٢٨\٨\٢٠١٠
بژى ئەمریکا..!

شێرزاد عومەر مەحمود
شارى روها واتا ئۆرفا لەباکوری کوردستانە، ناوى ئەو شارەش وەکو
شارەکانى تری باکور تەتریک کراوەو تورک پێی دەڵێ (شانلی ئۆرفا) لەنێوان
شاری روها و شاری سورەک گوندێک هەیە بەناوى(ئەق زیارەت) دەگێڕنەوە
دەڵێن: لە رابردودا لەوێ ئاغای گوند تاقە کوڕێکی دەبێت وکوڕەکە زۆر
ناشیرین و ناحەزو نەقۆڵا بووە و وێنەی ناشیرینى ئەو کورە لەهەموو دونیا
نابێ، بەکورتی شای ناشیرنەکان بووە. هەرگیز حەزی نەکردوە کەس بیبینێء
هەرگیز لە ژوورەکەیشی دەرنەچووە، ناوى(میرۆ) دەبێ، بەڵام میرۆ زۆر
دڵنەرم و هۆشیار دەبێ. بەقەد ناشیرینى روکاری ناوەرۆکی جوانە. رۆژان
دەڕوات و رۆژان دێ، رۆژێک باوکی ژنى بۆ دەخوازێ، جوانترین کچی گوند،
نەکوڕە کچە دەبینێ و نەکچەش کوڕە دەبینێ، کچەی بۆ دەگوازنەوە، لەشەوى
بوکێنی دا کاتێ کچەی بەستەزمان ئەو سەروسیما ناحەزە دەبینێ زۆر دەترسێ
و لەترسان دەمرێ، میرۆش لەخەمان هاروشێت دەبێت، دەچێت دایکء باوکی
دەکوژێ. پاشان بەچیا دەکەوێتء دەبێتە چەتەء رێگرء بکوژ. خەڵکێکی زۆر
دەکوژێت و کاروان و رێبوارێکی زۆریش رووت دەکات، چەندین ساڵ تێ دەپەڕیت
تا حکومەت دەیکڕێت، هەموو خەڵک بەرد بارانی دەکەن و هاواردەکەن بیکوژن.
میرۆ دەڵێت: پارێزەرم دەوێت، هیچ پارێزەرێ ناتوانێ بێت داکۆکی لێ بکات،
بەڵام کاتێ میرۆ پارەیەکی زۆرنمایش دەکات یەکسەر پارێزەرێکی بۆ پەیدا
دەبێت تا رۆژێ دادگایى دێت. چونکە میرۆ هیچ شتێ باشی نەکردوە و سەرەڕای
ئەوەش سەروسیماو هەیکەلێکی وا ناشیرینیشی هەیە، ئیتر پارێزەرەکە
فایلەکانى هەڵدەداتەوە هیچی لێ ناکرێنێ بۆیە روو لە دادوەر دەکات و
دەڵێت: بەرێز جەنابی دادوەر ئەم مرۆڤەی لە قەفەسی تاوانە راستە زۆرشتی
خراپ و تاوانى کردوەء ئەوەندەش ناشیرینە، بەڵام تۆ سەیری ناوچاوى بکە
رۆحی ببینە کەمرۆڤێکی باشە، بەڵام کۆمەڵگا تێکی داوە و خراپیان کردووە.
میرۆش هاوار دەکات(بژی پارێزەر).ئیتر پارێزەرەکە زۆر قسەی تر دەکات و
زوو زووش میرۆ هاوار دەکات (بژی پارێزەر)، بەڵام ئەو قسانەو داکۆکی
پارێزەرەکە داد نادەو دادوەر سزای لەسێدارەدان بەسەر میرۆدا دەسەپێنێء
میرۆش هەر هاوار دەکات (بژی پارێزەر)،دواجار میرۆ هەموو سەروەت وسامانى
خۆی بەناوى پارێزەرەکە دەکات و ئەو رۆژی لەسێدارەشی دەدەن دواین قسەی
هەر (بژی پارێزەر)دەبێت، چونکە لەژیانیدا کەس پێی نەگوتووە باشە و وەک
پارێزەرەکەش کەس هەڵی نەسەنگاندووە و نەیخوێندۆتەوە بۆیە هەتا دواساتی
ژیانى گووتی: بژی پارێزەر.!!
