٢٢\١\٢٠١٣
بەزاندنی سنوورە
دروستکراوەکان، چ پەیامێکە بۆ ئێمە و ئەوان؟

هەڵاڵە رافیع
لە مێژووی مرۆڤایەتییدا، پەیامی ناڕەزایەتی و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و
سیاسی لە لایەن ئەوانەوە بووە کە بە شێوەی جۆراوجۆر، خۆڕسک یان بە
ئاگایانەوە سنوورە دروستکراوەکانیان بەزاندوە...
سنوور، پەرژینە دڕکاویەکان؟ پەرژینە قەومیەکان، کۆت و بەندە ئایینیەکان،
پشت دەرگا داخراوەکانی خێزان، زیندانی قوتانخانەکانی "کوڕان" و "کچان"........ئەی
وێرانکاریەکانی سەرەنجامی پەروەردەی چنراو بە پەرژینی جۆراوجۆر بۆ ژن و
پیاو کامانەن؟؟
ئابڕووچوونە، بێ غیرەتییە، بێشەرەفییە، ئەستەخفورەڵڵا خۆ کافر نیت،
عەیبببببە.........
خوا نەیبڕێ کچیش هەر دیاری خوایە... کۆڵان و یاریکردن بۆ کچ نەهاتوە،
کۆشت داپۆشە، سواری پاسکیل نەبی بنت دادەکەوێ...! وسبە براتە با لێتدا،
ئەو بەخەمی تۆوەیە... بەتەنیا چۆن دەچیتە دەرەوە برا بچوکەکەت ببە
لەگەڵ خۆت... گۆرانی وتن وشانۆ کاری تۆ نیە، دوای پێمان بڵێن کچەکەیان
قەحبەیە... ئیشی چی شویەک بکە بۆ خۆت، با دو مناڵت هەبێ... بەخوا
براکانت بزانن قسەت لەگەڵ فڵان کردوە ملت هەڵدەکەنن، ئەوانە لە ئاست
ئێمەدا نین، ئێمە کچ نادەین بە کافر... چۆن کچ بدەین بە عەرەبی پێپەتی،
خەڵک چیما پێ دەڵێ، دەڵێن کچەکەیان لێ زیاد بوو، ئەوە شتێکی تێدایە کە
کەسی تر نەیویستوە... ئەوروپی هەر نااا... لە تایەفەی ئێمە جیابوونەوەو
شتی وا نیە، ژیان هەروایە دەبێ قبووڵی کەیت... مناڵەکانت سەرگەردان
نەکەی... ئەو پیاوە ژنەکەی مردوەو مناڵەکانی گەورەن، شوی پێبکە با
سایەیەکت هەبێ تۆ ناتوانی بەتەنیا لەگەڵ ئەم مناڵانەدا بژیت، خەڵک
چیمان پێدەڵێ!!........... (ژنێک، خوشکێک، کچێک، دایکێک لەناو ئەم
گۆماوی عەیبەدا دەبێ چۆن دەرچێ، چۆن نەوەکانی خۆی گۆش بکات!؟).
کوڕێکی ئەوەندە شیرینیان بووە.... تۆ پیاوی چۆن دەبێ بگری، قوربانی
گونی بم... ئەوە ناتوانی بکێشی بەدەمیا با ئاوا دەمدرێژی لەبەرامبەر
براکەیدا نەکات...! بەخوا خۆشە مەکتەبێکی کچان نزیکمانن
لەپەنجەرەکانەوە ئیشارەت بۆ کچەکان دەکەین، کاتی بەربوونیش بەدوایانا
دەچین ئەوسا دەزانین ماڵیان لە کوێیە... قوربانی قەدو باڵای کوڕم بم،
بەخوا ئەو کچانە خەریکە بۆی شێت دەبن...... کوڕەکەم لەگەڵ کچێکی
سویدیایە، بەخوا ماڵی کچەکە ئەمەندە کوڕەکەمیان خۆش دەوێت، خزمەتی
دنیای دەکەن... ئافرەت ئەوانە و ئێمە کوجا مەرحەبا، کورە ئەوانە
بەرەڵڵان، نا کورە ئەوانە بەکەڵکی ئێمە نایەن پیاوەکە، بەڵام تا گەنجە
با بۆخۆی مەشغوڵ بێت... دوای ژنێکی بۆ دێنین...ئیشێک بکە با ماڵێکت
هەبێ و پارەیەک کۆکەرەوە تا بتوانی ژنێک بێنی، ژنی ئەسڵ و فەسڵیش
مەسرەفی دەوێ... ، کاکە گیان بچنە شوێنی خێزان دانیشن ئێستا دێین
بەدەمتانەوە... حەیامان چوو، ئێستا هەمو دەرو دراوسێ دەزانن، ئەگەر
پیاو بیت ئەی کوژی و لەکۆڵی دەکەیتەوە........... (ئەی ئەم باوک، براو،
مێردە دەبێ چۆن دەرچێ!؟).
ژنان و پیاوانی ئازادیخواز گەر لەبەرامبەر ئەم شێوە لە پەروەردەی سیاسی
و کۆمەڵایەتی نەوەستنەوە، دەبێ چی بکەن!!؟؟ پەروین محمەد، بەهار مونزیر،
گەشە حەفید و کەژاڵ نوری، کە لەم ماوەیەدا هەڕەشەیان لێدەکرێت، بە
شێوەی ناڕەسمی و شەخسی یان ڕەسمی بێ هۆ نیە، هەم ئەوان هەم
یاوەرەکانیان بە شێوەی جۆراوجۆر هەریەکە لە شوێنی خۆیەوە کار دەکات بۆ
ڕوخاندنی ئەو دیوارانەی کە لەنێوان مرۆڤەکاندا هەڵچنراوە، بە ناوو
ناونیشانی جۆراوجۆرەوە، تا ببنە دوژمن و ڕەقیبی یەکتر: ڕەقیبی قەومی،
ئاینی، ڕەگەزی و جێندەری...
ئەو پیاوانەش کە بڕوایان وایە ئەو دیوارانە هیچ خۆشبەختیەک بۆ ئەوانیش
ناهێنێ، جگە لە کردنیان بە دوژمنی لەتەکەی تریان، و بەتاوانباربوونیان
لەبەرامبەریاندا... بەدڵنیاییەوە دەبنە شەریکە دزی لەتەکەیان و ئەوانیش
دەکەونە بەر هێرشی ئەوانەی کە دەیانەوێ دەستبگرن بەدیوارەکانەوەو
نەڕمێن...
ئەوان بەرهەمهێنەران و بەڕێوەبەرانی ئەو دەسەڵات، و سیاسەت،و ئایین، و
یاسایە، بۆ نەڕوخانی ئەو دیوارە کۆنکرێتیانە لە و شوێنەدا کە پێویستیان
بێت، بەیەکەوە و بەهاوکاری یەک دەستی پێوەدەگرن، چونکە لە سێبەریدا
حەواوەن. هەر بۆیە ئێمەش بە شێوەی کارکردنی جۆراوجۆر، لە ئاستی
جۆراوجۆردا و بە زمان و دەربڕینی جۆراوجۆرەوە، یەکێک بە حیکمەت، یەکێک
بە چەکوش، یەکێک بە قەڵەم .....خەریکی بەزاندنی سنوورەکان و ڕوخاندنی
دیوارەکانین، ئەوەی هاوشێوەکانی پێشومان کردویانە، ئێمە تەواوی دەکەین
و ئەوانەی کە دوای ئێمە دێن هەر دەبێت خەریک بن، گەر ئامانجمان
خۆشبەختی بێت بۆ خۆمان و ئەوانیتر، و تەنانەت بۆ نەیارانیشمان...
ماڵپهڕی
ههڵاڵه رافیع
|