۴\٥\٢٠١٠
بڵێی خودا و موحه‌مه‌د
پێویستیان به مه‌لاکانی هه‌ولێر و سلێمانی هه‌بێ تا به‌رگرییان لێ بکه‌ن؟؟!!

سیروان ئه‌مین
به قسه‌ی قورئان و حه‌دیسه‌کانی موحه‌مه‌د بێت ده‌سه‌ڵاتی خودا ئه‌وه‌نده
به هێز و به توانایه ده‌توانێ گوێی له خشه‌ی مار و مێرووله‌ش بێت،
به واتایه‌کی تر په‌له پیتکه‌ی هیچ چه‌کێک چه‌ند کوشنده‌ش بێت خودا
ئاگای لێیه و بێ فه‌رمانی ئه‌و ناچرکێت.
به‌و پێیه‌ش خودا ئاگاداری ته‌واوی شه‌ڕه‌کانی مێژوو بووه هه‌ر له جه‌نگی
سۆمری و بابلی و فیرعه‌ونیه‌کانه‌وه بگره تا ده‌گاته غه‌زوه و ئه‌نفاله‌کانی
کانی موحه‌مه‌د و عومه‌ر و معاویه و سه‌ددام حوسێن و ته‌نانه‌ت تیرۆره‌کانی
حه‌ماس و حیزبوڵای لوبنانیش.
به پێی سه‌رچاوه ئاینیه‌کان و قورئانیش خودا داری کردوه به مار و
چه‌ندین شاری وه‌ک شاره‌کانی (ساڵح و سمود و عاد)ی له‌گه‌ڵ زه‌وی ته‌خت
کردووه. له ئایه‌ته‌کاندا هاتووه جا نازانم (شه‌یتانیه یان ڕه‌حمانی)
که ئه‌گه‌ر قورئان دابه‌زێته سه‌ر چیایه‌ک ئه‌و چیایه سه‌ر داده‌نوێنێ
و ده‌تۆقێ له ترس و خۆفی خودا.
هه‌روه‌ها له قورئاندا هاتووه که خودا چه‌ند سه‌ریعولحیساب و جه‌بار
و قه‌هار و موتکه‌بیره و چۆن ده‌توانێ ترس بخاته دڵی موشریکانه‌وه،
هه‌روا هاتووه که چۆن ئه‌و خودایه توانیوێتی له به‌ر خاتری موحه‌مه‌د
زه‌وی و ئاسمان له شه‌ش ڕۆژدا دروست بکات.
ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه مشتێکن له خه‌روارێک له وه‌سفی خودا بۆ سوڵتان و
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و، ئایه ئه‌م خوایه به‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌وه چی
پێویستی به مه‌لا عوزێر و به‌شیره‌کانی سلێمانی و هه‌ولێر هه‌یه تا
به‌رگریی لێ بکه‌ن؟!
مه‌لاکانی هه‌ولێر و سلێمانی له‌م چه‌ند مانگه‌ی دواییدا مینبه‌ری مزگه‌وته‌کانیان
کردوه به بڵندگۆی فتوای به دژی نووسه‌ران و شاعیرانی ئازادیخواز و
ده‌یانه‌و‌ێ وه‌ک یه‌کێک له مه‌لاکان ده‌ڵێ ده‌سگاکانی ئاراس و سه‌رده‌م
لغاو بکه‌ن.
دیاره ته‌نها مه‌لاکان نین، ئه‌م شه‌ڕفرۆشتنه ئیسلامییه
میانڕه‌وه‌کانی یه‌کگرتوو و جه‌ماعه‌ته‌که‌ی عه‌لی باپیریان له پشته
که له هه‌ردوو به‌ر ده‌خۆن و وه‌ک حه‌ربا له په‌رله‌ماندا
دیموکراتین و له مزگه‌وته‌کانا توندڕه‌و.
به‌ڕای من ئه‌گه‌ر ده‌سگاکانی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاراس و سه‌رده‌م
دابخه‌ن و نووسه‌ر و شاعیره‌کان نه‌توانن باس له خۆشه‌ویستی و جوانی و
ڕاستیه‌کان بکه‌ن له کوردستاندا هیچ نامێنێته‌وه بێجگه له ئه‌و
خیتابه سواوه‌ی مه‌لا و ئیسلامیه‌کان که هه‌زار ساڵه ڕۆژی پێنج جار
ده‌رخواردی خه‌ڵکی ده‌ده‌ن.
ئیسلامیه‌کان له ڕوی توانسته‌وه هیچ که‌موکورییان نییه و ئه‌وه‌نده‌ی
حکومه‌ت قوتابخانه و نه‌خۆشخانه دروست ده‌کات ئه‌وان دوو ئه‌وه‌نده
مزگه‌وت دروست ده‌که‌ن، چاپخانه و ڕۆژنامه و ته‌له‌ڤیزۆنیان هه‌یه و
مینبه‌ری مزگه‌وته‌کانیشیان به‌ده‌سته‌وه‌یه و ده‌توانن به نووسین
و وتار وه‌ڵامی هه‌موو که‌س و لایه‌نێک بده‌نه‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌سبه‌تاڵترین توێژه‌کانی خه‌ڵک مه‌لایه، به‌ردێک ناخه‌نه
سه‌ربه‌رد بۆ کۆمه‌ڵگا و چوارمه‌شقی لێی دانیشتون به معاشه‌وه و
کاتیان زۆره، له جیاتی ئه‌و قیڕه قیڕ و فه‌توادانه حه‌ق وایه به
نووسین و به شێوه‌یه‌کی شارستانیانه وه‌ڵامی خه‌ڵک بده‌نه‌وه، به‌ڵام
بۆ نایکه‌ن؟؟ دیاره له به‌ر ئه‌وه‌ی هیچیان پێ نییه و ناتوانن و له
به‌رانبه‌ر قه‌ڵه‌می نووسه‌راندا خۆ ڕاگرن و زمانیان لاڵه.
به‌ڕای من باشتر وایه ئه‌و که‌سانه لغاو بکرێن که هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن
و سوتاندن و به‌ندکردنی ده‌نگی ئازاد ده‌که‌ن نه‌ک ده‌سگاکانی چاپ و ده‌می
شاعیر و گۆرانیبێژ و سونبڵه‌کانی ئازادی له کوردستان. ئه‌وه هه‌ڕه‌شه
و کوشتن و فه‌توایه که بۆ قه‌ده‌غه کردن باشه نه‌ک وتار و شیعر و
ڕۆژنامه و گۆڤار.
2/5/2010
ماڵپه‌ڕی سیروان ئه‌مین
|