٢٦\٨\٢٠١٥
بەیاننامە
و راگەیاندنەکانی (رۆشنبیران)
و (خەمخۆران) چی دەگەیەنێ؟

جیهاد محەمەد
کۆمەڵە کەسانێک، بە ناوی (رۆشنبیران) و (خەمخۆرانەوە)
بۆ ئاشتی و سازانی نێوان حیزبەکان، لە بۆسەدا خۆیان ناوەتەوە، هەر کە
کێشەیەکی سیاسیی لە ناو حیزبەکاندا دروستدەبێت، ئیتر ئەمان دەبن بە
دەمسپی و، وەک کوێخا و دەمسپی بەردەم مزگەوتەکانی جارانی لادێکان
دەکەونە ئامۆژگاریکردنی ئەم حیزبانە. وەک ئەوەی ئەم حێزبانە زۆر گوێیان
لێگرتبێتن و زۆر بە هەند وەریان گرتبێتن!. لە لایەک دوو هەزار و دووسەد
و پانجا کەس واژویانکرد بۆ ئەوەی ولایەتی مەسعود بارزانی درێژبکرێتەوە،
بێ ئەوەی هیچ پاساوێکی سیاسیی، یاسایی، کۆمەڵایەتیی و عەقڵانی وایان
هەبێت کە قەناعەتپێکراوبێت. لە لایەکی تر کۆمەڵێک لە رۆشنبیر و
راگەیاندکار بەیاننامە و داوایەکی (خەمخۆرانە) پێشکەش بە حیزبەکان
دەکەن کە کێشەکە چارەسەربکەن و سازان بکەن لە ناو خۆیاندا.
سەیر لەوەدایە، ئەمانە بە ناوی ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروستنەبێتەوە، دەترسن
لە تێکچوونی ئەزموونە عەنتیکەکەی کوردستان. بەڵام خودی بارزانی دەڵێت:
ئەم کێشە سیاسییەی ئێستای کوردستان ئاساییە:
http://www.basnews.com/news/2015/08/24/%d8%a8%d8%a7%d8%b1%d8%b2%d8%a7%d9%86%db%8c-%d8%a8%d8%a7%d8%b1%d9%88%d8%af%db%86%d8%ae%db%8c-%d8%b3%db%8c%d8%a7%d8%b3%db%8c-%da%a9%d9%88%d8%b1%d8%af%d8%b3%d8%aa%d8%a7%d9%86-%da%a9%d8%a7%d8%b1%db%8e
ئێمەش حەقمانە بپرسین، بە ڕاست ترسەکەی ئێوە
راستەقینەیە، یان بیرکردنەوە دیموکراتییانەکەی مەسعود بارزانی؟تۆ بڵێی
بارزانی زیاتر لە رۆشنبیران و(خەمخۆرە) بە ئاگاگان دیموکراتییانەتر
بیربکاتەوە؟! ئەم پرسیارە مەگەر هەر واژوکۆکەرەوەکان خۆیان بتوانن
وەڵامی بدەنەوە. (خەمخۆرەکان) دەبێت بە ڕاشکاوی بڵێن: نا ئەو قسەیەی
بارزانی کردویەتی ئەوە جۆرێک بووە لە سیاسەتکردن و جوانکردنی بیری خۆی
و حیزبەکەی، یان دەبێت بڵێن ئێمە هەڵەیەن.
ئەگەر لە ئێمەو مانانیش بپرسن، ئەوە راستگۆیانە پێتان دەڵێین: ئەوەی
مەسعود بارزانی لە بەردەم شاندەکەی نەرویجدا وتی وانیە، بارزانی دەڵێت:
یان من یان ئەزموونە عەنتیکەکەمان. ئەوەی ئێوەش داوای دەکەن، ئەوە
ئاسانی سارد کوتانە، چونکە هیچ کات نە موسعود بارزانی نە ئەم حیزبانە
بە قسەی ئێوەیان نەکردووە و گوێیان لێنەگرتوون.
بە بڕوای من ئەم لێدوان و واژوکۆکردنەوانە بۆ درێژکردنەوەی ولایەتی
مەسعود بارزانی، یان بۆ هێورکردنەوەی کێشەی نێوان پێنج حیزبە
حوکمڕانەکە، لە خۆ دەرخستن و خۆ جوانکردن زیاتر هیچی تر نییە.
وەک مامۆستا حەمە فەریق حەسەن وتی: دەبوو حکومەت و حیزبەکان لە
رۆشنبیران بترسانایە، نەک رۆشنبیران لەوان بترسێن و بیانەوێت خۆیان
جوان بکەن لە بەردەمیاندا.
• ئەم هەموو رۆشنبیر و نووسەر و
هونەرمەند و چالاکوانە مەدەنیی و (زانای ئاینیانە) لە کوێن لە کاتی ئەو
هەموو نادادپەروەرییەی کە خودی ئەم حیزبە حکومرانانە و بە تایبەتی
یەکێتی و پارتی دەیکەن بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان؟ ماوەی ٢٥ ساڵە
یەکێتی و پارتی شەڕ دەکەن، خەڵک بە کوشت دەدەن، سەروەت و سامانی خەڵکی
ستەمدیدەی کوردستان دەدزن، بۆ ئەم کۆمەڵە گەورەیە لە خەمخۆرانی بە ئاگا
و هۆشیار دیار نەبوون و هیچیان نەوت. خۆ ئەگەر دەڵێن بەڵێ قسەمانکردووە،
بەڵی رەخنەمان گرتووە، بەڵی نووسینمان نووسیوە، بەڵێ میتنگ و کۆڕ و
کۆبوونەوەی زۆرمان لەسەر کردووە. بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایە بۆ
هیچ شتێک شەرمیان لە ئێوە کرد؟ بۆ هیچ شتێک گوێیان لە ئێوە گرت؟ بۆ
یەکجاریش بە قسەی ئێوەیان کرد؟ دەتوانن شتێکی باشمان لەو شتانە پێبڵێن،
کە لەسەر قسەی ئێوە و رەخەنی ئێوە و لە ترسی ئێوە کردبێتیان؟ بەردەوام
ئێوە دەردەدڵی ئەوەتان کردووە کە ئەم حیزبانە بە قسەتان ناکەن، بە هەند
وەرتانناگرن، گوێتان لێناگرن، باشە ئەگەر وایە ئێوە بۆ رێزیان لێدەگرن،
ئێوە ئەگەر بۆ خۆ جوانکردن و خۆ بردەنە پێشەوە نییە بۆ ئەم کەمپینی
واژو کۆکردنەوەیە دەکەن بۆیان و داوایان لێدکەن کە رێکەون و سازان بکەن.
بۆ ئێوە نازانن هەموو رێکەوتن و سازانێکیان قازانجی بۆ خۆیان هەیە و
زیانی بۆ خەڵکی گشتی کوردستان هەیە! ئەگەر ئەمە دەزانن ئەوە ئێوە
خیانەت لە خەڵک دەکەن، ئەگەر نایزانن، ئەوە ئێوە نەک ڕۆشنبیر نین بەڵکو
بازرگانێتی بە رۆشنبیرێتییەوە دەکەن.
