په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\١١\٢٠٢٥

    بێزارم!


تاڤگە سابیر

من دەمەوێ لەبەر باراندا پشووەك بدەم
کەچی ئێوە سووچبارم دەکەن
کاتێك لە کۆڵانێکی تۆزاوییەوە گوزەردەکا
فێڵێکە ھەموومان دەیزانین
هەڵەیەکە ھەموومان بەشدارین
درۆیەکە لە دڵی ھەمووماندا
ئیدی هەستدەکەم میوانی ڕۆژەکا
نم

میوانی ئەو بێستانە کاڵانەم
ھەموو شتێك لەپێش چاومدا میوانە
ئیتر ئەڤین ئەو باخچە داخراوەیە کەس پێیناگا
ئەو گۆرانییە دوورەیە کەس نایژنەوی
ئەو دەرۆزەکەرە بێ جێیەیە
شەوێک ڕێی شاری لێ ون دەبێ و جارێکی دی نابینرێتەوە
ئەی ئەندێشەپەروەرەکەم

من زۆر ماندووم
ھێندەی ئەوەی بە چرکەیەک ھەموو گەردوون بگەڕێم
بەقەد ئەوەی جارێکی دی خۆشەویستیی بکەم
ڕامکێشێتە ساختمانە پڕ لە ئارەزووەکانی خۆیەوە
لەوانەیە ئەو نووسینەم پەرجووەک بێ لەو جەنگانەی
گوڵەکان دەیکەن لەگەڵ سووراییدا!!
جەنگی ئاوێنەکان لەگەڵ ڕوخسارە پیرە دزێوەکاندا
شەڕی شەپۆل و کەنارە وشکە بێ ئابڕووەکانە
لەوانەیە گەمەیەك بێ تەنیا هۆزانڤانە سەرخۆشەکان بیزانن
لەوانەیە زەنگی ئاگادارکردنەوەی گیانی تەنیایی ئێوە بێ
لە تاراوگەکانی ئەندێشەدا
ئاگادارکردنەوەتان بێ لە نێو ساختەکاریی و پەیوەندییەکانتان

لەو نەبوونە هەمیشەییەدا
لەوانەیە بۆ چرکەیەک نەخەوی و
بەر ماندوویی دێرەکانی بکەوی
تا دەگەیتە ترسێکی بێ ناونیشان
ئەوەی من دەیڵێم خەو نییە

بەڵام زۆر جار بە خەو دەیبینم
ئەندێشەی پڕوپووچ
نییە

بەڵام زۆر جار لە کۆشکە ڕەنگاوڕەنگەکانیدا چاولێکدەنێم
بێزارم هێندەی ئەوەی شەوێك لە دارستان
جەنەراڵێك بێ و باڵای ڕەنگینی خوشەویستەکەم دابگیرسێنێ
تەنیام و دەنگێکی نامۆ پێمدەڵێ بڕۆ..
ترس پەنچەرەکەمی گرتوە و ئێرە بەجێبێڵە
گوڵەکان گرێیەکی هەمیشەیی
لە ماچی سپێدەیان دراوە و دەڵێن بڕۆ..
سبەینان سەیری ئاوێنەکەم دەکەم
ڕوخسارم پێمدەڵێ بڕۆ بەجێیبێڵە
نائومێدیی لە حەوشەکەماندا پاڵکەوتوە و

دەڵێ ئێرە جێی هەڵبەستوانان نییە
ئێرە شوێنی ئەو کچانە نییە سەراپا لە کچیەتی کەوتوون و
بوونەتە وەنەوزێکی ماندوو
ئێرە نیشتیمانی دڵداران نییە
خۆشەویستەکەم دەڵێ ماڵئاوا ئەی ئەو کچەی

شەڕ بەو گیانانە دەفرۆشی و ماندوو نابی
ڕۆژگاری ئەڤین تێپەڕیوە
شەقامەکان دەڵێن
بێزارین لە ھەنگاوە بێ مەبەستەکانت!
 

ماڵپەڕی تاڤگە سابیر

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک