په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٢\٢٠١١

بەیاننامەی ناڕەزایی ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانی کەرکوک

دژی دەسگیرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنووسانی کورد لە باکووری کوردستان.


رۆژنامەنووسان.. رۆشنبیران..
خەڵکانی ئەهلی قەڵەم..


رژێمی داگیرکەرو رەگەزپەرستی تورکیا، ماوەیەکە جارێکیتر بەبەرچاوی رای گشتی ناوخۆو جیهانییەوەو لەژێر ناوی (کەجەکە) بوون، هەڵمەتێکی نامرۆڤانەو دوور لە بنەماکانی مافی مرۆڤ دژی رۆژنامەنووسانی کورد لە باکووری کوردستان پیادە دەکات، بەمەش جارێکیتر دەیسەلمێنێتەوە کە رژێمی ئاکپارتیش درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی کەمالیستەکانی تورکیای سەرەتای سەدەی بیستەمن و گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە هزریاندا نەهاتۆتەئاراوە.


ئێمە ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانی شاری کەرکوک، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی خۆمان دژی ئەو گرتن و زیندانیکردنانەی کە دەرهەق بە رۆژنامەنووسانی کورد لە باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت، دەردەبڕین، داواش لە سەرجەم رۆژنامەنووسان و رۆشنبیران و ئەهلی قەڵەمی کەرکوکی دەکەین کە لە بەرامبەر ئەو تاوانە دژە مرۆییانەی رژێمی ئاکپارتی بێنەدەنگء لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و مێژوویی سەرشانیانەوە هەڵوێست بنوێنن.


جێگای ئاماژەیە کە ئەو رەشبگیرییەی رژێمی تورکیا لە باکووری کوردستان، هەر رۆژەو بە پاساوێک، دژی نەتەوەکەمان ئەنجامی دەدات، جگە لەوەی پێشێلکارییەکی رەهای مافەکانی مرۆڤەو دەرخستنی رووی راستەقینەی ئەو رژێمەیەو وەکو (رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێ سنوور)یش کە بارەگاکەی لە پاریسە، سەرسووڕمانی خۆی لەو چوارچێوەو شێوازە دەربڕیوە کە تورکیا دژی رۆژنامەنووسان پیادەی دەکات، بەوەی ئەوجۆرە رەفتارە لە وڵاتێکی دیموکراتیدا جێگای نابێتەوە. ئەم گرتنانەش وا دەکات کە تورکیا ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین رۆژنامەنووسیان زیندانی کردووە.


هەڵمەتی دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان و هێرشکردنە سەر نووسینگەکانی ئوزگور گوندەم و ئاژانسی دیجلەو رۆژنامەی ئازادیا وەلات، ئەوە دەگەیەنێت کە ئەردۆغان و رژێمی ئاکپارتی دەیانەوێت رۆژنامەنووسان لە تورکیادا دەستەمۆو بێدەنگ بکەن.


تێکڕای ئەم هەڵمەت و پەلامارانەی رژێمی ئاکپارتی بۆ سەر رۆژنامەنووسان لەکاتێکدایە کە تا ئێستا زیاتر لە (٨) هەشت جار خودی کەجەکە تاک لایەنانە بڕیاری ئاگربەستی لەگەڵ رژێمی تورکیا راگەیاندووە، بەڵام ئەو رژێمە لە روانگەی یەک گەل و یەک زمان و یەک ئاڵاوە مامەڵە لەگەڵ رەوتی رووداوەکاندا دەکات، کە ئەمەش دوورە لە بنەماکانی مافی مرۆڤء یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە.


جارێکی دیکەش ناڕەزاییء نیگەرانی خۆمان لە هەمبەر ئەو سیاسەتە دوژمنکارانەیەی رژێمی تورکیا دەردەبڕین و داوای ئازادکردنی سەرجەم رۆژنامەنووسانی دەستبەسەرو زیندانی دەکەین.

١. لەتیف فاتیح فەرەج
٢. رابەر رەشید
٣. دانا عەسکەر
٤. لالۆ رەنجدەر
٥. فرمێسک خدر رەشید
٦. سلاحەدین ساڵەیی

 ٢٥\١٢\٢٠١١

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک