بڵاوبوونەوەى
بوتڵى ئاوەکان.
کیفاح محهمهد عهلی
دیاردەى بڵاوبوونەوەى بوتڵى ئاوە کانزاییەکان بەشێوەیەکى سەرنجڕاکێش،
بوەتە دیاردەیەکى خراپ، پێویستە هەڵوەستەى لەسەر بکرێت و هەوڵ بدرێت
بەپێى توانا سنوردار بکرێت، لەم دواییانەدا زۆربەى خەڵک پەنایان
بردوەتە بەر خواردنەوەى ئەو ئاوانە و لە چێشتخانە و فەرمانگەکانیش زۆر
بەکاردێن و لە شوێنە گشتیەکان و قوتابخانەکاندا دەفرۆشرێن، بەڵکو
گەیشتوەتە ناو ماڵەکانیش، کە ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئاوى
خواردنەوەى ئاسایى لە ئاستى دیاریکراودا نیە و گلەیى زۆرى لەسەرە و
خاوێن نیە.
ئەوەى ئێمە لێرەدا لەم بابەتە مەبەستمانە ئەو بتڵانەیە کە دواى
بەکارهێنانى لە شوێنەکان فڕێ دەدرێت، واى لێهاتووە هەموو شەقام و
کۆڵانەکان بەو بوتڵانە ڕازاونەتەوە، چاڵەکانى پڕ کردوەتەوە، رێگا
دەرەکیەکانیش بەشى خۆیان بەرکەوتووە، بوەتە بەشێکى سروشتەکەمان.
فڕێدانى ئەو بوتڵانە کاریگەرى زۆر سەلبى لەسەر ژینگە هەیە و کار لە
تەندروستى مرۆڤیش دەکات، ئەمە وەک زبڵەکانى دیکە نیە کە دەتوانرێت بە
سوتاندن یان ژێرخاک خستن لێى رزگار بین، چونکە ئەمەیان بەئاسانى شى
نابێتەوە، بۆیە پێویستە لەسەرمان وەک خەمخۆرانى ژینگە و خاوێنیەکەى،
گرنگى بەم بابەتە بدەین. منیش وەک هاوڵاتییەکى ئەم کوردستانە خۆشەویستە
و ئەو پێشکەوتن و ئاوەدانییەى پێى گەیشتوە، هیواخوازم پارێزگارى لە
جوانى و خاوێنییەکەى بکرێت، چونکە تەنها جوانى بەس نیە، هەرچەندە
نەخۆشى هەر دێت، بەڵام سنوردارکردنى فڕێدانى ئەو بوتڵانە بەشێوەیەکى
گشتى نەخۆشى لە کۆمەڵگەکەمان دووردەخاتەوە.
داواکارم لە هەموو ئەوانەى پەیوەندیدارن بەم بابەتەوە، هەوڵ بدەن بۆ
سنوردارکردنى ئەم دیاردە ناشیرینە، ئەمەش سەرەتا لەرێگاى پروپاگەندە و
راگەیاندنەوە سەرنجى خەڵک رابکێشێت، هەروەها لەرێگاى وتار و محازەرە لە
قوتابخانە و زانکۆکان، هۆشیارى لەنێو خەڵک لە هەموو ئاستەکان
بڵاوبکرێتەوە، هەتا بۆ هەر ناوچەیەک لیژنەى تایبەت ئامادەبکرێت بۆ
هۆشیارکردنەوەى خێزانەکان لەناو ماڵەکانیاندا و ئاگاداریان بکەنەوە لە
مەترسى فڕێدانى ئەو بوتڵانەو کاریگەرە سەلبیەکانى لەسەر ژینگە و
دواتریش لەسەر تەندروستى تاکەکان.
من وەکو هاوڵاتییەکى ئەم وڵاتە، یەکەم خۆبەخشم بۆ کارکردن لەو لیژنانە
و شان بەشانى سەرجەم خەمخۆران ئامادەم کار بۆ ئەم مەبەستە بکەم.
ڕۆژنامهی ستاندهر ژماره 23
|