په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٥\٢٠١٢

بڵێ: جەلال تاڵەبانی، مەڵێ: مام جەلال.


موحسین جوامێر     


(قل ولا تقل ـ بڵێ و مەڵێ) بەرنامەیەکی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنیی زمانەوانی بوو کە لە عێراق لەلایەن زمانەوانی عەرەبیزان مستەفا جەواد (١٩٠٤ـ ١٩٦٩) پێشکەش دەکرا، بەرنامەیەکی فرە بەپیت و دەوڵەمەند بوو، هەڵەباوەکانی نێو ڕۆژنامە و کتێب و سەرزاری ڕۆشنبیرەکانی ئەوێ دەمێی ڕاست دەکردنەوە.. هاوکات پیاوێکی بەنوکتە و ڕاوێژی دەمی خۆش بوو، هەر لە پێوەندی بە بڵێ و مەڵێ ـ وە دەڵێن ڕۆژێکیان کاتێ لەناو تەکسیدا دەبێ، ترکوخوا (بە قەزاوقەدەر) ڕادیۆکە لەسەر بەرنامەکەی ئەو دەبێ، سایەقیش بێزار دەبێ و بە شێوەزاری بەغدا دەڵی ( اسکت گواد ـ دەمت داخە گەواد ) و دایدەخا، مستەفا جەوادیش پێدەکەنێ و یاغریاغر پێی دەڵێ (قل قواد ولا تقل گواد ـ بڵی قەواد و مەڵێ گەواد)، سایەق هەستی کرد ئەوەی ڕادیۆ لە دەنگی نەفەرەکەی دەکرد، شەرم دایگرت و زۆر داوای لێبوردنی لێ کرد.


هاوکات پەیتاپەیتا لەم بارەیەوە وتار دەنووسران و کتێب بڵاو دەکرانەوە، ئەکادیمیاگەلی زمانی عەرەبیش پشکی شێریان لە پاکتاوکردنی هەڵە و چەوتی باوی نێو زماندا هەبوو، کە تەنانەت خۆیان دەخزاندە نێو دێڕ و زمانی نووسەرە بەناوبانگەکانەوە. لە کوردیدا دوای بەیانی یازدەی ئازاری ١٩٧٠، نێونێوە بابەتێکی لەم جۆرەدا هەبوو، دڵزاری شاعیر شتۆکەکی دەنووسی، بەندە لە نەوەتەکاندا ماوەیەک لە گۆڤاری هەڵەبجەدا بەنێوی ( بڵێ و مەڵێ ) وە لاپەڕەیەکم تەرخان کرد، هەتا جارێکیان چەند بۆچوونێکی مام جەلالی ئەوسام خستە بەر قەپانی ( بڵێ و مەڵێ ) وە. بەداخەوە دەتوانین بڵێین زمانی کوردی بەواقیع نەماوە، بۆیە پیاو مجێز و ئارەزووی ئەو جۆرە لێکۆڵینەوانەشی نەماوە، ئەویش لەسۆنگەی گەڕەلاوژێی لەهجانەوە.


بەهەرحاڵ، کرۆکی مەبەستی من لەم بەستێنەدا، تەنگژەیەکی سیاسیی کوردستانی دەخۆ دەگرێ، راستەوخۆ بە سەرۆکی عێراق جەلال تاڵەبانییەوە بەندە، کە لە سەردەمانێکی شەستەکاندا لە لایەن یارانیەوە پێشگری (مام)ی خرایە پاڵ و ناو و نازناوی بووە (مام جەلال)، دوای ٦٤یش لە هەولێرێ ناوی قوماشێک نرابوو (ڕیشی مام جەلالی).