• لە تیرۆرکردنی هەموو ئەو خەڵکە سیاسیی
و رەخنەگر و رۆژنامەنووسانەدا، کە چۆن ناوی دەیان کەسیان لای من هەیە،
دڵنیام لای ئەو (خەمخۆرانەش)ناوەکاناین هەیە و هەندێکیشیان هاوڕێ و
دۆستی نزیکیان بوون. ئەم کۆمەڵە خەمخۆرە بە ئاگا و هەستیار و عەقڵانییە
لە کوێ بوون؟ بۆ جارێک لە جاران پێش ئاپۆرای خەڵک نەکەوتن و خەڵکیان
نەهێنایە سەر شەقام لە دژی یەكێتی و پارتی و حیزبە ئیسلامیەکان کە بە
ئاشکرا دەستیان سورە بە تیرۆرکردنی دەیان کەسی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و
ژن و پیاوی ئازای کوردستان؟ تۆیەک ئەگەر هێندە دەربەستی ئەوەی کە نێوان
ئەم حیزبانە نەتەقێتەوە و خوێن نەڕێژرێت، ئەی بۆ لەسەر خوێنڕشتنی ئەو
خەڵکە نەهاتیتە گۆ؟
• تۆی ڕۆشنبیر، تۆی پەروەردەکار و
مامۆستا، تۆی هۆشیار و بە ئاگا، تۆی ڕاگەیاندکار، بۆ یەکجاریش بە
هەمووتان نەتانتوانی داوای ئەوە بکەن بڵێن ئەم وەزیری پەروەردیە
وەزیرێکی باش نییە، داوابکەن کە وەزیرێکی باش و تایبەتمەند دابنرێت، لە
کاتێکدا کە دەزانن پەروەردە و رەوشی قوتابخانەکان یەکجار خراپە. لە
کاتێکدا کە دەزانن کوردستان پڕ بووە لە قوتابخانەی تورکیی و تایبەت.
خوێندن و فێربوون لە کوردستاندا رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەڕوات.
• ئێوەی زمان ناس، ئێوەی شارەزا لە زمان
و زمانەوانیی و رێنووس و شارەزای کۆدەکانی زمانی کوردی، شارەزا لەوەی
ئەگەر زمانی کوردی نەکرێت بە زمانێکی زانستی و زمانێکی ستاندارد، بۆ
یەکجاریش بە هەمووتان نەتانتوانی گردبوونەوەیەک بکەن و سەدان واژوی
لەوانەی کردتان بۆ درێژکردنەوەی وەلایەتەکەی سەرۆکی هەرێم، بتناکردایە
بۆ بە ستانداردکرن و بە زانستیکردنی زمانی کوردی لە کوردستاندا؟
• ئێوەی (خەمخۆر) بۆ ئاشتی، بۆ پێکەوە
ژیان، بۆ تۆلێرانس، بۆ ئازادی و بۆ دیموکراتی. هەڵبەت ئێوە ئەم
ئەزموونەی کوردستان بە بنەما دادەنێن بۆ هەموو ئەمانە و بۆ دادپەروەری
و بۆ یەکسانی ژن و پیاو. ئەی خێرە یەک رەخنەی جددیتان نەبوو لە ئاستی
ئەو هەزارن کوشتن و خوێنڕشتن و تەعەدایەیی ٢٥ ساڵە لە ژێر سایەیی ئەم
ئەزمووندا بەرامبەر بە ژن دەکرێت؟
• ئێوەی هەستناسک وەک هوەنەرمەندان و بە
ئاگا و هۆشیار وەک رۆشنبیران لە کوێ بوون لەو کاتەی کە چەند
پەرلەمانتارێکی بەڕێز پڕۆژەیەکیان پێشکەشکرد بۆ بە یاساییکردنی
نەهێشتنی تووندوتیژی خێزان بەرامبەر بە منداڵ و ژن، بەڵام کۆمەڵێک بە
ناوی(زانای ئاینی) چونە لای ئەو سەرۆکەی ئێوە دەتانەوێت ولایەتەکەی
درێژبکرێتەوە، ئەویش مەردانە بە قسەیکردن و وتیان ئەمە کولتووری
رۆژئاوایە و بێ ڕەوشتی دروستدەکات لە کوردستاندا، بۆیە قدەغەیانکرد و
ئەو پڕۆژەیەییان لەباربرد. ئێوە لە کوێ بوون؟ ئایا ئێوەی رۆشنبیریش
لاتان وایە کە نەهێشتنی تووندتووتیژی ناو خێزان بێ ڕەوشتییە؟!
٢٥\٨\٢٠١٥
- نەرویج
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|