٧\۴\٢٠١٠
بەیـان.

نیا کامیل
ئەم بەیانیە شنەبا
پەردەى پەنجەرەکەى لادام
هەواڵێکى فێنکى لەدەریا وەرگرتبوو
بۆى هێنام
هەوالڕ ، ئەم بەیانیە خۆر
لەسەر شانى ڕاستتان هەڵدێت
ئەم بەیانیە
بڵێى بتوانێت ئاشتمان بکاتەوە
تا پێکەوە قاوەیەک بخۆینەوە
یان لێوى ووشک هەڵهاتووى شەومان
بەماچێک تەڕبکەینەوە
من کە پیاوێکى بێ سێبەرم
خۆرى بەیانیان
سێبەرى من درێژ ناکێشێت
هیچ خۆرێک فڵچە بەڕووى زەمیندا ناهێنێت
تاسێبەرى من نەخش بکات
بۆیە ڕەنگە
ئەمڕۆش یاریەکى بێتامى
ڕۆژگاربێت و بەتۆ و منى بکات
لێمەگەڕآ وابێت
وەرە خۆى من ، سایە و سێبەرى من
قاوەکەم گەرم کردووە فنجانەکان تامەزرۆن
لێویشم پەرێشانى ماچێکە.
nyakamil@hotmail.com
|