تا به‌ره‌ی فراوانی ئۆپۆزسیۆن دروستنه‌کرێت ئه‌لته‌رناتیڤ په‌یدانابێت، گۆڕان روونادات. به‌ڕێزان: هاوڵاتیانی کوردستان. رێکخراوه فه‌رهه‌نگیه‌کان. رێکخراوه رامیاریه‌کان. رێکخراوه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان. ده‌زگا و سایته میدیایه‌کان.
گومان له‌وه‌دا نییه که بارودۆخی چه‌وتی هه‌رێمی باشووری کوردستان، ساڵه‌های ساڵه به‌هیوای گۆڕان رخنه‌ی نه‌رم و تووندی لێده‌گیرێت. ده‌سه‌لاتی هه‌رێمی کوردستان رۆژ به‌رۆژ له ئامانجه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان دوورده‌که‌وێته‌وه. دواکه‌وتوویی کولتووری سیاسی ده‌سه‌ڵاتداران و پێشێلکردنیان بۆ به‌هاکانی مافی مرۆڤ و دیمو‌کراسیه‌تی هاوچه‌رخانه ئه‌مڕۆ بۆته هۆی قه‌یرانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری.
پرۆژه‌ی سیاسی دوو حزبی کلاسیکی ده‌سه‌ڵاتدار 16 ساڵه نه‌ک هه‌ر رێگره له سه‌رهه‌ڵدان و پێشکه‌وتنی هاوڵاتی کوردستانی و پایه‌گوزارکردنی ژێرخانی پێویست بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کوردستان، بگره سیاسه‌تێک بووه که گوژ و تاوێکی به‌هێزی داوه به په‌رۆسه‌ی به‌عیراقیکردنی کورد و به‌عه‌ره‌بکردنی ناوچه دابڕوو و دانه‌بڕاووه‌کانی باشووری کوردستان.
تاقیکردنه‌وه‌ی 16 ساڵی رابوردوو ده‌سه‌ڵاتێکی نیشانداین که رۆژبه‌ڕۆژ پتر له کۆمه‌ڵگا داده‌بڕێ و تواناکانی له‌بری چاره‌سه‌رکردنی کێشه مێژوویی و ستراتیژیه‌کانی کوردستان ته‌رخانکده‌کات بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه ته‌سکه‌کانی و به‌نجکردن وخه‌واندنی خه‌ڵک و رێنه‌دان به گه‌شه‌سه‌ندنی ئازادیه بنه‌ڕتیه‌کانی هاوڵاتیان و سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگایه‌کی شارستانی و ئۆپۆزسیۆنێکی رێکخراو که بتوانێ لای جه‌ماوه‌ر ببێت به ئه‌ڵته‌رناتیڤ.
درێغا، دواکه‌وتوویی کولتووری سیاسی، و دووری دوو رێکخراوی کلاسیک له گۆڕان و به‌هاکانی ئه‌م سه‌رده‌مه، ده‌سه‌ڵاتدارانی له‌وه خافڵکرد که گۆڕان و پێشکه‌وتن، کۆیله‌ی هیچ فه‌رهه‌نگ و ره‌وت و هزرێک نین، به‌ڵکو ره‌وشتوو غریزه‌تێکی مرۆڤانه‌ن و ره‌وره‌وه‌ی مێژووی مرۆڤایه‌تی نه به‌وان راده‌گیرێ و نه‌ره‌وتی ده‌گۆڕێ. بۆیه ئه‌مڕۆ له‌ناو خه‌ڵکی کوردستاندا ئاره‌زووی په‌یدابوونی ئۆپۆزسیۆن و ئه‌ڵته‌رناتیڤ، بوون به داواکاری و پێداویستێکی ده‌رک کراوی هاوڵاتیانی کوردستان.
به‌ڕێزان.
هاوکات ده‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شبکه‌م که له‌به‌ر چاوانی من، له کۆمه‌ڵگای نوێی کوردستاندا شۆڕشی رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی له قۆناغی سه‌رهه‌ڵداندایه. ئۆپۆزیسێۆنێکی جه‌ماوه‌ری فراوان به گشت جۆره‌کانیه‌وه، له قۆناغی خه‌مڵاندن و کوڵاندایه. به‌ڵام ئه‌م ئۆپۆزسێۆنه به‌داخه‌وه تا ئێستا له بواری سه‌رکێشیه‌کی نارێکخراودایه. ره‌وت و باڵ و ره‌نگه جیاوازه‌کانی ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه ، لێک دوورن و تا ئه‌مڕۆ گشت دیارده کوشنده‌کانی کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگی سیاسی دواکه‌وتووی له ئامێزدایه. په‌رتوو بڵاوی و زاڵی سایکۆلۆژیه‌تی فه‌رهه‌نگی خێڵه‌کایه‌تی هێزوو توانای ئۆپۆزسێۆنی که‌م کردۆته‌وه‌و ئفلیجیکردووه.
بۆیه چاره له دیدی منه‌وه یه‌که و دووی نییه! ئه‌ویش دروستکردنی به‌ره‌ی فراوانی ئۆپۆزسێۆن و رێکخستنی تواناکانه. ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ، تاکه خاوه‌نی توانای ئابووری و له‌شکرییه. تاکه خاوه‌نی داموده‌زگاکانه، به حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌ندیکا و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه. به‌رابه‌ر به‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته یه‌ک گرتنه‌وه و به‌ره‌سازیی پێویسته. هاوکات ئۆپۆزسیۆن تا ببێت به ئه‌ڵته‌رناتیڤ ده‌بێ ره‌وایی له پێداوێسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه به‌ده‌سبێنێت و تا بتوانێ ئه‌وه‌ش بکات بێویستی به به‌ڵگه‌ی سیاسی و فکری و ئه‌خلاقی هه‌یه. تا ئه‌مه‌ش بکات پێویستی به هه‌ماهه‌نگی و یه‌ک ده‌نگی و به‌رنامه و پرۆژه‌ی یه‌کگرتوو هه‌یه. گه‌ر ئۆپۆزسێۆن ئه‌م به‌ڵگانه پێشکه‌ش به کۆمه‌ڵگا نه‌کات هه‌رگیز نابێت به ئه‌لته‌رناتیڤێکی مێژوویی و به‌ڵگه‌ی پاسیڤی و بێتوانایی خۆی نیشانده‌دات.
ئۆپۆزسیۆنی کوردستانی پێشکه‌وتنخواز، له باری ئه‌مڕۆیدا نه جێگای باوه‌ڕی خه‌ڵکی کوردستانه و نه رێگره له به‌رده‌وامی سیاسه‌تی زیانبه‌خشانه. بۆیه تا پێڕابگه‌ین، به‌ر له کاره‌سات و ئاشبه‌تاڵێکی مه‌زنی نوێ، باری کوردستان بگۆڕین، ده‌بێ زوو خۆمان بگۆڕین. ده‌بێ له‌فه‌رهه‌نگی جیابوونه‌وه و دژایه‌تییه‌وه، روو له فه‌رهه‌نگی هاوکاری و هاوئاهه‌نگی که‌ین. له‌م قۆناغه‌دا، تا به‌ئامانج بگه‌ین و ئه‌لته‌رناتیڤ پێشکه‌ش به میلله‌ت که‌ین له‌خۆبووردن پێویسته. قه‌بوڵکردنی یه‌کتر و جیاوازیه‌کانمان پێویسته. دوورکه‌وتنه‌وه له ره‌وشتی خۆپه‌رستانه پێویسته. دوورکه‌وتنه‌وه له ده‌سه‌ڵاتخوازی پێویسته، خۆ به‌زل نه‌زانین و واقعییه‌ت پێویسته، یه‌کگرتنه‌وه له ژێر چه‌تری به‌ره‌یه‌کی فراواندا و یه‌ک پڕۆژه‌یی و یه‌ک به‌رنامه‌یی پێویسته.
ئه‌م گووتانه له دیدی منه‌وه، راستییه‌کن، که گشت لایه‌کمان ده‌یزانێ. گشت تاک و رێکخراوێک له ناخیدا باوه‌ڕی پێی هه‌یه. ئه‌مڕۆ ئه‌ڵته‌رناتیڤ تا سه‌رهه‌ڵدا و ئۆپۆزسیۆن تا به‌هێز بێ، رێگا یه‌که، ئه‌ویش یه‌کگرتنه‌وه‌یه له‌به‌ره‌یه‌کدا، که جێگای هه‌موومانی تێدا ببێته‌وه چ تاک بین و چ رێکخراو. چ به‌لایه‌ن بین یان بێلایه‌ن. گه‌ر گۆڕانمان ده‌وێ ده‌بێ به‌شداری پرۆسه‌ی گۆڕان بین. گۆڕان دووره‌په‌رێزی و خه‌ون دروستی ناکات، گۆڕان ئه‌نجامی به‌شداری چالاکانه و خه‌باته.
( که‌سمان به‌ته‌نیا گۆرانی پێ به‌دی نایه‌ت. به‌ڵام پێکه‌وه گۆڕان به‌دی دێنین ) له‌م راستییه ساکاره‌وه ئێمه بانگه‌واز بۆ دروستکردنی به‌ره‌ی فراوانی ئۆپۆزسێۆنی کوردستانی ده‌که‌ین. بانگه‌واز بۆ دروسکردنی چه‌ترێکی مه‌زن ده‌که‌ین که وه‌ک تاک و رێکخراو. وه‌ک بێلایه‌ن و به‌لایه‌ن له‌ژێر سایه‌یدا کار بۆ گۆڕان بکه‌ین. تا پێکه‌وه ببین به‌و ئه‌لته‌رناتیڤه مێژووییه‌ی که گشت لایه‌ک چاوه‌ڕوانیه‌تی.
ئێمه وه‌ک پارتی لیبرالی کوردستان له پێناو به‌دیهێنانی به‌ره‌ی فراوانی ئۆپۆزسیۆن، بێ مه‌رج ئاماده‌یی خۆمان ده‌رده‌بڕین بۆ نزیک بوونه‌وه و هاوکاری کردنی گشت تاک و رێکخراو و ده‌زگایه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی. ئێمه بێ مه‌رج کراوه‌ین بۆ پێشنیار‌و پرۆژه. ئێمه بێ مه‌رج پێشوازی له گشت هه‌نگاوێک ده‌که‌ین. ئومێده‌وارین که به هه‌وڵو کۆششی گشت لایه‌کمان به‌ره‌ی فراوانی ئۆپۆزسیۆن دروستکه‌ین. به‌ره‌یه‌ک که بێمه‌رج جێگای تاکی سه‌ربه‌خۆ، جێگای که‌سی به‌ڵایه‌ن و بێلایه‌ن و گشت جۆره رێکخراوێک بێت. ئومێده‌وارین که پێکه‌وه بتوانین یه‌که‌م کۆنفراسی ئۆپۆزسیۆن بگرین، تا به سوڵتانه‌کان و به‌خه‌ڵکی کوردستان و به‌جیهان راگه‌ێنین، که هه‌ین، که یه‌کین و گۆڕان و ریفۆرم حه‌تمییه.
ئه‌مه بانگه‌وازی ئێمه‌یه بۆ دروستکردنی به‌ره‌ی فراوانی ئۆپۆزسێۆن. بانگه‌وازێکی بێمه‌رجه، بانگه‌وازێکی پر له ئومێده.
هه‌ر شادبن.
له‌لایه‌ن پارتی لیبرالی کوردستانه‌وه ئه‌نداز حه‌وێزی
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
به‌یاننامه‌ی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران به بۆنه‌ی مانگرتن له خواردنی سه‌رتاسه‌ریی به‌ندكراوانی سیاسیی كورد.
هاونیشتمانه به‌ڕێزه‌كان! ئازادیخوازانی ئێران! كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه به‌شه‌ر دۆسته‌كانی لایه‌نگری مافی مرۆڤ! خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان!
به پێی به‌یانیه‌یه‌ك كه زیندانیه سیاسیه‌كانی كورد بڵاویان كردۆته‌وه ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه، 4ی خه‌رمانانی ساڵی 1387ی هه‌تاوی، چالاكانی سیاسیی كورد له زیندانه‌كانی رێژیمی كۆماری ئیسلامی له سه‌رانسه‌ری ئێران‌دا به نیشانه‌ی بێزاری له رێژیم‌و گه‌یاندنی ده‌نگی خۆیان به رای گشتی‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه به‌شه‌ر دۆسته‌كان، ده‌ستیان داوه‌ته مانگرتنێكی گشتی‌و خۆ بوراردن له خواردن.
