٧\۴\٢٠١٠
ببوورن.. له‌پاش
تڕێ، خه‌پشه‌ی بڕێ.

موحسین جوامێر
ده‌گوترێ له‌م نزیکانه‌دا لایه‌نه سیاسییه‌کان کۆ ده‌بنه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی
به یه‌ک ده‌نگ ڕووبه‌ڕووی ڕه‌وشه نوێکان ببنه‌وه له په‌رله‌مانی
عێراقدا، به مه‌به‌ستی سه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌ی له ده‌ستووردا
تۆمار کراون و تاکوو ئێسته نه‌دراون، وه‌ک مادده‌ی 140، یاسای نه‌وت
وغاز و پێشمه‌رگه و خاڵه‌کانی دیکه، که خه‌ریکن قووت ده‌درێن وه‌کوو
تیکه. ئێستێکێ که ئه‌م نه‌زیلۆکه‌یه ده‌بیستم، گاڵته‌م به ستراتیژ
و ته‌کتیک و خه‌باتی کوردان دێ، چ له شار و چ له دێ. تۆیه‌ک به‌و هه‌موو
هێز و پێگه‌یه‌ی وا بۆ بیست ساڵ ده‌چێ، هیچت پێ نه‌کرا، ئێسته به‌م شه‌له‌شه‌لییه
چۆن ده‌توانی بچی مافی خۆت له گه‌رووی شێردا ده‌ربهێنی، به‌تایبه‌تی
دوای ئه‌وه‌ی که‌رکووک هه‌رزانفرۆش کرا، به نوێژی نیوه‌ڕۆ درۆی له‌گه‌ڵدا
کرا، بگره هه‌تک کرا. ئاخۆ ئه‌و دانیشتن و ڕاوێژه‌ی ئێسته ده‌کرێ، نه‌ده‌کرا
پێش دۆڕاندنی که‌رکووک دووسێ مام مۆتک بهاتنایه و دابنیشتنایه، بۆ ئه‌م
شاره هه‌ڵوێستێکیان وه‌رگرتایه، به‌ر له‌وه‌ی هه‌موو له‌هه‌موو
بدۆڕێنین، له کاتێکدا سه‌رکه‌وتن ( قاب قوسین او
ادنی ) بوو، به وه‌ده‌ستخستنی تاکه یه‌ک
کورسیی که ناتفاقی دای به عه‌للاوی و نوجه‌یفی، هه‌زاران کلک و گوێ و
نه‌یاران ده‌مکوت ده‌کران و له قه‌وچه‌یان ده‌درایه‌وه، بێجگه له‌وه‌ی
هه‌موو هاوکێشه و موعاده‌لاتێک ده‌گۆڕان، هه‌ر له تورکیاوه بگره هه‌تا
واشنتۆن و یابان.
کاتێ ته‌زویر ده‌کرێ به بیانوو، ئه‌وه لوتکه‌ی ڕاکردنه له به‌رپرسی.
له حاڵه‌تی ئه‌گه‌ر ته‌زویریش کرابێ، ئه‌وا هه‌موو ته‌زویریان کردووه.
به حوکمی ئه‌زموون و ده‌نگۆکان؛ وه‌ستایانی ته‌زویر له کوردستان، زۆر
زێترن له شاگردانی ته‌زویر له عه‌ره‌بستان، شایه‌دی موعته‌به‌رم هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی
مانگی ئابه، نه‌ک گۆرانی بێ‌ژان مشکۆ و هابه.. ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌ندام و
هه‌وادارانی ده‌سه‌ڵات، ساخته‌کاری و ته‌زویریان کردووه، مه‌گه‌ر به
کۆچکردنی ئه‌م نه‌وه‌یه، ئه‌و خه‌سڵه‌ت و سیفه‌ته دزێو و
ناشارستانییه، تۆزێک به‌رده‌شۆر ببێت.. به‌نده ئه‌سڵه‌ن پێشبینیی ئه‌وه
ده‌که‌م ئه‌و حاڵه‌تی ته‌زویره‌ی کوڕوکاڵمان خوویان پێوه گرتووه و وا
ده‌زانن عیباده‌ته، زێتر به‌ره‌و خیانه‌ت و جه‌رده‌یی و ده‌ستدرێژی
ببا، چونکه تاوانی گه‌وره و بچووک خاڵی هاوبه‌شیان زۆره، ته‌زویر و
ساخته‌کاریش به‌شێکن له دزی، هه‌روه‌ک پسپۆڕانی په‌روه‌رده و ده‌روونناس
فه‌رموویانه هه‌م به ئاشکرا هه‌م به دزی .
پێش ماوه‌یه‌ک، دیسان له‌سه‌ر شه‌ڕی دووه‌می جیهان و چوونی سوپای هیتله‌ر
بۆ نێو خاکی یه‌کێتیی سۆڤیه‌تم ده‌خوێنده‌وه، ده‌یگوت له‌به‌ر زوڵم و
زۆریی ستالین، خه‌ڵکی ئه‌وێ عه‌سکه‌ری نازییان گوڵباران ده‌کرد و به
ڕزگارکه‌ریان ده‌زانین. به‌نده که ئه‌م باسه‌م موتاڵا ده‌کرد، یه‌کسه‌ر
هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌سه‌ڵاتی کوردی به‌رانبه‌ر به میلله‌تی خۆیم هاته‌وه
بیر، ترسی ئه‌وه‌م لێ نیشت ڕۆژێک له ڕۆژان خه‌ڵکی مه‌منوون بن به عه‌للاوی
یان هه‌ر یه‌کێک له‌سه‌ر وه‌زن و قافیه‌ی ئه‌و بێ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی
هاوخوێنی خۆیان؛ هه‌قیان ده‌خوا و ده‌یانچه‌وسێنێته‌وه، ئه‌ی له ساته‌وه‌ختی
ڕاپه‌ڕیندا بۆش نه‌کرا به حاجی، چ له‌لای مام و چ له‌لای باجی؟ له
کاتێکدا ئێمه ده‌وڵه‌ت نین و ئه‌و مافانه‌ی له ده‌ستووریشدا نووسراون،
به‌پێی خودی مادده‌ی ده‌ستووری قابیلی ته‌رۆرکردنن، واته ئێمه له
ئۆتۆنۆمییه‌که‌ی سه‌ددامه‌وه نزیکترین تا ئه‌و فیدرالییه‌ته‌ی به‌س
خۆمان زۆڕنای بۆ لێ ده‌ده‌ین و که‌س نایبیسێ، ئه‌سڵه‌ن گاڵته‌شی پێ ده‌که‌ن.
دیسان با بگێڕمه‌وه، کاک فوئاد مه‌عسووم، کاتێ فه‌رمانه‌که‌ی ئۆباما
هاتبوو به‌وه‌ی نه‌رمی بنوێنن به‌رانبه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنی عێراق،
هاوکات یه‌کگرتووخوازان و چه‌ند دانه‌یێ له خۆیان وتوبوویان بلا خۆ
ڕاگرین، ئه‌مه چاره‌نووسی که‌رکووکه، به‌ڕێزی ناڤهاتی به وه‌کاله‌تی
حه‌زره‌تی نووح – ه‌وه فه‌رمووبووی : یابنی ارکب معنا..! نووکه‌ش پاش
ئه‌نجامی ته‌له‌فۆنه‌که‌ی سه‌رۆکی ئه‌مریکا، وا شه‌قی یه‌که‌می پرۆسه
خۆبه‌ده‌سته‌وه‌ده‌ره‌که‌ی نێو په‌رله‌مانی عێراق ده‌خۆین و ده‌خۆینه‌وه.
ده‌شمانه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و قازانجه‌ی له‌گه‌ڵ بووکێ نه‌بوو، ده‌گه‌ڵ
به‌ربووکێ ده‌ستمان که‌وێ، بۆ ڕاوێژان کۆ ببینه‌وه.
به‌هه‌رحاڵ، به‌ر له‌وه‌ی - له وتارێکی تایبه‌تدا - باسی شه‌رت و مه‌رجی
ڕیککه‌وتن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا بکه‌م، ئه‌م ڕه‌وش و په‌له‌قاژه‌یه‌ی
ئێسته‌ی دۆڕاوه‌کان، ئه‌و په‌ند و ئیدیۆمه‌م ده‌هێننه‌وه یاد که هه‌موو
جار باوکم له کاتی لنگه‌فرتێ له وه‌ختی زایه‌عدا، ده‌یفه‌رموو : پاش
تڕێ، خه‌پشه‌ی بڕێ.. داوای لێبووردن ده‌که‌م له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌م قسه‌یه
که‌مێک سوێر بێ له زاران، وه‌لێ وتنی فه‌رزه بۆ قه‌ڵه‌می برینداران،
به‌پێی فه‌رموودی پیاوی به‌ته‌گبیر و دانسقه نه‌ک گه‌لی منداران.
31/3/2010
mohsinjwamir@hotmail.com
|