ئێمەش لەمێژووى رابردوومان ئاغا بووین و ئیمپراتۆر وخاوەن دەسەڵات
بووین، باوکی مێژوو بێ پرسی ئێمە ژنى بۆ هێناین، چارەمان رەش بوو.
دڵمان گەش بوو، لەچاومانا بەرزی وپاکی رۆحمان دەبینرا، ژن هێنانەکەمان
ئەوەبوو بێ خواست و ویستی خۆمان بەناتەبایى ئاغای باب و باپیرانمان
وڵاتمان پارچە ودابەشکرا، بەجیاکەوتین و شەرو خەبات دژی بندەستی و زوڵم
وزۆری، دەستمان دایە تفەنگ بۆ بەرپەرچدانەوەی ناهەقیەکان، بەهیچ شتێ
دەستەمۆ نەکراین، هیچ هێزێ نەیتوانى لەخەبات وتیکۆشان بمانوەستێنێ و
ئامانجە پیرۆزەکانمان لەبیربباتەوە، بۆ هیچ مافێکی خۆمان مساوەمەمان
نەکرد، لەهیچ شتێکی خۆمان خۆش نەبووین، چ لە بەهێزیمان و چ لە بێ
هێزیمان سەرمان نەوى نەکرد، بەڵام ئەمرۆ دەستگیرکراوین بەپارەو پترۆڵ،
ئەمەریکا لە پێناو بەرژەوەندیە باڵاکانى خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
بەگشتیء عێراق بە تایبەتی بەناوى دیموکراسیەوە بەکارمان دەهێنێء
دەستەمۆی کردوینە وەک بەناو پارێزەرێک تەنها دەڵیت: کورد باشن
نامانکوژن وەک عەرەبەکان، ئیتر ئێمەش هاتووینە هەموو ئابوری و سیاسەت و
هێزء ئیرادەی خۆمان تەسلیمی ئەمەریکا کردوە ولەسەر پەڕە سپیەکانى
پرۆتۆکۆڵاتی بێ مەرج واواژۆ دەکەین و پێمان وایە ئەمەریکا تاکە لایەن
بووە وای بە ئێمە گوتووە. پێمان وایە خۆمان بۆخۆمان هیچمان پێ ناکرێ
بەڵکو تەنها ئەمەریکایە شتی پێ دەکرێ بۆمان، پێمان وایە سەرچاوەی هێزو
دەسەڵات و چاکردنى سیستەمی وڵات و ئایندەی کوردیش لە عێراق و ئێران
وتورکیا وسوریاش دیسان لە بن دەستی ئەمریکایە، ئەمرۆ هەیمەنەی ئەمەریکا
سایکۆلۆژیای سیاسەتمەدار و رۆشنبیر وسەرکردەکانیشمانى داگیرکردوە، ئایا
ناکرێ ئێمەی کوردیش بۆ حاڵی خۆمان ئەمەریکایەک بین.؟ ئایا ئەمریکا بە
رابردوو سیستەمەکەیەوە لە ئێران و تورکیاو عێراق فاشیستر و دیکتاتۆرترو
خوێنمژ تری گەلان نەبووە.؟ ئایا ئەمریکا دیسانەوە لەپێناو پڕۆگرامە
داڕێژراوەکانى خۆی بۆ رۆژهەڵات و بەرژەوەندیە باڵاکانی دیسانەوە
نامانفرۆشی یان هەر هاواربکەین: هەر بژی ئەمەریکا..؟!!
ئامەد
ماڵپهڕی
شێرزاد عومهر مهحمود
|