ئه‌و رۆڵه خۆڕاگره سیاسییانه‌ی كورد له به‌یانیه‌ی ژماره یه‌كی خۆیاندا كه ئه‌مڕۆ، دووشه‌ممه بڵاویان كرده‌وه روانگه، هه‌ڵوێست‌و ئامانجی خۆیان به روونی ده‌ربڕیوه‌و سیاسه‌ت‌و كرده‌وه دژی ئینسانییه‌كانی رێژیمیان له قاو داوه.
له‌و پێوه‌ندییه‌دا حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، وێڕای پشتیوانی‌و پشتگیری له‌و مانگرتنه ئیعترازییه‌و ویست‌و داخوازییه‌كانیان، سڵاو ده‌نێرێ بۆ یه‌ك یه‌كی ئه‌م رۆڵه خۆراگره كوردانه كه به‌ندیخانه‌شیان كردۆته گۆڕه‌پانێكی دیكه‌ی به‌ربه‌ركانێ له‌گه‌ڵ دیكتاتۆری‌و رێز بۆ هه‌ڵوێستی ئازایانه‌و یه‌كریزیان داده‌نێ.
له هه‌مان كاتدا داوا له كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه به‌شه‌ر دۆسته‌كان‌و لایه‌نگرانی مافی مرۆڤ ده‌كا كه ده‌نگی ناره‌زایه‌تی‌و ئیعترازی چالاكانی سیاسیی كورد له زیندانه‌كانی ئێرانه‌وه ببیسن‌و له‌و هه‌ڵوێست گرتن‌و بێزاری ده‌ربڕینه‌دا به ته‌نیایان نه‌هێڵنه‌وه. هیوادارین ناوه‌ند‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه به‌شه‌ر دۆسته‌كان له نێو خۆ‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات به ئیعتراز به ره‌فتاری رێژیمی كۆماری ئیسلامی به‌رانبه‌ر به چالاكانی سیاسیی كورد چاوه‌ڕوانییه‌كانی ئه‌م مانگرتووانه‌و خه‌ڵكی كوردستان بێننه‌دی.
ده‌فته‌ری سیاسیی حێزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران 4/6/1378ی هه‌تاوی 25/8/2008ی زایینی
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
کۆمیسیۆنى ئەوروپا وەڵامى داواى حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان/کۆمیته‌ی ده‌ره‌وه دەداتەوە سەبارەت بە کوشتنى سۆران مامە حەمە.
Dear Sir/Madam،
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
له‌دادگای کورده فه‌یلیه‌کاندا خوازیاری دادگایه‌کی ڕوون و عادیلانه‌و ده‌ستتێوه‌رنه‌دانی که‌س و لایه‌ن و به‌رژه‌وه‌ندیه سیاسیه‌کانین ! .
به‌پێی دوایین ڕاگه‌یاندنی دادگای باڵا و له‌زمانی سه‌رۆکی دادگاوه (عارف شاهین) ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه که‌له تشرینی یه‌که‌مدا، دادگایی تۆمه‌تبارانی بکوژو له‌ناوبه‌ری کورده فه‌یلیه‌کان ده‌ست پێده‌کات، کورده فه‌یلیه‌کان هه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی به‌عس و له‌ساڵی 1970وه له‌چوارچێوه‌ی بون‌و کاریگه‌ری نفوزی کورد له‌به‌غداو سه‌رجه‌م ناوچه‌کانی جێنشینبونیان، به‌پێی پلانێکی نه‌خشه بۆکێشراودا ده‌ستکرا به‌له‌ناوبردن، پاکتاوکردن، سه‌رنگومکردن، به‌عه‌ره‌بکردن، وده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سه‌رجه‌می موڵکوماڵیاندا. له‌دوایین قۆناغی خۆیدا ئه‌وانه‌ی که‌له‌م پلانانه ڕزگاریان ببوو به‌بێ سه‌روه‌ت وسامان، به‌عس به‌بیانوی ئێرانی بوونه‌وه ئاواره‌ی ئێرانیکردنو له‌وێش سه‌رگه‌ردان و بێ‌ماف ئاواره‌ی وڵاتانی تربوون، ئه‌م سیاسه‌تی پاکتاوکردنه تادوایین ساته‌کانی روخانی ڕژێم درێژه‌یان هه‌بوو، تائێستا هه‌زاران کوردی فه‌یلی بێسه‌روشوێنن، کورده‌فه‌یلیه‌کان گه‌وره‌ترین زه‌ره‌رمه‌ندی مادی و گیانی ده‌ستی ڕژێمی به‌عسن له‌عێراقدا.
