١٧\٩\٢٠١٠
بەیاننامەیەک دژ
بە تیرۆرکردنى کەسایەتى ژن لە کوردستان.
بەڕێزان:
- سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان
- سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان
- سەرۆکایەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان
- داکۆکیکاران لەماف و ئازادى
- هاووڵاتیانى خۆشەویستى کوردستان
وەک ئاشکرایە کە شێواندنى کەسایەتی ژن بەدروستکردنی گرتە سێکسییەکان،
لەلایەن خەڵکانى نابەرپرس و بێبنەماوە ماوەیەکە بووەتە رێگەیەک بۆ
تیرۆرکردنی کەسایەتی ژن و لەو رێگەیەوە هەوڵی ناشیرینکردن و
چەوساندنەوەى ژنان و بەدواشیاندا کاردانەوەى کۆمەڵایەتى نامرۆڤانەو
لەدواجاریشدا سڕینەوەی پێگەی ژن لە هەرێمى کوردستان دەدرێت. ئەمەش وەک
چۆن ژن دەکوژرێت و دەسووتێندرێت و توندوتیژیی نامرۆڤانەیترى بەرامبەر
دەکرێت، هەوڵێکی دیکەی قێزەونە کە هەندێک کەس و لایەن لەو رێگەیەوە
دەیانەوێت پیرۆزی ژن بشکێنن و رێ لە پێشکەوتنی بگرن. هەندێکجاریش هەست
دەکرێت دەستێکی سیاسی یان پیلانێک لە پشتەوەی ئەو هەوڵە قێزەوەنەوە
بووبێت، و ئەو ژنانەی لەبوارێکدا ویستوویانە پێشڕەوانە خزمەت بکەن و
شانبەشانی پیاوان مومارەسەی پۆست و بەرپرسیارێتى و پسپۆریەکانیان بکەن
بەشێوازی جۆراوجۆر هەوڵی شێواندنی کەسایەتیان دراوە.
ئێمە ئەو لایەنانەى کەلە خوارەوە ناومان نووسراوە ئەوپەڕى نارەزایی
خۆمان دەردەربرین بەرامبەر بەم کردەوە نامرۆڤانانەیەو ئەنجامەدەرانى و
ئەوانەش کەلە پشتیانن ریسوا و مەحکووم دەکەین.
وەک چۆن نیگەرانی خۆمان لەبەرامبەر بێدەنگی لایەنە پەیوەنددارەکانی
هەرێمی کوردستان و لاوازی رۆڵی داواکاری گشتی و نەبوونی بەدواداچوون و
لێپێچینەوەى دەستبەجێ و توند لە تاوانباران و راپێچنەکردنیان بۆ بەردەم
دادگادەردەبڕین.
جارێکى تریش ئەوە دووپاتدەکەینەوە کە سووکایەتیکردن بە ژن لە کوردستان
سووکایەتیکردنە بەهەموو خەڵکى کوردستان و بێڕێزیکردنە بەرامبەر سەرجەم
بنەماو بەهاو پیرۆزەکانمان بۆیە پێویستە هەموومان لێی بێینە دەنگ.
لێرەشەوە ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو:
1. پێویستە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان
بەدواداچوون بۆ ئەم پرسە بکات و لایەنە پەیوەندارەکان راسپێرێت بۆ
بەئەنجامگەیاندنی ئەرکی خۆیان.
2. پێویستە پەرلەمانى کوردستان
هەڵوێستێکى روونی هەبێت و بەوردى چاودێرى و بەدواداچوون بکات بۆ
جێبەجێکردنى یاسا پەیوەستەکان بەتایبەت یاساى بەکارهێنانى مۆبایل
لەکوردستان.
3. پێویستە حکوومەتى هەرێمى کوردستان
لەرێگەی راسپاردنی لایەنی پەیوەندیدارەوە لیژنەیەک بۆ رووبەڕووبوونەوەو
سزادانی ئەوانەی گرتە سێکسییەکان دروست دەکەن پێکبهێنێت.
4. پێویستە تێکڕای رێکخراوەکانى ژنان
ومافى مرۆڤ و کۆمەڵگاى مەدەنى بەرپرسیارێتى مێژوویی خۆیان بەجێبێنن و
بەرێگاى جۆراوجۆر بێنە دەنگ و ببنە بەشێک لەچارەسەر.
5. پێویستە کە میدیاکان بەتایبەت میدیا
ئەلکترۆنیەکان بەوپەڕى هەستکردن بەلێپرسراوێتى بەرامبەر پەیامى پیرۆزى
رۆژنامەگەرى پابەندبن بەبنەما رەوشتییەکانى پیشەکە
و رێگە نەدەن هیچ کەس و لایەنێک پیرۆزى و کەسایەتى ژنان بشکێنى
و هیچ بابەت و گرتەو وێنەو ریکۆردێک بڵاونەکەنەوە کە ببێتە هۆى
ناوزڕاندنى ژن و شێواندنى کەسایەتییان...هەر وەک چۆن پێویستە کە سەرجەم
میدیاکان کار لەسەر هۆشیارییەکى تەندروست بکەن لە بەکارهێنانى
تەکنەلۆژیاى نوێ(مۆبایل و ئینەرنێت).
نەهێشتنى ئەم حاڵەتە قێزەون و مەترسیدارە بەرپرسیارێتى هەموومانە
و پێویستە هەمووشمان هەڵوێستوەرگرین و بەیەکەوە کار بۆ
دروستکردنى کۆمەڵگایەکى مرۆڤدۆست و یەکسان و تەندروست بکەین.
(نا بۆ توندوتیژیی و تیرۆرى جەستەیی و کەسایەتى
ژن)
(بەڵێ بۆ مەدەنیەت و بەڵێ بۆ مرۆڤسالارى)
ئەم هەڵوێستە بەدەستپێشخەرى (دەزگاى وارڤین بۆ پرسەکانى ژن) راگەیەندرا.
ناوى کهس و لایەنەکان:
_____________________
1- لەنجە عەبدولڵا بەرپرسى دەزگاى وارڤین
2- عەلى کەریم سەرۆکى ئەنستتیوتى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ (KIHR)
3- چیمەن ساڵح سەرنوسەرى ماڵپەرى کوردستان ئۆنلاین
4- هودا زەنگەنە چالاکوانى بوارى کۆمەڵگەی مەدەنی
5- کەمال رەئوف سەرنوسەرى رۆژنامەى هاوڵاتى
6- خانم رەحیم بەرپرسى رێکخراوى ئاسودە
7- نیاز عەبدولڵا رۆژنامەنووس
8- سۆزان عارف بەرپرسى رێکخراوى تواناسازى ژنان لە هەولێر
9- بەسمە محەمەد بەرێوەبەرى سەنتەرى بەتواناکردنى ئافرەت
10- تانیا کەمال دەروێش بەرێوەبەرى رێکخراوى راسان
11- کنێر عەبدولڵا ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى
12- تەلار لەتیف پارێزەر- چالاکوانى بوارى ژنان
13- تاڤگە محەمەد چالاکوانى بوارى ژنان /ئەندامی پەرلەمان خولی دووەم
14- فەوزیە فەقێ پارێزەر
15- سیروان رەحیم نوسەرو رۆژنامەنووس
16- رێکخراوى یەکگرتووى خوشکان
17- سەنتەرى خاتوزین بۆ پرسى ئافرەتى کورد
18- ناوەندى هاوبەشى رێکخراوەکان
19- رزگار محەمەد ئەمین ئەندام پەرلەمان
20- هاژە سلێمان ئەندام پەرلەمان
21- سەرگوڵ رەزا قەرداغى ئەندامى پەرلەمان فراکسیۆنى کۆمەلڕ
22- سوەیل عوسمان لێژنەى کاروبارى کۆمەڵایەتى گۆڕان
23- لیژنەى داکۆکیکردن لە مافى رۆژنامەنوسى مێینە
24- ئەژین عەبدولخالق رۆژنامەنووس
25- ئەکرەم مایی – سەرۆکى رێکخراوى مافە مەدەنیەکان –دهۆک تەلەفۆن -
4455789
26- ناسک تۆفیق ئەندام پەرلەمان
27- بەهات حەسیب قەرەداغى مامۆستاى راگەیاندن
28- سەنتەرى راگەیاندن و روناکبیرى ژنان
|