٣\٣\٢٠١٧
بمبوورن.

ئاکۆ محەمەد سابیر
سەرتا هەڵەیەک
هەبوو لە چاندنم
لە هێلکەکە سەرم دەرهێنا
نەدەبوو چەقۆم نیشان بدەن
هەواڵی بەرزەخم بدەنێ
بمبوورن نەبووم بە
هیچ
گەڵایەکم سەوز نەبوو
سەرۆک جەنگی راگەیاند
زرمەی ناپاڵمەکان نەیانهێشت
خەونێکی خۆش ببینم
بمبوورن نەمتوانی
شتێکت پێ ببەخشم
ئەی وڵاتە خواروخێجە کزۆڵەکەم
وەک کەلاکێک لەبەردەم
گورگەکانی شۆرشدا
ڵاڵوپاڵ لێی کەوتووی
ئەوەندەیان کڕاندویتەوە
تەنها ئێسکەکانت ماوە
منوتۆ هەر لەیەک دەچین
گیرفان بڕاو لۆژەلۆژ
بە گیرفانی بەتاڵەوە
لەبەردەم سنووری وڵاتاندا شەق دەخۆین
نە من رەنگی
مرۆڤم پێوە ماوە
نەتۆش روخساری نیشتیمان
بمبوورن نەبووم بە
هیچ
من بە منداڵیی
عاشق بووم
عیشقی سەگ و کۆتر
و سینەما
هەر سێکیان لێ یاساغ کردم
تفەنگێکی ژەنگاوییان دامێ
بۆ پاسەوانی بارەگاکان
ئەو ئاوە باپیرم رشتی
ناسۆلیستێکی قارەمان بوو
گەمژە گەمژە
دەروێشێکی بێ ئاگابوو
بمبوورن نەبووم بە
هیچ
نە گەڵایەکم سەوزبوو
نە خەونێکی خۆشم بینی
دەستم بەر ئامێرێکی مۆزیک نەکەوت
وێنەی سنەوبەرێکم نەکێشا
کۆلارەیەکم هەڵنەدا
فڕفڕۆکەیەکم نەخستە بەر با
خەمی نان سپی کردم
بمبوورن وا شەکەت و
ماندووم
ئاخر چیبکەم؟ چی پێشکەشکەم؟
کە من بەشێکم لە رابووردوم.
ماڵپهڕی ئاکۆ محهمهد
سابیر
|