دۆز‌ی کورده‌فه‌یلیه‌کان پێنجهه‌مین دۆز‌ی دادگای باڵای تاونه‌کانه له‌عێراقدا که دوای دۆز‌ی "دوجێل، ئه‌نفال، شه‌عبانییه، بازرگانه‌كان" له‌دادگادا تاوتوێ ده‌کرێت، که‌تایبه‌ته به تاوانه‌کانی ڕژێمی به‌عس دژبه خه‌ڵکی عێراق، له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م تاوانه‌دا 16 تۆمه‌تبار دادگایی ده‌کرێن له‌سه‌رانی ڕژێمی به‌عس به‌ناوه‌کانی، سه‌عدون شاك، تارق عه‌زیز، فازل سه‌لیفیج ئه‌لعه‌زاوی، وه‌تبان ئبیراهیم ئه‌لحه‌سه‌ن، سه‌بعاوی ئیبراهیم ئه‌لحه‌سه‌ن، ئه‌حمه‌د حوسێن خزه‌یر، مه‌زبان خزه‌یر هادی، عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، سابیر ئه‌لدووری، عه‌زیز ساڵح ئه‌لنوعمان، عه‌بدولحه‌مید سلێمان، سه‌عد ساڵح ئه‌حمه‌د سوڵتان، محه‌ممه‌د خوزه‌یر ئه‌لحلبوسی، فازل عه‌باس ئه‌لعامری، نو‌عمان عه‌لی ئه‌لتكریتی و ئه‌یاد ته‌ها شه‌هاب.
چاک له‌سه‌ره‌تای ئه‌م دادگایه‌وه و له‌به‌رژه‌وه‌ندی قوربانیه‌کاندا خوازیاری داگایه‌کی عادیلانه‌بووه‌و ڕه‌خنه‌ی خۆی هه‌بووه له‌پرۆسه‌کان و به‌پێویستی ده‌زانێت که‌له‌سه‌ر چه‌ندخاڵێکی گرنگ پێدابگرێت که بریتین له:
1- دادگا شه‌فاف بێت و هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی سیاسی و قه‌ومی و مه‌زهه‌بی نه‌خرێته ئه‌جندای دادگاوه‌و ته‌نها شتێک که گرنگ بێت مافی قوربانیه‌کان وساغکردنه‌وه‌ی تاوانه‌کانی تۆمه‌تباران بێت. 2- قوربانیه‌کان کاتی ته‌واویان پێبدرێت بۆ به‌رگریکردن له‌دۆزه‌که‌یان و ئه‌رکی حکومه‌تی هه‌رێم و‌حکومه‌تی عێراقه که‌باشترین پارێزه‌رو هاوکاری بخاته خزمه‌تی قوربانیانه‌وه و ئه‌و که‌موکوڕیانه‌ی که‌له دادگای ئه‌نفالدا بوون دووباره‌نه‌بنه‌وه.
3- دادگا ئه‌رکیه‌تی که‌چاره‌نووسی ئه‌وهه‌موو کورده‌فه‌یلیه بێسه‌روشوێنه که‌لزیندانه‌کانی ڕژێمدابوون ، له‌ڕۆژه‌وی ئه‌م دادگایه‌دا دیاری بکات.
4- بڕیاری دادگابه بێ له به‌رچاوگرتنی ساتوسه‌وداکانی ئێستای عیراق بدرێت و جێبه‌جێکردنیشی هه‌ربه‌ده‌رله ده‌سه‌تێوه‌ردان بێت و هه‌ڵه‌کانی دادگای ئه‌نفال وجێبه‌جێنه‌کردنی سزاکان دووباره نه‌کرێته‌وه، تاوانباران به‌سزای خۆیان بگه‌ن و مافه یاسایی و مادی و مه‌عنه‌ویه‌کانی قوربانیه‌کان ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێ بکرێن.