بێگومان، هەر سەرۆکیک یان هەر سەرکردەیەک، کەمتازۆر، وێستگەگەلێکی خوێنتاڵی هەن کە سەرانی پێ دێشن و میللەتیان پێ سەخڵەت و نیگەران و زوێر دەبێ، بەو هۆیەوە دەکەوتە بەر نووکی ڕەخنە و سەرکۆنەکردن، ڕەنگبێ سەرکردەی کورد بەئیمتیاز بەشی شێری لە هەڵە و خۆپەرستی و نەگەڕانەوەی جیددی بۆ بڕیاری گەل، هەبێ. وێڕای ئەوە، دەکرێ بگوترێ چونکە کورد میللەتێکی بێقەوارە و تەنانەت بێدەوڵەتۆکەش بووە، زێتر خەریکی عوزرهێنانەوە و پینەوپەڕۆ بووە بۆ هەڵەوپەڵەی سەرکردەکانی، خۆ جاری وا هەبووە هەڵەکە لە خیانەتیشی تێپەڕاندووە، کەچی دیومانە فەلسەفێنراوە و لە هەڵەی مەزنەوە بووەتە حیکمەتی مەزن، ئەقڵی دووربین و غەیبزان. ئەو سیستەمی خۆخاپاندن و سەرکردەلاواندنەوە ئێستەش پیادە دەکرێ، بۆیە دەبینین دەرهاوێشتە و لێکەوتەی زۆر خەتەرناک بەدوای خۆیدا دەهێنێت.


لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی بەرێ لە ساڵی ٢٠٠٣ دا و هاتنەپێشەوەی تاڵەبانی بۆ ئەوەی ببێتە هەڵگری پەیامی کوردستانی لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا، وێڕای هاوکاریکردن بۆ بنیاتنانەوەی عێراقێکی تەواو جودا لەوەی پێشوو، بەڵام دەرکەوت ئەو سەرکردەیە بەر لەهەر شتێک کورسی و پایەی لە لا گرنگە، لەو پێناوەدا چش لە هەموو کوردایەتییەک و کوردستانییەتێکی کرد. ئەو دیاردەیە بە زەقی پاش سەردانەکەی بۆ ئوستڕالیا سەری هەڵدا، کاتێ دوای نیشتنی لە فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتەدا، کوردگەلێکی ئاوارە بە تاسە و شەوق و ئاڵای کوردستانەوە چوون بەپیری سەرۆکیانەوە، کە تازە بووبوو بە سەرۆکی مەجلیسی حوکم، ئەویش تێی خوڕیبوونەوە و داوای لێ کردبوون هەرچی زووە ئاڵاکە بنگۆم بکەن، چونکە ئەو سەرۆکی عێراقە، ناچار کوردگەل دەستیان نایە ژێر چەنەی بێئومێدی لە مامە عێراقییەکەیان و سەرکز گەڕانەوە. هەڵبەت ئەو هەڵوێستە لە سەروبەندێکدا بوو، عێراق تێیدا ئاتاری لەسەر پاتاری نەمابوو و کوردیش شای بە سەپانی خۆی ڕانەدەگرت و لە گۆڕەپاندا هەر خۆی سوپەرمان بوو.


لەوەتەی ئەو پیاوە بە دەوری بتی حوکمداریدا دەخولێتەوە، ددانی خێری بە کوردا نەهێناوە، هەڵوێستێکی مێرانەی بۆ کورد نەبووە، یەکەم کەس بوو کە لە ناسریە بەحزووری برێمەر یاسای موحافەزاتی ئیمزا کرد کە ئێستەش لەنێو دوو نانی گەرم نراوە بۆ ڕۆژی خۆی، هەر ئەویش بوو بە یاسای ٢٣ی پەرلەمانی عێراق قایل بوو، ئەو یاسایەی ئەگەر بێتوو پیادە بکرێ، کە هێشتا هەر زیندووە، دەبێ ناوی یەک کوردی کەرکووکی کە دوای ٢٠٠٣ گەڕاوەتەوە شارەکەی خۆی، لە لیستی هەڵبژاردندا نەبێ، تاکوو مەسەلەی کەرکووک ساف نەبێتەوە، بگرە کوردانی ئەوێ وەک کوردانی سوریایان لێ دێ، ئەوان میوان و داگیرکەران خانەخوێ.


بۆچوونی ئەو پیاوە لەبارەی دەوڵەتی کوردەوە، مایەی شەرم و تەریقبوونەوە و خۆبەکەمزانینی هەر تاکێکی کوردە، نەک لەبەر ئەوەی پێویستە ببێتە هەڵگری ئەو بانگەوازە و بانگەشەی بۆ بکا، زاتەن کەسێ ئەوەی لێ داوا نەکردووە، ئەویش بەحوکمی حەساسبوونی ئەو شوێنەی حوکمداریی تێدا بەڕیوە دەبا، وەلێ وەسفکردنی ئەو ئاواتە کوردییە بە (خەیاڵی شاعیران) و لە گۆڕەپانی سیاسی و میدیادا، خودی مەسەلەی کورد لەچاو میللەتی دەڤەرەکە بێقیمەت دەکا و دەیکا بە پەڕۆی بێنوێژ. ئەقڵی سیاسی و ناسکیی مەسەلەی نەتەوایەتیی کورد لەنێو کۆمەڵە وڵاتێکی نەیار و دوژمنی قەستەسەردا، هەرگیز قبووڵی ئەوە ناکەن تاڵەبانی هەموو جار بە مەترەقێکەوە بکەوێتە سەر سەروگوێلاکی میللەتەکەی و بڵێ گریمان کورد جاڕی دەوڵەتی دا، کێ هەیە ئەوسا ئەو گەمارۆیە بشکێنێ کە چوار دەوڵەت فەرزی دەکەن بەسەریدا؟ ئەو قسەیە قسەی سەرکردە و خاوەن مەسەلە و پرسی گرنگ نییە، قسەی نەیارانە. قەبر تەنگە و لێپرسینەوە هەیە، ئەگەر ئەو قسە ناشایستەیەی تاڵەبانی بە مەسەلەی کوردی دەڵێ، سەرکردەیەکی کوردی ئیسلامخواز بیگوتایە، خوا هەقە ئێستە سێبەردەی دەمستی نرابوو، زمانیان لە پشتی سەری دەرهێنابوو، دەیان تۆمەتی کلکایەتی و خیانەتی بۆ هەڵبەسترابوو و حەیای بووبووە حەیای پیازفرۆشەکەی نازانم خەڵکی کوێ بوو.


سەردانەکەی مالیکی بۆ کەرکووک، بێناواخن نەبوو، ڕەوشێکی نویێ پێ هاتووەتە ئاراوە. وێڕای ئەوەی هیچ مەسەلەیەکی ئەوێ نەڕێسراوە، بۆیە ئەو هەنگاوە نیشانەی دەسبادانی کوردانی لێ بەدی دەکرێ، بەڵگەی بەهێزبوونی بەغدای لێ دەفامرێتەوە، بەڵام دژی کورد، حەتمەن هەنگاوگەلی بەردەوامی دیکەشی بەدوادا دێن. ئەو ئاماژانەی ئەو دەیانیدا دەبێ بەجیددی وەربگیرێن و حسێبیان بۆ بکرێ، کاتێ دەڵێ ناسنامەی کەرکووک تەنیا عێراقییە، یاخود دەڵێ فرۆکەخانە و سنوورەکانی کوردستان لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی مەرکەزیدان، ئەو قەولانە ئامانجی دووبارە داگیرکردنەوە یان وەک سەرەتای شەڕپێفرۆشتن دەخۆ دەگرن. یان وەختێ دەڵێ سنووری‌ هه‌رێمی کوردستان ئێستە ئه‌و سنووره‌ نییه‌ که‌ دوای‌ ڕووخانی ڕژێمی‌ سه‌دام ئه‌نجومه‌نی حوکم دیاری کرد، مانای وایە ئەو سوپا بێتاقەتەی خەریکە بەهێز و پڕچەک دەکرێ، بەڕێوەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حکوومەتێکی کوردیدا کە میللەتەکەی زۆر لێی زیز و زوێرە و هەموو دەم لە بێعەدالەتیی وی زیڕەی لێوە هەڵدەستێ. کاتێ وێنەی کاریکاتێری ئۆباما بە کلیلەوە لەسەر بەرگی گۆڤاری (حەفتە)ی ئەمریکاییدا بڵاو دکرێتەوە، نێوبراو کلیلەکە ڕادەستی مالیکی دەکا و پێی دەڵی: ئەمە هەمووی بۆ تۆ، هاوکات مالیکیش لەنێو سەیارەیەکی شەق و شڕی بە گوللـە دابێژدابێژکراودا کلیلەکە وەردەگرێ، ئا ئەمە ئاماژەیەکە بۆ هەر پیاوێکی بەئاوەز کە مالیکی لە داهاتوودا بە فیت و حزووری ئەمریکاوە لە گۆڕەپانی عێراقدا تەڕاتێن دەکا.


هەڵبەت بەدەگمەن نەبێ، دەنا هەموو هێزە عێراقییەکان کۆک و هاوڕان لەگەڵ گشت بۆچوونەکانی مالیکیدا و خۆشییان لە مافەکانی کورد نایەت، ئەگەرچی هێندێک جار منەمنێکی لایەنگری بکەن و ئێمەی کوردی غەشیم و سافیلکە دەسخەرۆیان ببین. خۆ بەبەراورد لەگەڵ سەدر و ئیبراهیم جەعفەریدا، هەزار رەحمەت لە مالیکی.


بە خوێندنەوەی هەڵوێست و هەڵسوکەوتەکان و عێراقپەرستی و ئیماننەبوون یان ڕاستتر نەفرەتکردن لە دەوڵەتی کورد لە لایەن جەلال تاڵەبانییەوە، هەر تەمایەکی کوردان بەو ڕەئیس جمهووری عێراقە وەک ڕاکردنە بەرەو تڕاویلکە بۆ ئاوێ. بەژداریی ئەو لەو کایە و گەمە چارەنووسسازەی کوردان دەگەڵ بەغدا، یانی گۆڵە زێڕینەکانی بەغدا لە کورد لە ژێر سایەی تاڵەبانیدا دەکرێن. لە کاتێکدا دڵنیام ئەگەر تاڵەبانی بە پشتیوانیی دەستوور بغەزریبایە و بکەوتایەتە ململانێ، هاوڕێ لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا هاوهەڵوێست و هاوڕاوێژ و هاوبڕیار بووایە، ئەوە مالیکی و یار و هەوادارانی ئەو هەم پتر بە هەڵوێستی خۆیاندا دەچوونەوە و هەمیش کورد لە پرۆسەی سیاسیدا بەرەو پێشتر دەچوو، بگرە زێتریش لە کورد دەهاتنە پێشەوە.


قەناعەتم هەیە ئەوەندەی کورد لە پیادەکردنی ماددەکانی دەستووری عێراقدا خۆ دەگنخێنن، ئەوەندە عێراقییەکان خەمسارد نین، دەنا کێ هەیە بتوانێ ڕێگە لەوە بگرێ ناوی تابلۆگەلی کۆشکەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتەکانی دیکەی بەغدا کە سەر بە کوردانن، هاوکات بە زمانی کوردیش بنووسرێنەوە، کە ئەمە وەزنێک بە کورد دەدا و وا دەکا غەیرەکورد هێدی هێدی ڕابێن؟


گومانم لەوەدا نییە زۆربەی زۆری ئەندامانی یەکێتی لەگەڵ سکرتێری گشتییاندا هاوڕا نین، بەڵام لەبەرچی لەسەر حسێبی مەسەلە مەزنەکان، خۆیان ڕادەستی قەدەری وی کردووە، ئەوە جێگەی هەڵوەستە و تێڕامانە. تاڵەبانی، تەنانەت لەبەر ئەوەی عارف قوربانی دوو بابەتی نووسیبوون، لە یەکێکیاندا ڕەخنە لە ئیدارەی کەرکووک گرتووە کە چۆن لەگەڵ مالکیدا کۆبووەتەوە و لەوەی دیکەشدا داوا لە هەرێم دەکا نەهێڵێ نەوتی کەرکووک بچێتە دەرەوە، لە یەکێتیی دەرکرد. تاڵەبانی کاریگەرترین چەکی نەیارانی کوردە بۆ تەرۆکردنی مەسەلەی کەرکووک و گرێپوچکەی ناوچە دابڕاوەکان و بەکردەوە سەلماندی کە لە ناحەزانی کورد نزیکترە هەتا لە کورد.


داخوڵا کاتی ئەوە نەهاتووە (بڵێ و مەڵێ)کەی مستەفا جەوادی زمانناسی ناوازەی عەرەب، بکرێتە بێژنگی دیاردەکان، بەوپێیە ناسنامەی (مام) لە جەلال تاڵەبانی لەنێو کورداندا وەلا بنرێ، عێراقییەکانیش سەرپشک بن لە بەکارهێنانی (مام) یان (عم)دا، بلا پیرۆزیان بێت، ئەوەندەی مامەیان عێراقییە؛ کوردستانی نییە؟!

 

١٤\٥\٢٠١٢
ماڵپه‌ڕی موحسین جوامێر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک