په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٩\٢٠١٠

بەیاننامەی داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسانی کەرکوک.

 


مایەی نیگەرانییە کە رۆژ لەدوای رۆژ بارودۆخی ژیانی خەڵکی کەرکوک بە گشتی و رۆژنامەنووسانی شارەکەش بەتایبەتی بەرەو خەراپی دەچێت و رۆژنامەنووسان لەلایەک لەبەردەم هەڕەشەیەکی نائاسایی و نایاسایی دەسەڵاتداراندان هەر لە سووکایەتی پێکردنەوە، تا دەگاتە کامیرا شکاندن و هەڕەشەی کوشتن، لەلایەکی دیکەشەوە کاروانی قوربانییەکانی رۆژنامەنووسانی شەهید، ئەوانەی لەلایەن تیرۆریستانەوە شەهید کران، بەڵگەی نا ئارامی و نەپاراستنی گیانی خەڵکی و نا ئاسوودەیی شارن، بەجۆرێک کە لە گیانی خۆیان دڵنیا نەبن و لەکاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانی سەرشانیشیان، نەک لە گیانی خۆیان، بەڵکو لە پاراستنی پێداویستییەکانی کارەکەیشیان دڵنیا نەبن، بەتایبەتیش لە مانگی رەمەزان و رۆژانی جەژندا، هەر بۆ نموونە تیرۆریستان توانیویانە لە (13/9/2010) لەناوجەرگەی شاردا هەڵبکوتنە سەر ماڵی رۆژنامەنووسێکی کاراو بە رێکەوت بەردەستیان نەکەوتووە، ئەگینا ئەویش وەکو رۆژنامەنووسەکانی دیکەمان تیرۆر دەکراو نە لێژنەی لێکۆڵێنەوەو نە هەوڵی دڵسۆزانیش لە دۆزینەوەی بکوژەکانی سەرکەوتوو نە دەبوون. هەڵبەتە ئەم هەلومەرجە نائاساییە بەداخەوە- وایکردووە بارودۆخی شار زیاتر نائارامی و پەشێوی پێوەدیار بێت و وا لە ژمارەیەک لە رۆژنامەنووسانی کەرکوک بکات کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، بیر لە جێهێشتنی شار بکەنەوەو بگەڕێنەوە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.


ئێمە وەکو لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەوپەڕی بێزاری و ناڕەزایەتی خۆمان لە هەمبەر ئەم دۆخە ترسناکە دەردەبڕین و جارێکی دیکەش لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکەمان لە دڵسۆزانی پۆلیس و ئاساییش بە بەرپرسیاری یەکەمی پاراستنی گیانی رۆژنامەنووسان دەزانین و چاوەڕوانیی هەوڵء چالاکیی زیاتریان لێدەکەین.


دڵنیاین لەوەی رۆژنامەنووسانی کەرکوکیش هەروەکو خەڵکەکەی گیان لەسەردەست و خۆڕاگرن و ئەو هەڕەشانەش نایانترسێنێت و سەنگەری داکۆکیکردنیان لە گواستنەوەی راستییەکان پێ چۆڵ ناکات، بەڵام لەدەستدانی تاکە رۆژنامەنووسێک لەم هەلومەرجەی ئێستادا کە بە وەرزی داخستنی ئامرازەکانی راگەیاندن و نانبڕینی رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کەرکوک ناسراوە، گەورەترین گورزی گورچکبڕە بۆ لقەکەمان و تێکڕای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان.


جارێکی دیکەش داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین، کە گیانی رۆژنامەنووسان و تەواوی خەڵکی شار لە هەڕەشەی بەرژەوەندیی حزبایەتی و پیلانی ناحەزانی گەلەکەمان و پەلامارە ترسنۆکەکانی تیرۆریستان بپارێزن و بەوپەڕی تواناوە داکۆکی لە ئاساییشی شارو گیانی خەڵکەکەی بکەن.


شکۆمەندی بۆ گیانی خۆڕاگریی رۆژنامەنووسانی کەرکوک و نەفرەت لە تیرۆریستان و ناحەزانی گەلەکەمان.

 


لقی کەرکوکی
سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
14\9\2010