ناوه‌ندی چاک، ئاماده‌ی هه‌موو هاوکارییه‌که بۆ قوربانیان و دادگا بۆ سه‌رکه‌وه‌تنی دادگاکه و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی قوربانیان.
ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه دژ به ئه‌نفالکردن و جینۆسایدی گه‌لی کورد - چاک 26/8/2008
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
وه‌فیق سامه‌ڕایی ئه‌ندازیاری ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و جینۆساید شایانی سزای گرانه له‌پای تاوانه‌کانیدا،واز له سوپاسکردن و پشتیوانی ئه‌م تاوانباره بێنن ! .
سامه‌ڕایی تاوانبار به‌تاوانی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال، ئه‌ندازیار له ئینسان کوژی و پلانی تاوانی جینۆسایدی خه‌ڵکی کوردستاندا، تاوانه‌کانی هێنده زه‌قن ئه‌سته‌مه له بیر‌و هۆشی خه‌ڵکی کوردستان و عێراق بچنه‌وه، به‌رپرسی ده‌زگای هه‌واڵگری ڕژێمی به‌عس و خاوه‌نی چه‌ندین پۆستی سه‌ربازی و ئیستخباراتی گرنگ له ڕژێمی به‌عسدا، که هه‌موو که‌س ده‌زانێت ئه‌و پۆستانه به ئه‌نجامدانی تاوانی گه‌وره‌و کوردکوژی و ئینسان کوژی و له‌پای دڵره‌قی و تاوانه‌کانی وه‌ک ئه‌نفال و ته‌عریب و ته‌بعیس و ته‌هجیری خه‌ڵکی بێتاواندا به‌ده‌ست هاتوون، پرۆفایلی سامه‌ڕایی زۆر دیار‌و ئاشکرایه هه‌موو سه‌رچاوه باوه‌ڕپێکراوه‌کانی وه‌ک ڕاپۆرته‌کانی ئه‌منستی ئه‌نته‌رناشناڵ ده‌رباره‌ی عێراق و ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و دۆکومێنته‌کانی به‌رده‌ست ئه‌وه‌ده‌رده‌خه‌ن!، تابه‌عس له هێزوتواناکانی نه‌که‌وتبوو یه‌کێک له‌قه‌مه خوێناویه‌کانی ڕژێمی به‌عس بوو، دواتر له‌پێناوی ده‌سه‌ڵاتی زیاتردا به‌ره‌ی ئه‌مریکای هه‌ڵبژارد، بۆئه‌و ده‌سه‌ڵات و هێز له‌کوێبێت ئه‌و له‌وێیه و له‌وێ بووه، تاوان و خوێنڕێژی ئه‌م تاوانباره له‌دوای ڕوخانی ڕژێمه‌وه و له‌گه‌ڵ ده‌رکه‌وتنه‌وه‌ی له مه‌یدانی ده‌سه‌ڵاتدا له‌عێراق و له‌پاڵ ده‌ستی سه‌رۆک کۆماری عێراقدا گه‌وره‌ترین ئیهانه‌و ناڕه‌وایی بوو به‌رانبه‌ر به خه‌ڵکی کوردستان و قوربانیه‌کانی جینۆسایدی خه‌ڵکی کوردستاندا .
چاک، چه‌ندین جار له‌ئاست ئه‌م تاوانباره‌داو له‌به‌رانبه‌ر به‌رگری ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد به‌سه‌رۆکی کۆماری عێراق و سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانیشه‌وه ده‌نگی هه‌ڵبڕیوه‌و دژی شه‌فاعه‌ت و ده‌ستێوه‌ردانه‌کانیان بووه له‌کاره‌کانی دادگای باڵای عێراق و هه‌وڵدانیان بۆ سپیکردنه‌وه‌ی ڕووی ئه‌م تاوانبارانه، به‌داخه‌وه ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد که‌به‌خوێنی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال کورسیه‌کانی حوکم و به‌شداری ده‌سه‌ڵاتیان ده‌ستکه‌وتووه بۆ جاری چه‌نده‌مینه که پشت له‌خه‌ڵکی کوردستان و قوربانیه‌کانی بوونه پشت و په‌نای ئه‌م تاوانباره‌و تاوانبارانی تری وه‌ک خه‌زره‌جی ولیستێک له مه‌فره‌زه‌خا‌سه‌کان و جاشه تاوانباره‌کان.
سامه‌ڕایی تاوانبار له‌پای داواکردنی له‌لایه‌ن دادگای باڵاوه‌و تاوانبار بینینی له‌ماوه‌ی ڕابردوودا لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵداکراوه، چاک!، له‌وه‌ش ئاگاداره که ده‌سه‌لاتدارانی کورد ده‌وریان بووه‌و هه‌وڵیانداوه که‌ناوی له‌لیستی تاوانبارانی ئه‌نفالدا بێته ده‌ره‌وه‌و، به‌ڵام دادگای پێداچوونه‌وه داوای لێکۆڵینه‌وه‌ی نوێ و زیندانی کردنی تاوانبار ده‌کات، به‌وهۆیه‌شه‌وه وازی له‌پۆستی ڕاوێژکاری سه‌رۆک کۆماری عێراق هێناوه‌و، دوێنێ سه‌رۆکایه‌تی کۆمار له‌ڕاگه‌یاندنێکدا وازهێنانه‌که‌ی قه‌بوڵ کردووه‌و سوپاسی ئه‌م تاوانباره‌ی کردووه بۆکاره‌کانی!
چاک، له‌داهاتوودا هه‌موو هه‌وڵه‌کانی خۆی بۆسزادانی ئه‌م تاوانباره‌و سه‌رجه‌م تاوانبارانی کورد‌و غه‌یره‌کورد خستۆته‌گه‌ڕو خوازیاری دادگایه‌کی عادیلانه‌بووه بۆ سه‌رجه‌م تاوانباران. چاک هه‌میشه تێکه‌ولێکه‌و ڕیکه‌وتنه سیاسیه‌کان و هه‌رجۆره لێبوردنێکی سه‌روده‌سه‌ڵاتی خه‌ڵک و دادگایی ڕه‌تکردۆته‌وه‌و، له‌به‌ره‌ی قوربا‌نیه‌کانداو بۆئامانجی (تاوانباران هه‌رپله‌و مقام و قومیه‌ت و دینێکیان هه‌بێت ده‌بێت تاوانه‌کانیان ساغبکرێته‌وه‌و، و سزاکانیان وه‌ربگرن و قوربانیه‌کان و که‌س و کاریان ده‌بێت قه‌ره‌بووی مادی و مه‌عنه‌وی بکرێنه‌وه، ئه‌رکی ده‌ستبه‌جێی حکومه‌تی هه‌رێم وعێراقه که‌هه‌وڵی جدی بۆ چاککردنی باری ژیان و گوزه‌رانیانبده‌ن و، له‌ولای تریشه‌وه ده‌رگاکان بۆلێکۆڵینه‌وه‌و به‌دواداچوون بکه‌نه‌وه‌و به‌هیچ جۆرێک و له‌ژێر هیچ بیانوویه‌کدا ده‌ستنه‌خه‌نه کاری دادگاکانه‌وه).
چاک، ده‌سه‌ڵاتدارانی کورد‌و عێراقی هوشیارده‌کاته‌وه، که‌ده‌ست له‌باڵی ئه‌م تاوانبارانه به‌رده‌ن و واز له به‌رگری وپله‌پێدان و خزمه‌تکردنیان بێنن ، ئه‌مانه به‌تاوانێک ده‌ستیان سوره، که‌هیچ دادگایه‌کی ستاندارد‌و جیهانی ناتوانێت نه‌ک ته‌نها له‌تاوانباران به‌ڵکو له‌وانه‌ش که‌هاوکار و هاوسه‌نگه‌رن له‌گه‌ڵیاندا چاوبپۆشێت، تاوانبارانی بیانی وه‌ک بازرگانی هۆڵه‌ندی فرانس ڤان ئانرات سزای 17 ساڵ زیندانیان ته‌نها له‌پای بازرگانی به مادده کیمیاویه‌کانه‌وه وه‌رگرت که‌جینۆسایدی خه‌ڵکی کوردستانیان پێکراوه ، ده‌بێت ئه‌ندازیاران و نه‌خشه‌داڕێژه‌ران و جێبه‌جێکه‌رانی تاوانی جینۆسایدی خه‌ڵکی کوردستان و سامه‌ڕایی و خه‌زره‌جی وتاوانبارانی کورد‌و موسته‌شا‌رو جاشه تاوانباره‌کان چه‌ندو چی بێت ؟!.
