په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٨\٢٠١١

بەیاننامەی رێکخراوی تواناسازی لاوانی کوردستان
بە بۆنەی رۆژی جیهانیی لاوان و کۆتاییهاتنی ساڵی گەنجان.

 


لەبەر لایەنی تەکنیکی و چەند هۆکارێکی تر، کە لەکاتی خۆی ئاماژەیان بۆ دەکەین، دەستپێکی پرۆژەکانی تایبەت بە رۆژی جیهانی لاوان لە رێی ئەم بەیاننامەیەوە دەبێت.


لە رۆژی جیهانی لاواندا سەر بۆ گیانی پاکی شەهیدانی گەنجانی کوردستان و جیهان لە رووداوەکانی ئەم دواییە، دادەنەوێنیین.


ئەمرۆ 12-8-2011 رۆژی جیهانی لاوانە و هاوکات ساڵی گەنجان کۆتایی دێت، کە نەتەوە یەکگرتووەکان کردیە ساڵی گەنجان و لە 12ی ئابی 2010 ەوە تا ئەمرۆ 12- 8 - 2011 لەژێر ناونیشانی ساڵی ئێمە، دەنگی ئێمە، لە سەراپای جیهان چالاکی و پرۆژەی جیاجیای گەنجان بەرێوە چوو.. دەستنیشانکردنی ئەم ساڵە بۆگەنجان، لەو روانگەیەوەیە کە گەنجان زۆرینەی پێکهاتەی دانیشتوان پێک دەهێنن و توانای گۆرانکاری راستەقینەیان هەیە. ئەمەش بوو وای کرد لە پێناو کاراکردنی رۆڵی گەنجان ئەم ساڵە بکرێتە ساڵی گەنجان و بۆچونەکانیش لەجێی خۆی بوون، هەر بۆیە لەخودی ئەو وڵاتەوە (تونس وەک خاوەن بیرۆکەی ساڵی گەنجان) گۆرانکارییەکان لەسەر دەستی گەنجان دەستی پێ کرد.


ئێمە شانازی بەوەوە دەکەین وەک رێکخراویکی نا حکومی گەنجانی کوردستانی عێراقیی، کە لە ئاستی کوردستان و عێراق یەکەم رێکخراوی لاوان بوین لە ناساندن و بەرزراگرتنی ئەو رۆژە و لە ئاستی رێکخراوەیی یەکەم چالاکی ئەو رۆژە لە ئێمەوە دەست پی کرد. وە بۆ هەر ساڵێک بە پرۆژەیەکی نوێوە هاتوینەتە بوارەکەوە، دەرەنجامی ئەمە پاڵپشتی کردنمان بوو لەلایەن چەندین دامەزراوە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەک و هاتنە پێشەوەی کاری هاوبەش لەگەڵیان لەلایەکی تر. فراوانبوونی ئەم پاڵپشتییە نێودەوڵەتییانەی رێکخراوەکە هاوکاتە لەگەڵ دژایەتی کردنمان و هەوڵدان بۆ بچوککردنەوەی رۆڵمان لە ناوخۆی کوردستاندا. کە لە کەم کردنەوە و دواتر برینی مینحەی رێکخراوەکەمانەوە لەلایەن حکوومەتی هەرێم دەستی پێ کرد. خودی ئەم دژایەتییەی رێکخراوەکەمان بە یەکێک لە هەوڵەکانی حکومەت و دەسەڵاتی جێبەجێکاری بۆ کەمکردنەوە و کزکردنی رۆڵی رێکخراوەکان و بزوتنەوەی گەنجان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەزانین. لە رۆژی جیهانی لاواندا لە ئاستی دنیا بزووتنەوەی گەنجان روو لە زیادبوون دەکات و رۆڵی رێکخراوەکانی گەنجان و کۆمەڵگەی مەدەنی فراوان دەکرێت، کە لە کوردستان بە پێچەوانەوە وێرای پەراوزێخستنمان دژایەتی دەکرێین. گەنجانی کوردستان بێ بەش نەبوون لە هەوڵدان بۆ گۆرانکاری و فروانکردنی رۆڵیان لە پرۆسەکان، کە لەم رۆژەدا داواکارین لە سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و دەسەڵات و لایەنی پەیوەنددار بەوپەری جدییەوە کار لەسەر بەرنامە و پرۆژەکانیان بکات و بە زمانێکی تر بەدەم خواستەکانیانەوە بێت و داواکارین بە جدی بەداوادچوون بۆ تەواوی ئەو کەیسانە بکات کە پەیوەندیان بە گەنجانەوە هەیە، چ ئەو گەنجانەی لە روداوەکانی ئەم دواییە شەهید بوون، وە ئەوانەی بە پاساو و لە رووداوی جیاجیادا توشی هەرەشە و گرتن و دەستدرێژی بوون.


ئێمە وەک رێکخراوی تواناسازی لاوان، وەک یەکێک لە رێکخراوە ناحکومییەکانی کوردستان، کە جدییانە کار دەکەین و بەهۆی چەندین کاری دەگمەن و قوربانی لەسەر ئاستی رێکخراوەیی و شەخسی گەیشتوینەتە ئەمرۆیەک کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و نیشتیمانی کارمان هەبێ و گوێمان لێ بگیرێ. جارێکی تر شانازی بەوەوە دەکەین، کە یەکەم و تاکە رێکخراوی لاوان بوو کە لە ئاستی عێراق دەستمان بە چالاکییەکانی ساڵی گەنجان کرد.


لەرۆژی جیهانی لاوان و لە کۆتایی هاتنی ساڵی گەنجان، داواکارین بەناوی رێکخستنی کاری رێکخراوەکان لە رێکخراوە جدیەکان نەدرێت. چونکە بەرتەسککردنەوەی کاری رێکخراوەکان و پەراوێزخستنی رۆڵی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ئێستا بەروونی دەبینرێت، ئەزموونی دیموکراتی هەرێم لەلایەکی ترەوە دەخاتە ژێر پرسیار. بۆیە داواکارین رۆڵی حکومەت و لایەنی پەیوەنددار لەگەڵ دامەزراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی بە گشتی و رێکخراوە ناحکومییەکان بە تایبەت، بخرێتە ژێر پرسیار و بەدواداچوون، هەروەها ببێتە بەشێک لە بەرنامەکانی چاکسازی کە ئێستا لەلایەن بەرێز سەرۆکی هەرێمەوە کاری لەسەر دەکرێت.


دواجار داواکارین بە تێروانینێکی مەدەنیانە لەم بەیاننامەیەمان بروانن و بۆ هیچ پاساوێکی سیاسی لێک نەدرێتەوە و بارگاوی نەکرێ.


لە داهاتوویەکی نزیک بەشەکانی تر و وردەکاری بەرنامە نوێکانی رێکخراوی تواناسازی لاوان بۆ رۆژی جیهانی لاوان – 2011 و لە پەراوێزی کۆتایی هاتنی ساڵی گەنجان دەست پێ دەکات.


تا گەنج و گەنجبینی و خواستی گەنجانە هەبێ، ئێمە وەک رێکخراوی تواناسازی لاوان بەردەوام دەبین..

 


رێکخراوی تواناسازی لاوانی کوردستان KYEO
12\8\2011

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک