن؟ بەملیونان کارگەر بێکار بکەن؟! دەستدرێژ سێکسی و لەشفرۆشی، ژن کوشتن بۆ نموونە وەک کوردستان کاری رۆژانەیان بێت؟ بەبەردەوام لەم وەڵات یان ئەو وەڵات جەنگ بەرپا بکەن؟ بەبەردەوام خەریکی چەکدرووستکردن بن؟


کاک بەختیار دەنووسێ(من وەک رۆشنبیرێک کە خەونی نوێگەری هەمیشە خەونی سەرەکیمبووە، خەونی بانگەشە بۆ کۆمەڵگایەکی ئازادو لیبڕاڵ لە هەموو ئاستەکاندا خەونی یەکەمم بووە، هێشتا کۆمەڵگای خۆم و زیهنییەتی سیاسی کوردی زۆر دوور لەو خەونە دەبینم)


ئازادو لیبڕاڵ یەک مانایان هەیە، بەڵام دیارە کاک بەختیار دەیەوێ پێمان بڵێ کە لیبڕاڵێکی زۆر تۆخە، بەڵام زاراوەی لیبڕاڵ بە رەوتێکی دیاریکراو بەستراوەتەوەو نموونەیەکە بۆ فکرو حزبێکی تاوانکارو حزبیە لیبڕاڵەکەی نەمسا نموونەیەکی زەق و لەبەرچاوەی ئەو رەوتەیە، هەڵبەت لیبڕاڵەکانی ئەڵمانیاش لە تاوان کورتیان نەهێناوە!


کاک بەختیار وەک خۆی لە گفتوگۆکە بەشانازییەوە دەڵێ( لە سەرەتای راپەڕینەوە هیچ بۆنەیەک نییە باسی ئەوەم نەکردبێت کە کۆمەڵگای کورد پێویستی بە هێزی سێهەمە...).


باسکردن لە هێزی سێهەم زۆر مەترسیدارەو رووی تری(نە سەرمایەداری و نە کۆمۆنیستی)و بەختیار کەیفی خۆیەتی یەکێتی وپارتی بە دووبەرە بزانێت، بەڵام هەردووکیان خۆیان بە سۆسیالدیموکرات دەزانن و یەکێکیان ئەندامە و ئەوی تر داوای کردووە ببێت بە ئەندام و بەشداری لە کۆبوونەوەکانیان دەکەن.


لە وەڵامی پرسیارێکی تر دەڵێ(دیموکراسی پرۆسەیەکی رۆژانەیە، شێوازێکی مامەڵەکردنە لەگەل ژیان و دابەشکردنی هێزو ئابووریدا). ئەمەیان بۆچوونێکی"زۆر جوانە"، بەڵام کاک بەختیار خزمەتێکی زۆر نایاب دەکات ئەگەر پێشمان بڵێت دابەشکردنی هێزو ئابووری چۆن ئەنجامدەدرێ وئیمڕۆ لە ئۆروپاو ئەمریکا و وەڵاتانی ئاسیا چی لێکەوتووە.


ئەوەی کە زۆر سەرەنجمی راکێشا دوا رستەی گفتوگۆکەی بوو: (دیموکراسی راسەقینە دەتوانێت هەڵبژاردنی پاک و راستەقینە ئەنجامبدات). لەم بارەیەوە تەنها تکایەکم هەیە: بەسیەتی وەهم بڵاوکردن بە نرخی رۆشبیری!


"رۆشنبیرێک" لەسەردەمی قووڵترین قەیرانی جیهانگیری ئەو هەموو بۆچوون سیاسیە زۆر تۆخە بەو هەموو سەقەتییە دەرببڕێت و یەکێک بێت لەوانەی بانگەشەی سیاسی بۆ دامەزراندنی هێزی سێهەم کردبێ وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ پارتی و یەکێتی و لە دواییشدا خۆی وەک رۆشنبیرێکی ناسیاسی پێبفرۆشێت وبڵێ(پێم باشە رۆشنبیرانی کورد هەمیشە لەدەرەوەی سیاسەت ئەو هێزە سەربەخۆیەی کۆمەڵگا بن، ئەو چاوە زیندووەو بکەرە ئازادەی بن کە نەخرێنە قاڵبێکەوە تا رۆحی چاودێری کارای خۆیان ون نەکەن) ئەوا مرۆڤ دەبێ پەندێکی فارسی بەکاربهێنێت کە لێرە جێگای نابێتەوە. دوا قسەم ئەوەیە، رۆشنبیرێک باس لە گۆران بکات و نەڵێ مەبەستی لە گۆڕان چییەو دادوەری گۆمەڵایەتی نەکات بەتاقە سەنگەری سەرەکی خۆی وپێی وابێت گۆڕانی سیاسی(خەونی هەندێک رۆشنبیر بوو...هێدی هێدی بوو بە خەونی چەند توێژێکی کۆمەڵایەتی...)، مانای وایە ئەو کەسە لە خەوێکی قووڵەو بەس وئەو راستییە زیاتر دەردەکەوێت کە هەر کاتێک ئەدەب و فکری کۆمونیستی و چەپ بەگشتی لەناو هەر کۆمەڵگایەک لاوازدەببێت، لایەن و کەسانی ئیکسپایەر دەبن بە هێزی سەرەکی و فەیلەسوف و زاناو رۆشنبیر، بۆیە دەتوانم بڵێم تا چەپی کوردستان وەک چەپی وەڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئۆروپا و ئاسیا بەرپرسیاری خۆی لە ئەستۆ نەگرێ، خزمەتچییەکانی سەرمایەو کۆمەڵگای چینایەتی، گرەوەکە دەبەنەوە...ئێمە تووشی نەگبەتییەکی گەورە هاتووین و ترسم هەیە بۆ ساڵانی داهاتوویش لێ قوتارببین.

 


ژمارەی تەلەفۆن: 07701929872
dwaroj@yahoo.de