بژى یەکى ئایار
جەژنى جیهانى چینى کرێکار.
هەموو ئایارێک دەنگى چینى کرێکارى جیهان، ئەو چینەى کەزۆرینەى کۆمەڵگاى
مرۆیى ئەمڕۆ پێکدەهێنێ، دژى ستەم و چەوسانەوەى نیزامى سەرمایەدارى
هاوچەرخ بەرزدەبێتەوەو خەبات بۆ باشبوونى ژیان و گوزەرانى ئەو چینەو
دامەزراندنى کۆمەڵگایەکى ئازادو یەکسان و دادپەروەر پەرەدەستێنێت.
چینى کرێکارى عێراق، وەکو بەشێکى جیانەکراوەى چینى کرێکارى جیهان،
لەچەند دەیەى رابردوودا هەمیشە یادى یەکى ئایارى بەرزراگرتووەو ئەو
جەژنە نێونەتەوەییەى خۆى یادکردۆتەوەو بەدروشمى جۆراوجۆرو خواستە
هەنووکەیى و بنەڕەتى و چارەنوسسازەکانى خۆیەوە لەو رۆژەدا هاتۆتەمەیدان،
بەهۆى ئەم خەباتە لێبڕاوەوە رۆژى یەکى ئایار لەعێراقدا پشوویەکى
رەسمیەو بووە بەسومبلێک بۆ ناڕەزایەتى و مانگرتن و خۆپیشاندان لەدژى
ستەم و چەوسانەوە بەشێوەیەکى گشتى و ستەم و بەربەریەتى سەرمایەدارى
بەشێوەیەکى تایبەتى..
سەرەڕاى ئەو بارە ناهەموارەى یەخەى بەچینى کرێکارى عێراق گرتووە
لەسایەى داگیرکارى ئەمریکاو سندانى تیرۆریزم و هێزە تیرۆریست و سەلەفیە
جۆراوجۆرەکان و ژیان لەکۆمەڵگایەکى بێ دەوڵەت و دامەزراوەکاندا، هێشتا
ئەو چینە لەسونەت و تەقالیدە خەباتکارەکانى خۆى لەوانەش لەبەرزراگرتنى
یەکى ئایار دانەبڕاوەو هەموو ساڵیک لەو یادەدا جۆشى بەخەبات و تێکۆشانى
خۆى داوە بۆ باشترکردنى ژیان و گوەزەرانى، هەر فرسەتێکى بۆ هەڵکەوتبێ
لەدژى ئەم بارە ناهەموارەى ئێستا دەنگى ناڕەزایەتى قووڵى خۆى لەرێگەى
نەقابەو کەسایەتیەکانیەوە بەرزکردۆتەوە خوازیارى ماف و داخوازیە
هەنووکەیى و بنەڕەتیەکانى بووە و لەناڕەزایەتى و مانگرتنە
جۆربەجۆرەکانیدا دەریبڕیوە، رەنگە باشترین نموونەى ئەم کارە
مانگرتنەکانى یەکساڵى رابردووى کەرتى نەوت و بەتایبەتى ئەو مانگرتنەبێت
کەلەلایەن سەندیکاى کرێکارانى نەوتى باشوورەوە رێکخرا. ئەو مانگرتنەو
دەیان مانگرتن و خۆپیشاندانى لەوجۆرە پێدەچێت لەقۆناغى داهاتوودا
بەهێزتر دووبارەببنەوە.
واقعیەت ئەوەیە کەبارودۆخ و ژیانى چینى کرێکارى عێراق لەخراپبوونى
بەردەوامدایە و سیاسەتى خێوێیکردنەوەو نەبوونى ئەمنیەت و بێکارى
بەربڵاو هێندەى تر ژیانى ئەو چینەى لەمەنگەنەداوە، زیادکردنى هەر
ماوەجارێکى مووچەو کرێى کرێکاران و فەرمانبەران لەبەرئەوەى هیچ جۆرە
هەنگاوێکى ترى بۆ گەشەپێدانى پیشەسازى و کشتوکاڵى و بەرقەرارکردنى
عەدالەتى کۆمەڵایەتى و پەرەپێدانى رۆڵى چینى کرێکار لەبوارى ئابوورى و
گەشەسەندندا بەشوێندا نەهاتووە بووەتە هۆى بەرزبوونەوەى زیاترى رێژەى
هەڵئاوسان و چوونەسەرى گرانى و هاتنەخوارەوەى تواناى کڕینى کرێکاران و
بەشمەینەتانىتر، هەروەها بووتەهۆى زیاتربوونى قەڵشتى نێوان داهاتەکان
و زیاتربوونى داهاتى چینە باڵادەستەکان و بۆرۆکراتەکانى دام و
دەزگاکانى دەوڵەت و بەڕێوەبەرەکان و باقى ئەو توێژانەى کەوەکو مشەخۆر
خەریکن داهات و سامانى گشتى هەڵدەلووشن و دام و دەزگا گشتیەکانى حکومەت
بۆ قازانجى خۆیان و کۆمپانیاکان و دامەزراوە تایبەتەکان بەکاردەهێنن..
لەلایەکى ترەوە داگیرکارى ئەمریکاو هەژموونى کۆمپانیاکانى و باڵادەستى
هێزە تائیفى و میللیشیاییەکان و سەوڵى تیرۆریستان، وەهەروەها
سیاسەتەکانى بانکى جیهانى و ێندوقى دراوى نێودەوڵەتى کەبەسەر خەڵکى
عێراقدا سەپاندوویانە و حکومەتى عێراق لەئەستۆى گرتووە لەبوارى
خێوێیکردنەوەو کشانەوەى دەوڵەت لەپشتیوانى خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتى و
تەندروستیەکان و دەرگائاوەڵاکردن بۆ کەرتى تایبەت و کۆمپانیا بەدناوە
ناوخۆیى و جیهانیەکان، هەموو ئەمانە خراپترین هەلومەرجى مێژوویى بەسەر
چینى کرێکارى ئەم وولاتەدا سەپاندووە.
لەکاتێکدا کەچینى کرێکارى ئەم ووڵاتە لەبەرانبەر ئەو بارودۆخەدا
دەستەوئەژنۆ دانەنیشتووە ئیتر کاتى ئەوە هاتووە لەدژى ئەو هەلومەرجە
لێبڕاوتر رابوەستن و وەکو چینى سەرەکى کۆمەڵگاى عێراق رۆڵى خۆى بگێڕێت،
کاتى دامەزراندنى سەندیکاو نەقابە کرێکاریە چالاکەکان و بەرەوپێشبردنى
بزووتنەوەى داواکاریەکانە، کاتى بەرزکردنەوەى خواستى زیادکردنى
مووچەکان بەپێی رێژەى هەڵئاوسان و گرانى و دابینکردنى کارى گونجاوو
فراوانکردنەوەى تۆڕى زەمانەتە کۆمەڵایەتیەکان و دابینکردنى یاساکارێکى
پێشکەوتووە کەناوەڕۆکەکەى پێوانەو بنچینەکانى رێکخراوى نێودەوڵەتى کار
و هەموو ئەو رێککەوتننامە گرنگانەى تر بآ کەماف و ئازادیەکانى چینى
کرێکار و ناڕەزایەتیەکانى دانپیادادەنێن..
یەکێتى کۆمۆنیستەکان لەعێراق وێڕاى پیرۆزبایکردن لەچینى کرێکارى عێراق
بەبۆنەى یەکى ئایارو بانگەشەى کرێکاران و خەڵکى بەشمەینەت بۆ
ناڕەزایەتى دەربڕین و کەڵکوەرگرتن لەهەموو شێوەکانى خەبات و ناڕەزایەتى
لەچەشنى خۆپیشاندن و ئیعتێام و گێڕانى مەراسیمەکان، هاوکات پشتیوانى
بێدرێغى خۆى بۆ خەباتى چینى کرێکار لەپێناوى داخوازیەکانیدا
دووپاتدەکاتەوەو هاوشانى هێزو رێکخراوە چەپ و کرێکارى و شەعبیەکانى تر
بۆ باشکردنى ژیان وگوزەرانى چینى کرێکارو چارەسەرکردنى بێکارى بەربڵاوو
دامەزراندنى نەقابەو سەندیکا کرێکارى و پێشکەوتووەکان خەبات دەکات..
دەست لەناو دەست بۆ ژیانێکى باشتر بۆ چینى کرێکار.
بژى سۆشیالیزم
یەکێتى کۆمۆنیستەکان لەعێراق
30 ی نیسانى 2008
|