چاک، هه‌موو توانای خۆی له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه ده‌خاته‌گه‌ڕ دژی سه‌رجه‌م تاوانباران و، خوازیاریشه که سه‌رجه‌م خه‌ڵکی کوردستان و هه‌موو ناوه‌نده ئینسانی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشه‌نبیریه‌کان و هه‌ر ئینسانێکی ئازادی خواز له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م ناعه‌داله‌تیه ده‌نگ هه‌ڵبڕن، کۆمه‌ڵگای ئازاد و مرۆڤانه به‌ده‌ر له‌م خوێنخۆر و تاوانبارانه‌و، له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌موو یه‌کسان له‌به‌رانبه‌ر یاسادا دێته‌دی.
ناوه‌ندی چاک 25/8/2008
* بۆده‌قی سوپاس نامه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تی کۆمار کلیکی ئه‌م لینکه بکه.
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
.دژ به سازشه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی
کورد به‌رامبه‌ر به به‌غدا له سوید خۆپیشاندان ده‌کات ،ئه‌گه‌ر ده‌سه‌لاتى کوردى پاشه‌کشه له‌و ناوچانه ده‌کات با پاشه‌کشه له ده‌سه‌لاتیش بکه‌ن.
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
سڵاو له به‌رخودانی زیندانیانی کورد.
------------------------------------------------------------------------------------------------------------------
بانگەواز بۆ شویێنپێ هەڵگرتنی وەفیق سامەڕائی.
جەماوەری گەلەکەمان کەسوکاری قوربانیان پارت و لایەنە سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان
بەخشینی پلەی ڕاوێژکاری ئاسایش لە لایەن سەرۆک کۆمارەوە بە تاوانکاری ئەنفال وەفیق سامەڕائی ، تاوانێک بوو بەرامبەر بە کورد بە گشتی و قوربانیان بە تایبەتی کرا ، لە یەکەم ڕۆژی دەرچوونی وەفیق سامەڕائییەوە بۆ کوردستان لە ساڵی 1995 چالاکڤانانی ناوەندەکەمان بۆ شەرمەزارکردن و فشارخستنە سەری بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەنفالکراوان بە دواویه‌وه بوون، تا لە بەرواری 6-12-2006 لە لقی هەولێری دادگای باڵای تاوانەکان وەکو ناوەندی چاک بە فەرمی سکاڵامان لەسەر تۆمار کرد، ئەنجامی ئەو سکاڵایە و شایەدی تاوانبارانی ئەنفال لەسەری هۆکاری سەرەکی بوون بۆ ئەوەی وەک تاوانکار لە لیستی 423 تاوانبارانی ئەنفال ناوی تۆمار بكرێت.
لەوساوە تا ئێستاش وەفیق سامەڕائی لە دەست دادپەروەری خۆی شاردۆتەوە ، هەموو هەوڵەکانیش بۆ بێتاوانکردنی فەشەلیان پێ هێنرا، لە ئاکامدا ئەمڕۆ بە فەرمی دەست لە کارکێشانەوەی پەسەندکرا لە لایەن بیرۆی سەرۆکایەتی عێراقەوە .
ئێمە وەک ناوەندی چاک/ به‌ریتانیا، سکاڵاکارین لەسەر تاوانکار وەفیق سامەڕائی، ڕایدەگەیەنین هەڵاتن دادى وەفیق سامەڕائی نادات و دەبێت لە پای تاوانی ئەنفال دادگایی بکرێت. لێرەوە داوا لە لایەنە سیاسی و جەماوەری و ڕۆشنبیری و ڕەوەندی کوردی دەکەین، هاوکاری ناوه‌ندی چاک بن لە شوێنپێ هەڵگرتنی تاوانکار لە وڵاتی بەریتانیا بۆ بە دادگایی گەیاندنی.
هەر زانیارییەکتان لەسەر شوێن و تاوانەکانی ئه‌و تاوانكاره هەیە پەیوەندی بە کۆمیتەی بەریتانیای ناوەندەکەمانەوە بکەن له‌ڕێی ئه‌و ئیمایله‌وه: chakberitania@yahoo.co.uk
ناوەندی چاک 24-8-2008 www.chak.be www.chaknewws.com
|