٧\١٢\٢٠١١
بەیاننامە
سەبارەت بە
رووداوەکانی چەند
ڕۆژی ڕابردووی بادینان.
روداوەکانی (٢/١٢/٢٠١١) قەزای زاخۆ و شارەکانی دیکەی دەڤەری بادینان،
بەڵگەیەکی سەلمێنەرە بۆ لاوازی حکومەت ودەزگا ئەمینەکانی ھەرێمی
کوردستان، لە کۆنترۆلکردنی روداوە نەخوازراوەکان.
ئێمە لە ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید ـ چاک، بە توندی ئیدانەی ئەو
رەفتارە قێزەوەن و تێکدەرانە دەکەین، کە لەلایەن کۆمەڵیک خەڵکەوە کرانە
سەر ھۆتێل و شوێنی مەساژ و دوکانی مەیفرۆشتن ،سووتاندنی موڵک و
سەرچاوەی بژێوی ھاوڵاتیان کارێکی زۆر ناشیاو نائینسانی ودڕندانەیەو
ئاستی دواکەوتویی ئەنجامدەرانی نیشاندەدات. ھاوکات مەحکومی سوتاندنی
بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی ودەستگیرکردنی کادیرانی ئەو حیزبە دەکەین
و ئەمە بەھەرەشەیەکی خەتەرناک دەزانین بۆ سەر ئایندەی سیاسی وبنەماکانی
دیموکراسیەت لە ھەرێمی کوردستان و نیشانەیەکی نەخوازراوە بۆ پێکەوە
ژیانی سیاسی لە باشوری کوردستان.
ئێمە پێمان وایە ئەم رەفتارە ناشارستانیانەی بڕێک لە ھاوڵاتیانی زاخۆ و
باژێرەکانی تر بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ، کەمی یان نەبوونی پانتایی
دیموکراتی و ئازادی لە دەڤەرەکە .
ئێمە لە رێکخراوی چاودێری کوردۆساید داوادەکەین:
١. لێپرسینەوە لە سەرجەم بەرپرسە ئیداری وئەمنی و پۆلیسی دەڤەرەکە
بکرێت لە کەمتەرخەمی وبێتواناییان لە ئاست پاراستنی موڵک و ماڵی خەڵک و
بارەگاکانی یەکگرتوو.
٢ ـ ئەنجامدەران و ھەموو ئەوانەی لە پشت ھاندانی سووتاندنی مال و مولکی
خەلک و بارەگاکانەوەن ڕادەستی دادگابکرێن و سزابدرێن.
٣ـ تەواوی دەستگیراوانی یەکگرتووی ئیسلامی ئازاد بکرێن.
٤ ـ داوا لە حیزبەکانی دەسەلات و ئۆپۆزسیۆن دەکەین پەنا ببنە بەر
دیالۆگ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
٥ ـ سزای ئەو کەسانە بدرێت، کە بە ناوی ئاینەوە، خەڵکی ھاندەدەن بۆ
کاری نەشیاو و تێکدەرانە.
رێکخراوی چاودێری
کوردۆساید - چاک
www.kurdocide.com/kc
|