به‌یاننامه‌ی سه‌رۆکی '' پاک '' .به بۆنه‌ی هێرش و ده‌ستدرێژیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسه‌ر باشووری کوردستان
ماوه‌ی پتر له 10 رۆژه هێزه‌کانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ده‌ستیان کردۆته‌وه به تۆپبارانکردنی ناوچه سنوورییه‌کانی باشووری کوردستان و به‌و هۆیه‌وه به‌داخه‌وه زۆربه‌ی دانیشتوانی ده‌ڤه‌ری "پشده‌ر"، گونده‌کانیان چۆڵ کردووه و له دۆخێکی خراپ‌دا ده‌ژین.
ئه‌مه چه‌نده‌مین جاره سوپای داگیرکه‌ری کۆماری ئیسلامی، به بیانووی هێزی به‌رهه‌ڵه‌ستکاری سه‌ر سنووره‌کان، هێرش ده‌کاته سه‌ر خاکی هه‌رێمی کوردستان و به‌و بیانووه‌وه هه‌موو جارێ خه‌سارێکی زۆری به خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه گه‌یاندووه.
رۆڵه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌بێ له‌وه دڵنیا بن که داگیرکه‌رانی کوردستان و یه‌ک له‌وان کۆماری ئیسلامیی ئێران له هیچ حه‌ول و ته‌قا‌لایه‌کی نامرۆڤانه و لادانێکی یاسایی و پرێنسیپێکی ئه‌خلاقی و نێوده‌وڵه‌تی بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ کورد و کوردستان، له‌پێناو گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان خۆنابوێرن و ده‌ستدرێژییه‌کانی ئێستا و ماوه‌ی رابردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران هه‌ر له درێژه‌ی ئه‌و سیاسه‌ت و کرده‌وانه‌یه که نزیکه‌ی 3 ده‌یه‌یه ره‌چاوی ده‌کا. ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستان کورد خاوه‌ن قه‌واره و ئیراده‌ی سیاسی و گه‌لێک ده‌سکه‌وتی جێی بایه‌خی دیکه‌یه و رۆژ به رۆژیش له هه‌ڵکشان و به‌ره‌وپێشچووندایه. بۆیه ته‌نیا گه‌ره‌نتیی پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ش ، له‌به‌رانبه‌ر هه‌ر جۆره ده‌ستدرێژی و گوشارێکی ده‌ره‌کی، هاوهه‌ڵوێستی و یه‌کێتی و ته‌باییه له نێوان ریزه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ماندا.
هێرش و ده‌ستدرێژیی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسه‌ر سنووره‌کانی باشووری کوردستان، ئه‌گه‌ر له لایه‌ک ئامانجێکی تێکده‌رانه‌ی سیاسیی له پشته به مه‌به‌ستی ده‌ستێوه‌ردان و شکاندنی سه‌روه‌ریی سیاسیی حکوومه‌تی کوردستان و دژایه‌تی و دڵته‌نگییه به‌رانبه‌ر ده‌سکه‌وته زۆر و زه‌وه‌نده‌کانی حکوومه‌ت و خه‌ڵکی باشووری کوردستان و نه‌ته‌وه‌ی کورد به گشتی، له لایه‌کی دیکه‌وه حیساب نه‌کردنه بۆ ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ریی سیاسیی حکومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ و گوێنه‌دان و ژێرپێخستنی بڕیارنامه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و پاراستنی سنووری ده‌وڵه‌تانه.
بۆیه پێویسته حکوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ له‌وه زیاتر ده‌رفه‌تی ده‌سدر‌یژی به کۆماری ئیسلامی و هیچ هێزێکی ده‌ره‌کی نه‌دا و چیدیکه له حاند پیلانگێڕی و شه‌ڕفرۆشیی ئه‌و رێژیمه‌دا له سه‌ر سنووره‌کان بێده‌نگ نه‌بێ و رێگه نه‌دا خه‌ڵکی سڤیل و بێتاوانی کوردستان ببنه قوربانیی سات و سه‌ودا و مانۆره‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ئێمه داوا له هێزه فره‌ڕه‌گه‌زه‌کان و هێزه‌کانی هاوپه‌یمان له عێراق ده‌که‌ین سنوورێک بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کیی دابنێن و هه‌نگاوی پێویست بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سنووره‌کانی باشووری کوردستان، که کۆماری ئیسلامیی ئێران تێیدا ده‌ورێکی به‌رچاو و کاریگه‌ری له ئاڵۆز کردنی دۆخه‌که‌دا هه‌یه، هه‌ڵبگرنه‌وه.
ئێمه ده‌ستدرێژی و هێرشکردنه سه‌ر باشووری کوردستان به هه‌ر بیانوو و له‌هه‌ر شکڵ و قه‌واره‌یه‌کدا به توندی مه‌حکووم و ریسوا ده‌که‌ین و وه‌ک هه‌موو جارێ، ئاماده‌یی خۆمان له پێناو پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان له باشووری کوردستان بۆ هه‌رجۆره به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه‌ک راده‌گه‌یه‌نین. هاوکات دڵگرانی و نیگه‌رانیی خۆمان له‌و بارودۆخه ناله‌باره‌ی له لایه‌ن کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه به‌سه‌ر دانیشتووانی ناوچه سنوورییه‌کانی کوردستان به گشتی و خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ری "پشده‌ر" به تایبه‌تی سه‌پاوه، ده‌رده‌بڕین و خۆمان به هاوبه‌شی خه‌م و ئێش و ئازاره‌کانیان ده‌زانین.
بژی کورد بژی کوردستان عه‌لی قازی محه‌مه‌د سه‌رۆکی پارتی ئازادیی کوردستان 6/ خاکه‌لێوه‌ی/ 2708 25 مارسی 2008
|